ڕێگای ئاوریشم، چین بەرەو دەسەڵاتێکی ئابووری ڕەها! / بەشی یەکەم

لەلایەن ستاندار Posted on 630 جار بینراوە 0 سەرنج
Madiha

 

 

د. مەدیحە سۆفی / ئەڵمانیا

گرنگترین بڕیاری یونسکۆی‌ ساڵی 2014 بۆ وڵاتی چین، بریتی بوو لە ئه‌ژمارکردنی ( ڕیگای ئاوریشم ) وه‌کوو که‌له‌پور و سیمایه‌کی ناوازه‌ی ئه‌و وڵاته و تۆمارکردنی له‌ ڕیزبه‌ندی شوێن و که‌له‌پوره‌ ناوازه‌کانی جیهاندا‌، ڕێگای ئاوریشم ئه‌و ڕێگای قافڵە ڕەوەیە‌ که‌ کاروانه‌کانی گوازتنه‌وه‌ی کاڵا و شتومه‌کی چینی و به‌تایبه‌ت ئاوریشمی له‌ دووسه‌ده‌ پێش زایینیه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا و ناوچه‌کانی ئه‌ولاتری پێدا تێده‌په‌ڕی.
ناوبانگی وڵاتی چین ده‌مێکه‌ بە کاری دەستی و چنین و ڕستن و به‌رهه‌می ئاڵاو واڵای پۆشاك و ورده‌کاری جوانکاری و زۆر به‌رهه‌می دیکه‌ی وەکو بواری عەتاری و دارچینی ناسراوه‌، هه‌ر له‌ پێش زایینیه‌وه‌، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ سنووری چینی بڕیوه‌ و به‌ره‌و ده‌ڤه‌ره‌کانی ده‌وروپشت بە قافڵە گوازراونه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌موو کیشوه‌ره‌کانیشه‌وه‌ پێشوازی لێ کراوه‌، ده‌مێکه‌ چین ده‌روازه‌ی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ناساندن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زرنگی و ده‌ستڕه‌نگینی و کولتوری چینی به‌ره‌و سنووری ده‌ره‌وی خۆی‌ کردووه‌ته‌وه‌.
ئێستا چین له‌ قۆناغێکی گۆڕان و په‌لهاویشتنێکی وایه‌، که‌ زه‌حمه‌ت هێزێکی ئابووری له‌و به‌هێزتر ‌بتوانێ ببێته‌ ڕکابه‌ری و به‌رده‌وامیه‌که‌ی بوه‌ستێنێ، جیهان له‌ ئاستی ئه‌م فره‌به‌رهه‌م و فره‌جۆر و فره‌ڕه‌نگه‌ی وه‌به‌رهه‌مهێنانی چین ده‌سته‌وه‌ستانه‌، له‌ ئێستادا فره‌جه‌مسه‌ریه‌کی کاتی له‌ دنیادا زاڵه‌، که‌ ئه‌وه‌نده‌ نابات جه‌مسه‌ری چین وه‌کو جه‌مسه‌ری سه‌ره‌کی له‌ بواری ئابووری و ده‌سه‌لاتدا دانی پێداده‌نرێت، چین وڵاتێکه‌ که‌ زانستی وه‌کو پێگه‌ی سه‌ره‌کی بۆ خه‌رجکردنی سه‌رمایه‌ خستووه‌ته‌ ئاراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی بەهۆی بڕیاری تاك حزبیەوە کات ‌و چاوه‌ڕوانی له‌ بڕیارداندا خه‌رج ناکات، ئەوەی بۆ بەردەوامی ئەم سەرهەڵدانە زۆر پێویستە تەنها بڕێکی زۆری وزەیە و دابینکردنی سه‌رچاوه‌کانی وزه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌فریقاوه‌، چین زۆر بێدەنگ بووە چەقی قورسایی ئابووری جیهان، لەوێشەوە دەبێتە چەقی قورسایی سیاسەت و هاوپەیمانەکانی کۆدەکاتەوە و دەشێ کێبڕکێی سیاسیش ببێتە پاڵپشتی بەردەوامیدان بەم سەرهەڵدان و گەشەسەندنەی ئێستای.

