جارێکیتر بانگخوازی دەنگخواز قسەی کردەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 497 جار بینراوە

ئاری غازی

لە دیمانەیەك لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنە، حاجی کاروان جارێکیتر دەست بە چەواشەکاری دەکاتەوە بەرامبەر هاوپەیمانی و شەکر لە زاری تاڵی دەشکێنێت. دیارە هێندە مەستی دەنگهێنان بووە، سەرزەنشتی کادیران و ئۆرگانەکانی یەکگرتوو و ڕەخنەکان لە گروپەکانیان، بە گلەیی و ناڕازی بوونی ئەمیندارەکەشییەوە لەدوای بەرنامەکەی لە ڕووداو هەروا بە ئاسانی لەبیرچۆتەوە. ئەرێ تۆ بڵێی حاجی هێندە لە سیاسەتدا کاڵفام بێت و نەزانێت گەر بەرنامە و مەنهەجی فکری هێزێك بناسیت دەبێت لە پەیڕەو پڕۆگرامی ئەو هێزە بەدوایدا بگەڕێیت٬ نەك ووتی ووتی ئەم و ئەو! من لێرەدا بە دەنگدەرانی حاجی کاروان و یەکگرتوو دەڵێم، کەسێك هێندە نمەك حەرام و بێ وەفا بێت لەگەڵ هاوڕێ و دۆست و کەسە نزیکەکانی خۆی، کە چەندین ساڵ بە برا ناویان بەرێت کەچی تەنها لەبەرئەوەی لە حزبەکەی ئەو نەماون، بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکی شەرعی و لۆژیکی بە حوکمی موتڵەق بە دژی ئیسلام لە قەڵەمیان بدات، ئەرێ تۆی دەنگدەری ئەو تەنها لە دوورەوە دەیناسی چ متمانەیەکت هەیە سبەی ڕۆژێ کە لەگەڵیدا نەبیت بە کافر و دژە ئیسلام تۆش وەسف نەکات؟ کاتێك لە بارەگای ئۆفیسی سەرەکی هاوپەیمانی لە هەولێر، دەیان گەنجی خوێنگەرم دەبینم بەدوای نەعلی دەستنوێژ دەگەڕێن و گلەییان دەبیستم لەسەر ئەوەی یەکێکیان بەڕماڵی نوێژی بردووە و نەیهێناوەتەوە شوێنی خۆی٬ هەزار تف و نەفرەت لەو درۆ شاخدار و چەواشەکارییە بێ ئینسافییە دەکەم کە کەسێك بۆ سواڵی دوو دەنگ بێت و هێزی ئەو گەنجە دڵسۆز و دەست بە دەستنوێژانە بە دژی ئیسلام وەسف بکات، کە ئەمەش وەك فتوای کافربوونیانە بە زمانی میانڕەوی سەرۆکی لیستی ئیسلامخوازان.

حاجی کاروان لەوانەیە ڕاست بکات کە یەکگرتوویەك وازی لە حزبەکەی هێنابێت یان ئێستا لە لایەنێکیتر کاری سیاسی بکات هێندە خەڵکی قاعیدەی یەکگرتوو لەگەڵ خۆیدا نەبات، بە هێندەی ئەوەی لێدوانە سەقەت و ناسیاسی و نائیسلامی و بێ ویژدانییەکانی خۆی بە زیان بۆ یەکگرتوو دەشکێتەوە و جەماوەر و دەنگدەری لێ هەڵدەوەرێنێت.

حاجی کاروان بۆتە مەلا بەختیاری یەکگرتوو، دەبێت زوو زوو چاوەرێی قسەیەکی ئەو بین بۆ ئەوەی کۆمەڵێك خەڵکی خاوەن هۆش و دەنگدەری ژیرمەند بێز لە قسەکانی بکەنەوە و تەنانەت شەرم بکەن خۆیان بە بەشێك لە حزبەکەی بزانن، نەك دەنگیشی پێ بدەن. کاتێك کەسێك دێت و لەژێر پەردەی ئاییندا نمایشی دینداری دەکا و خۆی دەکا بە نوێنەری خودا و بە شمشێری مەعنەوی کە هەمیشە لە زهنیاندایە بۆ دوورینەوەی بەرهەمی جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵك بە ئیستغلاکردنی پێگەی خۆیان و دورینی تەفسیری دەقە ئایینییەکان بە باڵای مەرامەکانی خۆیان، ئەوە دڵنیابە ڕۆژێك دێت چەرمی ڕوویان دادەتەکێ و چەواشەکاری بەناوی دینداری تا سەر بۆیان ناچێتەسەر. ئەو کەسانەی دوای چەندین ساڵ لە نمایشی ئایینی و دینداری و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگە لەپاڵ خزمەتی هەژاران و مناڵانی نازدار، بە هەمان قات و ریباتی مۆدێلی ئەم سەردەمەی بانگخوازی، دێن خۆیان لە قەرەی کاری سیاسی دەدەن و سواڵی دەنگ دەکەن بە پاشخانی دینداری و زمانی بانگخواز وەك نوێنەری خودا، ئەوە ڕوونە داهاتووی ئەو جۆرە کەسانە هەر وەك عەمرو خالدی میسری دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.