یاسا ڕێکخەرەکانی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 1520 جار بینراوە

دانا دارا حسین
ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان
بەشداری سیاسی ھاوڵاتیان لە پڕۆسەی سیاسی و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان بە شێوەی سیستمی نوێنەرایەتی , و وەستاندنی ئیرادەی خۆیان لەسەر قەوارەیەک یان کاندیدێک دەوترێت ھەڵبژاردن .
ھەندێک بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بە ئەرک دەزانن , لەبەرامبەردا ھەندێکی دیکە بە مافێکی سیاسی دەناسێنن و وەک یەکێک لە مافەکان دەیبینن .
ھەڵبژاردن وەک مافێکی سیاسی لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا پەیڕەو دەکرێت و بە یاسا ڕێک خراوە , وە کراوەتە سەرچاوەی شەرعیەتی گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوەشی ,ھەروەھا مومارەسەی ئەم مافە یەکێکە لە پایەکانی دیموکراسی و ناسینەوەی دەوڵەتی مۆدێرن .

لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو دامەزراوانەی کە ھەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت و بە یاسای تایبەت بەخۆیان ڕێک خراون بریتین لە :
١- پەرلەمانی کوردستان بەیاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو .
٢- سەرۆکایەتی ھەرێم بەیاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو .
٣- ئەنجومەنی پارێزگاکان بەیاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٩ی ھەموار کراو
٤- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاسای ژمارە ٤٥ ی ساڵی ٢٠١٣
٥- کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی کوردستان بەیاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤
٦- کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق بەیاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧
دەتوانین بڵێین کە ئەو کەس و ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوانە سەرجەمیان پەیڕەویان لە کۆمەڵێک پڕەنسیپی ھەڵبژاردن و ھونەرەکانی کردوە , کە زۆربەیان ئیلھامیان لە یاسای ژمارە ١ ەوە وەرگرتوە , کە تاکە یاسایە لە پەڕلەمانی کوردستان دەرنەچوە .
لە خوارەوە شیکارێکی خێرای ھەریەک لەو یاسایانە دەکەین :
• یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموار کراو :
ئەم یاسایە لەلایەن سەرکردایەتی بەرەی کوردستانیەوە لەبەرواری ٨/٤/١٩٩٢ دەرچوێنرا , وە ھەربە پێی ئەم یاسایە یەکەم ھەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا لە بەرواری ١٩/٥/١٩٩٢ .
وەبە پێی ھەمواری چوارەمی یاساکە بە یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠٠٩ ناوی ئەنجومەنی نیشتمانی گۆڕدرا بە پەڕلەمانی کوردستان .
– کۆی یاساکە پێک دێت لە ٦٥ ماددە و ھۆکاری دەرچون .
– یاساکە ٧ جار ھەموار کراوەتەوە , لە کاتێکدا ئێمە لە ھەرێم بۆ ھەردوو ( ھەڵبژاردنەکان و خودی پەرلەمانیش ) یەک یاسامان ھەیە .
– یاساکە ھەڵبژاردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بە ( دەنگدانی نھێنی , ڕاستەوخۆ , لیستی نیمچە کراوە ) بۆ پڕ کردنەوەی ئەنجومەنە ١١١ کەسیەکە پەیڕەو کردوە , کە ٣ یان دەستەی سەرۆکایەتین و ١١ یان کۆتای کەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەکانن , و ڕێژەی ٣٠% ی کۆتا بۆ ڕەگەزی ئافرەتان دانراوە .
– پێویستە ئەندامی پەرلەمان وەک لە ماددەکانی چوارەم و پێنجەم دا ھاتوە پابەند بێت بە :
١- نابێت لە یەک کاتدا دوو ئیش کۆبکاتەوە .
٢- لە ڕۆژی سوێند خواردنیەوە بە وازھێنەر لە پیشەی فەرمانبەریەکەی دادەنرێت .
٣- ھەموو ئەندامانی پەرلەمان دەبێت خۆیان تەرخان بکەن بۆ کارەکانی پەرلەمان .
– یاساک لە ماددەی شەشەم تا ھەشتەم باس لە ڕێکخستنی یاسایی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەکات بۆ پەڕلەمانی کوردستان بە بێ باس کردن لە ئەرکی دامەزراوەکە وەک ھاتوە :
١- کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی کارەکانی ھەڵبژاردن لە ھەرێم دا دەکات .
