گەورەترین شاڵاو و پیلانگێڕییە شکستخواردووەکانى پارتى و یەکێتى بۆ سەر بزووتنەوەى گۆڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 323 جار بینراوە

هێمن شیخانی _ ڕزگار عەلى

(باوەڕ ناکەم هیچ بزووتنەوەیەکى مەدەنى هەبێت لەم ناوچەیە ئەوەندەى بزووتنەوەى گۆڕان ڕووبەڕووى پیلانگێڕى و هێرش و شاڵاوى لەناوبردن بووبێتەوە، هەر لەگەڵ دروستبوونى ئەم بزووتنەوەیە بە مەترسى هەرە گەورە دەبینرێت و هەوڵى لەناوبردنى دەدرێت، هەڵبەت ئەمەش بی هۆکار نییە؟ ئایا ترس و ئەو فۆبیا گەورەیە چییە لە بزووتنەوەى گۆڕان؟
ئایا موئامەرەکان و شاڵاوى لەناوبردنى گۆڕان و گۆڕانخوازان چیبوون؟)

لە مێژووى ئەم ناوچەیەدا و کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا چونکە هەردەم تایبەتمەندى (خێڵەکى، گێلی، کۆیلایەتى، عەشرەت و ئاغا)بەسەریاندا زاڵە بۆیە هەردەم نەتوانراوە سیاسەت بەو مانایەی لەپێناو بەرژەوەندى گشتیدا بێت، یان نەتوانراوە سیاسەت پەیوەندییەک و پەیمانییەک بێت لە نێوان (حاکم و مەحکوم)، هەر ئەمەش وادەکات لەماوەى سەدان ساڵدا ئەم ناوچەیە جگە لە کوشتار و خوێڕشتن و تەسفییە حساباتى خێڵ و بەرژوەندى بنەماڵە هیچى دیکەى لێ سەوز نەبێت، بەمەش تەنیا شتێک لە کاردا بووە ئەوەیش ئەوەبوو بەهێزبە، توندوتیژبە، ببە گورگ بۆ براکەى خۆت و پێستی لە لاشە بکەوە و بیکوژە. ئەم بنەمایە زۆر بەخراپى دڕندەیی زیاتر هاتە نێو حوکمڕانانى خێزانە سوڵتەوییەکەى پارتى و یەکێتىیەوە. ٢٧ ساڵ بەو دەردەوە دەناڵێنین، پێش ٢٧ساڵیش باوک و باپیرانمان سەدان ساڵ هەر بەو دەردەو بەو کەلتورەى پارتى یەکێتییەوە دەیانناڵاند و سەریان نایەوە.
لە ساڵى ٢٠٠٩ موداخەلەیەکى میژوویی ڕوویدا، ئەوەش دروستبوونى بزووتنەوەى گۆڕان بوو، ئەم موداخەلەیە لەگەڵ ئەوەى تواناى گەورەى هێز و تەحەکومى هێزی هەبوو، بەڵام دوور لە هێز و شاڵاوى لەناوبردن و توندوتیژى دامەزرا، بنەماى مەدەنى و ئاشتى و ئەخلاقى سیاسى بە بنەما وەرگرت. بزووتنەوەى گۆڕان چونکە هێزی عەسکەرى نەبوو تا بدۆڕێت، بەمەش سەرلێشێواوییەکى یەکجار گەورەى بۆ سەرانى پارتى و یەکێتى دروست کرد، ئاخر گەر هێزێک بەس شەڕ و کوشتار بزانێت و تۆش شەڕى لەگەڵ نەکەیت و کوشتار ڕەتبکەیتەوە، ئەوا گەورەترین نشوستى و شکستى ڕووبەڕوو دەکەیتەوە. گۆڕان پێچەوانەى هێزەکانى پارتى و یەکێتى و خوێنڕێژە دیکتاتۆرەکانى وڵاتانى عەرەبى بنەماى گەل و حوکمڕانى گەل و ئاشتى و مەدەنیبوونى کردە شیعار و گوفتارى خۆى، ئەم بنەمایە نەک حوکمڕانێکى تەندروست دەهێنیتە کایەوە، بەڵکو میلەتێکى دیموکراس و نوێگەرت بۆ دروست دەکات، بەڵام ئەم موداخەلەیە نەک قبوڵ نەکرا بەڵکو ڕووبەڕووى تەحدا و تەسفییە و موئامەرەى یەکجار گەوەرە بوویەوە لە لایەن خوێنڕێژ و ئاغا و سوڵتانە و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان هەرێم.
