میللەتی ئێمە خەریکی چیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 368 جار بینراوە

د. یونس سید رشید

بێ گومان هەموو دەرەنجامێك فاکتەر و هۆکاری جۆراوجۆر لە دروستکردنیدا بەشدارە. بۆیە ئەگەر بزانین میللەتی ئێمە خەریکی چیە ئەوا دەتوانین وەلامی ئەو پرسیارە میژوییە بدەینەوە (بۆ میللەتی ئێمە بەردەوام قەیران و شکست و دواکەوتن و کارەسات دەستاودەست دەکات نەوە دوای نەوە). بە ڕای من مەسەلەکە بەر لەوەی سیاسی بێت زیاتر فکری و پەروەردەیە چونکە ئەو ژێرخانە فیکری و پەروەردەیەی لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەدا ڕەگی داکوتاوە بەردەوام ژینگەیەکی کۆمەلایەتی وا دەڕەخسێنێت کە تیایدا بە گشتی تەنها تاك و خێزانی بارگاوی کراو بە کێشەو قەیرانی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنێت، بە هەردوو ڕوویەوە تاوانبار و قوربانی، بە دەوڵەمەند و هەژاری.

باسی مێژووی کۆن و هاوچەرخ ناکەین، تەنها بزانە لە دوای ١٩٩١ ەوە تاکو ئێستا کە نزیکەی چارەکە سەدەیەكە میللەتی ئێمە لە هەرێمی کورستانی عێڕاق خەریکی چیە. ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەرکی ئەوە دەکەیت بۆ سەروسیمای میللەتی ئێمە بەو شێوەیە کە ئێستا دەیبینیت، بەدەر لەوەی ئایا تۆ لە توێژی کەمینەی سوودمەندی یان زۆرینەی ئاسایی یان قوربانیت. بێ گومان هەموو کاتێكیش قوربانی بێ تاوان نیە. بێ گومان بارودۆخی ئێمڕۆش بەرهەمی ئەویە کە تۆ بە چ خەریك بوویت دوێنێ وە ئەوەی ئێستاش پێی خەریکی بێ گومان هەمان بەرهەمی دەبێت لە داهاتوو.

بەدەر لە بیرکردنەوەی نێگەتیڤانە، ئەگەر بە هەموو سێکتەرەکانی کەرتی گشتی و تایبەتی دا بڕۆیت لە هەرێمی کوردستان، جگە لە قەیرانی جۆراوجۆر زیاتر نابینیت، هەر لە سێکتەری پەروەردەو خوێندنی باڵا بگرە تێپەڕ بە تەندروستی و باری کۆمەڵایەتی تا دەگات بە کشتوکاڵ و کارەبا و …..هتد. وە تاکە خاڵی پۆزێتیڤ و تاکە شتێك هەبێت کە دڵمان پێی خۆش بێت و سەربەرزبین پێی ئەوەیە کە میللەتی ئێمە بەشداری شەڕی دژ بە داعشی کرد. هەرچەندە لە لایەکی ترەوە میللەتی ئێمە بە کوورت بینی و بێ پلانی خۆی ژینگەی گونجاو و پلاتفۆرمی بۆ ئیحتیمالی سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ئەو بیرە دواکەوتوو و وێرانکەرە ڕەخساندووە کە لە میانەی ئەو بابەتە زیاتر ئاماژەی پێ دەکەین. بەڵگەش ئەوەیە لە سەروبەندی شەڕی داعش هەرچەندە من هیچ ئامارێكم لەبەردەستدا نیە بەڵام بیستوومانە کە سەدەها ڕۆلەی کورد لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لەوانەی پەروەردە کرابوون بە فیکری ئیسلامی سیاسی لە گەرمەی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە پەیوەندیان بە بەرەکانی داعش کرد و بەشداریان کرد لە کوشتنی پێشمەرگەی کوردی میللەتی خۆیان. خۆ ئەگەر ئەوانە پەروەردە کرابان بە بیری نەتەوایەتی ڕاست و دروست ئەوا ئەو ڕێباز و چارەنووسە رەشەیان نەدەگرتەبەر.

خاڵیکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە زۆر هەڵەیە ئێمە مەسەلەی گەندەڵی تەنها قەتیس بکەین لە چوارچێوەی بابەتی دارایی و داهات و سەروەت و سامانی گشتی و دەسەڵات و حزبێك یان لایەنێکی دیاریکراو. چونکە لە لایەك  گەندەڵی دەرەنجامە هۆکار نیە وە لەلایەکی ترەوە مانای گەندەڵی زۆر فراونتر و هەمەلایەنترە، چونکە جگە لە تەوەری ئابوری و دارایی، لایەنی فیکری و کۆمەڵایەتی و ئیداری و سیاسیش دەگرێتەوە. بۆیە بەو پەڕی قەناعەتەوە دەتوانین بڵێین لە ژینگەی قەیراناوی و دواکەوتوو تەنها گەندەڵی بەرهەم دێت و کۆی گشتی کۆمەڵگا نەك تەنها دەسەڵات تیایدا تێوەدەگڵێت و پشکی خۆی بەردەکەوێت، جا جیاوازی نیە فلان حزب لەسەر دەسەڵات بێت یان عەلان حزب، ئەگەر جیاوازیەکیش بێتە کایەوە ئەوا زۆر کاتی و سنووردار دەبێت و ئیحتیمالی خراپتریشی هەیە.

لەم بابەتەدا  زاراوەی ” مورتەزەقە” بەکاردەهێنین کە زاراوەیەکی عەرەبیە و بە ئینگلیزی پێی دەڵێن  “مێرسنەری”

“Mercenaries”

بۆیە دەبێت لەسەرەتادا پێناسەیەکی کورتی ئەو زاراوەیە  بکەین. لە ڕاستیدا ئەو زاراوەیە لە قاموسی سیاسی و قانونی و عەسکەری بۆ پێناسەی ئەو کەس و خەڵکانە بەکارهینراو کە بە شێوازیکی نا یاسایی لە دەرەوەی سیستمی فەرمی عەسکەری ووڵات بەشداری جەنگ دەکەن بە مەبستی دەستکەوتنی بڕێك پارە و هەندێك ئیمتیازاتی تر جیاواز لە مەبەستی سیاسی ووڵات.

بەڵام ئەو زاراوەیە بە ڕای من تا ڕادەیەکی زۆر شیاو و زۆر بە ووردی گوزارشت دەکات لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی باو لە نێو کۆمەڵگاکانی جیهانی ئیسلامی بە گشتی و کۆمەڵگای ئێمە بە تایبەتی وەکو بەشێك لە جیهانی ئیسلامی.

بۆیە لەم بابەتەدا زاراوەی “مورتەزەقە” بەکاردەهێنین بۆ پێناسەی ئەو کەسانەی کە داهاتی مادی و مەعنەوی لە دەرەوەی کار و پیشەی خۆیان بە شێوەیەکی نا یاسایی و نا شەرعی دەست دەکەوێت. چونکە داهاتی یاسایی و شەرعی بەهەردوو ڕوویەوە مادی و مەعنەوی پەیوستە تەنها بە ئەنجامدانی کارێك کە لە چوارچێوەی پسپۆری و شارەزایی پیشەیی خۆت بێت دوور لە بەکارهێنانی ماسك و لافیتەی نەتەوایەتی یان ئاینی یان مەزهەبی یان حزبی.

لە ڕاستیدا ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگای پێشکەوتوو و خاوەن سیستمی بەڕێوبەردن و ئابووری بەهێز و پتەو بوونی نیە. چونکە سەنگی مەحەك لە سیستمی عەلمانی و دیموکراسی و کۆمەڵگای  ڕۆشنبیر و جێگیر پسپۆری و لێهاتووییە لە سەر بناغەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو. بۆیە ئەندازیارێکی هۆڵەندی یان ئەڵمانی سەرچاوەی داهاتی تەنها مومارەسەی پیشەکەیەتی، نە پێویستی بە ماسکی نەتەوایەتیە و نە ماسکی مەسیحی نا ماسکی ئەو حزبەی لایەنگریەتی بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە داهاتی تری دەستکەوێت. لە هەمان کاتدا خزمەتێکی دڵسۆزانەی ووڵاتەکەشی دەکات و منەت و نازیش لەسەر کەس ناکات بە ناوی نەتەوایەتی و ئایینی، ئەوە جگە لەوەی کە خۆی بە گەورەتر و عاقڵتر لە هاوڵاتیان ئەژمار ناکات و مافی دادگایی کردنی خەڵك بە خۆی نادات و نابێت بە وەکیلی خودا لە سەر زەوی.

