كارتێكی تری دەستی ئەردۆغان دەكەوێت

لەلایەن ستاندار Posted on 365 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

لەچەند ساڵی ڕابردوو پارتی دادوگەشەپێدان و خودی (رەجەب تەیب ئەردۆغان)یش، هەمیشە ئیدعای ئەوەیان دەكرد كە ئەوان هۆكاری راستەرێكردنی ئابووری توركیا بوونە، دەلێن ئەوان دوای ئەوەی سالی 2002  وەك AKP دەسەلاتی توركیایان گرتە دەست،  لەسەر دەستی ئەوان رێزەی بێكاری لە توركیا بەرەو كەمی بردار و كاریان كرد بۆ كەمكردنەوەی قەرزەكانی سەر توركیا .

ئەمانە تەنیا قسە نەبوون،  بگرە لەبواری كرداریش هەنگاویان بۆ نران، توركیا لە چەند سالی یەكەمی دەسەڵاتی پارتی دادوگەشەپێدان خەریك بوو دەگەیشتە ریزی وڵاتە بەهێزەكانی جیهان لە رووی ئابووریەوە .

بەڵام لە دوای سالی 2014 تا رۆژگاری ئەمرۆمان،  توركیا ئەو چەكە بەهێزەی جارانی نەماوە،  وا خەریكە پێچەوانەش دەبێتەوە، واتا ئەوەی جاران بۆ توركیا وەك فاكتەری هێز سەیر دەكرا،  ئێستا بۆتە فاكتەری لاواز،  ئەوی  ئێستاش بەروونی دەبینرێت ئەوەیە نا سەقامگیری ئابووری توركیا كە لە ئێستادا خۆی لە ناسەقامگیری بەهای دراوە نیشتمانیەكەی (لیرە) دەبینێتەوە، ئەمەیان هەڕەشەی جدیە لەسەر داتەپینی ئابووری ئەو وڵاتە،  كە سەرنجام بە شكست بۆ ئەو دەسەلاتە دەشكێتەوە.

لێردا دەپرسین بۆچی ئەردۆغان نەیتوانی لەسەر رێچكەی گەشەی ئابووری وڵاتەكەی بەردەوام بێت، و ئایا توركیا بەو سیاسەتەی ئێستای كە لە دەروازەی قەیرانی سیاسی و دبلۆماسیەوە بەرەو قەیرانی ئابووری دەچێت بە كوێ دەگات ؟

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە دەبێت بزانین توركیا لە چ كەشێكی سیاسی توانی گەشە بە ئابووریەكەی بدات بۆ ئێستا ئەمەی پێناكرێت  ؟

فاكتەركانی گەشەی ئابووری توركیا لە ساڵانی رابردوو پەیوەندی بە سیاسەتی ئەو وڵاتە هەبوو،  كە خۆی دەبینیەوە لەو ستراتیژەی كە (ئەحمەد داود ئۆغلو) كە سەردەمانێك وەزیری دەرەوە و دوا جاریش سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو،  لەسەر پشكی پارتی دادوگەشەپێدان، ئەو ستراتیژەی كە كاری دەكرد بۆ سفركردنەوەی كێشەكانی توركیا لە ئاستی ناوخۆیی و دەوروبەرو جیهانی.

ئەو ستراتیژە كە لەناوخۆی توركیا كاری كرد بۆ ئاشتی ناوخۆیی و بەرهەمی هەنگاوەكانی ئاشیش جۆرێك سەقامگیری سیاسی لێكەوتەوە، كە هیچ گومانی تێدانیە  ئەو سەقامگیرە بوو بە بووە یەكێك  لە هۆكاری گەشەی ئابووری لەو وڵاتە، بە تایبەتیش دوای ڕاگەیاندنی یەكلایەنەی ئاگربەست لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان و دانیشتنەكانی ئۆسلۆ و دواتریش كۆبوونەوەكانی ئیمرالی كە بە رێكەوتنامەی دۆڵمە باخچە تەواو بوو.

لەو سەردەمەدا زۆرێك لە چاودێران پێیان وابوو ئەگەر توركیا تا سەر كار لەسەر ستراتیژەكەی داودئۆغلو بكات ،  هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیمرالی و قەندیل تەواو بكات،  ئەوا لەبواری گەشەی  ئابووری هەنگاوی گەورەتر دەنێت.

لەرۆژگاری ئەمرۆدا كە نوركیا بەو قەیرانانەوە دەبینینن  تێدەگەین كە سیاسەتی چەوتی ئەردۆغان لە مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی كورد و سوریا و پڕسی تیرۆر،  هۆكاری ئەوە بوون كە ماوەی تەمەنی زێرینی گەشەی ئابووری توركیا كورت بێت .

نالۆژیكی سیاسەتی دبلۆماسی توركیا بەتایبەت لە پشتكردنە بەرەی دۆستە ستراتیژیەكەی (ئەمەریكا)،  كە لە زۆربەی قەیرانەكان پشتوپەنای بووە،  وای لە ئەمەریكا كردووە لە بیانوو بگەرێت تا فشار بخاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی ناچاری بكات دووربكەوێتەوە لە فەلەكەی سیاسەت و بەرژەوەندی  نەیارانی ئەمەریكا (روسیا- چین – ئێران)

نموونەش بۆ ئەمەیان قەیرانی قەشە ئەندرسۆن كە ئەمەریكا كردویەتیە بیانوو تا سزای دوو وەزیری توركیای پێبدات و دواجاریش باج لەسەر چەند كانزایەكی توركی دوو قات بكاتەوە.

هیچ گومانی تێدانیە كە  لەو شەڕە ئابووریەدا كە لە نێوان ئەمەریكا و توركیا دەستی پێكردووە،  دۆڕاوەكە توركیا دەبێت، نیشانەكانی ئەو دۆڕانەش لە ئێستاوە دەركەوتوون،  بەوەی بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی رۆژبە رۆژ روو لە داشكانە، بەشێوەیەك كە خەریكە ئابووری توركیا تووشی داتەپین دەكات.

دواجار دەڵێین ئەگەر توركیا لەسەر پرسی قەشە ئەمریكیەكە مل بۆ داخوازیەكانی ئەمەریكا بۆ ئازادكردنی كەچ نەكات،  پێبینی دەكرێت لە لایەن ئەمەریكاوە دەرگای چەندین قەیرانی تر بۆ توركیا بكرێنەوە،  كە هەموویان رۆڵیان دەبێت لەسەر قوولكردنەوەی قەیرانە ئابووریەكە،  چونكە لیرەی توركی بەرگەی ئەو هەموو فشارە ناگرێت، بەمەشیان كارتێكی تر لە دەستی ئەردۆغان دەكەوێت كە ساڵانێكە خۆی پێهەڵدەكێشێت.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.