لێرەدا تەنیا پێنچ گەورەترین تەسفییە و پیلانگیڕى ناوخۆ و نیودەوڵەتى و ئیقلیمییەکانى سەر بزووتنەوەى گۆڕان ڕووندەکەینەوە:
١. لەگەڵ دروستبوونى گۆڕان ئەوەى بۆنى بزووتنەوەى گۆڕانى لێ دەکرا نانبڕاو کراو قوتى ژیانى لێ سەنرایەوە، بە پێی ئامارەکانى لە ساڵى ٢٠٠٩ نزیکەى ٥٠٠ خێزان بەهۆى گۆڕانەوە نانبڕاو کرا. دواى ئەم ڕووداوە ٧/٣/٢٠١٠ دیسان هەمان ئەزموونى تەسفییە لایەنگرانى گۆڕانى گرتەوە و نزیکە ٢٠٠٠ ئەندام و لایەنگری کە بەشێکى زۆریان لە پێشمەرگە و هێزەکانى ناوخۆ بوون نانبڕاوکران و بەشێکى زۆریشیان لە وەزیفەکانى خۆیان گواسترانەوە بۆ شوێنە دوورەکان، ئەمەش بۆ ئەوەبوو لە ڕێگەى بڕینى نانەوە ڕێگە لە هێنانەکایەوەى ئازادى و ئافراندنى مێژوویەکى نوێ بگرن کە گۆڕان پیشەوایەتى دەکرد.
٢. یەکێکی دیکە لەو تەسفییە گەورانەى بزووتنەوەکە لەدواى حەڤدەى شوبات بوو، کە تەواوى بارەگا و ئەو شوێنانەى کە لە ژیر دەسەڵاتى پارتى بوون سوتێنران. هەر دواى ئەم ڕووداوەش تەواوى بەڵتەچییەکانى خێڵ و هەردوو بنەماڵەى دەسەڵاتدار کەوتنە ئینزارەوە، بەمەش هێزەکانى هەموو ناوچەکانى کوردستان جوڵێنران بۆ سەر گردەکە، هەموو لایەکانى گردى زەرگەتە بە دەبابە و ناقیلە و هەموو چەکێکى قورس و سوک دەور درا، لەو کاتەدا ئامانج ئەوەبوو گۆڕان بکەوێتە نێو هەمان گەمى ئەوانەوە، بنەماى (چەک و خوێنڕشتن و کوشتنى برا) بە بنەما وەرگرێت، بەڵام گۆڕان و ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) تەنانەت لە بۆ (دیفاع نفس)یش دەستیان بۆ چەک نەبرد، لە کاتێکدا ڕەوانشاد دەیتوانى بە( پێ جوڵاندنێک) هەزاران چەکدار بە گژ پارتى و یەکێتیدا بکاتەوە، بەڵام گۆڕان بنەماى هێزى ڕەتکردەوە، تائکیدى لەسەر بەرەى گەل و سەر بە گەل کردەوە، بەسەرهاتێکى بەناوبانگ هەیە، دەیانگوت: چونکە گۆڕان لەبەرەى خەڵکە، ئەگەر بڕیاربایە ئەمر بە تەقاندنى گولە دەبابە و ناقیلەکان بکرایە، ئەوا سایەق دەبابە و تاقیلەکان ئاڕاستەى لولەکانیا بۆ سەر مەڵبەند و لق و مەکتەبە سیاسییەکانى هەردوو حزب دەگۆڕى، ئەمەیە بەرەى گەل و لەناو گەل و بۆ گەل.
