چەند خۆشە عێـراق

لەلایەن ستاندار Posted on 3942 جار بینراوە 0 سەرنج
SAMAN

چەند خۆشە عێـراق

سامانـی وەستا بەکـر
چ کارەساتێکە ئەم عێـراقە بەبـێ خواستـی عێـراقییەکان پێکەوە لکێنـراوە و دروست کراوە کەچـی وێڕای سەد ساڵ بەرەو ژوور لە ماڵ وێـرانـی و جەنگ و ئاشووبـی ناوخۆ و نەکڵۆکـی مەزهەبـی و نەتەوەیـی بەڵام هەر خودی عێـراقییە ناڕازییەکان دەست بەرداری نابن و ڕێگە نایەن ئەو هەڵەیەی ئنگلیـزو فەرەنسییەکان کردییان ڕاست کرێتەوەو لایەنـی کەم دابەش کرێ بەسەر چەند هەرێمێکـی فیدراڵـی کە دەستور ڕێگەی پێیاوە، هەرچەندە چارەسەری گونجاوتـر دابەش بوونـی ئەو وڵاتەیە بۆ چەند هەرێمێکـی کۆنفیدراڵـی، ئەگەر بەناو پارێزەرانـی عێـراق هەر بەڕاست لەخەمـی یەک پارچەی ولاتەکەیانن.
خۆ ئەگەر ڕێگە بەیەکێک لەم دوو ڕێگەیەی سیستمـی سیاسـی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵـی بۆ بەڕيێوەبردن نەدرێ ئەوا چارەسەری سێیەم خۆی قوت ئەکاتەوە کە پارچە پارچە بوونـی ئەو وڵاتەیە بۆ چەند وڵاتێک، ئیتـر کە وایە کە لە ئێستایا ڕێگەیەک لەبەر دەمدایە و کە ئەکرێ بەخواستـی خۆتان وڵاتەکەتان بپارێزن لە پارچە پارچە بوون ئیتـر بۆ دەرگا لەسەر چارەسەرێک واڵائەکەن کە بێجگە لە ئێمەی کورد هیچ مەزهەب و نەتەوەیەکـی تری عێـراق لایەنـی کەم سەرزارەکـیشبـێ نایخوازن!
هێندە کارەسات بارە ئەم عێـراقە خەڵکەکەی بۆ گوزەرانێکـی باشتـرو ژیانێك کە شایستەی مرۆڤ بوونبـێ لە دوای ڕووخانـی ڕژێمەکەی سەدامەوە پێشتریش لە دوای ساڵی ١٩٩١ لە هەرێمی کوردستان، هەر چوار ساڵ جارێ ڕوو لە سنووقەکانـی هەڵبـژاردن ئەکەن بەڵام دەنگ بە هەر حیـزبێک بەن و هەر کەسـێ هەلبـژێرن سەرەنجام هەر یەک دوو حیـزبـی داردەستـی ئەو دوویووی سنوورەکان و یەک تاقم و یەک پێـڕ لە سیاسـی کلک گرێدراو ئەبنەوە بە حاکم و بە دەسەڵاتدار و لە کۆتاییا هیچ شتێک لە جەوهەری بابەتە ناگۆڕێ!
سەمەرەی مەهزەلستانەکەی عێـراق لەوەدایە خەڵکـی ئەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای گەڕانەوەی مافـی پێشێل کراو پاشەڕۆژی وونکراو پارەو قووتـی دزراو لە دەسەڵاتدارو بەرپرسەکان ئەکەن کەچـی هەر هەمان بەرپرس و دەسەڵاتدار لە مێدیاکانەوە هاوسۆزی دەرەبڕن و هەندێکیان زیاتریش لەوە ئەڕۆنە ناو خۆپیشاندانەکانەوەو پڕ بەگەرووی خۆپیشاندەرێکـی برسـی هاوارەکەن بۆ چاکسازی.
ئاخر لە کۆێـی ئەم دنیایەدا بینـراوەو ڕووییاوە سەرۆکـی وڵات و سەرۆکـی هەرێم و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان داوای چاکسازی بکەن و بڵێـن بەڵـێ گەندەڵـی فەسادی ئیداری هەیە ئەبـێ چارەسەرکـرێ هەروەک ئەوەی بڵـیـی میلەت دەرەبەگەو دەسەڵات لای خەڵکەو ئەماوانیش مسکێـن چەوساوە! ئاخـر ئەمانە هێندە بـێ ئابڕون لە سیاسەت و ئیدارە و بەڕێوەبردن و هێندە بـێ شکۆو خاوەن کەسایەتییەکـی تێکشکاون بە ئاوی هەموو دنیا تەڕ نابن و هیچ ئابـڕو چونێکـی ئیداری و خراپ بەڕێوەبردنێک لەخۆ ناگرن!
