بۆ مێژوو له‌ باره‌ى لیستى ئیسلامیه‌وه‌ 

لەلایەن ستاندار Posted on 377 جار بینراوە

 

سەرتیپ قەشقەیی
جارێ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌بێ ئاماژه‌به‌وه‌بكه‌ین، پڕۆژه‌ى ئیسلامى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى 10ساڵى ڕابردوو به‌ ئێستاشه‌وه‌، پڕۆژه‌یه‌كى چه‌قبه‌ستووى مردووه‌، هیچ جۆره‌ خۆ نوێكردنه‌وه‌و پێشوه‌چوونێكى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، بۆیه‌ ده‌نگى ئیسلامییه‌كان له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌میشه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى نه‌گۆڕ ده‌مێنێته‌وه‌و، زیادو كه‌مییه‌كه‌ى كاریگه‌رى دروست ناكات.
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 30ى كانونى یه‌كه‌مى 2005، ئه‌وكات على باپیر، ئه‌میرى ئه‌وكات و ئێستاى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ماوه‌ى دوو ساڵ له‌ زیندانى ئه‌مه‌ریكییه‌كان بوو له‌ به‌غداو ئازادنه‌كرابوو،كۆمه‌ڵى ئیسلامیش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌ماڕۆى له‌سه‌ربوو یه‌كێك له‌مه‌ترسییه‌كانى سه‌ریشى ئه‌وه‌بوو، به‌یه‌كجارى ئه‌و حزبه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.
به‌رله‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى دووه‌مى په‌رله‌مان له‌ 2005 ده‌ستپێبكات، شاندێكى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ سه‌رۆكایه‌تى مه‌حه‌مه‌د حه‌كیم، بۆخۆده‌ربازكردن له‌و قه‌یرانه‌ى تێكه‌وتبوون و ترسیان له‌ به‌ژداریكردن به‌ ته‌نها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى یه‌كگرتووى ئیسلامییان كرد. داواى شانده‌كه‌ زۆر سووك و ئاسان بوو، داوایان له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى كرد به‌یه‌كه‌وه‌ لیستى ئیسلامى دروستبكه‌ن، یاخود له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو به‌ هاوبه‌شى به‌ دووكاندید بێنه‌ ناو “لیستى نیشتمانى كوردستان”، كه‌ له‌ لایه‌ن پارتى و یه‌كێتى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا، یه‌كگرتووى ئیسلامى ئه‌و داوایه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌و، به‌ شاندى كۆمه‌ڵیان ڕاگه‌یاند، هیچ كورسییه‌كتان پێناده‌ین و ئاماده‌شنین لیست به‌یه‌كه‌وه‌ دروسبكه‌ین ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێ كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌توانێت داوا له‌ لایه‌نگرانى بكات ده‌نگ به‌ لیستى نیشتمانى كوردستان بده‌ن.
دواتر كۆمه‌ڵى ئیسلامى بڕیاریاندا خۆیان به‌ ته‌نها به‌ژداریبكه‌ن سه‌ره‌ڕاى ڕێگرییه‌كى زۆر توانیان 6 كورسى به‌ رێژه‌یى (4.86%) ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن و لیستى نیشتمانى كوردستانیش كه‌ له‌ پارتى و یه‌كێتى و یه‌كگرتوو ژماره‌یه‌ك حیزبى دیكه‌ پێكهاتبوو توانیان 104 (10 كورسى بۆ یه‌كگرتووبوو) به‌ڕێژه‌یى ( 89.55%) ده‌نگ به‌ ده‌ستبهێنن، لیستى زه‌حمه‌تكێشان و سه‌ربه‌خۆكانیش 1 كورسیان به‌ ده‌ستهێنا .
دوایى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى بووه‌ هێزێكى سیاسى ئیسلامى گه‌وره‌و به‌ ئه‌مرى واقع خۆى سه‌لماندو ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش به‌ ناچارى على باپیریان ئازادكرد.
ئێستا كه‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌، ئه‌مجاره‌یان كۆمه‌ڵى ئیسلامى هۆكارى دروستنه‌كردنى ئه‌و لیسته‌ بووه‌، وه‌كو ده‌ڵێن “چیا به‌چیا ناكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام چاو به‌چاو ده‌كه‌وێته‌وه‌”.
ئێستا هه‌ردوو هێز كه‌وتوونه‌ته‌ تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ بۆ یه‌كتر له‌باره‌ى دروستكردنى لیستى ئیسلامى، به‌ بۆچوونى من پێویست ناكات هیچ لایه‌نێك تۆڵه‌ له‌ لایه‌نێكى دیكه‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دروستكردنى لیست له‌سه‌ر بنه‌مایى (ئیسلامى و نه‌ته‌وه‌یى و ئایدلۆژیایى) بیدعه‌یه‌كى ناشرین و قێزه‌ونه‌و، هێز ئه‌و هێزه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایى به‌رنامه‌و ستراتیژیه‌تى ڕوون و گۆڕينى سیسته‌مى حكومراِنى خراپ بۆ باش به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌ دروستبكه‌ن، چونكه‌ ئێستا باوى یه‌ك لیستى له‌سه‌ر بنه‌ما ته‌قلیدى و كۆنه‌كان نه‌ماوه‌و خزمه‌تیش به‌ هاووڵاتى و تاك ناكات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.