٣.بە پێی ئامارەکانى دەزگا موخابەرەتەکان لە هەموو بڕیارە سیاسییە گرنگەکان و هەڵبژاردنەکان (تورکیا و ئێران) پاڵپشتى بەکرێگیراوەکانى خۆیان بوونە کە (پارتى و یەکێتی)ین بۆ ئەوەى لاواز نەبن، دەبێت بزانرێت گۆڕان هەر بەرەنگارى بڕیارە حزبی و خێڵەکى و هەردوو بنەماڵەى دەسەڵات نەبوویەوە، هەر تەنیا ئۆپۆزسیونى ئەوانیش نەبوو، بەڵکو لە پاڵ ئەمانەدا ستراتیژێکى نیشتیمانى هەبوو، بۆیە لە پاڵ پارتى و یەکێتى دەبایە ڕووبەڕووى دۆخێکى بەکرێگیراوەیی و جاشایەتى بێتەوە بۆ دەوڵەتانى وەکو ئێران و تورکیا، بەمەش هەم تورکیا بەستراتیژ دۆخى بەکرێگیراوەى خۆى کە پارتییە گەیاندە بەرزترین ئاست تا ڕووبەڕووى گۆڕان بێتەوە، هەم ئێران، بۆ نمونە/ بە پێی قسەکانى د.بەرهەم سالح (ئەو کات جێگرى سکرتێرى یەکیتی بوو)، لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پاریزگاکان ئێرانییەکان سەدا (چلى)دەنگى گۆڕانیان کەمکردەوە و خستیانە سەر دەنگەکانى یەکێتى. بۆیە دەبێت بزانین گۆڕان ئۆپۆزسیونى تەنیا پارتى یەکێتى نەبوو، بەڵکو ئۆپۆزسیون و بەرەنگارى دەوڵەتە زلهێزە ئیقلیمییەکانى ناوچەکەش بووەتەوە، بۆ ئەوەى بۆ یەکەم جار لە مێژوودا دۆخى خۆفرۆشى جاشایەتى لە کورد دووربخاتەوە.
٤. یەکێکى دیکە لەو تەسفییە و موئامەرە گەورانەى پارتى ئەوەبوو، کە هەر نەبێت گۆڕان تەسلیمى ئیرادەى خۆى نابێت، بە تاکتیک بیخاتە نێو خزمەتى خۆیەوە، یەکێک لەو تاکتیکانە دروستبوونى حوکومەتى بنکەفراوان بوو، پارتى دەیویست هەم گۆڕان وەکو خۆى بخاتە نێو خراپەکارییە شەیتانییەکانى خۆیەوە و گەندەڵى بکات، هەم داواکانى و پیلانى سەرۆکی (هەتاهەتایی) بەناوى هاوپەیمانییەوە بۆ بچێتە سەر، ئەمریکا یەکێک بوو لەو زلهێزانە کە بەهۆی شەڕى داعشەوە پشتگیرى بارزانى دەکرد، گۆڕان پێ ی وابوو ئەم پیاوە بێ لەوەى ماوەکەى تەواوبووە، هۆکارى ناسەقامگیرى ناوچەکەشە، بۆیە نەچووە ژێر بارى هیچ بڕیارێکی جێبەجیکردنى پڕۆژەى سەرۆکی شکستخواردووى هەتاهەتایی، بەمەش تەواوى وەزارەتەکانى لێ سەنرایەوە و پەرلەمانیان پەکخست، گۆڕان شەڕى ئیرادەی گەلە، بۆیە وەکو دەبینین دەکرێت لەحزەیەک، فەترەیەکى کەم بە هەژموونى عەسکەرتارییەت و خزمەتکارى دەوڵەتان پلانەکانت بچێتە سەر، بەڵام دواجار هیچ شتێک لەبەردەم ئیرادەى گەل خۆى ڕاناگرێت، نمونە/ فەرموون لەو کاتەدا بە هەژموونى هێز د.یوسف سەرۆکى پەرلەمان دەرکرا، پیلانى سەرۆکى هەتاهەتایی بە هاوکارى کۆمەڵێک هێزى بچوکى وەکو یەکیتى و یەکگرتوو چووە سەر، بەڵام تەماشاکەن! چونکە ئیرادەى گەل شکست ناهێنێ ئێستا د.یوسف سەرۆکى گەورەترین قەوارەیە لە سلێمانى، چەند ڕۆژێکى دیکە دەبێتەوە کارئەکتەرێکى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى، سەرۆکى هەتاهەتایش لەناو زبڵدانى میژووە. بەمەش گۆڕان نەک ڕووبەڕووى پارتى و یەکێتى بوویەوە توانى ڕووبەڕووى ئەمریکاش بێتەوە و بۆی بسەلمێنێت کە ئەم کارئەکتەرە چەندە ترسناکە بۆ ئەم ناوچەیە.