ئەم ڕەفتارە ناپەسەند و نەبوونـی عێـزەتـی نەفس و هیچ لەخۆ نەگریەی سیاسیەکانـی عێـراق بە هەرێمـی کوردستانیشەوە کارێکـی کردووە میلەت تا ئاستێک کارتەکانـی لێ تێکەڵ ببـێ، بەجۆرێک کابرا برسیەو فلس لە باخەڵیا نیە کەچـی لە مێدیاکانـی دەسەڵات و سێبەرەکانیانەوە بەجۆرێک سەری لێشێوێنـراوەو چەواشە کراوە کە پشتگیـری لەوانەوە ئەکا کە بانقەکانـی دنیایان بە پارەی دزراوی عێـراق و هەرێمـی کوردستان ئاوەدان و پـڕ کردووەو بوونەتە هۆکاری زۆرتریـن سوود بۆ ئەو بانکانەوەو وڵاتەکانیان و دروست کردنـی هەلـی کاری زیاتر، لەکاتێکا ژیانیان لە سەرجەم عـێـراقا گەڕانۆتەوە بۆ سەردەمـی باوەشێـن و چراو خەڵوز و مەرکانە، بەڵام کابـرای برسـی کراو مافخوراو چەواشەکراو گەوجێنـراو هێـرشەکاتە سەر ئەوانەی کە لە بەرەی خەڵکا ماونەتەوە یان حیـزبـێکـی ئۆپۆزسیۆن کە شەڕ لەسەر مافەکانـیان ئەکات. بەڵـێ ئابەمە ئەوترێ بەلاڕێدابردن و سـڕیـنـی چەقۆی خوێناوی ئەو قەسابانەی میلەتیان کردۆتە قوربانـی گیـرفانە کوونەکانیان!
پرسیارە ڕاستەکە ئەوەیە کە ئایا ئێوە عێـراق و هەرێمـی کوردستانتانتان خۆشەوێـی خۆتان بەپارێزەری یەکپارچەی وڵاتەکە دائەنێنـن یان ئێوە عێـراق و خاک و خەڵکەکەی بە کاڵایەکـی بازرگانـی ئەبینـن و تا ئەم ئاشوبوو نادادی بەڕێوەبردن و دابەشکردنـی سامانە بەردەوامـی هەبـێ سوودمەندتر و گیـرفانەکانتان پـڕتـرو بانکەکانـی دنیاش سیخناختـر بکەن؟
ئێوەیەک کە زوڵم و نادادی ڕژێمەکەی سەدامتان بەچاوی خۆتان دیووە شورەییە ئێستا ڕێگەنایەن ئەگەر بۆ جارێکیش بێـت ئەو خەڵکە هەناسەی ژیانێکـی شایستە دوور لە شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆ هەڵمـژێ، بەخۆتاندا بچنەوە و هەردوو حکومەتـی هەرێم و عێـراقیش دەست لە بەرۆکـی دەسەڵات بەردەن و پشوویەک لە کاری سیاسـی وەرگرن، ئاخر ئەگەر ئەم وڵاتە بەدەست کۆمپانیایەکـی چاوچنۆکـی ڕۆژئاوایشەوەبـێ و ببـرێ بەڕێوە ئەوا بێگومانبـن چەندین جار لە ئێوە باشتـر بەڕێوەئەچـێ و ئاو کارەبا ٢٤ کاتژمێـرو گیـرفانـی خەڵک بـێ مووچەنابـێ و ڕێزگرتن و گوێ گرتن لە خواستـی خەڵک باشتـرەبـێ چونکە ئەوان هەر چەنێک بەرن لە سوودی کار ئەیبەن نەک وەک ئێوە کە ئایەو مایەو سوودو قازانچ بنکۆڵەکەن.
