قەیرانی ئاو یا نەبونی سەرکردەی بەئاگاو خەمخۆرلەحوکمڕانی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 313 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەت بە دۆخێکی هەستیار و داهاتویەکی نادیار گوزەر دەکەن . ئەوەی دەبینین و دەبیستین جگە لە پاشا گەردانی و بێ سەرەوبەرەی حوکمڕانی هیچی تر نیە, عێراق لەگەڵ هەموو ململانێ و نا ئارامی و دەستێوەردانەکانی, هەڵبژاردنە گشتیەکانی بەخۆوە بینی بەڵام بە ئەنجامی پڕ گومان و دەستکاریکراو . ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەگشتی لە بری چاوەڕوانی بۆ چاکبونی دۆخەکە, ئاڕاستەکەی ڕوو لە خراپ بوون و پشێوی زیاتر و ململانێی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی زیاتر دەبات .

دەستێوەردان بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکان, یا پاراستنی هێز لە نێوان بلۆکی خۆرئاوا و خۆرهەڵات, یا هۆکارە مەزهەبیەکان و خۆ بەخاوەنکردن لە بەشێکی عێراقیەکان و یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان هۆکار گەلێکی تری دەستێوەردانەکانی عێراقن . ئەوەی بەلای منەوە مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە کێشەی ئاو و گرتنەوە و بەردانەوەی لە لایەن ئێران و تورکیا و هاتنی جەندرمە و سوپای تورکیا بۆ قوڵایی خاکی هەرێم و لە بەرامبەریشدا, بێ دەنگبوون و بێ هەڵوێستی هەردوو حزبی دەسەڵات بەدەست و دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم دۆخەدا و چاوساغی بۆ نەوەکانی سوڵتانی عوسمانی لە سنورەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە لایەک و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەوڵەکان بۆ دەرخستنی ئەنجامی ڕاستەقینەو دروست لە لایەن هێزە ناڕازیەکان بە ئەنجامەکان لەلایەکی تر لە ئێستادا, کە هەریەک لەمانە هۆکاری پێکەوە گرێدراو و نەپچڕاون بەیەکەوە . هەرێم مەنبەعی قەیرانە یا قەیرانی دەسەڵات بەدەستی خەمخۆر و سیاسی هەیە ؟

* ئەوەی پەیوەندی بە ئاوەوە هەیەلە سەرچاوەکانی تورکیاوئێران, تەنها کاریگەری لەسەر هەرێم و عێراق نیە جگە لە زێی بچوک, بەڵک و لەوە گەورەتر پڕۆژەی دوور مەودای گاپی تورکی کاریگەریەکانی لەسەر وڵاتانی عێراق , سوریا , ئوردن و تەنانەت خودی ئیسڕائیلیش دەبێت کە ئەگەر لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٣ تەواو بێت . بە مانایەکی تر کێشەی ئاو کێشەیەکی جیهانیە, بەڵام خۆ ئامادەکاری لە هەر وڵاتێکی خاوەن کێشە هەیە بۆ بنبڕکردنی کێشەکە, نەک بێ خەمی و دواخستنی کێشەکە و سپاردنی بەداهاتوو.

* کێشەی ئاو لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی کێشەی سنوورەکەی کێشەیەکی عێراقیە, قسە لێرەدا ئەوەیە, لەم دۆخەی ئێستادا ئەو دوو حزبەی دەسەڵات بەدەستی هەرێمن و نوێنەرایەتی حوکمڕانی هەرێم دەکەن, چەندین جار ئامادەن وەفدی هاوبەش و تەنیا تەنیا دروستبکەن و ڕەوانی بەغدادی بکەن, جارێک بۆ بەشداری لە کابینەی نوێی عێراق و جارێک بۆ پشکەکانیان لەم حکومەتەو جارێک بۆ ڕێگرتن لە دەرکردنی یاسایەک بۆ گەڕانەوەی دەنگی دزراو و جارێک بۆ هەوڵدان بۆ تەواو نەکردنی ڕێژەی یاسایی پەرلەمان . ئەرێ گەلۆ کێشەی گەورەی گرتنەوەی ئاو لەسەر هەرێم, ئەوەی نەدەهێنا جارێکیش بیر لە ناردنی وەفدێک بکەنەوە بەرژەوەندی گشتی تێدا بێت نەک حزبی و بنەماڵەیی ؟

