دەسەڵات و رەھەندی پاڵپشتی دەرەکی

لەلایەن ستاندار Posted on 406 جار بینراوە

محەمەد ئەحمەد

لای ھەمووان ئاشکرایە کە پارتی و یەکێتی حوکمێکی عەنتەریانە دەکەن، تەواو بێ باکن لە خەلک و ھێزە سیاسیەکانی تر ھەرچی بیانەوێت ئەنجامی دەدەن لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و مانەوە لە دەسەڵاتیان .

خەلک و لایەنە سیاسیەکانی تریش خەریکە تەواو بێ ئومێد دەبن لە گۆرینیان . نە بە یاخی بوونی مەدەنی لادەچن ، یاخی بوونی چەکداریش خراپتر لە پاشترە ، لە ھەڵبژاردنیش ھیچ ھیوا و ئەرزشێک نەماوەتەوە ئەوەتا چۆنیان بوێت تەزویر دەکەن کەسیش ھیچی پێ ناکرێ ، تەنانەت گەر حیزبەکانیتر بتوانن زیاتر لە پەنجا کورسی پەرلەمانیش بێنن ئەوا بروا ناکەم پارتی و یەکێتی دەسەڵاتیان رادەستبکەن ، بە ھەر رێگایەک بێ پارێزگاری لەمانەوە لە دەسەڵاتیان دەکەن و بۆشیان ئەچێتە سەر وەک چۆن سیسی لە مسر بۆی چووە سەر.

ئەی چارە چیە ؟ چی بکرێت باشە؟ بەمانایەکیتر حیزب و لایەنە سیاسیەکانی تر دەتوانن چی بکەن یا پێویستە چی بکەن؟

وەک چۆن مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە ، بەبێ کۆمەڵگاو ئەوانیتر ناتوانێت گەشەبکات و پارێزراوبێت و پێداویستیەکانی دابین بکات ، ھەر یەکەکی سیاسیش بوونەوەرێکی نێودەوڵەتیە بەبێ فراوانکردنی بازنەی دۆستەکانی و پاڵپشتی دەرەکی و پەیوەندیگرتن لەگەڵ جیھانی دەوروبەر و ھێزە دەرەکیەکان بە ھەمان شێوە ناتوانێت گەشەبکات و پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات.
بۆیە بەر لە ھەرشتێک دەبێ ئەوە بزانرێت کە لە کوێ دونیا سیاسەت دەکەی ؟ ئەم ناوچەیە چ تایبەتمەندیەکی ھەیە ؟ وە میکانیزمەکانی گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە و پارێزگاریکردن لێی چۆنە ؟

ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین بەگشتی ناوچەی نفوز و ملمانێی نێوان زلھێزە جیھانیەکان و ھێزە ھەرێمیەکانە لە پێناو ھەژموونی ئابووری و سیاسیان . عێراقیش بەھۆی پێکھاتە فرەییەکەی و دەوڵەمەندی لە رووی سامانی سروشتی وپێگە جیۆسیاسیەکەی بووتە جێگای چاوتێبرینی ھێزە ھەرێمی و جیھانیەکان . ھەر یەک لەو ھێزە دەرەکیانەش لە پێناو نفوز و ھەژموونی ئابووری و سیاسیان ھەوڵی بە دەسەڵاتگەیاندن و ھێشتنەوەی ئەو ھێز و حیزبانە دەدەن کە جێگای متمانەیانن و لە گوێرایەلیان دەرناچن و بەرژەوەندیەکانیان دەستەبەر دەکەن.

بەم پێیە لە وڵاتێکی وەکو عێراقدا بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ناتوانیت بگەیتە دەسەڵات یاخود پارێزگاری لە مانەوەی دەسەڵاتەکەت بکەیت گەر پەیوەندیەکی دبلۆماسی و ژێر بە ژێری بەھێزت نەبێ لەگەڵ ئەو ھێزە دەرەکیانەی کە ھەژموونیان بەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە وە دەبێت کار بۆ بەرژەوەندیەکانیان بکەیت و دژی بەرژەوەندیەکانیان نەوەستیتەوە یاخود گەر تەواو متمانە پێکراو نەبیت لە لایان گرەوی پاڵپشتی بە دەسەڵات گەیشتنت ناکەن ، چونکە ئەوان سەرکێشی ناکەن لەگۆرینی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە گەر دڵنیاییەکیان نەبێ لە ھەمبەر بوونی بەدێلێکی باشتر.

بۆیە خاڵی بەھێزی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە بوونی ئەو پەیوەندیە بەھێزە دەرەکیەیە یاخود ئەو پارێزبەندیە دەرەکیەیە کە ھەیانە کە چاو لە ھەموو پێشالکاریەکانیان دادەخەن و پاڵپشتی مانەوەیانن نەک بوونی ھێزی چەکداریان . خاڵی لاوازی لایەنە کانیتریش بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆران نەبوونی ھێزی چەکدار نیە ، گەر ھێزی چەکدار یش دروست بکەن ناتوانن دەسەڵات بەدەستبێنن بەڵکو نەبوونی متمانە و پەیوەندی دەرەکیە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ھەژموونیان بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە .

بۆ ھەر ھێزێک کە بیەوێت لێرەدا بگاتە دەسەڵات دەبێت لانی کەم پەیوەندیەکی باش و پتەوی ھەبێت لەگەڵ ھێزە عێراقیەکان و ئێران و تورکیا و ئەمریکا. گەر لەگەڵ ئەم ھێزانە پەیوەندیدار و متمانەپێکراو نەبی لە لایان مەحاڵە رێگەت بدەن بگەیتە دەسەڵات وا بە ئاسانی ، وە ھەر ھێز و کەسایەتێکیش کە لە دەسەڵات بێ گەر لە گوێرایەلی ئەم ھێزانە دەربچێت و دژی بەرژەوەندیەکانیان بوەستێتەوە تەنگ و چەلەمەوە و کێشەی بۆ دروست دەکەن تا ئاستی لە دەسەڵات خستنی .

بینیمان دوای ریفراندۆم مەسعود بارزانی چۆن باجی یاخی بوونەکەی دا لە ھەمبەر ئەم ھێزانە . وە دوای تێکچوونی پەیوەندیەکانی پارتی لەگەڵ حکومەتی عێراق و ھێزە دەرەکیەکان بەھۆی ئەنجامیدانی ریفراندۆمەوە چۆن پارتی شەو رۆژ لەسەر خەت بوو ئامادەی قبوڵکردنی ھەموو مەرجێک بوون و، وە ھەوڵیان دەدا یاخی بوونەکەیان بکەنە شەخسی نەک سیاسەتی تەواوی حیزبێک تەنھا بۆ ئەوەی پەیوەندیە حیزبیەکانیان لەگەڵ ئەم ھێزانە ئاسایی ببێتەوە ، یەکێتیش بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەئێراندا تێکنەچێی و پاڵپشتی و پارێزبەندی ئێرانیی لەسەر لانەچێت وەک ھێزێکی متمانەپێکراوی ئەو بمێنێتەوە ئەوا بێ بێکانە لە مللەت و ھێزە سیاسیەکانی تر خیانەتی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ئەنجامدا چونکە ئەوان (پارتی و یەکێتی ) باش دەزانن ھیچ ھێز و لایەنێک ناتوانێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە گەر رەزامەندی و پاڵپشتی ئەم ھێزانەیان لەگەڵدا نەبێت.

قسەیەک زۆر جار دەکرێت کە دەڵێن (پارتی و یەکێتی ئەوەندەی تەنازول و ملکەچ دەکەن بۆ ھێزە دەرەکیەکان، تۆزێکیش بۆ ھێزە کوردیە نێوخۆییەکان تەنازولیان بکردایە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەبوون) ئەمە دەلالەتی ئەوەیە کە ئەم جووت دەسەڵاتە ئەزانن کە ھێزە نێوخۆییەکان ناتوانن ببنە ھەرەشەی جددی لەسەر دەسەڵاتیان و لادانیان بەڵکو ئەوە ھێزە دەرەکیەکان ئەتوانن شتێکی لەم جۆرەیان بەسەردا بێنن بۆیە ئەوان تا پاڵپشتی و پارێزبەندی دەرەکیان ھەبێ بێ باک دەبن لە خەلک و ھێزە نێوخۆییەکان .

لەم سۆنگەیەوە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکێتی و پارتی لە ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان گرینگترە چونکە گەر لە پەرلەمانی عێراق رێژەی کورسی زۆر بوو ئەوا سەنگ و قورسایت دەبێت بەمەش لەبەرچاو دەگیرێیت و پەیوەندی بەست دەبیت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و ھێزە عێراقیەکان ، وە مامەڵەت لەگەڵدا دەکەن و پەراوێزخراو نابیت ئەمەش لەخۆیدا بە دەستھێنانی پاڵپشتیەکی گەورەیە ھەم بۆ ئەو پێشالکاریانەی لە ھەرێم ئەنجامی دەدەن کە خۆیان لێ دەبوورن بە ھۆی بوونی پەیوەندی و پێکھێنانی حکومەت لەگەڵیان ، ھەم بۆ پارێزگاریکردن لە دەسەڵات و مانەوە لەم ھەرێمەدا كە چوارچێوەکەی عێراقە. پێچەوانەکەشی پەراوێزخراوی و بێ پاڵپشتیە ، بۆیە ھەڵەیە گەر خۆت لە پرۆسەی سیاسی عێراق پەراوێز بخەیت و گۆڕەپانەکە بۆ پارتی و یەکێتی چۆڵ بکەی.

