سه‌نگه‌ر رسول
“كێ ببێته پاسه‌وانی خودی پاسه‌وانه‌كان؟” ده‌گه‌رێته‌وه بۆ یه‌كێك له‌ده‌قه‌كانی شاعیری كۆنی رۆمانی جوفیناڵ (سه‌ده‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می زاینی) كه ناوبراو له‌ده‌قه شیعرییه ته‌نز ئامێزه‌كانی ئه‌وكاتی به‌كارهاتووه‌و رێك له‌سه‌رده‌می ئێستادا ئه‌و پرسیاره گه‌رانی ده‌وێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی وڵامێكی دروست. بۆ نموونه؛ ئه‌گه‌ر میدیای سه‌ر به‌خۆ و گوتاری ئۆپۆزسیۆنی له‌هه‌ر فه‌زایه‌كی دیموكراسییدا یه‌كێك بێت له‌پایه‌كانی سیسته‌مه دیموكراسییهكهو پاسه‌وانی پاراستنی پرهنیسیپهكانی بن، ئه‌وا ئه‌و پرسیاره‌ش دێته پێشه‌وه كێ پاسه‌وانی پاسه‌وان بێت كه له‌كۆتاییدا ئه‌و نه‌بنه گورگه راسته‌قینه‌كه؟ نه‌بنه هۆكارێك بۆ تێكدانی دیموكراسی؟ بۆ تێگه‌یشتن له‌گومانكردن له پاسه‌وانی پاسه‌وانه‌كان ده‌بێت بگه‌رێینه‌وه بۆ فه‌زیحه‌ی میدیای به‌ریتانیا له‌ساڵی 2011، كه له‌و ساڵه‌دا به‌هۆی ئاشكرابوونی سكانداڵی هاككردنی په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌كانی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و به‌كارهێنانه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی زانیاری، بووه هۆی ئه‌وه‌ی دوای 168 ساڵ كاركردن و ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی زه نیوس ئۆف زه وۆڵد (The News of the world)، رۆژنامه‌كه دابخرێت له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی ئهوهكاتی به‌ریتانیا دێڤد كامیرۆن لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادای به‌سه‌رپه‌رشتی لۆردی دادپه‌روه‌ر لایڤسۆن دابمه‌زرێنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌تێوه‌گلانی پۆڵیس و میدیا له‌و سكانداڵ و فه‌زیحه‌ته گه‌وره‌یه! پوخت و كورت-بێژییهكهی لۆردی دادپه‌روه‌ر لایڤسۆن زۆر كاریگه‌ربوو له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر لاوازبوونی میدیای سهربهخۆو ئه‌و وایگووت: “میدیا یه‌كێكه له‌هه‌ره هۆكاره گرنگه‌كانی سیستمی چێك و باڵانسی وڵات و چاودێری پاراستنه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه؛ بۆیه له‌به‌رئه‌و هۆكاره هه‌ر تێكچوون و فه‌شه‌لێكی ناو میدیا و میدیا خۆی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئێمه هه‌مووان پێكه‌وه به‌بێ به‌ده‌ركردن”. ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌و بارودۆخه سیاسییه ناجێگیره‌ی كه له‌دوای ریفراندۆم و تێكچوونی شه‌قامی عیراقی و په‌رته‌وازه‌بوونی ئۆپۆزسیۆن به‌هه‌مان سكانداڵی 2011ی میدیای به‌ریتانی تێده‌په‌رێت، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌یسی میدیاكه‌ی به‌ریتانیا ئه‌وه‌یه كه هی ئه‌وان كه‌یسێك بوو میدیای پێشێڵكارو قوربانییه‌كان دیاریكراوبوون و ئه‌وه‌ی كوردستان به‌شاراوه‌یی به‌رێوه‌ده‌چێت و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌پارێزه‌ری دیموكراسی داده‌نا خه‌ریكه ده‌كه‌ونه هه‌مان هه‌ڵه‌وه‌و پێشێڵی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسییه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی جێی خه‌م و نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه ببینیت ئه‌و هێزو كاریگه‌رییه‌ی میدیا سهربهخۆو قه‌ڵه‌مه ئازادیخوازه‌كان ببینیت كه له‌جیاتی شه‌ری دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری بكه‌ن، ئه‌وا له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایهنهیهك یاخود له‌ژێر پاساوی به‌رگریكردن له‌لایه‌نێك پێشێڵی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه ده‌كه‌ن كه‌چه‌ندین ساڵه خه‌ون به‌هێنانه‌دی ئه‌بینن! هه‌روه‌ك لۆرد لایڤسۆن گوته‌نی “كه‌وتنی میدیای سه‌ربه‌خۆ، كه‌وتنی ئێمه‌شه”، بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌بێت له‌و قۆناغه له‌خۆمان بپرسین ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كێك له‌ئێمه خۆی به‌پاسه‌وانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری داده‌نێت، ئه‌وا ره‌وایه به‌و بیانووه‌و پێشێڵی بنه‌ماكانی ببین؟