ڕێگای ئاوریشم One Belt one road
گه‌ر بناغه‌ی هه‌موو ده‌ستپێکردنێك، له‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی چڕ و سه‌ره‌تایه‌کی به‌ متمانه‌وه‌ ده‌ست پێبکات، سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، چینیش ئاوڕی له‌ ڕابوردووی پڕ له‌ شکۆی پێش زاینی دایه‌وه‌ و بڕوای به‌ توانای خۆی و متمانه‌ی به‌ بڕیاردانه‌که‌ی خۆی هه‌بوو. ئاوڕدانه‌وه‌ی چین له‌ ڕابوردووی دووری پێش زاینی، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بوو له‌ گه‌شه‌ و په‌ره‌سه‌ندن و په‌لهاویشتنی ئه‌و کاته‌ی چین له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌ ڕابوردووی نزیکیش، که‌ هه‌ژاری و برسێتی و شێواوی و ڕۆچوون به‌ره‌و ئابووریه‌کی ناهه‌موار و وێران و لاواز لەلایەکیترەوە، که‌ ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تێکی بێ پلان و په‌یامی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌ئاژوی، له‌ نێوان هه‌ردوو ئاوڕدانه‌وه‌که‌دا شۆڕشێکی ئابووری لەسەرخۆ و بەردەوام سەریهەڵدا، که‌ ڕوانگه‌ و بۆچوونی شاره‌زایانی له‌و خاڵه‌دا چه‌سپاند که‌ گه‌شه‌ی ئابووری، به په‌یڕه‌وکردنی‌ سیاسه‌تێکی‌ تۆکمه‌ و گشتگیری ڕه‌چاوکردنی سه‌رجه‌م بواره‌کانی دیکه‌ ده‌کرێ.
مێژووی ڕێڕەوی ڕێگای ئاوریشم دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ پێش زایینی، لە ساڵی ١٣٨ پ.ز قەیسەری چین له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی( بنه‌ماڵه‌ی- هان ) پێویستی بە پاڵپشتێك هەبوو بۆ پاراستنی ناوچەکانی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکوری ڕۆژئاوای چین لە هێرشی چەتە و دەوارنشێنەکانی سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی کاروانه‌کانی گوازتنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی پێدا تێده‌په‌ڕی، بۆیه‌ له‌ هاوپه‌یمانیه‌ك ده‌گه‌ڕا له‌ نێوان سنووری باکوری ڕۆژئاوای چین و بازاڕی ساغکردنه‌وه‌ی کاڵاکه‌ی بەرەو ئاسیای ناوه‌ڕاست، بەو هاوپه‌یمانیه‌ی قه‌یسه‌ری ئەوسای چین له‌گه‌ڵ پاشاکانی ئەو دەڤەرە، توانی به‌ درێژایی ڕێگای قافڵه‌کان و بۆ‌ پاراستنیان له‌ ڕێگری و چەتەگری، چه‌کداری تایبەت جێنشین بکات و سه‌لامه‌تی تێپه‌ڕبوونیان دابینکردن بکات.
کاروانه‌کانی ئه‌م قافڵانه‌ له‌ شاری تشانغانه‌وه‌ له‌ ناوه‌ندی چینه‌وه‌ ده‌ستی پێده‌کرد و‌ بیابانی جوبی و به‌رزاییه‌کانی تیبتی ده‌بڕی و پاشان به‌ره‌و ناوچه‌ی تاکلاماکانی و بە شارەکانی سەمەرقەند و بوخارادا تێدەپەڕی و به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا و که‌ناره‌کانی خواروی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوین ده‌ڕۆیشت تا ده‌گه‌یشته‌ که‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و له‌وێ له‌نگه‌ری ده‌گرت، کاڵای ئه‌م کاروانانه‌ بۆ ئه‌و کاته‌ چه‌نده‌ها جۆری له‌ به‌رهه‌م و کاری ده‌ستکرد و کاری ده‌ستی چینی ده‌گرته‌ خۆی وه‌کو ده‌فری گڵ و دارچینی و بۆن و گژوگیای سروشتی بۆ ده‌رمانسازی و جل و به‌رگ و که‌ره‌سته‌ی جوانکاری و زۆریتر، به‌ڵام له‌ هه‌مووی زیاتر ئاوریشم بوو. وڵاتی چین تا سەدەی پێنجەم مۆنۆپۆڵی بازرگانی ئاوریشمی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردبوو، لەو سەردەمەدا ئاوریشم وەکو دیارده‌یه‌کی ( باو ) سەرنجی زۆربەی ژنان و کچانی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئەو کاتەی ڕاکێشابوو، کڕیاره‌کانیشی زیاتر بریتی بوون لە بنەماڵە و خێزانی پاشا و حوکمڕانەکانی ئەو سەردەمە، فرۆشیاره‌کانیش ئاڵوگۆڕی ئاوریشمیان به‌ زێڕ و به‌ردی سه‌نگین و میتاڵ و شتومه‌کی جۆراوجۆر ده‌کرد.