٢- دەستەیەکی دادوەری ناتەرخان پێک دێت بۆ تەماشا کردن و بڕیاردان لەو تانانەی کە لە ھەڵبژاردنەکان دەدرێت .
٣- بازنەکانی دەنگدان وەک لە ماددە نۆیەمی یاساکەدا ھاتوە سەرجەم ھەرێمی کوردستان بە یەک بازنەی دەنگدان دانراوە , کە دابەش دەبن بەسەر چەند ناوەندێک دا .
٤- وادەی دەنگدان بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێم ١٥ ڕۆژی میانەی کۆتایی خولی پەرلەمان مەرسوم دەردەکات (ماددەی ١٢ ) .
٥- دەنگدان لە ھەموو کوردستاندا لە یەک ڕۆژدا دەکرێت (مادە ١٣ )
٦- تۆمارێک لە ھەرێم دا بۆ دەنگدەران دروست دەکرێت و پێویستە بە شێوەی ئەبجەدی ڕێک خرابێت و زانیاریەکانی ( ناو , پیشە , ناونیشان , بەرواری لە دایک بون ) لەخۆ بگرێت (ماددەی ١٥) .
٧- مەجەکانی دەنگدەر لە یاساکەدا بریتیە لە :
– ھاوڵاتی کوردستان بێت (نێر یاخود مێ )
– ١٨ ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت . (ماددەکانی ١٩ و ٢٠ )

٨- مەرجەکانی پاڵێوراو بۆ دامەزراوەکە بەپێی ماددەی ٢١ بریتیە لە :
ڕ- ھاوڵاتی کوردستان و نیشتەجێی ھەرێم بێت .
ب- تەمەنی ٢٥ ساڵ بێت و شیاوێتی ھەبێت .
ت- خوێندن و نوسین بزانێت .
پ- بەتاوانی ئابڕوبەرانە حوکم نەدرابێت .
ج- حوکم نەدرابێت بە سجن لەسەر کوشتنی بە ئەنقەست .
ح- بەشداری تاوانەکانی ڕژێمی سەرکوتکاری بەعسی نەکردبێت .
٩- دەبێت بەشداربوانی پڕۆسەکە /
ڕ- قەوارەی سیاسی بن نەک لیستی فەردی
ب- قەوارەکە لیستی تایبەت پێشکەش دەکات بە مەرجی پاراستنی ڕێژەی ئافرەت ٣٠%
ت- ھەر لیستێک نابێت لە ٣ کەس کەمتر بێت .
پ- تەواوی بەڵگەنامەکان پێوەی بلکێنرێت
ج- دەستەی باڵای کۆمسیۆن سەیریان دەکات لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا یەکلاییان دەکاتەوە .

١٠- پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن
ماددەکانی ٢٤ و ٢٥ بە بڕگەکانیەوە ئەم بابەتە دەکۆڵێتەوە کە :
ڕ- پڕوپاگەندە دەبێ لە سنوری یاسا و سیستمی گشتیدا بێت .
ب- پڕوپاگەندە ڕۆژێک پاش ڕاگەیاندنی لیست تا ٤٨ سعات پێش ڕۆژی دەنگدان دەبێت .
ت- کۆمسیۆن بە سیستمێک شوێنەکان , قەدەغ و ڕێپێدراوی تەواوی پڕوپاگەندە دیاری دەکات .
پ- دەبێت قەوارەکان دوای دەنگدان پڕوپاگەندەکان کۆبکەنەوە .
ج- بینای وەزارەتەکان , فەرمانگەکان قەدەغەیە بۆ ڕیکلام .
ح- نابێت فەرمانبەران پێگەی خۆیان بۆ رشیکلام بەکار بھێنن .
خ- نابێ ڕۆژی دەنگدان ڕیکلام بکرێت .
د- قەدەغەیە کە پاڵێوراوان دەنگدەر ھەڵبخەڵەتێنن بەھۆی چەند ڕیکلامێکەوە بە بریندار کردنی ھەست یان جوێن دان .
ژ- قەدەغەیە ماڵی گشتی بۆ پشتیوانی و ڕیکلام خەرج بکرێت
ر- قەدەغەیە لە ڕیکلام تەکفیر , ترساندن , فشار یان خائین زانین لەخۆ بگرێت .
١١- بە پێی ماددەی ٢٨ کارتی دەنگدان و سندوقەکان و کارە لۆجستیەکان بۆ پڕۆسەکە ئامادە دەکرێت .
