شکستی حوکمڕانی لەکەرکوک و پەندێک بۆ داهاتوو

لەلایەن ستاندار Posted on 552 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی      

هەر لەگەڵ درووسبونی دەوڵەتی عێڕاقدا،کەرکوک وەک چەقی ناکۆکیەکانی نێوان کوردو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ناوەند بووە، بەدرێژایی ئەو مێژووەش هەر نەتەوەو پێکهاتەیەک کە حوکمی ئەو شارەی گرتبێتە دەست هەوڵی سڕینەوە یان پشتگوێ خستنی پێکهاتەکانی دیکەی داوەو ڕێگربووە لەبەردەم پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هاووڵاتیانی ئەو شارە.

بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن کە هەمیشە دەسەڵاتداران ویستیانە شەڕو کێشەو دووبەرەکی بخەنە نێوان پێکهاتەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و بەهێزکردنی دەسەڵاتی پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەکانی دیکەی شارەکەدا .

بۆ نمونە پێکهاتەی عەرەبی سونە بەڕێبەرایەتی حیزبی بەعس کە بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتدارو حاکمی موتڵەقی ئەو شارە  بووە، لەو ماوەیەدا بە دڕندانەترین و خراپترین شێواز دەسەڵاتەکانی بەکار هێناوە بۆ نانەوەی ئاژاوەو دوبەرکی و گۆڕینی دیموکراڤیاو سڕینەوەی  پێکهاتەکانی دیکەی ئەو شارە، لێرەدا نامەوێ بە درێژی بڕۆمە نێو ئەو کارەساتانەی کە بەسەر ئەم شارەیدا هێناوە ، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستیەمان بۆ ئەسەلمێنێ کە پێکهاتەی سوونە ڕۆڵێکی ئێجگار خراپی بینی لە دروست بوون و گەورەکردنی کێشەکانی نێوان پێکهاتەکانی کەڕکوک بە تایبەتی لەڕووداوەکانی ساڵی 1959 ی نێوان کوردو تورکماندا.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێڕاقیشەوە کورد وەک دەسەڵاتی یەکەم نزیکەی 15 ساڵ حوکمڕانی ئەم شارەی کردووە،هەرچەندە دەسەڵاتدارانی کورد هەوڵی سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی نەداوە بەڵام لە ماوەی حوکمڕانی خۆیدا نەک نەیتوانی سەرجەم پێکهاتەکان لە مێزێکی چوارگۆشەدا کۆ بکاتەوەو ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان برەو پێبدات و حوکمڕانیەکی جوان و سەردەمیانە کە سەرجەم پێکهاتەکان ڕازی بکات و کەرکوک بکاتە نمونەی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان دانیشتوانەکانی بەپێچەوانەوە کێشەی نیوان پێکهاتەکان زیاتر گرژی بەخۆیەوە بینی ، هەرچەندە ووڵاتە ئەقلیمیەکان و دەستی دەرەکی و بەشێک لە سیاسیەکانی پێکهاتەکانی دیکەیش فاکتەرێکی دیکەی قوڵکردنەوەی کێشەکانی ئەو شارە بوون.            بەڵام دەسەڵاتدارانی کورد ئەیانتوانی بە حوکمڕانیەکی باشتروو سیاسەتێکی رەشیدترو تەندروست تر کاریگەری بخەنە سەر شەقامی تورکمانی و عەرەبی کە زەمینەیەکی وای بۆیان برەخسانایە کە لانیکەم نەتەوەکانی دیکە دژایەتی خۆیان بۆ ئەزموونی دەسەڵاتی کوردی ڕانەگەیاندایەو لەکاتی نەمانی دەسەڵاتی کوردی بەو شێوەیە دڵخۆشی خۆیان دەڕنەبڕیایە،واتا کوردیش سەرەڕای ئاستەنگەکان بەڵام هەر سەرکەوتوو نەبوو یان ئەتوانین بڵێین شکستی هێنا لە نزیکردنەوەی پێکهاتەکان و دابینکردنی ژیانێکی هاوسەنگ و دادپەروەری لە نێوان نەتەوەو پێکهاتە ئایینەکانی ناو شاری کەرکوک بەشێوەیەک کەببوایە شانازی بۆ گەلەکەمان و ئەزمونێکی جوانمان پیشانی دنیای دەرەوەمان بدایە .

