ئایا گۆڕان چیتر پێویستە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 320 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

لەبەرئەوەی چاوەڕوانیی زۆر لە گۆڕان کراوە و دەکرێت، هەر هەڵەیەکی بچوکیان بە هەڵەی زۆر گەورە لێکدراوەتەوە. هەر بۆ نمونە، سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستیان بەرانبەر ریفراندۆم وەک حیزب بەبەراورد بە هەمو حیزبەکانی دی توندترین و جدییترین بو، بەڵام سەرپشککردنی لایەنگرانیان بە دەنگدان بە بەڵێ یان نەخێر، زۆر زیاتر روبەڕوی رەخنەی کردنەوە وەک بەڵێی یەكێتیی و یەکگرتو و دواجاریش کۆمەڵ. یوسف محەمەد و بزوتنەوەی گۆڕان تا دوا سنوری داکۆکیکردن لە دونیابینیی و هەڵوێستەکانیان، قوربانییان دا. لە پێناو داکۆکیکردن لەو ستراتیژ و بەهایانەی گۆڕان لەسەری دامەزرا، بزوتنەوەکە ئامادە نەبو خۆی بدۆڕێنێت. گۆڕان نەیتوانی کۆتایی بە حوکمڕانیی ناشەرعیی و خۆسەپاندن بێنێت، بەڵام هەرگیز رێینەدا خۆسەپاندن لە هەرێمدا دوبارە ببێتەوە.
ئەگەر قسە لەسەر هەڵە بچوکەکانی گۆڕان بکەین، تەنانەت هەندێک هەڵەی گەورەش، دەتوانین باسی چەندان هەڵە بکەین، بەڵام هەرگیز گۆڕان هەڵەی ستراتیژیی گەورەی نەکردن. بە بڕوای من، گەورەترین هەڵەکانی گۆڕان ئەوانە نین کە لە رابردودا رویانداوە، بەڵکو ئەوانەن کە دەکرێت لە داهاتودا روبدەن. گۆڕان هێزێک نەبوە بڕیاری کۆتایی دروستبکات، هێزێکیش نەبوە بەتەنها بتوانێت بڕیارێک بوەستێنێت، بەڵام نە بڕیاری خراپی دروستکردون و نە بۆتە هۆی تێپەڕاندنی بڕیاری نادروستیش.
گۆڕان لە دروستبونیەوە بە دەست کێشەیەکی قوڵی ستراتیژییەوە دەناڵێنێت. گۆڕان تەنانەت لە سەردەمی رەحمەتیی کاک نەوشیروانیش، نەیتوانی ئەو دونیابینییە سیاسییەی کە هەیەتی بۆ پەیوەندیی نادەوڵەتیی، ئیقلیمیی و عێڕاقیی، جێبەجێبکات. گۆڕان هەمیشە هێزێک بوە رو لە ناوەوە کەمتر هێزێک رو لە دەرەوە، هەر بۆیەش تا ئێستاش نەیتوانیوە نوێنەرێکی چالاک بۆ یەکێتیی ئەوڕوپا و ئەمریکا دابنێت. لە پەیوەندیی لەگەڵ بەغداددا، گۆڕان دیسان نەیتوانی دونیابینیی خۆی پێشبخات. گۆڕان هەمیشە ویستویەتی برایەتیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد وا بکات رەنگدانەوەی هەبێت لە هەولێر، بەڵام هەمیشە پێچەوانەکەی بوە. لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا، تورکیا و ئێران و سوریادا، هەمیشە هەوڵیداوە پەیوەندیی حکومەتیی بن، یاخود پەیوەندییەکان لەڕێی گۆڕان بن لە سلێمانییەوە نەک لە پایتەختی ئەو وڵاتانەوە. هەرچەندە ئەو دیدەی گۆڕان تەندروستە، بەڵام ئەمە بۆ کاتێک کە حکومەتێکی نیشتیمانییمان هەبێت نەک حکومەتێکی بنەماڵەیی کە زیاتر حکومەتی یەک حیزب و یەک کەس بێت.
گۆڕان لەگەڵ پەکەکە و رۆژئاڤای کوردستان و هەدەپەش، نەیتوانیوە پەیوەندییەکی بەهێز دروستبکات کە هەر چوار لا پێکەوە پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی کوردستانیی دیموکراتیک پێشبخەن کە خزمەت بە هەمو کوردستان بکات، کە بڕوام وایە گۆڕان دەیتوانی کاریگەرییەکی باشی بێت.
گۆڕان بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان قۆناغی باشی بڕین. کاریگەرییەکانی گۆڕان بۆ ناوخۆی کوردستان لە ژمارە نایەن، دروستبونیشی وەرچەرخانێکی مێژویی بو لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانیی کوردستان و حیزبی کوردیی. ئێستا گۆڕان کە پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزی دروستکردوە، پێویستی بەوەیە بچێتە قۆناغێکی ترەوە کە نەک هەر لەسەر سیاسەتی ناوخۆ قسەی جدیی هەبێت و کاریگەریی بەجێبهێڵێت، بەڵکو لەسەر سیاسەتی عێڕاقیی، هەرێمیی و ناودەوڵەتییش و پان-کوردستانییش کاریگەریی دابنێت. گۆڕان دەبێت لەو قۆناغەیدا، هەر هێزێکی ناوخۆیی نەبێت، بەڵکو هێزێک بێت سنورەکانی هەولێر و سلێمانیی تێبپەڕێنێت و کاریگەریی لە قامشلۆ و دیمەشق و تاران و سنە و برۆکسڵ و واشنتن و بەغداد و ئەنقەرە و ئامەد هەبێت.
گۆڕان نەک هەر پێویستە، بەڵکو هێزێکی هەرە پێویستی قۆناغی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستانە. گۆڕان نەک هەر بۆ خودی بزوتنەوەکە گرنگە، بەڵکو مانەوە و بەهێزبونی گۆڕان گارەنتیی مانەوەی نەوەی نوێ و هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و عەدالەت و کۆمەڵ و یەکگرتوشە. بەهێزبون و مانەوەی گۆڕان ئامرازی سەرەکیی چاکسازییشە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەهێزبون و مانەوەی گۆڕان بۆ ئەو پارتیی و یەکێتییانەش زۆر گرنگە کە داوای چاکسازیی و گۆڕانی ریشەیی دەکەن.
لە پاڵ هەمو ئەوانەی سەرەوە، ئەرکی گۆڕان ئەوەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان یەکێتیی و گۆڕان لەلایەک و گۆڕان و هاوپەیمانیی و کۆمەڵ لە لایەکی تر، دوای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق ببێتە هۆکاری دروستبونی هاوپەیمانێتییەکی نیشتیمانیی کاریگەر بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی حکومەت لە بەغداد و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمی کوردستان.
بڕوام وایە، کەوتنی گۆڕان دەبێتە هۆی مانەوەی دۆخی هەنوکەیی بۆ زەمەنێکی درێژتر. سەرکەوتنیشی، هەنگاوێکی ترە بۆ بەدیهێنانی کوردستان و عێڕاقێکی دیموکرات و حوکمڕانیی باش، بێگومان ئەگەر چیتر هێزێک نەبێت روی لە ناوخۆ بێت بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.