ھەڵبژاردنەکەی ١٢/٥ شکستی سیاسی یان گزیکاری

لەلایەن ستاندار Posted on 857 جار بینراوە 0 سەرنج
M. Nazm Abdullah

نازم عەبدوڵا

لە ١٢/٥/ ٢٠١٨ ھەڵبژاردن کرا بۆ دیاریکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە چاوەڕوان نەکراو بو بۆ ھەمو خەڵکی کوردستان، خەڵکی کوردستان چاوەڕوانیان ئەکرد ھەردو پارتە دەسەڵاتدارەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو پێگەی جەماوەریان دا بەزیبێت و بە پێچەوانەشەوە لایەنەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ھەرلایەنە بە ئەندازەی ئۆپۆزۆسیۆن بونی پێگەی جەماوەریان بەرز بوو بێتەوە، بەڵام ئەنجامەکان زۆر پێچەوانە بون، ئەوە بوو لایەنە ئۆپۆزۆسیۆنە کان بە ھۆی ئەو شکستە چاوەڕوان نەکراوەوە توشی تاسان بوون، کە دیارە گومانی زۆربەی خەڵک ولایەنە سیاسیەکان بۆ ئەوە ئەچێت، فێڵ وتەزویرێکی بە رچاو بە تایبەتی لەھەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە کراوە، دیارە ناوەڕاست وباکوریش لە تەزویر بە دەر نەبوون، وە تائێستاش کە سەرتای مانگی تەموزە بە ھاتنە سەرخەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕەخنەی توندی شەش لایەنی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ڕاسپاردنی کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، دۆخەکە یەکلایی نەبۆتەوە، پارت و لایەنە ئۆپۆزۆسیۆنەکانی ھەرێمی کوردستانیش قەناعەتیان وایە ئەگەر تەزویرو گزیکاری نەبوایە ئەوە دەنگی شایستەی خۆیان بەدەست دە ھێنا، وە ھەردو پارتی دەسەڵات دار لە ھەرێم بە ناوی سندوقی دەنگدان و پرۆسەی ڕای خەڵک کودەتایان کرد، کە ئەمەش وایکرد پێگەی ڕاستەقینەی لایەنەکان بە ئۆپۆزۆسیۆن و دەسەڵاتەوە، بە چاک و خراپیانەوە بشاردرێتەوە، بۆیە لەم بابەتدا بەشکستی سیاسی لایەنەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ناو ببرێت و وەباڵەکەی بخرێتە سەر ملی ئەوان لە بەر ئەوەی بە ئاشکرا تەزویرێکی زۆر کراوە، وایەزانم دوور بێت لە ویژدان، لە ھەمان کاتدا مەعنای وانیە لایەنەکان دور بوو بن لە شکست، چونکە بەشێک لە چاودێران قەناعەتیان وابو لە بەر کۆمەڵێک ھۆکاری خودی وبابەتی ئەوانیش دەنگەکانیان کەم دەکات و ناگاتە ئەو ڕێژەیەی خۆیان بەتەمایین.

تا ئێرە وابزانم ھەمو ھاوڕاین، بەڵام ئەوەی جێگەی ھەڵوێستە لەسەر کردنە ئەوەیە پارتە سیاسیەکان بە تایبەت لایەنە ئیسلامیەکان چ میکانیزمێکیان پێیە بۆ ھەستانەوە و خۆ دەربازکردنە لەم قەیرانە سیاسیەی بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتوە؟ ئایا گونجاوە لایەنە ئیسلامیەکان ھەمو ھێلکەی خۆیان بخەنە سەبەتەی یەک ڕیتمی خەباتی سیاسیەوەو میکانیزمەکانی تری خەبات و کاری حیزبی وەلا بنێن؟ لە ووڵاتێکدا کە حیزب تاک لایەنە دەسەڵات دارەو یاسا سەروەر نیە کاری ئۆپۆزۆسیۆن بوون لە بەردەم چەندین تونێلی نادیار دایە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ھەوڵی زیاتر لە چوار ساڵیان ببێتە تۆزی بەربا؟.

