سمیع سابر
لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەگشتی ھەست بە دیاردەیەکی کاریگەر و زۆر زەق دەکەیت ئەویش ڕۆڵی (خێڵ و عەشیرەت)ەکانن لەسەر ئەم پڕۆسە مەدەنیە شارستانیەیە، کە دونیایی مۆدێرنی ئەمڕۆ پێی دەناسرێتەوە و شوناسی خۆی پێناسە دەکات، ئاشکرایە دیموکراسی و بەنەماکانی بنەمایی ھەر کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و شارستانی ئەمڕۆیی دونیان، وە یەکێک لە بنەما گرینگەکانی دیموکراسی ھەڵبژاردنە، کە بەلایی ھەندێک لە زانایانی زانستی سیاسی ھەڵبژاردن کۆڵەگەی سەرەکی دیموکراسیە وە بەشێک لە زانایانی سیاسەت دەڵێن لە ھەر ووڵاتێک زیاتر لە چوار جار ھەڵبژاردنی تیا ئەنجام بدرێت ئەوە بەشێکی زۆری لە دیموکراسی لەم ووڵاتە ھەیە.
کاتێک ھەڵبژاردن بنەمایی کۆمەڵگایی مۆدێرن بێت وە ئامانجی ھەڵبژاردن گواستنەوەی کۆمەڵگا بێت لە تەقلیدیەوە بۆ مۆدێرن و مەدەنی بوونی کۆمەڵگا، بەڵام وەک ئەوەی کە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەروەھا بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان نیشانمان دەدات پێچەوانەی ئەم ئامانجە باڵایەی دیموکراسی و ھەڵبژاردنە، چونکە ڕۆڵ و کاریگەری خێڵ و عەشیرەت وەک دوو بنەمایی سەرەکی کۆمەڵگایی تەقلیدی یەکجار بەرزە، تەنانەت کاریگەریەکەی ئەوەندە بەھێزە توانایی یەکلایی کردنەوەی چەندین کورسی پەرلەمانی ھەیە، تا ئەو ئاستەی کە بڕیاری ئەوە بدات کێ دەبێتە ئەو ھێزەی بڕیاری سیاسی بدات و زۆینەی کورسیەکان بەدەست بێنێت.
لێرەدا ڕۆڵی خێڵ و عەشیرەت ئاستی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنەکان لە چەند ئاستێک دەخەینە روو.
یەکەم: ئاستی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ: لەم ئاستەدا نەوەکانی خێڵ و عەشیرەتەکان راستەوخۆ بەشدارن لە ھەڵبژاردنەکان، بۆ نموونە کاندید بوونی کەسێک لەھەر عەشیرەتێک، بەمانایەکی تر ھەر عەشیرەتێک کاندیدێکی ھەیە لە عەشیرەتەکە خۆی، ھەمووشیان مولزەمن کە دەنگیان بۆ ئەم کاندیدە بێت، بەبێ ئاوڕدانەوە لە توانا و بەرنامەی کاری کاندید، لە نێو ئەم عەشیرەتەدا واسەیری ئەم کاندیدە دەکرێت کە ھەڵگری پێگە و سومعەی عەشیرەتەکە بێت، شکستی ئەو یەکسانە بە شکستی عەشیرەتەکە.
دووەم: ئاستی بەشداریکردنی ناڕاستەوخۆ: لەم ئاستەدا زیاتر ئەم خێڵ و عەشیرەتانە لە خۆ دەگرێت کە خاوەن پێگەیەکی ئەوتۆ نین کە ببن بەخاوەنی کاندیدی ڕاستەوخۆیی خۆیان، واتە کاندید لە خودی عەشیرەتەکەی خۆیان دابێت، بەڵکو کاریگەریەکەیان ئەوەند دەبێت کە لەبەرانبەر چەند دەستکەوتێکی ماددی یان پڕۆژەی خزمەتگوزاری ھێزە سیاسیەکان بەتایبەتی ھێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان ھەوڵی ڕاکێشانی دەنگی ئەم عەشیرەتە دەدەن.
