ستاندەر : تایبەت
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ” ستاندەر ” ی راگەیاند ” یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھێشتا یەکلا نەبۆتەوە لەبارەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراقی داھاتوو ، ئەوەی لێرەو لەوێش باسئەکرێ ، تەنھا قسەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە و، بەرفەمی کەس دەستنیشان نەکراوە بۆ ئەم پۆستە ” . لەدرێژەی وتەکانیدا سەرچاوەکە کە لەبەر ھەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەدا کە ” جارێ زۆر زووە باس لەناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بکرێت ، چونکە ھێشتا مەسەلەی پێداچوونەوە بە ئەژماری دەنگی خولی داھاتووی پەرلەمان یەکلا نەکراوەتەوە و، ھێشتا دادگای باڵای عیراق موسادەقەی لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان نەکردوە، جارێ نازانرێ کەی پەرلەمان کۆ ئەبێتەوەو ، کەی لایەنە سیاسیەکانی عیراقیش رێک ئەکەون لەسەر دامەزراندنی حکومەتی داھاتووی عیراق ، کە پۆستی سەرۆک کۆمار دوای ئەم ھەمو شتانە دێتە سەر باس ورێکەوتن لەبارەیەوە “.
ئاماژەی بەوەشدا ” بریاری کۆتایی لەبارەی کاندیدانی ئەم پۆستە لەلای مەکتەبی سیاسی وئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە، نەوەک دام ودەزگای تر کە ھەندێ کەس باسی ئەکەن گوایە پشتگییری کاندیدێکی دیاریکراو ئەکەن “.
بەپێی سەرچاوەکانی ناو یەکێتی ئێستا بیرۆکەیەک ھاتۆتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە یەکێتی تەنھا یەک ناو پێشکەش نەکات بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە، بەڵکو لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی بیرۆکەی فرە کاندیدی باسی لێوە ئەکرێ ، لایەنە عیراقیەکانیش پێیان باشە بۆ ھەر پۆستێک ناوێک زیاتر پێشکەش بکرێت ، بۆ ئەوەی لە دەنگدانی ناو پەرلەماندا دیموکراسیەت بەشێوەیەکی باشتر فەراھەم بکرێ .
ھەرچەندە تا ئێستا دانوستانی لایەنە کوردی وعیراقیەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا دەستی پێنەکردوە، بەڵام لەوە ئەچێ پۆستی سەرۆک کۆماری داھاتووی عیراق بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکلا بوبێتەوە و، لە چاوەڕوانی کاتی گونجاودا یەکێتی ناوی کاندیدەکانی بۆ ئەم پۆستە ئاشکرا ئەکات ، ھەرچەندە تا ئێستا وەکو باس ئەکرێ تەنھا دوو کاندید نامەی خۆ کاندیدکردنیان ناردۆتە مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە ئەوانیش ھەردو بەڕێزان دکتۆر لەتیف رەشیدی گەورە راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێستای عیراق و، دکتۆر محەمەد سابیر باڵوێزی پێشوتری عیراق لە چین .