کاری سیاسی و حیزبایەتی ئەگەر بەشێکی زانست بێت لە زانکۆو پەیمانگاکان بخوێنرێت، بێگومان بەشەکەی تری ئەو زانیاریانەیە کە بە ئەزمونی مومارەسەو کاری ڕۆژانە بە درێژایی تەمەن لە خەباتی سیاسیدا فێری ئەبیت، لە وڵاتێکدا کە یاسا سەروەرەو ھێڵی سوور بۆ دەسەڵات دارو بێدەسەڵات ھەیە، خەباتی سیاسی تیایدا وەکو ئەو ووڵاتە نیە حیزب بە شێوەیەکی تاکڕەوانە بە بێ پابەند بوون بەھیچ پرانسیپ ویاسایەکەوە، تەنھا بەرژەوەندی پارتی دەسەڵات دار و بنەماڵە ھێڵی سوور بێت، کە ئەمە یەکێکە لە خەلەلە سەرەکیەکان، بۆ دانانی بەر بەستێک لە بەردەم شاڵاوی خۆسەپاندنی پارتە دەسەڵاتدارەکان و، نا ئومێد کردنی خەڵک و، بێ متمانە کردنی خەڵک بە پرۆسەی سیاسی، پێویستە جگە لە گرتنی سەنگەری خەڵک و داکۆکی لە مافەڕەواکانیان وخستنە پێش چاوی گەندەڵی و کەم وکورتیەکانی دەسەڵات، ئەم ھەنگاوانەش بگیرێرێنە بەر:

یەکەم: ھەنگاوە دەرەکیەکان
١. بە ھەند وەرگرتنی پەیوەندی لە گەڵ ئەو ووڵاتانەی بەرژەوەندی باڵایان لە عێراق بە گشتی وھەرێمی کوردستان بە تایبەتی ھەیە، بە پلەی یەک ئەمریکا دوای ئەو ئێران و تورکیا دێن، سروشتی ئەو ووڵاتانەش وایە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا ئەکەن، ئەمریکاو ڕۆژ ئاوا دەیانزانی سەدام حوسەین دیکتاتۆرەو گەلەکەی خۆی پاکتاو دەکات، بەڵام تا بەرژەوەندیان لای ئەو بو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد، کۆریای باکور دیکتاتۆر ترین وڵاتی سەردەمە ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بۆیە دروشمەکانی دیموکراسی و، ئازادی گەلان و، دژایەتیکردنی گەندەڵی، کۆمەڵێک دروشمن بۆ مەبەستی سیاسی لە دەرەوەی ووڵاتەکانی خۆیان بەکاری دێنن، نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت ئەو وڵاتانە، دەسەڵاتە خراپ وگەندەڵکارەکان لاببەن و فەرموو لە ئۆپۆزۆسیۆنە ئەمین ودڵپاکەکان بکەن، بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، بۆیە ئەبێ ئەو وڵاتانە دڵنیابن کە بوونی تۆ نەک زیان بەو ناگەیەنێت بەڵکو پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانیشیان ئەکەیت؟! ئەگەر خەلەل لە پەیوەندی سیاسی و خراپی دیبلۆماسیدا ھەیە پێویستە پلان دابەڕێژی لە ماوەی چەند ساڵێکدا ئەو پەیوەندیانە باش بکەیت، یان ئەگەر لاوازی لە پێگەی جەماوەریە، ھۆکارەکان دیاری بکرێن و پلان دابنرێ بۆ بە ھێزکردنی پێگەکە و لادانی ئەو بەربەستانەی ڕێگرن لە گەشەی جەماوەری تۆ،یان ئەگەر ھۆکاری فیکری وئایدۆلۆژیە بگەڕێ بە دوای چارەسەرداو لادانی بیری نامۆو ئەو ڕواڵەتانەی خەڵک لێیان ئەسڵەمێتەوە، یان ئەگەر گومان لە سەر جۆری پەیوەندیەکان وکاری دیبلۆماسیت ھەیە بە بێ مانو بون بە دوای ئەو میکانیزمانەوە بە کە ئەیانڕەوێنێتەوە.

