ھێمن حاجی مولود
وەک خۆی لەیادمە کۆتایی ساڵی
2016کاتێک ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەگەڵ گۆڕانخوازانی بەریتانیا کۆبوەوە بەڕونی باسی ڕوداوە گەرمەکانی کوردستانی بۆ ئامادەبووان کرد وە بۆی ڕونکردنەوە سەرسەختی پارتی لە تاکڕەوی بڕیاردان و مۆنۆپۆڵی دامەزراوەکانی هەرێم وای کرد بێ باکانە وەزیرەکانی گۆڕان لەحکومەت دورخاتەوەو دەرگای پەرلەمان دابخا.هەرچەندە ئەوکات گۆڕان چەند مانگێک بوو ڕێکەوتنی لەگەڵ یەکێتی کردبوو بەڵام کاک نەوشیروان کەم و زۆر باسی بێ ئیرادەیی یەکێتی نەکرد وەک ئەوەی بیەوێ پێمان بڵێ حزبێک وەزعی خۆی پێ چاک نەکرێ چی بۆ خەڵکی پێ دەکرێ،چونکە ئەوکات یەکێتی تازە ببوو بە دوو باڵ ناوەندی بڕیارو زۆرینەی مەکتەب سیاسی چی چاکیان بەیەک نەدەکرد لەڕاگەیاندنەکانی سێبەری پارتی.لە کۆڕەکە کاک نەوشیروان بەوردی تیشکی خستە سەر شەڕی داعش و باسی گۆڕانکاریەکانی دوایی گرتنەوەی موسڵی بۆ ئامادەبووان کرد ..
لەکۆتایی کۆڕەکە پرسیارێکی سادەی لەهەموو کوردستانیان کرد. ووتی دوایی ئەم بارودۆخە تجروبەی کاری پەرلەمانی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوەو خەریکە ئەهمیەتی نەمێنێت، بۆ داهاتوو بەچ شێوازیک سیاسەت بکرێ ؟.داوای کرد بەوەڵامێکی موەحەد وەلام بدەینەوە.پرسی چی بکەین و چیمان پێ دەکرێ.
ئێستا دوایی دواساڵ لەو بەروارەو دوایی ساڵیک لە کۆچی دوایی بەڕێزیان. گەلی عیراق و کوردستان لە ناشەفافترین و بەخەوشترین پڕۆسەی هەڵبژاردن بەژداریانکرد.بەڵام کورد واتەنی سەد خۆزگە نەکرابا چونکە پرۆسەکە ئەوەندە تانەی لەسەرە گەر چاوبوایە بەرپێی پێنەدەبینرا وای لێ هاتووە نەك دەنگدەر کاندیدیش بەدوایی دەنگەکەی دا دەگەڕی.دوای ئەوە سکاڵاکان گەیشتنە ئەو ئاستەی کە پەرلەمان بڕیاری تجمیدکردنی کۆمسیارانی دەرکرد و چەند دادوەرێکی ڕاسپارد بۆ دوبارە ژمادنەوەی دەنگەکان و لەحاڵەتی ساغبونەوەی تەزویراتی عشوایی ڕەنگە سەرلەبەری پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە.
یەکێک لەخراپترین کاریگەریەکانی ئەم هەڵبژاردنە بێ ئومێدکردنی دانیشتوانی عیراق بوو لە دیموکراتی و دەنگدان .بۆیە ئەگەر ساڵی2016دەبوو خەڵکی کوردستان وەڵامی پرسیارەکەی ڕەوانشاد بەنەوە دەبێ ئێستا هەموو گەلانی عیراق بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەی کاک نەوشیروان دا بگەڕێن ،کەئایا تەجروبەی پەرلەمانی ئەهمیەتی ماوە؟ئەگەر نەخێر بوو چ بکرێ باشە..
دیارە وەڵامی عیراقیەکان پێویستە هێندە ورد بێ کە تیایدا هەموو دەستێوەردانە نێودەوڵەتی و تەراتێنە هەرێمایەتیەکان لەبەرچاو بگریرێ وە بە ڕاست و ڕەوانی بەداگیرکەرانی عیراق بوترێ کوا ئەو دیموکراتیەتی بڕیاربوو بە ڕوخانی سدام حسێن بەدیاری بۆ خەڵکی عێراقی بێنن.
لەم نێوەندەدا لەهەمووان زیاتر گۆڕان و هێزە دیموکرات و ئازادیخوازەکانی تری کوردستان دەبێت کۆشش بکەن بۆ دزینەوەی وەڵامی پرسیارەکەی کاک نەوشیروان و وەڵامی گەل هەرچی بوو کاری جدی لەسەر بکەن و بۆ داهاتوو دەستەوستان نەبن..