پەرەسەندنی بازرگانی و هاتوچۆی قافڵەکان هەر بە گوازتنەوەی کەلوپەل نەوەستا بەڵکو بووە هۆی ئاڵوگۆڕ و تەشەنەکردنی کولتور و هونەر و دەرمان و ڕێنمایی پزیشکی و چارەسەر و ته‌نانه‌ت ته‌شه‌نه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینه‌کانیش ، بۆ نمونە ئاینی بووزی لە نیمچە دورگەی هیندستانەوە بەرەو چین و سەنتەری ئاسیا و ئاینی زەردەشتی لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە و لە سەدەی حەوتەمیشەوە‌، بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلامیش لە نیمچە دورگەی عەرەبیەوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکور .
گه‌شه‌ی ئابووری چین له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد، لە گەل هاتنە سەردەسەڵاتی دینگ شیاوپینگ لە ساڵی ١٩٧٨، بڕیاری بووژانەوە و هەڵسانەوەی بە شۆڕشی ئابووری دا، بڕیارێك بۆ ئەو کاتە جێگای مشتومڕ و بۆ ئێستاش جێگەی سەرسوڕمانە، بووە خاڵی وەرچەرخانی ئابووری و ئینجا سیاسی، شیاوپینگ کادرەکانی لەسەربنەمای شارەزایی تەکنیکی و زانستی و توانا خستە سەر کار، بەرنامەکانی زۆرتر بۆ گەشەی ئابووری و شۆڕشی زانست و ڕۆشنبیری تەرخان کرد، ئاشکراشە کە ئابووری بەهێز وەکو دینەمۆی ئاراستەکردنی سیاسەت و چەتری دەسەڵات وایە، نزیکەی چل ساڵ دوای ئەو بڕیارە، ئێستا ئابووری جیهان کەوتووەتە نێو لەپی چین و هیچ خێراییەك نیە ڕەوڕەوەی کاروانەکانی لەسەر ڕێگای ئاوریشمی ئەوسا و سەرلەنوێ قیرتاوکراوەکەی ئێستا ڕابگرێ، ئەوەی گۆڕاوە، تەنها گۆڕانی کاروانەکانی پێش زایینە بە تەکنەلۆژیا و ڕێگای مۆدێرن و بڕینی سنووری زۆربەی وڵاتانی دونیا و سەردانی بەرهەمەکانی بەرەو ماڵی جۆرەها نەتەوە و زمان و ئاین و بۆچوون و ڕوانگە و جێ لەقکردنی زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ڕیزبەندی یەکەمی پێشکەوتندا بوون.
ئێستا چین وڵاتێکە خاوەنی بەهێزترین چەك و سوپا، خاوەنی ڕێگاوبانی ئابووری جیهان، گەورەترین فابریکی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئاماده‌کراوی جۆراوجۆره‌، خاوه‌ن وزه‌ی ئه‌تۆمی و چه‌کی ئه‌تۆمی، خاوه‌ن جێگای هه‌میشه‌یی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، خاوه‌ن توانایه‌کی پشتبه‌ستوو به‌ ئابووری بۆ ڕه‌خساندنی په‌یوه‌نیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ و ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیه‌کانی، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌که‌ونه‌ سه‌ر ڕێگای ئاوریشم، خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی به‌هێزی بڕیار و توانای به‌رده‌وامی، سڵ نه‌کردنه‌وه‌ له‌ خستنه‌ئارا و خستنه‌کاری سه‌رمایه‌ بۆ پرۆژه‌کانی وه‌به‌رهه‌مهێنان، لێهاتوو له‌ قۆرخکردنێکی نادادپەروەرانەی که‌ره‌سته‌ی خاو و سامانی سروشتی وڵاته‌ نه‌بوژاوه‌کان به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌فریقا و هه‌ندێ له‌ وڵاته‌کانی ئه‌مریکای باشور، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانی وشکایی و ئاوی و دروستکردنی به‌نده‌ر و له‌نگه‌ر له‌ که‌ناری ئوقیانوس و ده‌ریاکان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان، چین راپه‌ڕینێکه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانست و ژماره‌ی زۆری دانیشتوان و بڕیاری سیاسی بێ ڕکابه‌ر و سنووربه‌زاندنی مافی مرۆڤ و سه‌رکوتکردن، ساڵانە ملیۆنەها هاوڵاتی سەفەری دەرەوە دەکەن و بە داهێنان و بیرۆکەوە دەگەڕێنەوە، هەزارەها گەنجی بە بڕوانامەی زانکۆوە لە دەرەوەی چینەوە دەگەڕێنەوە نێو وڵات و توانا زانستی و شارەزاییەکەیان لە بواری شیاوی خۆی خەرج دەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٤ دا شی جینپینگ سەرۆکی ئێستای چین، ڕەشنووسی پرۆژەی ڕێگای ئاوریشمی سەرلەنوێ ئاشکرا و بڵاوکردەوە، کە بریتی بوو لە کردنەوەی ڕێگای ئاوریشم بە ڕێگای وشکایی و ڕێگای ئاوی، پرۆژه‌یه‌كی زیندوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چین که‌ ده‌توانێ هەرسێ کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا بەیەکتر دەبەستێتەوە.

 

Related image

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *