حزب و قەیرانی دیموكراسی

لەلایەن ستاندار Posted on 298 جار بینراوە

                                                                      هیوا سەید سەلیم

حزب سیاسی لە كوردستان وەك دیاردەیەكی سەدەی بیست و یەك، بۆتە مۆدێلێك بۆ تێكۆشانی سیاسی لە پێناو بەدەستهێنانی چەند ئامانجێكی دیاریكراو،  جا ئەو ئامانجانە نەتەوەیی بن یان چینایەتی، واتا مێژووی سەرهەڵدانی رێكخراوی سیاسی لە كوردستان دوای ئەو چەمكانە دێت كە لە وڵاتانی رۆژئاوا بوونەتە هۆی ئەوەی حزبی سیاسی لە كۆمەڵگا كانی ئەوان سەرهەڵبدات،  ئەویش هەریەك لە چەمكی (ئازادی و دیموكراسی و دادی كۆمەڵایەتیە)

بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە لە تەواوی كۆمەڵگاكانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە كوردستانیشەوە ، حزب زادەی فەزایەكی دیموكراسی نەبووە و نیە بە ئێستاشەوە، بگرە دیاردەی حزبایەتی بریتیە لە چاولێكەریەكی سیستەمە رۆژئاوایەكان، جا لەوەی چ مۆدیلێك باوبووبێت ئەوا لێرەش لە كوردستان باوباوی ئەو مۆدێلەیووە.

لە سەرتایی نەشونمای شۆرشی كۆمەنیستی لە ولاتانی سۆڤیەتی جاران و كوبا و ڤێتنام   تەنانەت چینی میللیش حزبی سیاسی لە كوردستان دەبوو هەڵگری بیروباوەڕی ماركسی بێت، چونكە مۆدێلەكە وای دەخواست، دوای ئەوان مۆدیلەكە دەگۆڕێت بۆ حزبی نەتەوەیی و هەلگری درووشمیی سەربەخۆیی و سەردەمانێكیش قسە لەسەر سۆسیال دیموكرات و دادی كۆمەڵایەتی رۆژئاوایی دەكرا و بەو دوایانەش مۆدیلی حزبی ئیسلامی لە كوردستان هەر لەژێر كاریگەری مۆدیلی دەرەكی سەریهەڵدا.

لەوساوە تا ئێستاش مۆدێلە حزبیەكانی باو ناسنامەی ئەو حزبیەكانی كوردستان دیاری دەكات،  نەك ئەوەی حزب زادەی قۆناغێكی دیموكراسیانە بێت و وەك زەرورەتێكی مێژووكردنی قۆناغەكە سەریهەلدابێت.

جا ئەگەر لە سەرتایی دامەزراندنی حزبی كوردی بەو قۆناغە تێپەڕبووبێت بۆ دەبێت گلەی نەبوونی دیموكراسیەت لە نێوخۆی حزبی كوردی بكرێت، حزب ئەگەر بە پرۆسەیەكی ئاسایی لەدایك نەبێت، دەبێت بزانین كە شەرت و مەرجی تەواوی دیموكراسیانە لە حزب غائیب دەبێت، بە نەبوونی دیموكراسیەتیش حزب دەبێتە ئامرازێك لە دەستی كەسانێكی دەستڕۆیشتووی ناو حزب، ئەوسا حزب لە ئامرازەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئامانج وەك ئەوەی ئێستا لە كوردستان بە زەقی هەستی پێدەكرێت.

لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا كە بە دەیان حزبی سیاسی هەیە لە گەورەیانەوە بۆ بچووكیان،  لە چەپەوە بگرە تا ڕاستیان،  لە دەسەڵاتدارەوە بگرە بۆ ئۆپۆزسیۆن، لە علمانیەوە بگرە تا ئیسلامیەكەی، هەموویان رووبەرووی تەنگژەیەكی گەورەی رێكخراوەی بوونەتەوە،  كە خۆی دەبینێتەوە لە( وونبوونی ناسنامەی _ چۆنیەتی وەرگرتنی بڕیار_ قەیرانی دیموكراسی)

هەریەك لە قەیرانی یەكەم دووەمیان،  بەبێ بوونی چارەسەرێك بۆ قەیرانی دیموكراسی چارەسەر ناكرێت، واتا ئەگەر حزب دیموكراسەتی ناوخۆی لەدەستدا ناسنامەشی لەدەست دەدات و ئەگەر دیموكراسیەت نەبوو بڕیاری تەندروستیشی پێنادرێت.

هەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانی دیموكراسەت دایە، ئەو قەیرانە لە شورەی حزبەوە پەڕیوەتەوە بۆ ناو تەواوی كۆمەڵگا، هەر بۆیەشە خەریكە هاوڵاتی كوردستانی بەتەواوی بێ باوەڕ دەبێت بە حزبەكان و تەواوی پرۆسەی سیاسیش .

لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی تا دیموكراسیەت وەك كەلتورێك لەناومان گەشە نەكات و نەبێت خوڕەوشتێك  بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگا،  حزبەكان لەوەی هەن باشتر نابن، واتا جەستەیەكی خاڵی لە دیموكراسیەت دەبن و لە باشترین حاڵەتدا  ئامرازێك دەبن بۆ بەرژەوەندی دەستبژێرێكی دەستڕۆیشتوو،  وە هەندێك جاریش بۆ حزمەتی چەند بنەماڵەیەكی سیاسی.

 

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.