ستانده‌ر، تایبه‌ت
له‌ماوه‌ی که‌متر له‌ساڵێك، په‌رله‌مانتارێکی تری په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌وڵاتی که‌نه‌دا ده‌کات. به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ک، زولفا محمود پەرلەمانتاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی له‌فراکسیۆنی گۆڕان، له‌سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨ داوایی مافی پەنابەریی لەوڵاتی کەنەدا کردووە. په‌رله‌مانتاری ناوبرا، به‌ر له‌جێهێشتنی هه‌رێمی کوردستان، له رێككه‌وتى 16ى كانونى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی کوردستان کردوه به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی ئاشکرابکات، به‌ڵام داواکه‌ی ڕه‌تکراوه‌ته‌وه. له‌مباره‌یه‌وە بێگەرد تاڵەبانی سکرتێری پەرلەمان وتی ” ئەو پارلەمانتارە لە چوار دانیشتن غیاب دراوەو فراکسیۆنەکەیی ئاگادار کراوەتەوه”.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه په‌رله‌مانتاره‌ى بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كوردستانی جێهێشت و چووه كه‌نه‌دا، ئێستا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان داوا له سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ده‌كات له‌وباره‌یه‌وه رونكرده‌نه‌وه‌ی پێ بدات. به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌و په‌رله‌مانتاره بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێشتا له كه‌نه‌دایه و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌هۆی دواكه‌وتنیشییه‌وه، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان داوای له فراكسۆنی گۆڕان كردوه رونكردنه‌وه‌ی له‌وباره‌یه‌وه پێ بدات، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش نوسراوێكیان داوه‌ته فراكسیۆنی گۆڕان و داوای لێده‌كات ڕونكردنه‌وه له‌سه‌ر سه‌ردانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنه‌كه‌یان بدات. تا ئێستا سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر نوسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان نه‌داوه به فراكسیۆنه‌كه‌ی و په‌رله‌مانتارانی حزبه‌كه‌ی لێ ئاگادار نه‌كردۆته‌وه. به‌پێى زانیارییه‌كان زوڵفا مه‌حمود عه‌بدوڵا له كه‌نه‌دا منداڵیشی بووه و هێشتا له‌و وڵاته‌یه. ئه‌مه دووهه‌م په‌رله‌مانتاری هه‌رێمی کوردستانه له‌ماوه‌ی که‌متر له‌ساڵێکدا داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌وڵاتی که‌نه‌دا ده‌کات.
پێشتر‌و له کۆتایی مانگی پێنجی ساڵی رابردوو، سایتی کورد تیڤی لە ووڵاتی کەنەدا بۆ یەکەم جار بڵاویی کردەوە کە په‌رله‌مانتار گۆران ئازاد له پەرلەمانی کوردستان به‌هۆێ “دەست بردنی بۆ ھەندێ دۆسیەی ھەستیاری تایبه‌ت به‌گه‌نده‌ڵی ھەرەشەی کوشتن کەوته سەر ژیانی” ولە مانگی چواری ساڵی رابردوو داوای مافی په‌نابه‌ری له‌هه‌مان وڵات کردووە. به هه‌مان شێوه‌ش سیروان زه‌هاوى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى چاكسازى ده‌رمان له سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، به‌بیانوى هه‌ڕه‌شه‌ى وه‌زیرێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر پشكى پارتى خۆى و خێزاكه‌ى ساڵى پار داواى مافى په‌نابه‌ریه‌تى له وڵاتى كه‌نه‌دا وه‌رگرتووه. جگه له‌م دوو په‌رله‌مانتاره، به‌هه‌مان شێوه راوێژکارێکی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وڵاتی جێهێشت و له‌وڵاتی که‌نه‌دا، به‌بیانوی “سەلامەت نەبوونی ژیانی” داوای مافی په‌نابه‌رێتی کردووه. به‌هه‌مان شێوه‌ش توانا ئه‌حمه‌د، ڕاوێژكارى پێشووترى سه‌رۆكى حكومه‌ت ( به‌رهه‌م صاڵح) ساڵى پار هه‌رێمى كوردستانى جێهێشتووه‌و به‌پێى زانیارییه‌كان له وڵاتى ئه‌مه‌ریكا داواى مافى په‌نابه‌ریه‌تى كردووه. هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان د.سلێمان جه‌عفه‌ر، هه‌ڵسوارى دیارى گۆڕان له هه‌ولێرو ئه‌ندامى ژوورى توێژینه‌وه له بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، له ساڵى 2016 هه‌رێمى كوردستان جێهێشت و ئێستا له وڵاتى كه‌ندا به‌خۆى هاوسه‌رى و چوار منداڵى مافى په‌نابه‌ریه‌تیان وه‌رگرتووه.
له ناوه‌ڕاستى ساڵى ڕابردووش ئه‌یوب سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین، كورى ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو له‌سه‌ر داواكارى باوكى چۆته ده‌ره‌وه‌و، پارساڵیش له وڵاتى كه‌نه‌دا داواى مافى په‌نابه‌ریه‌تى كردووه. له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیشه‌وه هه‌ریه‌ك له كوره‌كانى على باپیر به ناوه‌كانى ( شه‌ریف و عبدالرحمان ) له وڵاتى به‌ریتانیا داواى مافى په‌نابه‌ریان كردووه. له‌ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردووش هه‌ریه‌ك له ئه‌كره‌م مه‌نمى به‌ڕێوبه‌رێكى گشتیه له پارێزگاى دهۆك و ئازا حسین، جێگرى به‌ڕێوبه‌رى گشتى له وه‌زاره‌تى دارایى و لیواسه‌ردار له وه‌زاره‌تى ناوخۆ له وڵاتى كه‌نه‌دا داواى مافى په‌نابه‌ریان كردووه. له‌ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوو ژماره‌یه‌ك له چاڵاكوان و نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس و شاعیر هه‌رێمى كوردستانیان جێهشتووه‌و زۆربه‌شیان له وڵاتى كه‌نه‌دا داواى مافى په‌نابه‌ریه‌تیان كردووه‌و له‌م وڵاته گیرساونه‌ته‌وه.