مزگەوت ! مەگەر ئەوانی تر چیان بەرهەم هێناوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 336 جار بینراوە
کەمال ئەسکەندەر
سیاتکردن بەسیاسەتی پاوانخوازی لەهەرێمی کوردستان دۆخێکی قێزەونی ئەوتۆی بەدیهێناوە بەجۆرێک لەگەڵ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو هەموو شتێک دەرفەتی لێوەردەگیرێ تەنانەت پیرۆزیەکان و ئاین و مزگەوتیش تێوەدەگلێندرێ .
لەم باسەدا نامەوێ بچمە سەر پێناسەو سودەکانی مزگەوت ، چونکە بەرهەمی مزگەوت لەڕابردوو و لەئێستاشدا بەڕوونی دیارە ، ئەوەی لای هەمووان زانراوە مزگەوت یەکێکە لەو ناوەندانەی کە خەڵک تیایدا کۆدەبێتەوە ، دەی ئێمە زۆر شوێن و ناوەندی ترمان هەن کە خەڵک تیایدا کۆدەبێتەوە ، ئەی ئەوان چی ؟ مەگەر شاخ وشۆڕش کێی بۆ بەرهەم هێناین ؟ جگە لەدەسەڵاتێکی گەندەڵ لە دوای ڕژانی دەریایەک لەخوێنی شەهیدان و جەرگ سوتانی هەزاران دایک .
مەگەر حزب و بارەگا حزبیەکان چیان پێشکەش بەکۆمەڵگە کرد ؟ جگە لە مونافەسەیەکی ناشەریفانە و تێکدانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، بەجۆرێک کامەی خوێندەوارە کاتێ توشی دەردی حزبایەتی دەکەن لەلوتکەی نەخوێندەواری مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگە دەکات . مەگەر ئێوە لەپشتی دروشمە بریقەدارەکانتان و دروست کردنی چەندین حزب و ڕێکخراو و ناوەند لەبابەت و بوارەکانی وەک ( ماف وئازادی ، دیموکراتی ، مەدەنیەت ، هەڵبژاردن ، یەکسانی ، مافی ئافرەت ، خۆشگوزەرانی خەڵک ……. ) چیتان پێشکەش بەمیللەت کرد ؟ جگە لەگیرفان پڕکردنی کەمێکی دڵسۆز بەحزب .
مەگەر ئێوە بەهێنانی کلتوری ڕۆژئاوایی و فیکرو بەرنامە فاشیلەکانی بێگانە چیتان بۆ میللەت کرد ؟ جگەلە خۆدەوڵەمەندکردن و کاڵکردنەوەی ئینتمای نەتەوەیی و بەدەرنانی گەنجان بۆ هەندەران کەزۆرێکیان بەکۆمەڵێک داخ و هیواو ئومێد لە دەریادا خنکان . مەگەر لەسایەی سەری ئێوە حکومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردن و دادگاکان لەکوێی متمانەو خزمەتی هاووڵاتیان دان ؟ ئەی ئەوە نیە گەورەو بچوک لەو پەڕی نائومێدی و بێزاری و بێ موچەیی ژیان تێدەپەڕێنن ! دواجار مەگەرەکان زۆر زۆرن لەسەرتان بکەین بەنمونەی فەشەلی حکومڕانیتان ، ئیتر لەمزگەوت و پیرۆزیەکان دوورکەونەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.