دڵی قەیرانەكان كێیە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 311 جار بینراوە

ڕەوەند حمدامین

‎كوێی ئاشتی ھەورامی ئاشتیە ئەی باشتر نیە بیكەین بە سومبولی شەڕ..؟!
‎قەیرانە دروستكراوەكەی ھەرێمی كوردستان بەتێپەڕبوونی كات لەبری چارەسەرو گرتنەبەری ڕێگەچارە ئەوەتا خەریكە بەتەواوی ھەموو جومگەكانی ژیان بگرێتەوە، حاڵی مووچە ھێند باش نەبوو ئەوەتا بەزمی كارەباشی ھاتەسەر بەم وەرزی ھاوین و گەرمایە لەحاڵێكدا سیاسی وا ھەبوو ساڵی ٢٠٠٨ ڕەقەمی فڕێدەدا و تەحەددای كارەبای ٢٤ سەعاتی دەكرد! تۆبڵێی ھێشتاش ئێمە ھەر لەساڵانی پێش ٢٠٠٨ نەبین یان ھەر بەجدی دوای دەساڵ ھێشتا دەیانی وەكو من ناچارن دێڕی تەنز ئامێز بۆ كارەبای ٢٤ سەعاتی بنوسن!
‎دوابەدوای دەركرانی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ پركردنەوەی ئەوبۆشاییە بەشێك لە وەزیرەكانی سەر بە پارتی دوو وەزارەت لەھەمانكات بەڕێوە دەبەن، لەوانەش ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانە، كوردەواری دەڵێ ماڵ بۆخۆی نەبوو میوانیشی ھاتێ! كاك ئاشتی خۆی ئەدای سامانە سروشتیەكانی ھێند باش نەبوو وەزارەتی كارەباشی ھاتە بان.. ئەگەر كێشە سەرەكیەكانی ئەم قەیرانە ناڕەوایە كورت بكەینەوە لەمانە خۆی دەگرێتەوە.. مووچە، كارەبا، نەوت و گازو بەنزین. تەواوی ئەوكێشانەش نەك ھەر دووربە دووری بەڵكو پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ئاشتی ھەورامیەوە ھەیە بەو پێیەی كێشەكان لە زنمی دەسەڵاتی جەنابیانن.. مووچە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داھاتی نەوت و فرۆشی نەوتەوە ھەیە كە كاك ئاشتی بارپرسی یەكەمیەتی، تا فرۆشی نەوت باش بێت داھات باشتر دەبێت و توانای دابینكردنی مووچەی ھاوڵاتیان ئاسانتر دەبێ، بەنیسبەت كارەباشەوە ئەویش پەیوەستە بە دابینكردنی گازوایل و سوتەمەنی بۆ محەتتەكان بۆ پێدانی بڕە كارەبای پێویست، دەبینین دیسان گوڵی مەجلیس كاك ئاشتی ھەر خۆیەتی! ئەو وەزیری كارەبایە و ئەو كەسەش كە دەبێ سوتەمەنیەكە دابین بكات ھەرخۆیەتی، وەك ئەوە وایە بەدەستێكی شتێك بداتە دەستەكەیتری! ئەگەر دەپرسی ئەی بۆچی ئەمیشیان ناكات ئەوا وەڵامی ئەم پرسیارەش وەك تیۆری ڕێژەیی ئەینیشتاین ی لێھاتوە بە ئێمە وەڵام نادرێتەوە. نرخی بەنزین ھەر لەسەروە، ھەوڵێكی شكستخواردووش ھەبوو كە گوایە لە بەغداوە بڕێك بەنزین بنێردرێت بۆ كەم كردنەوەی ئەو لۆدەی لەسەر ھەرێمە و دابەزینی نرخی سوتەمەنی بەگشتی بەڵام بینیمان بەغداش خراپترین بەنزینی كوالێتی نزمی نارد وەك ئەوەی قسە و داواكاری بەرپرسانی ئێرە ھەر ئەوەندەی ئەرزش ھەبێت، ئەمەش بەردەوام نەبوو بەڵام ئایا پێویست بەوە دەكات داوا لەكەس بكرێت بۆ مەگەر خۆمان نەوتی خاومان نیە؟ بۆ مەگەر پاڵاوگەمان نیە؟ ئەو نەوتەی بەناوی فرۆشی سەربەخۆوە دەینێریتە دەرەوە كە خۆمان كەمترین سودی لێدەبینین بەڵكو زیاتر توركیا لێی سودمەندە، ئەگەر فرۆشەكەت بەشی ئەوە نیە مووچەی پێدابین بكەی لانیكەم بەشێكی بۆ ناوخۆ دابین بكەو ھەرزان فرۆشی مەكە با لانی كەم خۆمان سوتەمەنی بەھەرزان بكڕین!
‎دەبینن سەرچاوەیەكی گەورەی قەیرانی ئەو وڵاتە تاكە شەخسێكە، ئەو كەسە تەنانەت ئامادە نیە لەم ھەرێمەش بژی بەڵكو لەدەرەوە ژیانێكی خۆش و ڕەفاھیەت دەژی، حاڵی ئێمەش لای ھەموان ئاشكرایە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.