٥. دواى شکستی شاڵاو و موئامەرە گەورەکانى پارتى و یەکێتى بۆ تەسفییەى ئیرادەى گەل لەسەر دەستى گۆڕان، دواى ئەوەی خەریکە خۆری حوکمڕانییان بەرەو ئاوابوون دەڕوات، دواى ئەوەى گۆڕان(درۆ و دراویشی) لە بن دەست دەرهێنان، هێزە فاشییەکەى پارتى دەستى بۆ گەورەترین و ترسناکترین پلان برد، ئەویش بڕیاردەرکردنى (گرتنى)نەوشیروان مستەفا ڕێخەرى گشتى و پلاندانەرى ئافراندنى میژوویەکى نوێ بۆ ئەم ناوچەیە دەرکرد، ئەم پیلانە هاوشێوەى ئەو پیلان بوو کە لەساڵى هەشتاکان تاڵەبانى و بارزانى لەسەر ئۆجەلان و پەکەکە کردیان، ئەو کات ئەم دوو زاتە ( ڕەئی عامى) ڕۆژئاوایان بەلاڕێدا بردو پەکەکەیان خستە لیستى تیرۆرەوە. ئەم پیلانەش ئەوەبوو دەیانوویست لە ڕێگەی قەباحەت و چەواشەکارى و درۆوە بەناوى (قونسڵ کوژ) گۆڕان و ڕێخەرەکەى بخەنە ناو هەمان لیستى تیرۆرى ناوخۆ و دەرەکییەوە، بەڵام ئەم دوو پارتە لەوە نەزانتربوون بیانزانیایە بارودۆخەکە هەمان بارودۆخ نییە، چونکە ئەو کاتەى شیعارى قونسڵکوژیان بەرز دەکردەوە، ڕۆژانە هەموو قونسڵ و باڵویزەکان لە هاتووچۆى گردەکە بوون.
وەکو دەیبینین لە پاڵ شکستهێنانى هەموو ئەو شاڵاوى لەناوبردنە چونکە گۆڕان هەڵقوڵاوى ناو گەلە نەک هەر لەناو نەبرا، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و بەهێزتر دەبێت، بەڵام دەبێت بزانین و هۆشیاربین تا ئێستاش پیلان و شاڵاو و تاکتیکى جیاوازی دیکە لە پاڵ ئەو هەموو شاڵاوانەى پێشتر لە ڕێگەیە، وەک دروستبوونى نوسخەى تەزویرى وەکو گۆڕان بۆ لەناوبردنى گۆڕان، وەکو نائومێدکرنى خەڵک لە دەنگدان.
ئەمانە و سەدان تۆڕی گەورەى دیکە ئیش دەکەن بۆ ئەوەى ئەم ئیرادەیە لەق بێت، بەڵام گۆڕان ڕۆژ بە رۆژ ئیرادەکەى بەهێزتر دەبێت، لە هەمانکاتدا دەبێت خەڵکى کوردستان بزانێت بزووتنەوەى گۆڕان یارییەکەى دەیان ساڵەى حوکمڕانە شکستخواردووەکانى پارتى و یەکێتى گەیاندووەتە کۆتایی، تەنیا ئەوە ماوە خەڵک بە ئاسانترین و نەرمترین شێوە کە ئەویش (دەنگدانە بە بزووتنەوەى گۆڕان) ئەو سەرکردە ملهوڕانە، سیاسییە فاشیلانە و نوسخە تەزویرەکانیان بەیەکجاری بخەنە زبڵدانى میژوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.