بۆ نموونە پزیشك دەبێت سەرچاوەی داهاتی تەنها بەرامبەر ئەو خزمەتە بێت کە بە نەخۆشی دەیبەخشێت، بەڵام کاتێك ناونیشان یان ماسکی حزبی یان ئایینی بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و گەرم کردنی بازاڕی پیشەیی و پسپۆڕی خۆی وەکو سەرچاویەکی تری داهاتی ماددی لە پاڵ داهاتی یاسایی خۆی بۆ قەبەکردنی سەرچاوەی داهاتی ماددی و مەعنەوی ئەو کات دەبێت بە پزیشکێکی مورتەزەقە و دەردەچێت لە بەهای بەرزی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی. ئەوە بۆ سیاسەتمەدار و سەرمایەدار و بازرگان و ئەندازیار و مامۆستا و کاسبکار و جووتیاریش ڕاستە.

ئینجا با بێین ئاماژە بە هەندێك لەو مەسەلانە بکەین کە بە ڕای ئێمە بەشێکی زۆر لەو میللەتەی ئێمە پێیوە خەریکە. بێ گومان مەبەست بێ ڕێزی کردن نیە بەرامبەر میللەتی خۆمان بەڵکو تەنها پەنجە دانانە لەسەر ئەو نەخۆشیە فیکری و پەروەردەییانەیە کە سەرچاوەی هەموو ئەو قەیران و نەهامەتیانەیە کە میللەتی کوردی ئێمە نەوە دوای نەوە پێی دەناڵێنێت و تەنها توێژێکی دیاریکراو و ناحەزانی ئەو میللەتە سوودی لێ وەردەگرن ئەگینا کۆی گشتی میللەت هەر زەرەرمەند تیایدا دەردەچێت.

١- بەشێکی مورتەزەقەی کێشەی نەتەوایەتیە، لە پەنای ئەو مەسەلەیە خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی و بازرگانی خۆیەتی.

٢- بەشێکی مورتەزەقەی ئیسلامچیەتیە، لە ژێر لافیتەی ئیسلامی سیاسی و لە ژێر ماسکی دینداری خەریکی بەنج کردن و چەواشەکردنی میللەتە. عەڕڕابی ستراتیژیەت و بەرژەوەندی و ئەزموون و پڕۆژەی حزبە ئیسلامیە شمولیەکان و نەتەوە شکستخواردووەکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیە لە ناو میللەتی خۆی. نەخۆشی فیکری و پەروەردەی سەقەتی وان لە ناو میللەتی خۆی بڵاودەکاتەوە بەرامبەر ئەو ئیمتیازاتە ماددی و کۆمەڵایەتیانەی دەستیان دەکەوێت لە لایەن سەرچاوەی دەرەکی و لە سەر حیسابی چارەنووسی میللەتی خۆیان. فیکری ئیخوان موسلمین و فیکری ئیسلامی سەلەفی بە هەردوو ڕویەوە ” لایەنگری دەسەلات و دژە دەسەڵات”  دوو نموونەی زەقی ئەو دیاردە ڕوخێنەرەن. ئایا میللەتی کوردی ئێمە چ بەرژەوندیەکی هەیە لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی شکستخواردووی ئیخوان موسلمین کە لە خودی سەرچاوەکەی لە ووڵاتی میسڕ فەشەلی هێناوە و بۆتە یەکێك لە سەرچاوەی سەرەکیەکانی کارەساتەکانی جیهانی ئیسلامی. هەموو توندڕەوە ئیسلامیەکانی جیهانی ئیسلامی دەرەنجامی ئەدەبیات و پەروەردەی ئەو قوتابخانە سەقەتەن. قوتابخانەی ئیخوان موسلمین و ئامۆزاکانی لە سەلەفی و گروپە ئیسلامیەکانی تر پلاتفۆرم و هەنگاوی یەکەمن بەرەو سەرگەردانی. وە ئەگەر ئەو پرۆژەیە “کە لە بنەڕەتدا زادەی فیکری دواکەوتووی عەرەبە” گونجاو بێت بۆ عەرەب ئەوا بە هیچ جۆرێك لە بەرژەوندی ئێستا و ئایندەی کورد نیە بەڵکو نێوماڵی کورد وێرانتر دەکات. لە لایەکی ترەوە ئەو هەموو لایەنە ئیسلامیە بۆ کاتی خۆی ٤٠-٥٠ ساڵ پێش ئێستا بوونیان لە نێو ماڵی کورد نەبوو، عەجەبا لە دوای ١٩٩١ ئەو هەموو تایپە ئیسلامیە جۆراوجۆرە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.؟ حەقە تێکڕای خەڵك و ئیسلامیە کوردەکانی خۆمان ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن. وە دەتوانن پرسیارێکی تریش بکەن، ئەو ئیسلامە سیاسیەی ئیستیرادمان کرد لە دەرەوە ناوماڵی کوردی پەرت و بلاوترکرد و کێشە و قەیرانی زیاتر کرد یان بە پێچەوانە بووە مایەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و پتەوکردنی ناوماڵی کورد؟ من دەڵێم بەخوا ئەگەر ئەو ئیسلامە سیاسیە و ئەو تەوژم و هیستریا ئاینیەی کە ناویان لێ ناوە ” ڕابوونی ئیسلامی”  خێری بۆ میللەتی کورد هەبوایە ئەوا ئێستا هەر برا موسڵمانەکانمان لە عەرەب و تورك و عەجەم سنووریان دادەخست لەسەر کوردستان بۆ ئەوەی ئەو خێرو بەرەکەتە بە ئێمەی کورد نەگات.

من لەوپەڕی قەناعەتدام کە ئەگەر پڕۆژەی نەتەوایەتی و عەلمانی دادپەروەر و بونیاتکەر هەبێت کە بایەخی ڕەها بە پەرەپێدانی مرۆیی و ئاوەدانی بدات ئەوا هەرگیز ئیسلامی سیاسی بوونی نابێت. بوونی ئیسلامی سیاسی و تەوژمی دینداری بە هەموو ڕوویەکانیەوە و تەشەنەکردنی لە ناو کۆمەلگای کوردەواری ئێمە ئاماژەیەکی تەواوی فەشەلی سیستمی سیاسی و ئیداری دەسەڵات و ئوپۆزسیۆنی عەلمانی و تێکڕای میللەتی کوردە.

٣- بەشێکی وەکو چێشتی مجێور خڕبۆتەوە لە ژێر لافیتەی “ئۆپۆزسیۆن” و خەریکی دەهوڵ لێدانە بۆ دەسەڵات. ئەگەر دەسەڵات دوو فلوس بخاتە بازاڕ ئەوا زۆربەی خەڵك ئاوڕیان لێ ناداتەوە. لە خودی خۆیان بە ڕێژەی جیا جیا بەشێکن لە کێشە و قەیران نەك چارەسەر.

٤- بەشێکی وەکو سەرمایەداری بێ لایەن لەگەل سەرمایەدارە نوێیەکانی ژێر سێبەری حیزبەکان بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەوە هاوسەرگیریەکی ئابووریان لەنێوخۆیان بەستووە و کوتلەیەکی ئابووری بەهێزیان پیکهێناوە سوودمەندن لە سیستمی ئابووری گەندەڵ و قەیرانە جۆراوجۆرەکان و پێداویستیەکانی چینی کەم دەرامەت و هەژار.