لەدوای 16ی ئۆکتۆبەریش بۆ یەکەم جار پێکهاتەی شیعە بوونە خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەها لەشاری کەرکوک و لەو ماوە کەمەیدا تاکو ئێستا بە سیاسەتی کاردانەوەو تۆڵە کروونەوە کاردەکەن و لەهەوڵی پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی کورد و سونەدان ، بێگومان ئەم سیاسەتەش کاریگەری نەرێنی ئەبێت لەسەر ئاشتی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزتر دەبات و لەبری ئەوەی لە هەوڵی هێوڕکردنەوەی دۆخەکەدابن بەتایبەتی لەدوای شەڕی داعش و ئەو مەترسیە ئەمنیانەی کە بەردەوام هەڕەشەن لەسەرشاری کەرکوک.

بە نسبەت پێکهاتەی تورکمانیش هەرچەندە ئەوان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی یەکەم نەبوونە لەم شارە،بەڵام بەپێی ئەوەی تورکمانەکانی کەرکوک هەمیشە دوور بوونە لەسیاسەت و بەرەنگاری رژێمە دیکتاتۆرەکانی عێڕاق نەبوونەتەوە ، واتا هیچ کێشەیەکی سیاسیان نەبووە ،هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی عێڕاق ڕێگایان بۆ هاووڵاتیانی تورکمان خۆش کردبوو وە لەزۆربەی فەرمانگە حکومیەکان ڕێژەیەکی زۆری نەتەوەی تورکمان حزوریان هەبووەو تەنانەت لەدەزگا تایبەتێکانی حکومەتیشدا دەیان بەرپرس و پلەداریان هەبووە، کە دەوری سەرەکیان هەبووە لە حوکمڕانی ئەو شارەداو بەشێک بوونە لەو زوڵم و ستەمەی بەسەر خەڵکی ئەو شارەدا هاتووە ،بەڵام نابێ ئەمانە لەسەر نەتەوەی تورکمان و خەڵکە دڵسۆزەکانی ئەژمار بکرێت، واتا دەسەڵاتدارانی تورکمانیش نەیانتوانیوە شێوازێکی جوانی دەسەڵات پیادە بکەن بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەیانبووە لەو  شارەدا.

ئەمە ئەو مێژووە ناخۆشەیە کە لەژێر دەسەڵاتی  نەتەوەیی و مەزهەبیدا شاری کەرکوکی پێیدا تێپەڕیوە لەماوەی ڕابردودا،بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئەکرێت دوای ئەو هەموو رووداوە تاڵانە پێکهاتەکانی شاری کەرکوک کە هەموویان شکستیان هێناوە لە ئیدارەدانی ئەو شارە ،هەر بەهەمان نەفەس و هەمان عەقڵ و بیرکردنەوە درێژە بەو سیاسەتە هەڵەو کارەساتبارە بدەن ؟ یان پێویستە پەند لەو مێژووە ناشرینە وەربگرن و بە عەقڵێکی سەردەمیانەو دوور لە بیری خێڵەکی و توندڕەوی مەزهەبی و ناسیۆنالیزمی ژیانێکی ئاسودەو بێ خەوش بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتویان مسۆگەر بکەن .

باشترین چارەسەریش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ڕێکەوتنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوکە لەسەر شێوازێکی نوێی بەڕێوەبردنی پێکەوەیی کە خەڵکی کەرکوک خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن و سوود لە ئەزمونی ئەو ووڵات و شارانە وەرگرن کە هاوشێوەی کەرکوکەوکە،حەقە چیتر کەرکوکیەکان ڕێگە نەدەن سیاسیە بازرگانەکانی بەغداو هەرێم و تەهران و ئانقەرە کەرکوک وەک کاڵایەکی هەرزان فرۆش بخەنە موزایەدەی بازاری سیاسیانەوە.

کاتی ئەوە هاتووە کەرکوکیەکان کەرکوکیانە بڕیار  لەسەر چارەنوسی شارەکەیان بدەن و دروسترین بڕیاریش بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای کەرکوک بەپێی خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەولەتی ڕاگەیاندنی هەرێمێکی سەربەخۆیە بۆ کەرکوک و دروستکردنی ئیدارەیەکی هاوبەشە کە سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو شارە بەشداری ڕاستەقینەی تێدا بکەن و ئەزمونێکی نوێی حوکمڕانی پیشانی دونیا بدەن و کەرکوک بکەنە نمونەی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی و داهات و سامانەکەیشی تەرخان بکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی  بەبێ جیاوازی ڕەگەزی و ئایینی.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.