٢. ئیسلام وەکو بنەمایەک دژی بیری ناسیونالیستیە، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا زۆر دژە بەوەی نەتەوەیەک مافی نەتەوەیەکی تر زەوت بکات، وە لەو کاتەدا داکۆکی لە مافی ڕەوای نەتەوەیەک ئەرکێکی شەرعیە، وەبە شێک لە داکۆکی ماف خۆماڵیکردنی ئایدۆلۆژیای حیزبی و دونیا بینیەکانە، لە کاتی ناکۆکیمان لەگەڵ گەل و نەتەوە جیاوازەکاندا، لەو کاتەدا داوای مافی ڕەوانی خۆمانیان لێ ئەکەین، لە ھەمان کاتدا کۆمەڵێک ئەرک و مافی ئاینی لە نێوانماندا ئەمێنێت، ئەمەش وایکرد پێغەمبەر( ێلی اللە علیە وسلم) ئەو بنەما ناسیۆنالیستیەی سەردەمی جاھیلی بگۆڕێت کە ئەڵێت: ( انێر ڕخاک ڤالما ڕو مڤلوما) کە پێغەمبەری خوا (ێلی علیە وسلم ) ڕاستیکردەوە، فەرموی ئەگەر براکەت ستەمی کرد دەستی بگرە، وە ئەگەر ستەمیشی لێکرا یارمەتی بدە، (بوخاری گێڕاویتیەو بە ژمارە: ٢٣١٢). مادام ئێمە سیاسەت بۆ گەلی کورد ئەکەین و بانگەواز و وەعزو ئامۆژگاریمان لەناو ئەواندایە، وە چارەنوسی دونیاو دوا ڕۆژمان بەستراوەتەوە بەوانەوە، نابێ خۆمان بخەینە شوێنی گومان و بە چاوێکی نامۆ تەماشا بکرێین، گومان نیە ئەو گەل و ولاتانەی کێشەی نەتەوایەتیان لەگەڵ گەلی کوردا ھەیە، کاری جوان و باشیان ھەیە، بەڵام ئەگەر دەر بڕینی وەلائو پیا ھەڵدانی ئێمە بۆ ئەونەتەوەو و ڵاتانە زەرەر بگەیەنێت بە پێگەی سیاسی وکاری بانگەوازیمان، وە ببێتە ھۆی ئەوەی لایەنە ئیسلامیەکان وا پیشان بدرێن دۆستی بێگانەن و خەمخۆری میللەتی خۆیان نین و، سەر بە دوژمنی گەلەکەیانن، ئەوە لە وکاتانەدا پێویستە خۆمانی لێ بپارێزین، لەکاتێکدا ھەمو ئەو نەتەوەو وڵاتانەی کێشەیان لەگەڵ دۆزی کورد ھەیە شەوو ڕۆژ دڵسۆزی بۆ گەل و ووڵاتی خۆیان دەنوێنن و نەتەوەکانی تر ئەگەر چی وەکو ئەوانیش مسوڵمانن، بەڵام وەکو خۆیان تەماشایان ناکەن. وە خۆماڵی کردنی سیاسەت و بانگەواز ھیچ تێگیرانێکی لەگەڵ وەلائی شەرعی و خۆشەویستی گەلانی مسوڵماندا نیە، تۆ بە دڵ وەکو ھەمو مسوڵمانێکی دونیا حیسابیان بۆ دەکەیت، بەڵام تێبینی ئەوەت ھەیە ئەوان ستەم لەمیللەتێک دەکەن!! وە لە ھەمان کاتدا تێکگیرانیش نابێت لە سوود بینین لە ئەزمونی باشی ئەوان، تا ئێستاش لایەنە ئیسلامیەکان بە گومانەوە ئەڕواننە خۆماڵیکردنی بانگەوازو گوتاری سیاسیان، بوە بە ململانێیەکی گەورە لە نێوان تێکگران لە نێوان وەلائی شەرعی و جێ بە جێکردنی داواکاریەکانی واقیعی سیاسی.