لە هەمان کاتدا سەرمایەداری ئیسلامی هەیە کە لە ڕێی حزبی ئیسلامیەوە بۆتە بە سەرمایەدار پرۆژەی هاوبەشی گەورەی هەیە لەگەڵ سەرمایەداری حزبە بەناو عەلمانیەکان و بەرژەوندیەکی ئابووری پتەو کۆیانی کردۆتە، بەڵام سەیر لەوەدایە، ئەو سەرمایەدارە ئیسلامیانەی کە بە ترۆکانێکی چاو لەناو کۆمەڵگا دەرکەوتن لە ڕێی داهاتی نا یاسایی و نا شەرعی، بە ڕۆژ لە ناو کۆمەڵگا دژ بە هاوبەشە عەلمانیەکانیان لەناو کۆمەڵگا گوفتار دەکەن و ئیسلامەتی بە خەڵك دەفرۆشن کەچی بە شەو و لە تاریکی و لە ژێر پەردە پڕۆژەی ئابووری بە سەرمایەی ملیۆنەها دۆلار لەگەڵ ئەو نەیارە عەلمانیانە بەڕێوەدەبەن. کەواتە دەتوانین بڵێین بەرژەوەندی ئابووری هەموو ڕەنگەکان کۆدەکاتەوە، ئیسلامی ئیسلامیە تا بابەتەکە دەگات بە پارە و پوول، کە مەسەلەکە بوو بە بسنس نە خودا و نە پێغەمبەر و نە ئیسلام و نە میللەت جێگایان نابێتەوە، بۆ بەناو عەلمانیەکەش هەمان شت ڕاستە. بەڵکو عەلمانیەکە زۆر ڕەوشتانەتر ڕەنگە مامەڵە بکات بەراورد بە ئیسلامیەکە. بەوپەڕی قەناعەتەوە دەتوانم بڵێم کە نا پابەندترین  سەرمایەدار و بازرگان بە ئەخلاقیاتی پیشەیی لە ئەمانەت و دەستپاکی ئەوانەن کە ئیسلامین یان ئەوانەن کە ماسکی دینداری و ئیسلامیان پۆشیوە، لە بورەکانی تریش بە ڕێژەی جیاجیا هەمان بابەتە.

٥- بەشێکی مورتەزەقەی حزبایەتیە و خەریکی ڕاوکردنی پۆستی حزبی و حکومیە وەکو سەرچاویەکی تری داهات لە پاڵ پیشەی یان پسپۆری خۆی. تەنانەت لەوانەیە پەنا بۆ تەزویر و شەهادەی تۆزۆباش بەرێت بۆ گەیشتن بەو پۆست و پایە و پێگە کۆمەلایەتیە.

٦- بەشێکی خەریکی حزبایەتیە بێ ئەوەی هیچی دەستکەوێت، نەك هەر سوودمەند نیە بەڵکو لەوانەیە ماڵیشی وێران بوو بیت، بەڵام لەبەر ئەوەی تووشی نەخۆشی ئیدمانی حزبی بووە بۆیە خووی بە حزبەکەی یان جەماعەتەکی گرتووە و ناتوانیت وازی لێ بهێنێت.

٧- بەشێکی خەریکی سەنگەر گۆڕینە، لە کوێ زیاتری دەستکەوێت و بەرژەوەندی خۆی تێدا بدۆزێتەوە ڕوو لەوێ دەکات و گێڕی بۆ لای ئەو دەگۆڕێت. پاشان هەزار بیانوو دەهێنێتەوە کە  لە پێناو کوردایەتی یان ئیسلامەتی یان میللەت سەنگەری خەباتی گۆڕیوە.

٨- بەشێکی لەبەر بژێوی ژیانی بۆتە کۆیلەی فلان حزب و عەلان حزب.

٩- بەشێکی زۆر گرنگیشی کۆمەڵگای کوردەواری ئەوەی ناوی دەنێین بە نیوەی کۆمەڵگا واتە ” ڕەگەزی مێ” کە لە سروشتی خۆیدا کارگەی دروست کردنی تاك و خێزانی تەندروستە بۆتە  قوربانی فیکر و پەروەردە و کەلتووری قەیراناوی ڕەگەزی نێر. بۆیە دونیای تایبەتی ئەویش پڕە لە قەیرانی جۆراوجۆری فیکری و کەلتوری تا ئەو ڕادەیەی زۆرجار ڕەگەزی مێ خودی خۆی دژ بە بەرژەوەندی و مافی ئادەمیزادانەی تایبەتی خۆی ڕەفتار دەکات چونکە توێنراوەتەوە لە قالبێکی تەسك بە جۆرێك گیرۆدەی بیرۆکەی هەڵە بووە تا ئەو ڕادەیەی لێی بۆتە ڕاستی ڕەها.

١٠- بەشێکی بە ناوی ڕۆشنبیری و عەلمانیەت و دیموکراسیەت کە خۆی لە خودی خۆیدا نە ڕۆشنبیرە و نە عەلمانیە و نە دیموکراسیە تەنانەت لە هەموو لایەك موفلیسە ، ئینجا دیت بە ناوی نوێگەرایەتی و عەلمانەیەت و شارستانیەت و کوردایەتی و نەتەوایەتی ئاوازی نەشاز و بێ مانا دەژەنی.