سێیەم: لکاندنی ناوی عەشیرەت لەلایان کاندیدەکانەوە: ئەم ئاستەی بەشداریکردن ھەموو ھێزە سیاسیەکان و کاندیدەکانیان بەکاری دێنن بۆ کەسبی دەنگی دەنگدەران، بەجۆرێک کاندید ھەیە کە پلەی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە یان دکتۆرایی ھەیە جا لەھەر بواریک بێت، بەڵام لە کۆتایی ناوەکەی ناوی عەشیرەتەکەی دەلکێنێت بەناوەکەیەوە، ئاشکرایە ئەوش مانایی قوڵی گەڕانەوەی کۆمەڵگایی کوردیە بۆ دواوە، چونکە کاندیدێک ئەم بڕوانامە بەرزەی ھەبێت، بەڵام ھێشتا ھەست بەوە دەکات کە ھێزی ناوی عەشیرەتەکەی بەھێزترە لە بڕوانامەکەی و ھەروەھا ھەست دەکات عەشیرەتەکەی دەتوانێت زیاتر بەھانایی بێت بۆ دەرچون لەم پڕۆسەیەو بگات بە پەڕلەمان کە شوێنێکە دەناسرێت بە شوناسی مەدەنیەت و مۆدێرن.
ھۆکارەکانی بەھێزی خێڵ و عەشیرەت چین لەسەر ھەڵبژاردن؟
یەکەم: بە مەدەنی نەبوونی کۆمەڵگا: مەدەنی بوون واتە گۆڕان لە ئینتیمایی ستونی بۆ ئینتیمایی ئاسۆیی، بەمانایەکی تر چۆن سیستەمی سیاسی وابکات تاک ئینتیمایی بگۆرێت لە خێڵ و عەشیرەتەوە بۆ دەوڵەت و نیشتیمان و بەھاکانی، ئاشکرایە ئێمە نەمانتوانیوە ئەم وەرچەرخانە لە ھزری تاک بکەین وەک حوکومەت.
دووەم: ئاسانی ڕاکێشانی دەنگی خێڵ و عەشیرەت: گومان لەوەدانیە کە ڕاکێشانی دەنگی کەسێک کە خاوەنی باکگڕاوندێکی باشی مەعریفیە زۆر قورسترە لەوەی کە دەنگی کەسێک ڕبکێشیت کە ھیچ مەعریفەیەکی سیاسی نیە، ئەم بەراوردەش بۆ کۆمەلِگا دروستە کۆمەڵگایەک نەزانێت گرینگی دەنگدان چیە زۆر بەئاسانی دەتوانریت دەنگەکەیی ببەدەست بێنیت بە بەراورد بەو کۆمەڵگایەیی کە ئاگادارەو لەسەر پێی خۆیەتی لەبەرنبەر مافە سیاسیەکانی.
سێیەم: دەنگی خێڵ و عەشیرەت دەنگێکی مسۆگەرە و ناگۆرێت: ئەم جۆرە لە دەنگە ناگۆرێت واتە دەنگدان بۆتە (عەقیدەیەکی نەگۆر) لادان لێیی وەک گوناە تەماشا دەکرێت، وە ئەم دەنگە لەلایان ھێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان زۆر گرینگی پێدەدریت، چونکە بەکاری دێنن لەبەرانبەر ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان.
دەرئەنجام:
بەھێزی و کاریگەری خێڵ و عەشیرەت بەمانایی شکستی سیستەمی سیاسییە لە پڕۆسەیی بەمەدەنی کردنی کۆمەڵگا و تاکەکانی ھەروەھا شکستی سیستەمی سیاسییە لە دەربازکردنی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکی کلاسیکی بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، ھەروەھا بەھێز بوونی خێڵ و عەشیرەت لە پڕۆسەیەکی مۆدێرنی مەدەنی بەمانایی ئەوە دێت کەئەم پڕۆسەیە دەکەوێتە ژێر پرسیاری ئەوەی ئایا دەتوانێت گۆڕانکاری تیا ئەنجام بدریت؟ بێگەمان ئەستەمە، ھەروەھا دەبێتە ھۆکاری بەھێزی حیزبە دەسەڵاـدار و کلاسیکیەکان، سەڕەڕایی ئەوەش عێراق و کوردستان لە چەقبەستویی سیاسی دەھێڵێتەوە.