بەتەمەنترین پەڕلەمانتار دانیشتنی یەکەمی پەڕلەمان بەڕێوەدەبات

لەلایەن ستاندار Posted on 320 جار بینراوە

کەرکوک ئەحمەد

دوای ئەوەی ماوەی دیاریکراو لەلایەن کۆمسیۆن بۆ تۆمارکردنی هاوپەمانیەتیەکان بۆ بەژداری لەهەڵبژاردنی ۳۰ی ئەیلول کۆتایهات حزبە ناڕازیەکان باس لەوەدەکەن کەوا ئەوان لەدوای هەڵبژاردن گەورەترین کوتلە دروست دەکەن وە دەچنە نێو هاوپەیمانەتیەکەوە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات.

بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانیەتیەی کە بۆ دوای هەڵبژاردن قسەی لەسەر دەکرێت بتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت کە گرتنەدەستی دەسەڵاتە، پێویستە لەئێستاوە کاری لەسەربکرێت وەهەندێک هەنگاو هەیە بنرێن بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو بەرەیە توانی ٥۰ +۱ ی کورسیەکان بێنێت پارتی و یەکیەتی نەتوانن ڕێگری یاسایی بۆ دروستکەن و ببنە بەڕبەست لە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەو بەرەیە.

لەپەیڕەوی نێوخۆی پەڕلەمانا هەندێک شت هەیە شتی زۆر لاوەکی و سادەیە بەڵام ئەگەر لەئێستاوە حسابی بۆنەکرێت ئەوا پارتی و یەکێتی زۆر بەئاسانی دەتوانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بیقۆزنەوە. وەکو ئەوەی جاری پێشوتر لەکاتێ تەشکیلکردنی حکومەت بینیمان. لە مادە ۱۰ ی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی کوردستاندا هاتووە کە دانیشتنی یەکەم لەلایەن بەتەمەنترین ئەندام پەڕلەمانەوە بەڕێوە دەبرێت. وە بەپێی مادەکانی ۱۳ و ۱٤ و ۱٥ ی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان لەو دانیشتنەدا واتە دانیشتنی یەکەم دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان هەڵدەبژێرێت، دواتر بەپێی مادە ۱ لەیاسای ژمارە ۱ ی ساڵی ۲۰۱٤ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ـ عیراق ژمارە ۱ی ساڵی ۲۰۰٥ کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەڕلەمانەوە ناودەنرێ و ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وزاری لەماوەیەک کە لە ۳۰ ڕۆژ تێپەڕ نەکات.

ئەو ڕێکارە یاسایانە دەریدەخەن کەوا چەندە گرینگە بەتەمەنترین ئەندامی پەڕلەمان لە یەکێک لە حزبەکانی بەرەی ناڕازیبێت چونکە ئەگەر بێتو بەتەمەنترین ئەندامی پەڕلەمان وەکو هەڵبژاردنی ڕابردوو لە پارتی یاخود یەکێتی بێت ئەوا ئەو دو حزبە دەتوانن دانیشتنی یەکەمی پەڕلەمان کە بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەڕلەمانتار بەڕێوەدەچێت بەکراوەیی بهێڵنەوە تاوەکو حزبەکان لەدەرەوەی پەڕلەمان لەسەر هەموو شتێک ڕێکدەکەون ئینجا بیهێنن لەناو پەڕلەمان بەرگێکی یاسایی بەبەردا بکەن وەکو ئەوەی لە جاری پێشوتر ڕویدا کاتێک بەتەمەنترین پەڕلەمانتار کە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو هەڵسا بە بەڕێوەبردنی یەکەم دانیشتنی پەڕلەمان و دانیشتنەکەی بەکراوەیی هێشتەوە بەبێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و ناونانی کاندیدی سەرۆک وەزیران بە تەشکیلکردنی کابینەی وزاری لەماوەی ۳۰ ڕۆژ، کە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تەشکیلکردنی حکومەت بۆ ماوەی زیاتر لە ۲۰۰ ڕۆژ دوابکەوێت.

خۆ ئەگەر هاتباو ئەوکات بەتەمەنترین ئەندامی پەڕلەمان لەیەکێک لە حزبە ناڕازیەکان با ئەوە دەیتوانی لەدانیشتنی یەکەمدا دوای سوێند خواردنی ئەندامانی پەڕلەمان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەڕلەمان بکاتەوە وەو بەزۆرینە ئەو پۆستە یەکلایی بکاتەوە دواتریش کاندیدی گەورەترین لیست بۆ تەشکیلکردنی کابینەی وزاری ڕابسپێرێت بۆ ئەوەی لەو ماوە یاسایەی کەوا ۳۰ ی ڕۆژە کابینە وزاریەکەی پێشکەشی پەڕلەمان بکات بۆ متمانە پێبەخشین، وە لە ئەگەری پێشکێشنەکردنی کابینەی وزاری لەو ماوەیە ئەوا دووەم گەورەترین لیست لەناو پەڕلەمان ڕادەسپێردرا بۆ تەشکیلکردنی کابینەی وزاری کە ئەوکات دووەم گەورەترین لیست لەپەڕلەمان بزوتنەوەی گۆڕان بوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.