١١- بەشێکی بە ناوی مودێرن و ڕیفۆڕمخواز ومیانڕەو وا سەرگەردان بووە بە خۆشی پێناسەی خۆی نازانێت، لە هەمان کاتدا عەلمانی و ئیسلامیە، وەکو کابرای شیوعی نوێژکەری لێهاتووە، کە پێیان گۆت قوربان تۆ نە لە شیوعیەت تێگەیشتووی و نە حاڵی بووی لەو ئیسلامەی لە باووباپیرانت بۆت ماوەتەوە ، ئەگەرنا شوعیەت و ئیسلامەتی چۆن کۆ دەکرێنەوە؟؟؟!!!

١٢- بەشێکی خەریکی مەلا  و شیکردنەوەی سیاسی مەلا و حیکایەتەکانی زەید و عەمڕە. مەلا فلان وای گۆت و مەلا عەلان وای بێژی.

١٣- بەشێکی خەریکی گەرم کردنی بازاڕی خۆیەتی بە کاڵای “ئیسلامەتی و دینداری” کە ئیمڕۆ لە جیهانی ئیسلامی بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی ڕەواجی هەیە. سەیر لەوەدایە بەشێکی بەرچاویش لە توێژی خوێندەوار لە پزیشك و ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ و مامۆستا و فەرمانبەر و تاجیر لەو بازاڕە بێسەروبەرە تێوەگڵاون ئەوە جگە لە شفتی فرۆش و حەلاق و قەساب و سایق تەکسی و باجی و حاجی کە ئەوانیش ئیمڕۆ “بە فەزڵی خودا” شارەزاییان پەیداکردووە لە بانگەوازی ئیسلام و فەتوا و سیاسەت و ئێستا پسپۆڕن لە بواری کۆمەڵایتی و مێژوو و سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە “ڕوانگەی ئیسلام”، وتیایندا هەیە بە دوو ووتاری ئاینی دەبێت بە سیاسەتمەدار و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یان ئەندام پەرلەمان یان وەزیر.

١٤- بەشێکی خەریکی هیستریای ئیسلامی سیاسی فاشیلن، کورد بوونی خۆیان لە بیر کردیە و بەنج و سەرخۆش بووینە بە تلیاکی ئیسلامی سیاسی و هەوڵی دووبارەکردنەوەی ئەزموونی شکستخواردووی درێژخایەنی سەدەها ساڵ پێش ئێستا دەدەن و بە خەون و خەیاڵی سەردەمی خەلافەت و بە هیوای فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی سیۆقراتی و جێبەجێکردنی شەریعە و ئەلف و بێی فیقهو و مەزهەب لە چوارچێوەی مێژوویەکی سەقەت و پەقەت دەژین و دەخولێنەوە. بە چاویلکەی ڕەشی ئیسلامی سیاسی و فیقهی ئیسلامی دونیا دەخوێننەوە بەجۆرێك خەڵك بە گشتی پۆلێن دەکەن بە برای موسڵمان و “خواص” و ” عوام” و مونافیق و موبتەدیع و موشریك و عەلمانی و مولحید و مورتەد و گومڕاو و جاهیل …هتد بۆیە هەرگیز نە لەنێو کۆمەڵگای داخراوی خۆیان تەبان وە نە لەگەڵ خەلکانی جیاواز لە وان تەبان، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت ئەوا شەڕی برا کوژی ئیسلامیش بەرپا دەکەن هەر لەنێو خودی ماڵی ئیسلامی خۆیان.

ئەوانە هەرگیز هەڵوەستەیەك لە خۆیان ناکەن و موڕاجەعەیەکی خۆیان ناکەنەوە و بیرناکەنەوە و  ناپرسن لە خۆیان ئەرێ بەرهەمی ئەو خەلافەتە نا موبارەکە چی بوو؟ ئەرێ حاڵی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی گەلەك جوانە؟ ئەرێ ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو تاکو حاڵی حازر چ خێرێکمان لە خەلافەتی ئیسلامی و فەرمانڕەوایی برا موسڵمانەکانمان لە عەرەب و عەجەم بینیە جگە لە دواکەوتن و ژێردەستەیی و ئەنفال و کوشتن و بڕین ؟

