دەشتی عبدالرحمن
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە هەموو لایەنە سیاسیەکانەوە،پێویستە ئەرکی سەرەکی و پێشینەیان پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراق و جێگیرکردنی سەرجەم مافە یاسایی و دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕێگەی پێکهێنانی ئەو حکومەتەوە،وە ئەم بابەتە بکەنە ئەولەویەتی کاری ئەم قۆناغەو بە هەر هۆیەک بێت یەکڕیزی و کۆدەنگی سیاسی لە پێناو دروست بکەن، نەک ئەوەی ئەم بابەتە گرینگە کە چارەسەری بەشێکی زۆری قەیرانەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی پێوە بەندە، فەرامۆش بکرێ و بەر لەوە دەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببرێ، کە بەڕای من خودی هەڵبژاردنەکە نەک نابێتە مایەی چارەسەری کێشەو قەیرانەکان بەڵکو کەلێن و جیاوازیەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان گەورەتر دەکاو کوردستان دەسپێرن بە چەندین کێشەو قەیرانانی ناوخۆیی ترو لەو نێوەندەدا ئەوەی پشتگوێ دەخرێ و لایەنەکان بە فریای کارو پڕۆژەی هاوبەشی نەتەوەیی ناکەون لەبارەیەوە، پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بەهێزکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی کوردە لەو حکومەتەدا.
لە کاتێکدا سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لە بانگەشەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆرترین بەڵێنیان بە خەڵکداوە تا لە ڕێگەی پەرلەمان و حکومەتی ئایندەی عێراقەوە هەوڵی چارەسەری سەرجەم کێشەکانی ئێستای هەرێم و بە تایبەت کێشەی موچەو بودجە بدەن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق. وە دەبێت باش لەو ڕاستیە تێ بگەین، کە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بۆ ناوخۆی کوردستان ڕاستەوانەیە لەگەڵ بەهێزی پێگەو ڕۆڵی کورد لە حومەت و پەرلەمانی نوێی عێراق و چارەسەری کێشەو قەیرانەکانمان.
من دەپرسم ئاخۆ بەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، کە خەڵکی بە هۆی قەیرانی دارایی و خراپی بارو گوزەرانیەوە نائومێدی گەیشتۆتە لوتکە، چ هێزێکی سیاسی هەیە لە هەرێمی کوردستان، بەبێ بوونی بەرچاوڕوونی لە ئایندەی کێشە ئابوریەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جورئەتی ئەوە بکات بەڵێنی چارەسەری کێشەو قەیرانی ئابوری بدات بە خەڵک، یان ئەگەر جورئەتی کردو ئەو بڵێنەی دا، تۆ بڵێی خەڵکی کوردستان پاش چەندین ساڵ و چەندەها جار لە شکاندنی بەڵێنی لەم چەشنە لە لایەن حکومەت و حزبەکانەوە، ئەوەندە خۆش باوەڕ بێت ئەم جارەش بڕوا بە وەها بەڵێنێک بێنێ و بە جۆش و خرۆش و ئومێدەوە بچێتە سەر سندوقەکان و دەنگ بدات؟ بێ گومان ئەگەر حزبەکان باوەڕیان بە هەڵبژاردنە وەک بنەمایەکی گرینگی دیموکراسی بۆ نوێبوونەوەو دەستاودەست کردنی دەسەڵات، دەبێ ئەو جورئەتەیان نەبێ و خەڵکیش ئەو پێشوازیە گەرمەی نەبێ بۆ هەڵبژاردنەکە!
بۆیە من لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەی لای سەرەوەو ئەزموون وەرگرتن لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو،خۆم خواستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاتێکی شیاوتر، نەک بە عیبەیەکی سیاسی نازانم ئەگەر هەر هێزو لایەنێک داوای بکات، بەڵکو بە ئەرکێکی نەتەوەیی دەزانم و چ پێویست ناکات لایەنەکان بە ترس و شەرمەوە باسی ئەم بابەتە بکەن.