بەم پێیە بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم جووت حیزبە دەبێت لە دەرەوە رووبەروویان ببیتەوە و کار لەسەر لاوازکردنی پێگەیان بکەی نەک بە ھێزی چەکداری یان تەنھا پێت وابێ بە نفوزی جەماوەری ناوەخۆ و لە رێگای ھەڵبژاردنەوە دەتوانیت کارێکی لەم شێوەیە بکەی !
ئەمەش لە رێگای کردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندی دەرەکی حیزبی دەبێت ھاوشێوەی ئەوان ، لە پێناو بنیادنانی پەیوەندی و پاڵپشتیەکی دەرەکی بەھێز.
کە پێموایە نەکردنەوەی ئۆفیسێکی لەم شێوەیە لە لایەن بزووتنەوەی گۆران وە جێگای متمانە نەبوون و نەبوونی پەیوەندیەکی بەھێز لەگەڵ ھێزە دەرەکیە ھەژمووندارەکان یەکێک بوو لەو ھەڵەیانەی کە نەوشێروان مستەفا کردی کە چەند جار پەیوەندی دەرەکی حیزبی رەتکردەوە بەتایبەت لەگەڵ تورکیا کە ئەمە سیاسەتێکی زۆر ھەڵەبوو ، وە دوور بوو لە واقعیەتی سیاسی چونکە سروشت و تایبەتمەندی ئەم ناوچەیە تەواو جیاوازەو و ناکرێت بە ھەمان پێوەری وڵاتانی دیموکراسی ھەموو شتێک لەسەر بنەمای دامەزراوەیی بکەی لەبەرئەوەی ئەو ئامرازانەی بۆ گەیشتن بە ئامانج بەکاری دەھێنی جیاوازە لەو ئامرازانەی کە دوای گەیشتن بە ئامانج بەکاری دەھێنیت .

بوکورتی لە ئێستادا پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانیتری دەرەوەی دەسەڵات بەم دوو ھەنگاوە ھەستن :

یەک: دروستکردنی ھاوپەیمانیەکی ستراتیجی نەک کاتی لە نێوان ئەم لایەنانە، ئەویش لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسی بۆ چۆنیەتی کاری ھاوبەشی سیاسی لە ئێستا و داھاتوودا .
گرینگی ھاوپەیمانی لەمەدایە کە دەبنە ژمارەیەکی گەورە و بەرچاو ، بەمەش ھەم لەسەر ئاستی عێراق ھەم لەسەر ئاستی ھەرێمی و دەرەوەدا لەبەرچاو دەگیرێن و حیسابیان بۆ دەکرێت لەلایەن ئەو ھێزانەی کە ھەژموون و کاریگەرییان بەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە لە مامەمەڵەکردن و پەیوەندیگیری لەگەڵیاندا .
ھەر کاتێکیش ئەم پەیوەندیگیریە ھاتە کایەوە لەگەڵ ھێزە دەرەکیەکان ئیتر پارتی و یەکێتی ئەو ڕۆڵەی جارانیان نامێنێ و چیتر عەنتەریاتی سیاسیان بۆ ناچێتە سەر. ئەمە سەرەرای ئەوەی ھاوپەیمانیەکی لەم جۆرە لەخۆیدا جۆرێکە لە مۆدێلی دیموکراسی ھەرەوەزی کە پێچەوانەی دیکتاتۆریەتی زۆرینە و تاکرەویە لە حوکمرانی .

دوو: پێشینەی کاری ئەو ھاوپەیمانیەتیە دەبێت پەرەپێدان بێت بە بنیادنان و ھێنانەکایەی پەیوەندی دەرەکی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و ، بەتایبەتیش (عێراق و ئەمریکا و ئێران و تورکیا ) کە بەدەستھێنانی پەیوەندی باش و پاڵپشتی ئەم چوار لایەنە زۆرترین کاریگەرییان دەبێت لەسەر یەکلایکردنەوەی دەسەڵات و ھاوسەنگی لە ھێزدا لە ھەرێمی کوردستاندا.
دەبێت بۆ ئەم لایەنە دەرەکیانە بسەلمێنن کە ئەوان بە دیلێکی باشترن لەم (جوود حیزبە) ھەم بۆ حکومرانەکی باش لە ھەرێمی کوردستاندا ، ھەم بۆ خاوکردنەوەی و چارەسەرکردنی کرژی و ئالۆزیەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا . وە ھەروەھا دژایەتی نەکردن و ھاوسەنگراگرتن و پاراستنی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەم ھێزە دەرەکیانە لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.ئەم دوو خاڵە پەیوەستن بەیەکەوە و کاریگەرییان لەسەریەکتر ھەیە ، یەکیان بەبێ ئەویتر کاریگەری خۆی نابێ بەتەواوەتی .

بێگومان ئەمەش کارێکی ئاسان نابێ ھەوڵێکی دبلۆماسی و ھەڵوێستی گونجاو وکاتێکی باشیشی دەوێ تا بەدیدێت جگە لە خۆئامادەکردن بۆ قۆستنەوەی فرسەتەکان لەکاتە گونجاوەکاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.