ده‌ست وه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌سنوره‌وه‌ تا صندوق

لەلایەن ستاندار Posted on 357 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر

به‌رله‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه‌م ئه‌م وته‌یه‌ی ستالین به‌بیرهه‌موان دێنمه‌وه‌ كه‌زۆر جوان له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێ :گرنگ نیه‌ كێ ده‌نگ ده‌دا ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كێ ده‌یژمێرێ؟ له‌ڕاستی دا ئه‌زمونی ڕابردووی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌باشوری كوردستان به‌وه‌ی 5/12 یشه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونی ووته‌كه‌ی ستالین ده‌سه‌لمێنێ ، هه‌ر بۆیه‌ نه‌زیهی و خاوێنی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خاوێن ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ڕێكاره‌كانی كۆمسیۆن وئامێره‌كانی ده‌نگدان ، ئه‌گه‌ر وابڕوات له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ووڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت هه‌رێم ده‌بێ هه‌موان بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌رده‌می هه‌ڵدانی باز چونكه‌ ته‌نها ئه‌و ڕێگه‌یه‌ شه‌فافیه‌تێكی ته‌واوی هه‌یه‌ ، به‌مه‌رجێك ئه‌گه‌ر بازه‌كه‌ش به‌رمه‌جه‌ نه‌كه‌ن . له‌ئه‌نجامی بێ سه‌روبه‌ری و كه‌متوانایی ساسیه‌توانانی كورد و نه‌بونی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كه‌مان ، به‌رده‌وام میلله‌تی كورد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ست وه‌ردانی ووڵاتان بوه‌ به‌تایبه‌ت ووڵاتانی دراوسێ. ئه‌وه‌ی پێویسته‌ لێی تێبگه‌ین ئه‌وه‌یه‌ ، ئێستا باجی ئه‌و ڕۆژانه‌ ده‌ده‌ین كه‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی هه‌رلایه‌نه‌و به‌جۆرێ هه‌رێمی كوردستانی كرد به‌مه‌یدانی ته‌راتێنی ووڵاتان له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ ئێران وتوركیا ، چاوێكی خێرا به‌مێژوودا بگێڕنه‌وه‌ بۆتان ڕوونده‌بێته‌وه‌ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و پڕۆسه‌كانی ئه‌نفال هه‌ر له‌ئه‌نجامی ده‌ست وه‌ردان بوه‌ كه‌به‌شێكی ده‌كه‌وێته‌وه‌ ئه‌ستۆی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی باشوری كوردستان . به‌ڵێ كورد له‌ساڵی نه‌وه‌د و دووه‌ وه‌ حكومڕانی خۆماڵی ده‌بات به‌ڕێوه‌ ، به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێك له‌دایك ده‌بێ ، تاچه‌نده‌ له‌ئاست ووڵاتانی دراوسێ حكومه‌تی كوردی سیاده‌ی خۆی هه‌بوه‌ ؟ عه‌قڵیه‌تی بچوكی هێزه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد له‌هه‌رێم له‌ئاست به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان وای كردوه‌ هه‌ر ڕۆژه‌و یه‌كێكیان بۆ مه‌به‌ستێك ده‌ست بۆ بێگانه‌درێژ بكات و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر حزبه‌ هاوزمانه‌كه‌ی بكات به‌ئاهه‌نگ ، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌شوێنه‌واری خراپی هێنانه‌ژووره‌وه‌ی هێزی بیگانه‌ بكه‌نه‌وه‌ ، له‌كاتێكدا خۆیان باش ده‌زانن هیچ ووڵاتێك بێ به‌رامبه‌ر و بیركردنه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی ، هێز ناجولێنێ. بێ ده‌نگیه‌كه‌ی دوێنێی بۆردومانی سنوره‌كانی هه‌رێم بوو به‌ (السكوت علامة الرضا) واته‌ ڕه‌زامه‌ندی نواندن له‌سه‌ر به‌شودانی هه‌رێم ، هه‌روه‌ك ماره‌بڕیه‌كه‌ی كه‌وته‌ ڕۆژی 12/5/2018 له‌ته‌ك صندوقه‌كانی ده‌نگدانی هاووڵاتیان ئاهه‌نگی شه‌كراوخواردنه‌وه‌كه‌ سازكرا . له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ی دركی پێده‌كرێ ئه‌وه‌یه‌ ، چ ئه‌وانه‌ی براوه‌ی زۆرترین كورسین و چ ئه‌وانه‌ی به‌هۆی یاری كردن به‌ئه‌نجامه‌كان كورسیان كه‌م هێناوه‌ ، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ دۆڕاوین له‌ئاست سیاده‌ و حكومڕانیه‌كی ره‌شید ، ده‌بێ دڵنیابین سیاسه‌ت و حكومڕانی مان له‌باشوری كوردستان مایه‌ی گاڵته‌جاڕی ووڵاتانی دراوسێ وجیهانه‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.