* لە ماوەی ڕابردوی حوکمڕانی هەرێم بەردەوام کێشەومەترسی گرتنەوەی ئاو لەلایەن هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران بونی هەبوە . جیا لە عێراق دوو حزبی حوکمڕانی هەرێم, چەند بەنداو و بەربەست و پۆند و ئەستێرکی گلدانەوەی ئاو و کۆکردنەوەی ئاویان دروستکرد؟ کەلەمەدا ئاسان و ڕوون دێتە پێش چاو هەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە بەتایبەت بە بەراورد بە دیاربونی کێشەی گرتنەوەی ئاو, ئەو پەڕی بێ خەمی و نەبونی دڵسۆزی و بنیادنان بۆ ئایندە دەبینرێ. وەک هەموو کایەکانی تری حوکڕانی لە هەرێم, لەمەشدا سیاسی نەبون و سەرکردایەتیکردنێکی ناتەندروستی دەسەڵات بەدەستانی ئەم هەرێمە دەردەکەوێت, کە جگە لە سیاسەتکردنێکی خۆ گونجێنی ڕۆژانەی سەقەت, هیچ جۆرە بەرنامەو پلانێکی دوور مەودا و بنیادنانی داهاتویان لە بەرنامەو خەیاڵ و کارکردنیان نەبوە .

* لە هەر گۆشەیەکەوە و لە هەر بوارێک سەیری شێوازو ڕابردوی حوکمڕانی بکەی لە هەرێم توشی شۆک و سەرسوڕمان دەبیت . هەر بەراوردکاری و نمونەگەلێک بکەی بە پرسیار و ئاڕاستەی میراتگرانی ئەم شێوازی حوکمڕانیەی بکەی بێ وەڵام و دوور لە هەر پاساوێکی ژیاریە

. لەم نیشتمانەی ئێمەدا لە وەرزی زستان وباران بارین توشی زۆرترین هەڕەشەومەترسی لافاو دەبینەوە چ لەشار و لادێ چ لە دەرەوەیان, دەبێتە هۆی زەرەروزیان گەیاندن بە کشتوکاڵ و ماڵ و شوێنە گشتیەکان . بەو ئەندازەش لە وەرزی هاوین و گەرمادا بەو ئەندازەیە توشی کەم ئاوی و زەرەروزیانەکانی دەبینەوە بە ئاوی خواردنەوەشەوە . ئیتر ئەمە ئەگەر نەبونی خەمخۆری و ئیفلاسی حوکمداری نەبێت چی تری ناو بنێین ؟ ئەگەر مەتەڵێک نەبێت چیترە؟ کە تەنها حوکمڕانە بێ پلانەکانی ٢٧ ساڵی ڕابردوی ئەم هەرێمە دەتوانن تێیبگەن .

ئیتر ئەگەر لەڕابردوو کارێکتان نەکرد بۆ ژێرخانی ئەم وڵاتە, ئەگەر لە ڕابردوو هەر ڕۆژەو بە بیانوی جیاواز بوون بە کەوا سوری بەر لەشکری داگیر کەرێک, ئەوا ئەمڕۆ ئەم داگیرکەرولەشکرانە بە بیانوی زۆر لاوازتر لە بیانوەکانی ئێوە, لەشکریان لە نیشتمانتان تەڕاتێن دەکەن ئەگەر بە نیشتمانی خۆتانی دەزانن . ئەمڕۆ بە بیانوی لاواز و وەک کارتی فشار ئاو لەسەر خۆتان و نەیاری سیاسی و دەنگدەرانتان دەگرنەوە .ئەمڕۆ دۆستەکانی ئێوەو دوژمن و داگیرکەرانی خاک و نیشتمانی کورد بۆ بیانوی پاڵپشتیتان بێت یا پێگەیشتنی ئامانجەکانیان, بۆ ترس و دڵە ڕاوکێ بێت یا بەدیهێنانی ئامانجی لە مێژینەیان, ئامادەن بەقوڵایی خاک پەل بهاون, ئامادەن مرۆڤ و داروبەردو ژینگەتان وشک بکەن .

ئیتر فەرموون بۆ جارێکیش بێت سەردانێکتان با بۆ خاک و نیشتمان و هاوڵاتی بێت, چونکە ئەگەر پێتان وایە هێزی داگیرکەران پارێزەرتانن و هاوبەشی یاریەکانتانن, ئەمجارە بەو شێوەتان نابێت . وەک ئەوەی دەڵێن ( منداڵەکان بە گاڵتەوە بەردیان لە بۆ قەکان دەگرت, بەڵام بۆ قەکان بەڕاستی دەمردن ) . ئیتر حوکمڕانی منداڵانە و بە بۆق زانین با کۆتایی پێبێت و بۆ ئێستا ئاو بخەنە پێش پۆست لە داواکاریەکانتان .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.