٣. بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی ھەرێمی کوردستان کارەساتێکی ترە، ئەگەر لایەنە کانی ئۆپۆزۆسیۆن بە بێ دیراسەو توێژینەوەیەکی ھەمە لایەنە جارێکی تر بچنە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی ھەرێمی کوردستانەوە، وەلەکاتێکدا ھەمو جموجوڵەکان بۆ گێڕانەوەی متمانە بە ھەڵبژاردنەکان بێ ئەنجام بون، نابێ ئەوان لە ناچاریدا خۆیان بسپێرن بە قەدەری کۆمسیۆن کە دوور نیە ھەمان چارەنوسی ١٢/٥ چاوەڕوانیان بکات، وە بەرژەوەندی پارتە سیاسیەکانی دەرەوەی ھەردو حیزبی دەسەڵاتدار لەوەدایە: یان پێکەوە ھەموو پارتە سیاسیەکان بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بکەن، بۆ دروستکردنی فشارێکی نێو خۆی و دروستکردنی دەنگۆیەکی نێو دەوڵەتی لە سەر ھەردو پارتی دەسەڵات دار، یان لایەنەکانی تر بە سازانێکی سیاسی لەگەڵ ھەردو پارتی دەسەڵات دار بەشداری بکەن، وەھەڵەیە ئەوان ڕازی ببن بە قەرەبوکردنەوەی پۆستی حکومی، ئەڵێن ھەندێک ھۆز لە بەرانبەرەکانیان ئەکوژن، پاشان بەوە ێوڵح ئەکەن ئافرەتێکیان ئەدەنێ، پاشان نەوەکانیان ئەبن بە خوشکە زایان و داوای خوێن لە خاڵوانیان ناکەن!!! وە ئەم سازانەش بۆ ئەوەی بیسەلمێنن لەم پاشاگەردانیەی ھەرێمی کوردستاندا متمانە بەم جۆرە ھەڵبژاردنانە ناکرێت، وە بۆ ئەوەی تا قۆناغێکی تر پارێزگاری لەڕێژەی دەنگەکانی پێشوی خۆیان بکەن و جەماوەرەکەیان نا ئومێد نەبن، لە لایەکی تریش لە مەیدانی ململانێکان دوور نەکەونەوە، لەوانەیە ئەمە جۆرێک لە شەرعیەت دانی تیابێت بە کارە نایاسایی و گەندەڵکاریەکانی ئەوان، بەڵام ئەبێ لە توێژینەوەدا ھەمو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت، لە ھەمو حاڵەتێکدا ١٢/٥ سەلماندی ھەڵەیەکی سیاسی گەورەیە بە بێ دیراسەیەکی قووڵ، ھەر پارتەو بە تاک لایەنە خۆیان فڕێبدەنە نێو ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ھەرێمی کوردستانەوە.

٤. لەکاتێکدا تۆ وەکو پارتێکی سیاسی کار ئەکەیت مافی خۆتە چۆن سیاسەت ئەکەیت، کێ ئەکەیت بە ھاوپەیمان و لە گەڵ چ لایەنێکیش نزیکیت پێ باش نیە، بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینیەو دەرەھاویشتەی خراپی ئەبێت تەنھا لە سەریەک تەوەر سیاسەت بکەیت و لایەنەکانی تری سیاسەت فەرامۆش بکەیت، ئەکرێت بە نزیکیت لەگەڵ لایەنێک بەرژەوەندی زیاتر دەسخەیت، بەڵام بە بێ لەدەسدانی ئەو بەرژەوەندیانە ئەکرێت لە گەڵ چەند لایەنی تریش مادام ھەندێک بەرژەوەندی مادی، یان مەعنەوی بە دەست دێنیت و، زیانی نابێت بۆ پێگەی ناو جەماوەرت، لە سیاسەتدا تەماشای بەرژەوەندی خۆت ئەکەیت، نەک بەرژەوەندی ونیازی بەرانبەر، یەکێک لە وھەڵوێستانەی کە جەماوەری لایەنە ئۆپۆزۆسیۆنەکان بەتایبەت کۆمەڵ ویەکگرتوی نیگەران کردبو، ئەوەبو لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ١٢/٥ ئەندامان ودۆست و لایەنگرانیان ھێرشیان دەکردە سەر یەکترو توانجیان لێک دەدا، وەکو دوو بەرە ھەڵوێستیان لەیەک وەرگرتبو، لێرەدا مەبەستمان ئەوەنیە داوەری بکەین بۆ دیاری کردنی خەتابارو بێ خەتا، بەڵام مەبەستمان ئەوەیە ئەو کارە زیانی گەیاند بە پێگەی جەماوەریان و خەڵکی گلەییان لێیان ئەکرد، بە ئومێدی ئەوەی جارێکی تر لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دوبارە نەبنەوە.

دووەم ھەنگاوە نێو خۆییەکان:
بە ھۆی شکستی ھەندێک لەململانێ سیاسی و حیزبیەکانەوە جۆرێک لە ناڕونی و بەردەم خۆ نەبینین باڵیکێشاوە بە سەر بەشێکی بە رچاوی ئەندامان و کادێران و جەماوەری لایەنە ئیسلامیەکاندا، بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتەش پێویستە پارتی سیاسی کار لەسەر کۆمەڵێک ئەڵتەرناتیف بکات، بە نەخشە ڕێگاو کاریان لەسەر بکات:

