گۆڕان دوژمنە گەورەکەی خۆی

لەلایەن ستاندار Posted on 329 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

– (تەوریس و گەندەڵی) ئەو دوو خاڵەبوون کە گۆڕان لەوێوە نەیارەکانی دائەکوتی، ئەگەر گۆڕان خۆی شوبهەی ئەو دوو شتەی لێبکرێ، دوو پرسیار دێتە پێش، ئایا چیتر گۆڕان ئەتوانێ لەو دوو خاڵەوە لەوانیتر بدات؟ ئایا چیتر گۆڕان خۆشی شایەنی لێدان و داکوتین نیە؟

– (پارەو موڵك و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات) سێ عینوانە سەرەکییەکەی گەندەڵین، گۆڕان ئەگەر باشیش بەکارینەهێنابێ، قسەی ئەوەی لەسەر نیە کە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت و خۆجێیی خراپ بەکارهێنابێ، بەڵام لەئێستایا بەگەرمی قسەی پارەو موڵکی گشتی لەسەرە، یەعنی لە سێ تێستی گەندەڵی، ئەشێ لە دووانی دەرنەچووبێت، ئەمەش بوختان نیە، ئەمە کێشەیەو ئەبێ چارەسەر بکرێ.

– واردە هێزێك دوای گەیشتنی بە هەرەمی دەسەڵات گەندەڵی لێ دەرکەوێت، کێشەکە ئەوەیە هێزێك پێش ئەوەی بگات ئەمەی لێ دەرکەوێ، چونکە ئیتر پەکی ئەکەوێ و ناگات!

– پەرێزی گۆڕان بەوە پاك نابێتەوە کە بڵێ ئەم شتانە هی گۆڕان نیەو هی کوڕەکانی کاکە نەوەیە، چونکە ئەوکات پەرێزی کارێزماکەی پیس ئەبێ، عەمودی فەقەری گۆڕانیش سومعەو ڕەمزییەتی کاك نەوشیروانە، کە لەم سومعەو ڕەمزییەتە درا، پێش هەر شتێ فەقەراتی گۆڕان وردو خاش ئەبێ.

– مەوزوعی پارەو موڵك و ماڵ، ئەبێ بە شێوەیەك حەل بکرێ، کە پەرێزی (گۆڕان و نەوشیروان) هەردوکی بە پاکی لێ ی دەرچێ لە بەرژەوەندی گشتی.
مەسەلەن بەوەی کە ڕایبگەیەنن، ئەو موڵکانە نە هی حیزبە، نە هی شەخسە، بەڵکو موڵکی گشتییەوەو بەهۆی زروفە سیاسیە نالەبارەکەوە کەوتۆتە دەستیان و بەکاری ئەهێنن، ئامادەشن لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانی تایبەت بە چاکسازیی ئەو بوارە، بیگەڕێننەوە.
جگە لەوە قسەکانی تر هەمووی پوچن و شتەکە هی حیزب بێ یان هی فڵان، لەوەدا هیچ فەرقی نیە کە شتێکی گشتی زەوت کراوە.

– فەشەلی ئێستای یەکێتی، ئەزمونی سێ گروپە (مەکتەب سیاسی هەمیشەیی) (بنەماڵە) (دابەشبوونی کەوادرو گەنجەکان بەسەر ئەم دوو گروپەدا)
ئێستا هەمان موسەلەسی فەشەل لەناو گۆڕانیشدا بوونی هەیە، بۆ ئەوەشی گۆڕان لە یەکێتی نەچێت، چارەسەر دوو شتە، یان هەرسێ گروپ هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، یان لانیکەم گروپی سێیەمی گۆڕان نەبن بە کەمپ و معەسکەری گروپی یەکەم و دووەم، بەڵکو پاشەکشێ بە هەردوکیان بکەن لە بەرژەوەندی دەستورو دامەزراوەو پرەنسیپەکان.

– کێشەکە ئەوەنیە گۆڕان لە گروپی یەکەم و دووەما لە یەکێتی بچێ، کێشە ئەوەیە گروپی سێیەمی لەو بچێ، چونکە گروپی سێیەم داینەمۆکەیە، تا گروپی سێیەم زیندوبێ و سەربەخۆبێ، گۆڕان زیندووە، کە گروپی سێیەم دابەشبوون و بوون بە حاشیەو حەشامەتی گروپی یەکەم و دووەم، حیزبەکەو پرۆژەکە لەوێوە ئەمرێ.

– دروستبوونی نوخبەی (پرۆپارتی و پرۆبنەماڵەی بارزانی) لەناو یەکێتیدا، یەکێتی تەواو نابووت کرد، دروستبوونی نوخبەی (پرۆ یەکێتی و پرۆبنەماڵەی تاڵەبانی) لەناو گۆڕانیشدا، گۆڕان بە هەمان دەرد ئەبات.

– گۆڕان نابێ لە یەکێتی بچێ، چونکە لە دۆخی لێکچوونی ئەم دوو حیزبەدا یەکێکیان زیادەن، ئەوەشی کە زیادەیە، گۆڕانە نەك یەکێتی، چونکە گۆڕان لاساییکەرەوەیە.

– پرسیارێكی سادە، ئەگەر وەرگرتنی پارە لە یەکێتی، پێش هەرکەس خۆشتان بە فەزاحەت و عەیبەی نازانن، ئەی بۆ بە نهێنی کردوتانە؟ بۆ بە ئاشکرا نەتانکردوە بە خاڵێکی ڕێکەوتنەکەی نێوانتان و وەکو خاڵەکانی تر شانازی پێوەبکەن؟

– هاوڕێ “موحسین ئەدیب” وەك ئاماژەیەك بۆ کوڕەکان، ئەڵێ (ئیسماعیل خەریکی سەربڕینی ئیبراهیمی باوکییەتی) دروست پێکاویشیەتی، جا لەبەر ئەوەی کێشەکە بەس کوڕەکان نیەو حەرەسی قەدیم و گەنجەکانیشە، منیش ئەوەی بۆ ئیزافە ئەکەم و ئەڵێم، پێناچی دوانزە هاوڕێکەی عیسا تەنیا یەکێکیان یەهودابن، بەڵکو هەر دوانزەیان یەهودای ئەسخەروتین، یانیش هەر لەئەساسەوە مەسیحێك لەئارادا نەبووە.

– (گەندەڵێ و تەوریس و کارێزما) سێ چەکی قورسی گۆڕانبوو شەڕی جووت حیزبەکەی پێ ئەکرد، ئێستا هەر خۆی قسەی تەوریس و گەندەڵی هێناوەتە سەرخۆی، هەر خۆشی کەوتۆتە سوککردنی ڕەمزەکەی، بەوەی کە گوایە کاکە نەوەش لەم پرسانەدا بێتاوان نیەو ویستی ئەو وابووە، دەی تۆ ئەم سێ کارتەی خۆت بسوتێنێ و ئەم سێ چەکەت نەمێنێ بە چێ شەڕ ئەکەیت؟!

– گۆڕان بۆ ئەوە هات کە خەتی ئەخلاقی سیاسی بێت، کاتێکیش کە پاشەکشێ ئەکات، خەتی فاحیشەی سیاسیی هەڵئەکشێ، فاحیشەی ساحەکەش دوو نەوعە، فاحیشەی کۆن کە پارتی و یەکێتییە، فاحیشەی تازە کە نەوەی نوێ یە.
گرنگە گروپە ناکۆکەکانی گۆڕان، بگەڕێنەوە بۆ پرەنسیپی ئەخلاقی سیاسی، بۆ ئەوەی خەتی فاحیشە لەوە زیاتر پان نەبێ.

– گۆڕان خەریکە ئەبێتە نمونەیەکی بچوککراوەی کورد، قسەیەکی باو هەیە ئەڵێ (کورد دوژمنی زۆرە، بەڵام گەورەترین دوژمنی کورد، کورد خۆیەتی)
هەر لەسەر ئەو وەزنە، لەئێستایا گۆڕانیش نەیاری زۆرە، بەڵام گەورەترین نەیاری گۆڕان، گۆڕان خۆیەتی.

– ئەو قسانەی گروپە ناکۆکەکانی گۆڕان بە یەکتری ئەڵێن، ئەمە ڕەخنە نیە، ئەم تیرە ئەیگرنە یەکتری، چونکە هەردولا لەناو قوڕاوەکەدان و قوڕاوین.
ئەوەشی لایەنە مونافس و نەیارەکانی گۆڕان زەقی ئەکەنەوە، ئەمەش هەر ڕەخنە نیەو هەر تیرە ئەیگرنە گۆڕان، چونکە ئەگەر گۆڕان قوڕاوی بێت، ئەوان خۆیان گواوین.
بەڵام ئەوەی کەسانی بێلایەن لە گۆشەی باڵای ‘خەمی گشتییەوە’ ئاڕاسەتی گۆڕانی ئەکەن، ئەمە توندیش بێت تیر نیە، بشبڕێ جەسەتەی خەلەلەکان ئەبرێ نەك جەستەی کەرەستەیەکی گۆڕانکاریی، ئەمە ڕەخنە خۆیەتی.

– ڕەخنە خودی ئومێدەو لە ڕەخنەوە ئەتوانین نەیەڵین نائومێدی ببێت بە بەدیل.
نائومێدیش ڕێك ئەو کاتەیە کە ڕەخنەگر تاقەتی ڕەخنەی نامێنێ.
وەی بە حاڵی گۆڕان، ئەو کاتە نا کە ڕەخنەی توندی لێئەگیرێ، وەی بە حاڵی گۆڕان ئە کاتەی کە تاقەتمان نامێنێ قسەی لەسەر بکەین.

– ئینجا ئەو فەقەرەیەی بەیاننامەکەی گۆڕانم بە دڵبوو، کە ستایشی ڕەخنە ئەکات، ئەمە ڕێك خاڵی هەستانەوەو ڕێگا ڕاستەکەیە، گۆڕان ئەگەر لە ڕەخنەوە تێهەڵچێتەوە، ئەتوانێ بە باشی کێشەکان تێپەڕێنێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.