هیوا حەسەن عەلی
دوای ئەوەی چوار لایەنی سیاسی سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردنیان رەتکردەوەو بە پرۆسەیەکی ساختەکاری و گاڵتەجاری ناوزەندیان کرد، بەنیازیشن بایکۆتی سەرجەم پرۆسەی سیاسی بکەن لەعێڕاق وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو غەدرەی لێیان کراوە .
لێرەوە پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا جگە لەو ساختەکاریەی کە لەپرۆسەی هەڵبژاردن کراوە، هێشتا بەشێک لەخەڵکی کوردستان هەر متمانەو دەنگی بەو دوو حزبە نەداوە؟ بێگومان بەڵێ.
واتا هێشتا خەڵکانێک هەیە بڕواو متمانەی بەم دەسەڵاتە ماوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە خەڵکی کوردستان لەماوەی بیست و حەوت ساڵی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتەدا توشی دەیان قەیران و نەهامەتی و شکستی سیاسی و ئابوری بونەتەوە .
لەدەرەنجامی ئەو تێگەیشتنەمدا روئەکەمە هەموو ئەو هێزو لایانە سیاسیانەی کە ئێستا بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنیان دامەزراندووە کە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو نەک هەر لەعێڕاق داواکارم بایکۆتی سەرجەم پرۆسەی سیاسی بکەن بەهەرێمی کوردستانیشەوە و نەڕۆنە گەمەی هیچ هەڵبژاردنێکەوە کە لەهەرێم و عێڕاقدا ئەنجام ئەدرێت و تەواوی پرۆسەی حوکمڕانی لەهەرێم بدەنەوە دەست جووت حزبەکەو تەواوی کاری سیاسیان بە ئۆپۆزسیۆن بونیشەوە هەڵپەسێرن و بەشداری هیچ جوڵەیەکی سیاسی نەکەن و خۆیان بخەنە حاڵەتی مت بوونەوە وەلێگەڕێن با دەسەڵات بەئارەزوی خۆیان حوکمڕانی کوردستان بکەن، چونکە وادیارە خەڵک شایستەی ئەو جۆرە لەحوکمڕانیە بێت.
ڕەنگە ئێستا خوێنەری بەڕێز بپرسێت ئەمە چی سیاسەتێک و چی مەنتقێکە حزبی سیاسی بەشداری لەپرۆسەی سیاسی وئۆپۆزسیۆن بونیش نەکات؟ .
من ئەڵێم مادام هێشتا خەڵکانێک هەبن پشتگیری لەم دەسەڵاتە بکات، لێگەڕێن بالەژێر دەسەڵاتی ئەم جوت حزبەوە خەڵکی زیاتر برسی بێت و قەیرانەکان قوڵتربێتەوە،لێگەڕێن با لەماوەی داهاتوودا نەکه هەر پاشەکەوت بەڵکو مووچە بەتەواوەتی نەمێنێ، لێگەڕێن نەک هەر سامانی کوردستان بدزن با هەرچی موڵکو ماڵی هاووڵاتیانیش هەیە هەمووی دابەش بکەنە سەر ئەندامانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار،لێگەڕێن جگە لەدەستدانی نیوەی کوردستان با هەموو ناوچەکانی کوردستان بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی (العراق العظیم)،لێگەڕێن با ئاڵای کوردستان نەک هەر لەکەرکوک با لەسەر بینای پەرلەمانی کوردستانیش هەڵگرن و لەمەراسیمێکدا بەڕێز مالکی بەتەنها ئاڵای عێڕاق بەرزبکاتەوە، لێگەڕێن با بەڕێز حنان فتلاوی ببێتە وەزیری (الثقافە) و تەشریف بهێنێت بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان و داوا لە ڕۆشنبیرانی سلێمانی بکات چیتر بۆیان نیە باسی ئازادی و میدیای ئازادبکەن، لێگەڕێن با بەڕێز هادی عامری وەزیری بەرگری عێڕاق بێتە(الشمال حبیب)ەو ناوی پێشمەرگە بگۆڕێ بە حشدی کوردی.
ئێستا وەڵامی پرسیاری پێشوتان ئەدەمەوە ،ئاخر میللەتێک بەشێکیان ئەوەندە خۆش باوەڕو ساویلکەبێت و بەشێکی دیکەیان ئەوەندە نەزان و کۆیلە بێت ،بە هەموو ئەوکارەساتانەی لەماوەی ڕابردوودا لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا بەسەریان هاتبێ و ئەمان هەر متمانەیان پێ بدەنەوە شایستەی ئەوەن کە حزبی سیاسی هەوڵی گۆڕینی ژیانێکی باشتریان بۆ بدات.
لەکۆتاییدا ئەڵێم حزبی سیاسی چی هیوایەکی بە سیاسەتکردن و هەوڵی گۆڕینی ژیانی خەڵکی هەیە لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خەڵک هەر متمانە بەو دەسەڵاتە بداتەوە،هەر بۆیە ووڵات هەتا بەرەو کاولبونی یەکجاری نەڕوات و هەتا خەڵکی نغرۆنەبن لە قەیران و نەهامەتی بەجۆرێک توانای قسەکردنشیان نەمێنێ ، ئەوکاتەی گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە تەنها هۆکاری ئەو دۆخە چەپڵەلێدان و کۆیلەبوونیان بوو بەدەسەڵات ،دڵنیابن هیچ هیوایەک نابینم بۆ باشتربوون.