مێژووی عێـراق بە دەسەڵاتی سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکان دواتـر دەسەڵاتداری ئێرانـی دواتـر گرتنـی عێـراق لە لایەن عەرەبەوە پاشان ھاتنـی ئەمەوییەکان بۆ عێـراق پاشان خەلافەتـی عەباسـی لەدوای ئەوە ھاتنـی مەغۆلەکان دواتـر سەفەوی و عوسمانـی ئنجا جەنگی جیھانی یەکەم و داڕشتنەوەی عێـراق پاشان سیستمـی پاشایەتـی عێـراقـی کە بە هاوردە کردنـی پاشا لە ئوردنەوە دەستـی پێکرد ئنجا سەردەمـی کۆماری ١٩٥٨ پاشان ڕژێمی بەعس و شەری عێـراق و ئێـران و جەنگـی خەلیج دواتـر ڕاپەرینـی کورد و شیعەکان و کۆڕەوی کورد دواین گۆڕانکاریش داگیـرکردنـی عێـراق لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە ساڵـی ٢٠٠٣تا ئێستاش بەردەوامـی هەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کۆی ئەم مێـژووە عێـراق کە لە ساڵەکانـی ١١٠ی پێش زاینەوە دەست پێئەکات و تا ئێستاش بەردەوامـی هەیە تەنها یەک خاڵـی هاوبەش ئەدۆزیتەوە ئەویش شەڕو ئاشووبوو نەکڵۆکـی و ناجێگیـری سیاسـی کە ئەمەش ئەوە دوو شت ئەگەیەنـێ کە ئەوانیش، یان خەڵکـی ئەم وڵاتە توانای بەڕێوەبردنـی خۆیان نیە و یان دروست بوونـی خودی ئەو وڵاتە هەر لەسەرەتاوە هەڵەیەکـی مێـژوویەو ئەبـێ لە بنەڕەتەوە هەڵوەشێنـرێتەوە کە من وەک خۆم دووەمیان لا پەسەندە.
کۆماری عێڕاق (جمھوریة العراق) وڵاتێکە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.کۆماری عێـڕاق لە ساڵی ١٩٢١ دامەزراوە، لە سەرەتای دامەزراندنییدا لەسەر شێوازی سیستەمی حوکمڕانی پاشایەتی بوو، و لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەرکەوتنـی شۆڕشـی ١٤ی تەممووز سیستمی کۆماری بەرقەرار بوو. لە ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٨ چەندین کوودتای سەربازی لە عێـراقدا ئەنجامدران، کە دوایینیان کودەتای بەعسییەکان بوو. ڕژێمـی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣ دەسەڵاتی عێـراقـی بە دەستەوە بوو. ھـێـرشـی ئەمریکا بۆ سەر عێـراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بە خاڵـی گۆڕان دائەنرێت لە عێـراقا بەتایبەتـی و ناوچەکە بە گشتـی، ئەم شەڕە بوو بە ھۆی زیانێکـی گیانـی زۆر لە ڕێزی خەڵکـی مەدەنیـی، بۆشاییەک لە ئاسایشـیا دروستبوو کە بوو بە ھۆی حاڵەتێکـی نا ئاسایش و گرژ لە ھەموو عێـراق بێجگە لە ھەرێمـی کوردستان، لە ھەمان کاتا ھەندێک لەو بڕوایەدان ھاتنـی ھێزەکانـی ئەمریکا بۆ عێـراق ئەنجامـی باشـی ھەبوو ئەویش لابردنی ڕژیمـی پێشووترە مەخابـن ئێستا ئەم بۆچوونە لای بەشێکـی بەرچاوی خەڵکـی ئەو وڵاتە کاڵ بۆتەوەو پێیان وایە گۆڕانکارییەکان بە ئاڕاستەی خراپدا ڕێـی گرتووە.
مێـژوو بۆمان ئەگێـڕێتەوە کە پێنج هەزار ساڵ توندوتیـژی و خوێنـڕێژی لەم وڵاتەیا بەردەوامـی هەبووە. بۆ تێگەیشتـن لە توندوتیـژییەکانـی ئێستا و ئەو زەبروزەنگەی دەوڵەتـی عێـراق لە ماوەیەی نزیکەی سەدەیەک تەمەنـی پەیڕەوی کردووە گەڕانەوەیە بۆ مێژوویەکـی کۆنـتـر کە ئەویش بە ڕووچوونە نێو مێـژوو ئەبـێ وە گەڕانەوە بۆ سـێ هەزار ساڵ پێش زاییـن و ئەو ڕووداوانەی لە وڵاتـی دوو ڕووبارا ڕوویانداوە.
شۆڕبوونەوە بەو مێـژووەیا ئەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە ڕووداوەکانـی ئێستا ڕیشەکەیان لە هەناوی ئەو مێـژووەدایە کە دەشێت بە مێـژووی خوێناوی عێـراق ناوی بەرین. هاوکات ئەو توندوتـیـژیـی و دڵڕەقییەی بەرامبەر مرۆڤ و لەسەر دەستـی مرۆڤەکانـی ئەم ناوچەیە بەرامبەر یەکتـری کراوە نموونەی لە هیچ جێگەیەکـی دونیادا نییە و بۆیە مێـژووی مرۆڤەکان لەم ناوچەیە تەواو جیاوازە لە هەر جێگەیەکی دیکە.
ڕاستە عێـراق خاوەنـی چەندان شارستانییەت و پاشماوەی مێژووییە، بەڵام هیچکام لەمانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی بەر لەم خوێنـڕێژییە بگرن و ببنە هۆی ئەوەی ئارامییەک بۆ رۆحـی هاوڵاتی عێراقـی دابیـن بکەن هەر بۆیە چارەسەری بنچینەی بۆ کۆتایـی ئەو دان جیـڕکردنەوەیەی نەتەوەو ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانـی تاکەکانـی عێـراق لەیەکتـری تەنها هەڵوەشانەوەیەتـی.
هەڵبەتە نـمونەی دەوڵەتـی عێـراق لە پێکهاتەی جیاواز ی مرۆی چەندین ئاین و مەزهەب و نەتەوەی جیاواز لە دنیادا بوونـی هەیە چەندین ئەزموون و نمونەی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردن بوونـی هەیە و دیموکـراتـی چارەسەری کێشەکانیانـی کردووە، ئەوەش وابەستەی هۆشیاری تاکـی ئەو وڵات وکۆمەڵگایانەیە بەجۆرێک ئاستـی هۆشیاریان گەشەی سەندووە کە مرۆڤ بوون لە سەر هەر شتێکـی ترەو ئەبینـرێ و ڕەنگـی پێست و ئاین و نەتەوە بۆتە بابەتێک بۆ لێک نزیک بوونەوەو فێـربوون لە ئەزموونـی ژیانـی یەکدی ئەمەش ئەمانگەیەنێتە ئەوەی کە پێکهاتەی عێـراق بە هەموو ڕەنگ و ئاین و نەتەوەکانیەوە کێشەی هۆشیاری هەیە و لە هەر ئاستێکابن ناتوانن زاڵبن بەسەر دەمارگیـری ئاین و مەزهەب و نەتەوە.
کاتێک سوونە دەسەڵاتـی لابـێ جەوسانەوە و جینۆسایت کردنـی کورد و شیعە بە ئامانج ئەگرێ. کاتـێ شیعە دەسەڵاتـی لابـێ پەراوێز خستن و بـرسـی کردنـی کورد و سونە بە ئامانج ئەگرێ. کاتێکیش کورد دەسەڵاتـی لە ناوجەیەک هەبـێ سیعەو سونەو کورد پێکەوە ئەدۆڕێنـێ بەهۆکاری خراپ بەڕێوەیردن و پەراوێز خستنـی زۆرینەی کۆمەڵگە بۆ بەرژەوەندی دوو خێـزان!
هەروەک ئەڵێـن زەرەر لەنیوەشـی بگەڕێتەوە قازانجە ئێستاش نەچووە بچـێ دەست لەبەرۆکـی یەکتـر بەردەن و واز لە درۆی برایەتـی کورد و عەرەب و سونە و شیعە بێنـن ئاخـر مێژوو بۆمان ئەگێڕێتەوە ئێوە هەرگیـز دانوتان پێکەوە نەکوڵاوە هیچ فرسەتێکتان لەدەست نەیاوە بۆ تێک شکان و سـڕینەوەی یەکتـر. بڕۆن بەدوای ژیانا بگەڕێن، ژیانێک کە نەوەکانـی داهاتووی لە هیچ شتێکا لە ئێوە نەچـێ و هیچ کارو کلتورێکـی بۆماوەیـی ئێوەیان بۆ نەگوێزرێتەوە و کۆمەڵگەیەکـی دروست و تەندروست لەو ناوچە پڕ خێـرو بەرەکەتە بێتە ئاراوە کە لەبری چەک چاکە تفەنگـی دەستیان بێت.
سامانـی وەستا بەکر ٢٦-٧-٢٠١٨ سوید ستۆکهۆڵم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *