شێرزاد شێخانى
بەحوکمى ئەوەى باوکى رەحمەتیم چایخانەى هەبو لەناو نادى مۆزەفینى هەولێردا لەساڵى چلەکانەوە ، سەرەتاى ژیانم لەتەک خوێندنى مەکتەب ، ئێواران ئەبومە شاگردى باوکم لهچايخانهكهيدا.. لهدواى کودەتاى دووەمى بەعس لەساڵى ١٩٦٨ ، بەشێک لەمۆزەفى عارەب لە هەولێر دامەزران ، هەڵبەت رژێم مەبەستى هەبو لەدامهزراندن و گواستنەوەى فەرمانبەرە عەرەبەکان بۆ هەولێر ، ئەویش هەم بۆ کارى حزبى ، هەمیش بۆ کارى سیخوڕى . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من زۆر سوودم لێوەرگرتن بەوەى هەر زۆر زوو فێرى زمانى عەرەبی بوم . ئەوەش کاریگەرى هەبو بەسەر رەوتى ژیانى داهاتوم ، رەنگە باوەڕ نەکەن من لە تەمەنى ١٤ ساڵییەوە هاتومەتە نێو جيهانى رۆژنامەگەرییەوە و لە ساڵى 1969 وە پەیامنێرى گۆڤارى ( المتفرج ) عهرهبی بەغدایی بوم ، لێرهوە عەشقم بۆ کتێب وموتاڵەعات زیادى کرد ، رۆژانە جەریدەو موجەلاتی عەرەبیم ئهخویندەوە . لەو سەردەمە پانزە ساڵێک بوم ، گوێم لەناوى عادل موراد ئەبو لەرۆرژنامەکانى عیراقدا وەکو سەرۆکى یەکێتى قوتابیانى کوردستان ، زۆر دڵخۆش ئەبوم گەنجێکى کورد لەو سەردەمەدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانى عیراق ناوى دێتە ناو ئەخبارەوە ، ئەو سەردەمە پۆستەکەى کاک عادل زۆر گرنگ بو ، دەسەڵاتیش حیسابى زۆر گهورەیان بۆ ئەکرد. لەکۆتایى ساڵى ١٩٨٥ پەیوەىندیم بە شۆڕشى نوێوە کرد . سەرەتا لەگوندى ( ئاڵوەتان ) لەسەر سنوورى ئێران بارم خست ، کە ئەوسا بارەگایەکى پارتى دیموکراتى کوردستانى لێبوو بە سەرپەرشتى ملازم یونس . یەک دوو شەو لەوێ مامەوە چاوەڕیی سهفهرم ئهكرد بۆ ( رهزاييه ) بۆ لاى خزمێکم بەناوى کاک برایمى خدرى میرانى قەڵادزێی کە نوێنهرى حزبي سۆسياليست بو لهوێ و پێشتر زانیبوم لەگەڵ کاک عادل مورادو کاک عەدنان موفتى لەناو حزبى سۆسياليستن. پارتییەکان هەوڵێكى زۆرياندا لەگەڵیان کار بکەم بەو حیسابەى نوسهرو رۆژنامەنوسم وپێویستیان پێمەوەیە، بهتايبهتيش كهمن پێشتر پێشمهرگهى پارتى بووم له شۆڕشى ئهيلولدا ، بهڵام من بریارى خۆم دابو لەرێزى سۆسیالیست پێشمەرگایەتى بکەم .ئەوەبو لەگەڵ کاک برایم هاتينە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست لە گوندى ( کاولان ) ی سەر سنوورى ئێران. . یەکسەر لەئیعلام و لەبەشی ئێزگەى حزب دەستبەکار بوم و لەدەستەى نوسەرانى رۆژنامەى ( رێگاى ئازادى) ش بەردەوام بوم. رۆژ هات رۆژ تێپەڕى ، بەرەو بەهار دهرۆيشتين ، دەنگۆیەک بڵاو کرایەوە گوایە کاک عادل مورادو کاک عەدنان موفتى وكاك عومهر بۆتانى بەڕێوەن بۆ مەقەرى سەرکردایەتى حزب لەکاولانێ .
زۆر دڵخۆش بوم بەم هەواڵەى کە دەمێک بو چاوەڕیم ئەکردو زۆربەى شەوان لەگەڵ هەڤاڵانيترم هەر باس باسى کاک عادل و کاک عەدنان بو کە ئەوکات هەردوکیان لە مەکتەبی پەیوەندى حزب بون لە دیمەشق. هەر لەو هەڤاڵانەم زانیبو کە کاک عادل یەکێکە لە دامەزرێنەرانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ، بهڵام بەهۆی ملمڵانیێى ناو حزب لەو سەردەمە وازیهێنابو هاتبوە لاى هاوسەنگەرە سۆسیالیستەکانى ، هەر لەویش زانیم کاک عادل لەکۆنگرەى حزب دەنگى یەکەمى هێنابو چونکە زۆر پیاوێکى دڵسۆزو پاک و خۆشەویست بو ، بهڵام بە ئارەزووى خۆی تەنازولى کرد لهسکرتێرى حزب و دایەوە دەست کاک رەسوڵ مامەندو پێى خۆشتر بو لەپەیوەندیەکانى دەرەوەى حزب کار بکات لە دیمەشق، بەتایبەتى عیلاقەیەکى زۆر باشی لەگەل نێوەندە عەرەبیەکاندا هەبو ، لهسهروويانهوه رێکخراوە فەلەستینیەکان و کەسایەتییە گەورەکانی موعارەزەی عیراقی . لەگەڵ هاتنەوەى کاک عادل وکاک عەدنان دونیای من گۆڕا ، بەردەوام و بیستو چوار سەعات بەیەکەوە بوین ، ئیزگەکەشمان تازە کەوتبوەوه ئیش پاش چەند مانگێك لهوهستان ، بۆیە ئەوکات منیش کرامە مودیری ئێزگەو بێژەرەی بەشی عەرەبیەکەشی بوم ، بۆیە کاک عادل بەردەوام لەستۆدیۆ لەگەڵم ئەبو بۆ تۆمارکردنی وتارەکانى ئێزگە کە ئهو ئەینوسینەوە منیش ئەمخوێندنەوە .
دواى پەخشى رادیۆش هەر بەیەکەوە ئەماینەوە تا درەنگانى شەو موناقەشاتمان ئەکرد. کاک عادل دڵی خۆش بو بەوەى رۆژنامەنوسێک هاتۆتە ناو حزبەوە، منیش دە قاتى ئەو دڵم بە خۆیەوە خۆش بو . زۆربەی شەوان لەسەر جێگاکەى من خەوى لێ ئەکەوت و هەڵم ئەساند بۆ ئەوەى بچێتەوە ژوورەکەی خۆی .
رەنگە هەزاران هەڵویستى مرۆڤانەو جوامێرانەم لەکاک عادل بینیبێ بەدرێژایی تەمەنى عیلاقەى هاورێیەتیمان کە خۆی لە نزیکەى ٣٥ ساڵ ئەدات ، بهڵام دوو هەڵویستى ئهم زاته کاریگەری هەبو بەسەرمەوە تا رۆژی مردن لەبیرى ناکەم . یەکەمیان کاتێک لەشاخ بوین لەساڵى ١٩٨٦ زانى من نەخۆشی درێژخايهنى گوێی ناوەندیم هەیە ، یەکسەر سەفەرێکى تارانی کرد بۆ چەند رۆژێک و دکتۆرێکى برادەری هەبو بەناوى دکتۆر رەئووف کە پسپۆری گوێ و قوڕگ بو لەگەڵ خۆی هێنایە شاخ و بۆ گوندى کاولان تەنها بۆ ئەوەى فەحسى گوێم بکات ودەرمانى پێویستیشی لەگەڵ خۆی هێنابو .ئەمە هەڵوێستێک بو کە نیشانەى ئەوەیە تا چەند ئەو پیاوە مەزنە پەرۆشی ژیانو تەندروستى هەڤاڵە پێشمەرگەکانی بو .