١. کار کردن لە سەر گۆڕینی ئەو چەمکە حیزبیانەی ھەست ئەکرێت کاتیان بە سەر چوە، یان بە شێک لە ئەندامان وکادێران بە پێویستیان نازانن، بۆنمونە کارکردن لەسەرفرەوان کردنی بنکەی بڕیاردان، یان پیاچونەوە بە و میکانیزمانەی تا ئێستا کاری ڕێکخراوەیی لەسەر ڕۆیشتوە، با بە میکانیزمی جەماوەری جەماوەر بدوێنین نەک بە میکانیزمی حیزبی، وە لادانی ھەندێک ناوو ناونیشان و ڕواڵەت تایبەتن بە پوختەیەکی خەڵکەوە جەماوەر لێیان تێناگەن و بە لایانەوە گرنگ نیە،کە بونیان ھیچ قازانجێکیان نیە، وە داھێنانی کۆمەڵێک ناونیشان و چەمکی تازە کە بۆ لایەنە ئیسلامیەکان پێویستە، بەشێک لە بیرمەندو شارەزایانی کاری سیاسی لە ناو خۆو جیھانی ئیسلامی ڕایان وایە: ئەو قۆناغە ڕۆیشت لایەنە ئیسلامیەکان خۆیان بە ھەندێک ڕواڵت و دروشمەوە خەریک بکەن، بە شێوەیەک لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابوردودا دروستبونی چەندین باڵ و بزوتنەوە بەناوئیسلام و چەمکە ئیسلامیەکانەوە دروست بوون، لە لایەک ئیسلامیان ناشیرین کردوە، لەلایەکی تریش پارت و تەوەژمە ئیسلامیە نیشتیمانی و میانڕەوەکانیان ناشیرین کردوە، کارێکیان کردوە بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژ ئاوا بە چاوێکی نامۆودوژمنکارانەوە بڕواننە ھەمو پارت و بزوتنەوە ئیسلامیەکان، بۆیە گۆڕینی ھەندێک چەمکی پێشو بە ھەندێک چەمکی تازە پێداویستیەکی ئەم قۆناغەیە، بە لادانیشیان پارتەکان ھیچ زەرەرێک ناکات، خۆ سەر ھەڵدانی بانگەوازی پێغەمبەر ( ێلی اللە علیە وسلم) لە نێو دوڕگەی عەرەبیدا کە دەستی ھیچ زلھێزێکی پێناگەیشت دیارترین وانەیە بە بۆ بزافە ئیسلامیەکان، کە پێمان ئەڵێت لەکاتی سەرھەڵدان و قۆناغی سەرەتاییدا لەبەرچاوی زلھێزەکان نەبن، وە خۆتان وا پیشان مەدەن کە بە بونی ئێوە بەرژەوەندیەکانی ئەوان ئەکەوێتە مەترسیەوە، ھەرچەند لەم دواییەدا لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھەندێک لە ڕەوت و بزافەکانەوە ھەندێک چەمک بەکارھێنران وەکو پێویست مافی خۆیان پێنەدرا ئەمەش وایکرد، ھەندێک ھەستیاریان بەرانبەر بەو چەمکانە بۆ دروست ببێت، کە ئەمەش لە جێگەی خۆیدا نیە، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کاتێ گوێ لە کادێران وخەڵکە ڕۆشەنبیرەکەی ئەگرێت بۆی دەر ئەکەوێت خەلەل لە کوێدایە، وەگەورە ترین پشوو بۆ حەسانەوەی ئەندامان خۆ دەربازکردنە لە چەقبەستوی ولادانی ھەندێک ڕۆتینیات، وەئەبێ سەرکردایەتی سیاسی لەو بارەیەوە ھەندێک بڕیاری ئازایانەی ھەبێت.

٢. بە پلانێک تا کاتێکی دیاریکراو دەست بکرێت بە پێگەیاندنی کادێر، لە بوارەکانی کایەی سیاسی و، دیبلۆماسی و، ئیداری و ڕاگەیاندن و، کەسانی ناو پەرلەمان، تا ئێستاش لە ناو لایەنە ئیسلامیەکاندا قەیرانی کادێرە بە ھەموبە شەکانیەوە، ئەمەش ئەگەر بەڵگە بێت لە سەر شتێک بەڵگەیە لە بێ پلانی، لایەنە ئیسلامیەکان لە ماوەی ھەشت ساڵی ڕابوردودا باجی سیاسەتی ھەڵەوخاتر گرتنی خەڵکی تریان زۆر داوە، ٢٠٠٩ لیستی خزمەت وچاکسازیان لە نێوان لایەنە ئیسلامی وغەیرە ئیسلامیەکان پێکھێنا توانیان ١٣ کورسی بۆ پەرلەمانی کوردستان بە دەست بێنن، کە لەوێداخاتری خەڵکی تریان زۆر گرت و دەرەنجامێکی واشی نەبو بۆ لایەنە ئیسلامیەکان، لەماوەی ٥ ساڵی ڕابوردودا قوربانی زۆری ئۆپۆزۆسیۆن بونیاندا، دەرەنجامەکەشی بەو شێوەیە بو کە بینیمان، ئایا نیوەی ئەوە قوربانیانە بدرایە بۆ تۆکمە کردن وچارەسەر کردنی کێشە ناوخۆییەکان دەرەنجامی بە دەیان قات زیاتر نابو؟ بۆیە وەکو لایەنە ئیسلامیەکان ئەگەر ماوەیەکیش ھەندێک کارو جمو جوڵی سیاسی خۆمان سڕ بکەین لە پێناو بە ھێز کردن و پێگەیاندنی کادێر لە بوارە جیاجیاکاندا قازانجێکی زۆرمان کردوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *