بایکۆت و نەخشەڕێگای داهاتوو

لەلایەن ستاندار Posted on 308 جار بینراوە
هیوا حەسەن عەلی
لەسەروبەندی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 30 ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت ، پێم خۆشە سەرنج و تێبینیەکانی خۆم لەسەر ئەو بابەتە بخەمە ڕوو. سەرەتا پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بکەین و بزانین ئامانج و هۆکاری ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە چییە؟ بەپێی هەموو پێوەرە دیموکراتییەکان مەبەستی هەڵبژاردن بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتە کە ووڵات لەشەڕو ئاژاوەی ناوخۆیی دەپارێزێ و لەڕێگای ئەو پرۆسەیەوە هاووڵاتیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دەستنیشان ئەکەن بەو ئومێدەی ووڵات بەرەو ئارامی و خەڵکەکەیشی بەرەو ژیانێکی باشترو خۆشتر بەرێت .
جا ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن لەڕێگا ڕاستەکەی خۆی لایداو ئەمانجه سەرەکیەکەی خۆی بەدینەهێناو لەبری گۆڕانکاری، ئامرازێک بێت بۆ شەرعیەتدان و مانەوەی خودی ئەو دەسەڵاتە ، لەو کاتەدا هەڵبژاردن جگە لە سیناریۆو گاڵتەکردن بە پرۆسەی دیموکراسی و دەنگی خەڵکی هیچ مانایەکی دیکە نابەخشێ. ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق دەگوزەرێ لەسەرجەم پرۆسەکانی هەڵبژاردن کە لەماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە ، نەک هەر بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتێکان و بنەما نەگۆڕەکانی هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە ، بەپێچەوانەوە ئەگەر تەماشای ڕاپۆرتە نێودەوڵەتێکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بەچاودێری هەڵبژاردنەکان بکەین ، ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا ئەبێت کە جگە لە ئەتکردنی دیموکراسی و شەرعیەتدان بەو فەسادە ئیدارییەی کە لەهەرێم و عێڕاقدا هەیە بە پاڵپشتی ووڵاتانی هەرێمی و تەنانەت هەندێک لەووڵاتانی جیهانیش هیچ روویەکی گەشی لانی کەمی دیموکراسی تێدا نابینرێ.
لێرەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هێشتا زووە بڵێین ڕەنگە لەڕێگای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ئومێدێک یان تروسکاییەک بەدی ئەکرێت بۆ گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات، بەتایبەتی لەهەڵبژاردنی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ، بەمانایەکی دیکە ئەبێ خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە ناڕازیەکانی هەرێم چاوەڕێ نەبن بەم عەقڵەی دەسەڵات و بەم ئالییەتەی هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی سیاسی هەرێم ڕووبدات، هەر بۆیە پێویستە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بیر لە ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی جیا لەهەڵبژاردن بکەنەوە بۆ دەرچوون لەم دۆخەی ئێستاو بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی لەو جۆرانەی پێشوو نەکەن کە جگە لە شەرعیەتدان بە حوکمی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە هیچ خێرێکی بۆ خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان نابێت. ڕەنگە ئێستا خوێنەری بەڕێز بپرسێت ئەی بەدیلی هەڵبژاردن چییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەو وەڵامدانەوەی ئەو دۆخە چەقبەستووەی کە هەرێمی تێکەوتووە بەم چەند خاڵەی خوارە هەنگاوەکانی داهاتوو ئەخەمە روو کەپێم وایە وەڵامدانەوەیەکی واقیعانەیە بۆ داهاتووی هەرێمەکەمان.
دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش و پتەو لەنێوان لایەنەکانی دەرەوەی حیزبەکانی دەسەڵات، هەنگاوی یەکەمی ئەو بەرەیە ڕاگەیاندنی بایکۆتی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی هەر هەڵبژاردنێک کە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەوە ئەنجام ئەدرێت. قۆناغی دووەمی ئەو بەرەیە ڕاگەیاندنی مانگرتنێکی ئاشتیانەی هێمنانە لەسەر ئاستی هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ، بەمەرجێک سەرکردەوئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانە سەرپەرشتی و بەشداری کارای تێدا بکەن و بەفەرمی بەرپرسیارێتی ئەو خەباتە مەدنیە بگرنە ئەستۆ. بەڕونی و ئاشکرا خاڵی سەرەکی داواکاریەکانیان هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمەتەو دروستکردنی حکومەتێکی ڕاگوزاری بۆ ماوەیەکی کاتی کە ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بگرێتە ئەستۆ:ـ
ٲـ یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرجەم هێزەکانی دیکە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەئەنجام گەیاندن و سەرخستنی ئەو کارەش پێویستە کەسێکی ئەکادیمی و سەربەخۆ بکرێتە وەزیری پێشمەرگە.
ب ـ کۆکردنەوەو سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سەرجەم داهاتەکانی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی ئەرکێکی دیکەی ئەو حکومەتە بێت.
ج ـ هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بەکەسانی سەربەخۆو پسپۆر لەو بوارەدا کە بتوانێت پرۆفیشناڵانە کارەکانی ئەنجام بدات و دوور بێت لە بەشبەشێنەی حیزبی. بەم نەخشە ڕێگایەی سەرەوە کە دەرهێنانی هێزو پارەیە لەدەست حیزبەکانی دەسەڵات ئەتوانین هەم هەڵبژاردنێکی پاکو بێ خەوش ئەنجام بدرێت، هەم حکومەتێکی نیشتمانی بەهێزو تۆکمە بۆ داهاتوو دروست بکەین کە توانای بەرەنگاربونەوەی هەموو ئەو ئاستەنگ و کێشانە بێتەوە کە دووچاری هەرێمەکەمان بۆتەوە، هەم ئاشتی و کۆمەڵایەتی و تەبایی و برایەتی و یەک خیتابی نەتەوەیی لەنێوان حیزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دێنێتە ئاراوەو هەم ووڵات بەرەو کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی ئەبات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.