١٢- قۆناغەکانی دەنگدان بە پێی یاساکە بریتیە لە :
ڕ- دڵنیابون لە ناو و لێھاتویی دەنگدەر
ب- دەنگدەر ھێما بۆ قەوارەکە پاشان پاڵێوراوێک دەکات .
ت- ئەگەر دەنگدەر خوێندەواری نەبوو ئەوا داوای پشتیوانی دەکات .
پ- نوێنەرایەتی کردن لە دەنگداندا قەدەغەیە .
ج- ھێزی چەکدار بۆی نییە بچێتە ناو بنکەی دەنگدانەوە .
ح- دەنگدان لە ٨ی بەیانی تا ٨ی ئێوارە دەخایەنێت
خ- کارتی دەنگدان کە مۆر نەکرابێت یان سپی بێت بە پوچەڵ ئەژمار دەکرێت .
د- لیژنەکان و وێستگەی دەنگدانەکە ڕێکخستنی کۆنوس و فۆڕمەکان و تۆماری زانیاریەکان دەکات , وە کۆنوسی کۆتایی دەبێت نویچنەری قەوارەکە واژوی بکات .
١٣- ماددەی ٣٦ی یاساکە چۆنیەتی تێکڕای ھەڵبژاردن و پڕۆسەی گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی باس دەکات , کە بریتیە لە کۆی دەنگی دروستی قەوارەکان دابەشی ژمارەی کورسیەکان دەکرێت .
١٤- ژمارەی کورسی بۆ قەوارەیەکی دیاریکراو بە پێی ھەمان ماددە بڕگەی دووەم بەم شێوەیە دەبێت :دەنگی دروستی قەوارەکە , دابەشی تێکڕای ھەڵبژاردن یەکسانە بە ژمارەی کورسیەکانی قەوارەکە .
١٥- چارەنوسی ئەو قەوارانەی کە دەنگی کورسیەکیان نییە , ئەوا دەدرێت بەو لیستانەی کە زۆرترین ماوەی دەنگیان بەدەست ھێناوە بە شێوەی یەک لە دوای یەک .
١٦- کۆتاکان
لە پەڕلەمانی کوردستان کۆتاکان ١١ کورسیان ھەیە , بەم شێوەیە :
٥ کورسی بۆ کلدان , سریان ئاسوری
٥ کورسی بۆ تورکمانەکان
١ کورسی بۆ ئەرمەن
١٧- ماددەی ٣٧ ی یاساکە ھاتوە کە ناوی پاڵێوراوانی قەوارەکە بە پێی ڕیزبەندی دەنگەکانیان ڕێک دەخرێتەوە , بەتەرخان کردنی کورسی پێویست بۆ ئافرەتان .
١٨- لەحاڵەتی بەتاڵ بونی کورسیەک دا , بەڕیزبەندی ئەوەی دوای ئەو جێی دەگرێتەوە .
١٩- حەێانە (پارێزبەندی ) ئەندامی پەرلەمان بە یاسا ڕێکخراوە کە لە ماددەی ٣٩ و ٤٠ دا باس کراوە :
ڕ- نابێت ئەندام پەرلەمان لەسەر ڕاو بۆچونێک کە دەری دەبڕێت بەرپرسیار بێت .
ب- ئەندام بە بێ ڕەزامەندی پەرلەمان ناگیرێت , مەگەر لە تاوانی مەشھودەدا .

٢٠- مافەکانی ئەندامی پەرلەمان :
ڕ- ئەندامێتی لە پەرلەمان (وەزیفە ) نییە وەک لە یاسای خزمەتی مەدەنیدا ھاتوە , تەنانەت ئەندامی پەرلەمان لە وەزیر گەورەترە .
ب- ئەندام پاداشتێکی مانگانە وەردەگرێت .
ت- ئەندام پاش تەواو بونی خول یان مردنی لە کاتی کاردا , ئەوا خانەنشین دەبێت .
٢١- ڕەوشی کار لە پەڕلەماندا وەک لە یاساکەدا ڕێک خراوە لە ماددەکانی ٤٣ تا ٥٣ دەگرێتەوە , کە تایبەتە بە پەرلەمان و بۆ ئێرە پێویست نییە .
٢٢- ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەڕلەمان لە ماددەکانی ٥٤ تا ٥٦ ھاتوە کە بریتین لە :
ڕ- یاسادانان
ب- بڕیاردان لەسەر ڕیکەوتننامەکان .
ت- یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنوس سازەکان .
پ- دیاریکردنی پەیوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند
ج- دەست نیشان کردنی سەرۆکی حکومەت
ح- متمانە دان بە کابینەی حکومەت
خ- چاودێری دەسەڵاتی جێبەجی کردن
د- بڕیاردان لەسەر بودجەی گشتی
ژ- ئاڕاستە کردنی پرسیار
ر- پرساندن
ز- لێ سەندنەوەی متمانە
س- پێک ھێنانی لیژنە ھەمیشەیی یەکانی پەرلەمان کە ٢٢ لیژنەن
ش- زەبتی دانیشتن لەلایەن سەرۆکەوە
ێ- پێک ھێنانی لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە
چ- یەکلاکردنەوەی تانەکان لەسەر پەرلەمان , ھەروەھا دروستی ئەندامێتی .
٢٣- تاوانەکانی ھەڵبژاردن
ماددەی ٥٧ لە یاساکەدا بە ھەر دوانزە بڕگەکەیەوە باس لەو تاوانانە دەکات کە بە تاوانی کاروباری ھەڵبژاردن دانراون و سزای بۆ ھەر یەکەیان بڕیار داوە .
لەخوارەوە ھەریەک لە تاوانەکان و سزاکان لەبەرامبەریان ئاماژە پێ دەدەین :
تاوانەکان سزاکانیان
ڕ- ھەڵواسینی ڕیکلام لەدەرەوەی
جێگای دیاری کراو حەپس لەیەک مانگ زیاتر نەبێت
ب-
١- ڕیکلام لە بینای حکومی
٢- بەکار ھێنانی دارایی گشتی و پێگەی وەزیفی
٣- بڵاوکردنەوە لە ڕۆژی دەنگدان دا حەپس لەیەک مانگ کەمتر نەبێت,ولە شەش مانگ زیاتر نەبێت ,
و غەرامەیەک لەیەک ملیۆن کەمتر نەبێت
, و لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت
٤- ھەڵخەڵەتاندنی دەنگدەران
٥- خەرج کردنی دارایی گشتی و پشتیوانی دەرەکی
ج-
١- بە ئەنقەست ناوێکی درۆ یان
خەسڵەتێکی درۆ لەھەڵبژاردن دانێ
٢- ناوی پاڵێوراوێک نەنوسێت
٣- دەنگ بدات و بشزانێت کە ناوی
ھەڵە ھاتۆتەوە لە تۆماری دەنگدەراندا
٤- بە ئەنقەست بە ناوی کەسێکی ترەوە دەنگ بدات
٥- نھێنی دەنگدەرێک ئاشکرا بکات حەپس کەلە شەش مانگ کەمتر نەبێت و غەرامەیەک لە ١٠٠,٠٠٠ دینار
کەمتر و ٥٠٠,٠٠٠ دینار زیاتر نەبێت
٦- لەجارێک زیاتر دەنگ بدات
٧- ئارەزوی دەنگدەرێکی نەخوێندەوار بگۆڕێت
٨- لە زیاتر لە بازنەیەک خۆی بپاڵێوێت
٩- لەکاتی جیاکردنەوە گزی بکات
د-
١- دەست درێژی بۆسەر ڕیکلامی پاڵێوراوان
٢- ڕایبگەیەنێت کە پاڵێوراوێک کشاوەتەوە,
وە دەشزانێت کە درۆ دەکات . حەپس لە مانگێک کەمتر و لە ساڵێک زیاتر نەبێت
٣- دەستکاری ئامرازەکانی دەنگدان
ە-
١- ھێز یان ھەڕەشە بەکار بھێنێت
بۆ ڕێگە گرتن لە دەنگدان
٢- بەڵێنی درۆ بە دەنگدەرێک بدات
٣- سودێک قەبوڵ بکات یان داوای بکات
٤- دەنگ و باسی درۆ لەبارەی ڕەوشی
پاڵێوراوێکەوە بڵاوبکاتەوە حەپس بۆ ماوەیەک کەلە یەک ساڵ کەمتر نەبێت
٥- بە چەکەوە بچێتە ناو بنکەکانی دەنگدانەوە
٦- جوێن بە لیژنەی ھەڵبژاردن بدات
٧- سندوق یان ھەر بەڵگەنامەیەکی دەنگدان خراپ بکات
٨- دروشمەکانی ئاین یان ماڵەکانی خواپەرستی بۆ پڕوپاگەندە بەکاربھێنێت .
و-
١- شاردنەوەی سندوق یان کەلەپەلی دەنگدان
٢- دەستکاری ئەنجامەکانی دەنگدان وەک
(خراپ کردن, تێک دان,دزین ). حەپس لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت , و غەرامەیەک لە ١٠٠,٠٠٠کەمتر و لە ٥٠٠,٠٠٠ دینار زیاتر نەبێت .
٣- بەھێز یان ھەڕەشە ئازادی ھەڵبژاردن بخاتە مەترسیەوە .
ز- سزای قەوارەی سیاسی
١- ئەگەر قەوارەیەکی سیاسی لەسەری سەلمێنرا کە یەکێک لەو تاوانانەی باسکرا تێوەگلا , ئەوا سزا دەدرێت بە ٥٠ ملیۆن دینار
٢- بێ بەش کردنی لە دەنگەکانی لە بنکەی دەنگدانەکە کە تاوانەکەی ئەنجامداوە .
٣- بێ بەش کردنی قەوارەکە لە ھەڵبژاردن ئەگەر میلیشیای ھەبێت .
٤- ھەر کەس و لایەنێک شروع بکات لەم تاوانانەدا ئەوا سزای تەواو دەدرێت .
٢٤- کۆتایی یاساکە بە بە حوکمە کۆتاییەکان و ھۆکاری دەرچون دێت کە دیارترینیان ئەمانەن :
ڕ- ھاوڵاتیانی دەرەوەی ھەرێم بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن .
ب- ھێزە چەکدارەکان , ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ,سوپا, کارمەندانی نەخۆشخانە , بەندیخانەکان ,بەندیەکان ,بەدەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن دوو ڕۆژ پێش ڕۆژی دەنگدان .

• سەرنجە گشتیەکان :
١- ئەمڕۆ لە جیھاندا زیاتر لە یەک ملیار مافی دەنگدانیان ھەیە .
٢- ٢١ ڕێگە و شێوازی گزی کردن ھەیە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن دا , کە یاساکە بەشێکیانی باس کردوە .
٣- ئەم یاسایە پێویستی زۆری بە ھەموار کردنەوەیە
٤- لیستی ھەڵبژاردن , بازنەکانی دەنگدان , دەنگ دانی تایبەت , پێویستە پێداچونەوەی بۆ بکرێت .
٥- دیاریکردنی ڕۆژێک لە ساڵێک دا بۆ ھەڵبژاردن .
٦- ھێزە چەکدارەکان دەنگ نەدەن .
• یاسای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێم
ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤
– یاساکە لە دانیشتنی ژ ١٨ ی ٢٣/٧/٢٠١٤ پەسەند کراوە و پێک دێت لە ٢٢ ماددە .
– کۆمسیۆن دەسەڵاتی حێری ئەنجامدان و سەرپەرشتی ڕێکاری ھەموو ھەڵبژاردن و ڕاپرسیەکان دەکات لە ھەرێم دا .
– کۆمسیۆن ملکەچی پەرلەمانە و بەرپرسیارە بەرامبەری
– کۆمسیۆن ڕێسای کارپێکراوی نێودەوڵەتی بۆ ھەڵبژاردن و ڕاپرسیەکان دەردەکات .
– ئەنجومەنی کۆمسیاران ٩ ئەندامن و بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەدەنگدانی زۆرینەی پەڕلەمان ھەڵدەبژێردرێت .
– دەسەڵاتەکانی ئەنجومەن لە ماددەی شەشەمی یاساکەدا ڕێک خراوە .

• یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموار کراو
– یاساکە لە دانیشتنی ژمارە ٣ی ٧/٦/٢٠٠٥ پەسەندراوە و لە ٢٠ ماددە پێک دێت .
– یاساکە پێناسەی سەرۆکی ھەرێمی کردوە ( ھەرێمی کوردستان سەرۆکێکی دەبێت و سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە ).
– جێگرێکی دەبێت و موچەیەکی مانگانەی بەبڕی ١٥ ملیۆن دینار و دەرماڵەیەک کە لە ٥٠% ی موچەکەی کەمتر نەبێت , دەدرێتێ .
– بەدەنگدانی گشتی , نھێنی , ڕاستەوخۆ , لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەماندا ھەڵدەبژێردرێت .
– ولایەتەکەی بۆ ٤ ساڵە و دەکرێت بۆ جاری دوەمیش ھەڵبژێردرێت .
– مەرجەکانی پاڵێوراو بۆ ئەم پۆستە بریتیە لە :
١- تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت .
٢- ھاوڵاتی و نیشتەجێی ھەرێم بێت .
