من فەرمانبەرتم، خاوەنشکۆ

لەلایەن ستاندار Posted on 310 جار بینراوە

کارزان صابر

من دەمێکە بەڵێنم داوە و مێژوشم گەواهیدەرە لە هەموو وێستگەو قۆناغەکان بەرفەرمانی تۆم، بێ خەمبە لەوەی من ڕۆژێ لەڕۆژان پێتداهەڵشاخێم و ناڕازیبم، هیچ خورپەیەک بە دڵتدا نەیەت کاتێک فەرمانەکانت بۆمن ئەنێریتە خوار، چون دڵنیابە هەموویان بێ گرێ و گاڵ ڕاستەرێ ئەبن. خودا نەکات ڕۆژێ من بێم و گلەیی لە بڕگەیەکی فەرمانەکانت بکەم، نا.. نا.. هەگیز شتی وا ڕونادات، بێ خەمبە.

جگەلەوەش هەرکاتێک و لەهەر شوێنێک بۆ کار ڕایکردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانت منت ویست، دەست لەسەر سنگ لەبەر دەمتم، لە هەموو بار و گوزەرانێک، کە منی تیام، گیرفانم پڕبێ یان خاڵی، نیوە موچەم بۆ بنێری یان نەینێری من هەربەرفەرمان و فەرمانبەرتم، دڵت هیچ نەڵێ، بێ خەمبە.

وەک بەڕێوەبەری دام ودەزگاکانی میری بڵێنمان داوە یاساکان بەدڵی تۆ کاربکەن، کۆبوونەوە نیشتیمانی و حزبیکان ئێمە بۆتی ڕێک ئەخەین و هەمووانیش پابەندی ئامادەبوون ئەکەین، گلەیی ئەو کەسانەی گوزەرانیان خراپەو لە بێ مافی و بێ موچەیی دەنگ هەلئەبڕن، لەبەین ئەبەین.

ببورە لە ئێمەی کاسبکار و پیشەوەر و کرێکار کاتێک زەحمەتیەکانی ژیان دەست ئەنێتە بینەقاقای گوزەرانمان، کاتێک بەدەستی قڵیشاوەو پشتی چەماوە  هەموو ڕۆژەکە لەکارداین و نازانین  دەست حەقی ئێوارە بەکام  پێویستی ماڵ بدەین و بۆ پێویستیەکانی تر ڕوو لەکام پەناو پەسێو بکەین. خاوەنشکۆ ببورە ئەگەر لەو کاتانە هەندێ گازاندەش بکەین، چونکە ئیدی مرۆڤین و جار نا جارێک ناخمان بیرمان ئەخاتەوە کە پێویستە ئێمەش وەک مرۆڤ بژین و هیچمان لەخەڵکی تر کەم نیە، بەڵام بێ خەمبەو ئەوە تەنها دەردە دڵە. ئەگینا بۆ ڕۆژانی هەڵبژاردن و ئاهەنگە حزبی و جەماوەریەکان من لە ڕیزی پێشەوەم و منیش پشکی شێری ئەو موناسەبانەت بۆ قەرەباڵغ نیشانئەدەم.

ئەزانم لە خوێندنی باڵا ڕانکی زانکۆکانمان زۆر خراپەو ساڵانە مامۆستاکانمان کەمترین توێژینەوەیان لە گۆڤارە زانستیەکانی جیهان بڵاو ئەبێتەوە. داهێنان.. نوێگەری.. زانستەکانی سەردەم لای راگرایەتیەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان جێ بایەخ و گرنگی پێدان نین،  ئەبینم زانکۆکان لە بابەتە هەستیارەکانی  نەتەوەو نیشتیمان، لە کێشەکانی کۆمەڵگا، لە ئابوری، لە گوزەران و ژیان کەمترین ئامادەییان هەیە. بەڵام مادام سەربازی تۆن و لەسەر ڕێبازن، گلەییەکانم بۆ خۆم.

خودانەکات بەو نەبونیە توشم بە توشی دەردێکی گران بێت و تیماری بکەوێتە نەخۆشخانەکان، ئەوکات دەبێ جەستەم لە ژوورێکی ساردوسڕی نەخۆشخانە بێت و گیرفانم کۆڵانەو کۆڵانی بازەڕەکان بەدوای دەرماندا بگەڕێت، خۆ ئەگەر دکتۆری دەردی من لە نەخۆشخانەکانی میری دەست نەکەوت، ئەبێ لە نیوەشەودا لە باری تەعالا بپاڕێمەوە زوو  گیانم دەرکاو نەکەومە دەستی بازرگانان، ئیدی ئەوە قەدەرەو خاوەنشکۆ چی لەدەست دێ بۆمن؟

بەڵام لەگەڵ هەموو دەرد و نارەحەتیەک کە من هەمە، بەڵێن ئەدەم تۆ تەنها دوو مانگ پێش هەڵبژاردنەکان من ئاگاداربکەوە، هەڵمەتی شارەو شار و کۆڵان کۆڵانت بۆ ئەگێڕم، دار و بەردی ئەم مەملەکەتە ئەکەمە ناوو وێنەو ئاڵای تۆ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەیان پەیجی ڕاستی و ساختەت بۆ دروست ئەکەم، کاریان  پێدا هەڵگوتن و مەدح و سەنا بێت، لە مێزگەردی کەناڵەکان ئەبمە دەنگێکی دلێر بۆ بەرگری و جوان ناساندنی تۆ، لێزانانە پینەی کێماسیەکانت ئەکەم.

ڕۆژانی هەڵبژاردن گەورەو بچوک پیر و پەککەوتە ڕیز ئەبەستین و دێینە سەر سندوقەکان، پۆل پۆل  گەنجانی بێکاری کۆڵان ئەنێرمە هەڵمەتەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەنگی تۆو تەزویر، لەبەردەم مایکی کەناڵەکان پڕ بە قوڕگمان هاوار ئەکەین دەنگ و دڵمان بۆتەیە خاوەنشکۆ.

کە سەرکەوتنیش ڕاگەیەندرا، ئاهەنگ و شایی، تەقەی خۆشی، کەژاوەی ئۆتۆمبێڵی شەقامەکانی شار من ئەیکەم و زۆریش خۆشی لێ ئەبینم خاوەنشکۆ.

————–

من/ گەلێکی ڕازی بە زوڵم و بێ دادی

خاوەنشکۆ/ دەسەڵاتی 27 ساڵەی کوردی بە هەموو ئەو حزبانەی دەستیان لە دروستکردنی ئەم دۆخە هەیە

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.