ئێستا ئەگەر عەرەب و تورك  خەون بە خەلافەتی ئیسلامی ببین و شێت و شەیدای دینداری بن حەقی خۆیانە چونکە ئەوان بەو ئیسلامە دونیایان داگیر کرد و تێریان خوارد، بەڵام ڕۆڵەی کورد تۆ چ خێرێکت لە خەلافەت و فەرمانڕەوایی ئیسلامی و برای موسلمانانت بینیوە هەتا وا بۆی شێت و عەودال بیت جگە لە ژێردەستەیی و مافخورانی باووباپیران و ماڵ و منداڵت. ڕۆڵەی کورد تۆ بۆ لە مەلیك مەلیکتری و لە عەرەب عەرەبتری، لە موسڵمانانی نەتەوکانی تریش موسڵمانتری. ئەگەر خووت پێوە گرتووە و ناتوانیت لە کۆتك و زنجیرەی کەلتووری سەقەت و سواوی عەرەب دەرچیت،  واباشترە ناو و زمان و جل و بەرگە کوردیەکەشت نەمێنێ، فەرموو بیگۆڕە بە ناوی ئەبو کەبشەی یەعڕوبی و عەگالێك لەسەرکەو بەرەو سعودیە هیجرەت بکە یان بیگۆڕە بە تورکچە ئوغڵو و تەڕبوشی عوسمانلی لەسەر کە و بەرەو ئیستەنبۆل هیجرەت بکە. لە پێناو چی خۆت و خیزانت و میللەتەکەت دەخەیتە نێو زەلکاوی شەڕ و ململانێی مەزهەبی درێژخایەن و نەبڕاوەی مێژوویی نێوان نەتەوەکانی هەردوو بلۆکی سوونی و شیعی، بۆ ماڵی میللەتی خۆت وێران دەکەیت؟ ئەی خودا عەقڵ و لۆژیکی بۆ بە ئێمە بەخشیوە ئەگەر بیری پێ نەکەینەوە و پەندو عیبڕەت لە میژووی کۆن و هاوچەرخ وەرنەگرین؟

١٥- بەشێکی تەنها بۆتە قوربانی و خەریکی ئەوەیە باجی کۆی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسیە سەقەتە بدات.

١٦- بەشێکی خەریکی ژیانی سەرەتایی خۆیانن، وەکو ئەو قەبیلە سەرەتاییانە وان کە لە دارستانەکانی ئامازۆن دەژین وەکو مرۆڤی نیاندرتال، ئەو قەبیلانەی کە تاکو ئیستا ئاگایان لە دونیای دەرەوەو نیە و شارستانیەتیان پێ نەگەیشتووە.

١٧- بەشێکی لە هەندەران بە هەمان ئەوعەقلیەت و کەلتوورە سەقەتەی لەگەڵ خۆی هێناوە ژیان بەڕێوەدەبات، چ وەکو تاك چ وەکو جالیەی ئەجنەبی ڕەقەمێك نیە شایانی باس بێت، وە ئەگەر سبەی بگەرێتەوە کوردستانیش ئەوا بە بۆشی دەگەڕێتەوە.

جا لەبەر ئەوەی ئەو میللەتە خەریکی دووبارە و سەدبارە کردنەوەی ئەو کەلتوور و ئەزموونە فیکری و کومەڵایەتی و سیاسیە سەقەتانەیە بۆیە بەردەوام بە تونێلێکی تاریک دا دەڕوات کە کۆتایی دیار نیە و نەوە دوای نەوە قوربانی دەدات.

بۆیە تا ئەو میللەتە ساحێبی ئەو عەقلیەت و پەروەردە سەقەتە بێت ئەوا سەد سەدەی تریش ناگات بە ژیانێکی ئازاد و مرۆڤانە وەکو میللەتانی تر، بەڵکو هەر دەبێت لە چوارچێوەی قەیرانی جۆراوجۆر و خۆخۆری و ژێردەستەیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بخولێتەوە.

بێ گومان لە دوا ڕۆژیشدا نەوەیەکیان لێ پەیدا نابێت کە بتوانێت شانازی بە خۆی و باوباپیرانی بکات، چونکە هەرگیز بناغەی پووچ ئازادی و دادوەری و ئاوەدانی و میللەتی بەهێزی لەسەر بونیات نابێت.

مامۆستای زانکۆ

ئەڵمانیا

٣٠/٦/٢٠١٨

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.