٣- لەھەموو مافە مەدەنی و سیاسیەکان بەھرەمەند بێت .
– دەسەڵاتەکانی لە ماددەی دەیەم بە ١٨ دەسەڵات ڕیز کراوە .
– لە ماددەی ١٥ دا پرسی چۆڵ بونی پایەی سەرۆکی ھەرێم باس کراوە , کە ءەگەر ءەم پۆستە چۆڵ بوو و ئەوا سەرۆکی پەرلەمان بە ئەرکەکانی ھەڵدەستێت تا لە ٦٠ ڕۆژدا ھەڵبژاردن دەکرێت .
– لە ماددەی ١٦ دا باس لە لێپرسینەی وەی سیاسی سەرۆک دەکات لەلایەن پەڕلەمانەوە و کۆتایی ھێنان بە ولایەتەکەی :
١- ئەگەر سەرۆکی ھەرێم خۆی داوای کرد
٢- ئەگەر نەیتوانی کارەکانی ھەڵسوڕێنێ
٣- ٣/٤ ی ئەندامانی پەرلەمان بەدەنگدانی نھێنی لە متمانەی بخەن .
• یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان
ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٩
– یاساکە پێک دێت لە ٣٥ ماددە و ھۆیەکانی دەرچون .
– مەرجەکانی دەنگدەر ھەمان مەرجەکانی دەنگدانە بۆ پەرلەمانی کوردستان ,ھەروەھا مەرجە دەنگدەر ناوی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکەدا ھەبێت .
– لیستی نیمچە کراوە پەیڕەو دەکرێت , وبەشێوەی بازنەیی دەبێت , مەرجە کاندید دانیشتوی پارێزگاکە بێت .
– ئەندامی ئەنجومەن ھاوکاریەکی دارایی دەبێت , بەڵام خانەنشین نابێت .
– تا ئێستا تەنھا ھەڵبژاردن بۆ پارێزگا کراوە و بۆ قەزا و ناحیە نەکراوە .
– پارێزگا لەلایەن ئەنجومەن ھەڵدەبژێردرێت و ھەر ئەویش لای دەبات .

• یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە ٤٥ ی ساڵی ٢٠١٣
– یاساکە لە ( ٤٨ ) ماددە پێک دێت , و ھەڵبژاردنەکانی خولی سێیەمی ساڵی ٢٠١٤ بەم یاسایە کراوە .
– یاساکە پەیڕەوی ٠قائمە مفتوحە)ی کردوە , و دەکرێت لیستی تاکەکەسی ھەبێت .
– پێویستە ھەڵبژاردن پێش ٤٥ ڕۆژی کۆتایی ھاتنی خولەکە ئەنجام بدرێت ز
– مەرجەکانی دەنگدەر بریتیە لە :
١- عێراقی بێت
٢- ١٨ ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت
٣- ناوی تۆمار کرابێت لە تۆماری دەنگدەراندا .
– مەرجەکانی پاڵوراو بەپێی ماددە ٨ی یاساکە بریتیە لە :
١- تەمەنی لە ٣٠ ساڵ کەمتر نەبێت
٢- یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە .
٣- ڕەوشت و ژیانی جوان و پاک بێت .
٤- لانی کەم ھەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بێت .
٥- دەبێت بەشێوەیەکی نادروست لەسەر ماڵی گشتی دەوڵەمەند نەبوبێت .
٦- ئەندامی ھێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئەمنیەکان نەبێت .
– پێویستە ژمارەی پاڵێوراوان دوو ئەوەندەی ژمارەی کورسیە تەرخان کراوەکان بۆ بازنەی پارێزگاکە زیاتر نەبێت .
– ژمارەی کورسیەکان بۆ ئەنجومەنەکە بریتیە لە ٣٢٨ کورسی کە ٨ کورسیان بۆ کۆتاکانە و ڕێژەی ئافرەت لە ئەنجومەنەکەدا ٢٥% ە .
– یاساکە بە درێژی ھەریەکە لە ( تۆماری دەنگدەران , ڕیکلامی ھەڵبژاردن , تاوانەکانی ھەڵیژاردن , ژمارەی کورسیەکانی ھەر پارێزگایەک بە جیا ) ی باس کردوە .
سەرچاوەکان
١- یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو .
٢- یاسای سەرۆکایەت ھەرێمی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو .
٣- بەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٩ی ھەموار کراو
٤- یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە ٤٥ ی ساڵی ٢٠١٣
٥- یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤
٦- یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵیژاردنەکان ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.