ههڵوێستى دووەمیشی لەسەردەمی ئابڵوقە ئابوورییە سەختەکەی سەر کوردستان بو لە ناوەڕاستى نەوەدەکانی رابردوو ، کاتێک ئەو لە لەندەن بوو منیش لەهەولێر ، بەنامە پەیوەندیمان بەردەوام بو ، کە زانى من بێ ئیشم ، یەکسەر لە لەندەنەوە چوە ئەلمانیا ، لەوێ برادەرێکی فەیلى هەبو به ناوى دكتۆر فازل گەنج عەلى کە مەسئولى رێکخراوی خێرخوازی ( هێلپ ) ى ئەلمانی بوو ئازووقەى بێبەرامبەر بەسەر خەڵکە هەژارەکانی کوردستاندا دابەش ئەکرد ، کاک عادل داوای لەکاک فازل کردبو کە ئازووقەى مانگانە بۆ خێزانەکەم دابین بکات ، بەمشێوەیە باری سەر شانمى سووک کرد لەرۆژە رەشەکانی ئابڵوقەى ئابووریدا ، بەوەش نەوەستا کە گەڕایەوە لەندەن لەگەڵ کەسایەتی سیاسی گەورەی عیراقی صلاح عمر العلی رێکەوت کە بمکاتە پەیامنێری رۆژنامەکهيان بهناوى ( الوفاق ) کە لە لەندەن دەر ئەچو ، بەوەش مانگانە موچەیەکی زۆر باشی بۆم بڕییەوە کە باری گوزەرانی ژیانمى زۆر باش کرد. ئەمانهو سەدان مەوقیفی جوامێرانەی ئەو ههڤاڵەم هەموى نیشانەى وەفاو دڵسۆزى ئەو زاتەیە بۆ هەڤاڵە دێرینەکانی کە قەت لەبیرمان ناچێت .
لەدوای هەڵبژاردنەکانی یەکەم پەرلهمانی کوردستان کە لەساڵى ١٩٩٢دا ئهنجامدرا، حزبی سۆسیالیست شکستێکى گەورەی هێنا ، حزب بوو بەدوو پارچەوە، بەشێکیان چوونە ناو پارتییەوە ، بەشەکەى تریشی هاتنە ناو یەکیتێیەوە بەسەرۆکایەتی کاک رەسول مامەند . کاک عادل لەلەندەنەوە نامەی بۆم نارد کەوا خۆی و کاک عەدنان و دکتۆر مەحمود بڕیاریان داوە نەچنە ریزی هیچ کام لەم دوو حزبە و بڕیارنداوە دانیشن.
منیش لەگەڵ چەند کادیرێکی تری حزب لهگەڵیان ماینەوەو نەچوینە ناو یەکێتى و پارتی . لەدەوروبەری ساڵى ١٩٩٥ ههڤاڵی هەمیشە زیندوو بەرێز مام جەلال دوو سێ سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردو چاوی بە کاک عادل وکاک عەدنان کەوت و هەوڵی زۆریدا بیانگێڕێتەوە ناو یەکێتی . ئەوەبو هەوڵەکانی سەریگرت و هەردوکیان رازی كرد بەگەڕانەوەیان بۆ کوردستان ودرێژەدان بەخەباتی کوردایەتی لەرێزی یەکێتی نیشتمانیدا . بریار بو کاک عەدنان لەرێی ئیبراهیم خەليلەوە بگەڕێتەوە کوردستان ، بەڵام سهرانى پارتی رێگەیان پێنەدا لەسەر ئەوەى لێدوانی خراپی لەدژی پارتی دابو کاتێک هەوڵهکانی مەدام میتران ورێکخراوەکەی ( فرانس لێبرتی ) بۆ راگرتنى شهڕى ناوخۆى كوردستان شکستى هێنا بەهۆی هەڵویستە تووندەکانی پارتییەوە ، بهڵام کاک عادل لەرێگای ئێرانەوە گەڕایەوەو یەکترمان بینییەوەو بەیەکەوەش هاتینە ناو یەکێتی وکاک عادل وەکو لێپرسراوی دەزگای ناوهندى راگەیاندن دەست بەکاربو ، منیش وەکو بەرێوەبەری نوسینگە تایبەتییەکەی . لەوێ کاری زۆر باشمان کرد ، بەوەى رۆژنامەکانی یەکیتی بووژانەوەو، کاک عادل چەند جیهازێکی تازەی فاکس وفۆتۆ و پەیوەندى بەدەرەوەی وڵاتى هێناو رۆژنامەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو چوونە پێشەوە. هەر لەو کاتەشدا بو گۆڤاری ( الاتحاد الدولی ) مان بەیەکەوە دەرکرد کە تایبەت بو به رەوەندی کوردی لەدەرەوەی وڵات و نێوەندە عەرەبیەکان . کاتێک لەگەڵ مام جەڵال یەکەم کەس بوون چونە ناو بەغدا لەدوای روخانی رژێمی سەدام ، کاک عادل بو بە جێگری مام لە ئەنجومەنی حوکم ، لەوێش لەتەک مام و کاک نەوشیروان کە ئەویش ئەوکات لەوێ بو، شەڕێکی سەختیان کرد لەپێناو چەسپاندنی مافی کورد لەدەستوری عیراقدا .
بیرمە جارێکیان لهناو ئەنجومهنی حوکمدا لەغیابی مام جەلال کاک عادل نوێنەرایەتی یەكێتی ئەکرد ، عەرەبە شۆفینیەکان دەیانویست بڕگەیەک بخەنە ناو دەستورەوە لەسەر کەرکوک کە لەدژی مافی کورد بو ، ئیستغلالی ئەوەیان کردبو کاک عادل بۆ چەند ساتێک چووبوە دەرەوەی هۆڵی کۆبونەوەکان ، ئەو بڕگەیان تێپهڕاندبو ، بهڵام لەگەڵ گەڕانەوەى کاک عادل کردی بەفەرتەنەو برێمەری ناچار کرد ئەو بڕگەیە هەڵبگیرێ کە پێشێلی مافی کورد بو. کاک عادل یەکێک بو لەپاکترین سەرکردەکانی کورد ، دهستپاک ، دەمپاک ، داوێنپاک ، دڵسۆزێکی بێوینەی نەتهوەو میللهتەکەی ، داکۆکیکارێکی سەرسەخت لەسەر پرسە نەتەوهییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ، خەمخۆری پێكهاتەی فەیلیەکان ، وەفادار بۆ هەڤاڵە دێرینەکانی سەردەمی شاخ .
پیاوێکی خۆش مەحشەروشیرین ، چاوى لەپارە و پلهو پۆست نەبو، بۆیە بەردەوام شەڕی ئەوەى ئەکرد کە ئیتر بەسە بهناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە هەندێ سەرکردەی یەکێتی دەسەڵات وسەرکردایەتی حزب قۆرخبکەن .حەزی بەهێنانە پێشەوەى دەموچاوی تازەو گهنج بو . هاوکاری گەنجە تازە پێگهیشتوەکانی ئەکرد ، رقی لەگەندەڵی و ئیستغلالی مەنسەب بو ،لەهەڵوێستە سیاسیەکانیدا چاونەترس بو ، چونکە کەس نەیئەتوانى لەزمەى لێبگرێ .دژی ناعهدالەتی ونانبڕینی خەڵک بو ، هەمیشە ئامادەبو لەپێناو پرسی میللهتو عەدالەتی کۆمەڵایەتی خەبات بکات . له ئهوپهڕى بێ سيحهتى ونهخۆشى ، له نهخۆشخانهى ئهڵمانياوه رۆژانه پهيوهندى پێمهوه ئهكرد و ههواڵى كوردستانو ميللهتهكهى و يهكێتييهكهى لێم ئهپرسى . ئەو پیاوێ بو لەمەعدەنێک دروستکرابو کە بەهای دیاری ناکرێ . پیاوێکی سپی لەبەفری چیاکانی کوردستان سپیتر. پیاوێک بەمانای وشە خەباتگیر ، شۆڕشگێر، ماندونەناس .
ئەو لەژیانیدا هیچ مەدالیایەکی رێزلێنانى پێ نەبەخشرا دوای ئەو هەمو ساڵانەی خەباتی ، بهڵام گەورەترین مەدالیای شەرەفمەندی عادل موراد ئەو کۆمینت و وتارو نوسینانەن بوون کە لەدوای مردنی لە تۆرە کۆمەڵايەتیەکانو پێگەو رۆژنامەکاندا لەسەر مهرگى ئەم پیاوە ههميشه زیندوە ئەنوسرا .. هەر ئەوەندەشی بەسە..