بەرەی ناڕازی و گرتنە دەستی دەسەڵات

لەلایەن ستاندار Posted on 305 جار بینراوە

مەلا فرمان

لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی چەند لایەنێکی سیاسی وەک هێزی بەرهەڵستکاری دەسەڵاتی جوتحیزبی بونیان هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان گاریگەرترینیانە، بەڵام نەیانتوانیوە لە ٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کاریگەری بەرچار لەسەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی دابنێن، چونکە:
1- بەشداریکردنیان لە حکومەتی بنکە فراوان لە گەڵ دو هێزی گەندەڵکار بەهۆی پشوکورتیان لە ئۆپۆزسیۆنبون زیانی زۆریان بەرکەوت.
2- لاوازی سەندیکاکان وەک پشتیوانیەک بۆ ئۆپۆزسیۆن.
3- نەبونی بەرنامەیەکی کارکردنی هاوبەشی پێویست.
4- ناتەبایی و لێکترازانی هێزە بەرهەڵستکارەکان، دابڕانی یەکگرتوی ئیسلامی بەنمونە بۆ ماوەیەک و لە کاتی زۆر حەساسدا، ئێستاش شەری ساردی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ و تاک خستنەوەی. ئەم دابڕان و جۆرە شەڕە ئاوی ئاشی پارتی و یەکێتی پێ زیاد دەکات.
5- نەکەوتنە پێش شەقام و پشتگیری شەرمنانە لە ناڕەزایەتیەکانیان.
6- لە دەرگادانی ناوبەناوی پارتی و یەکێتی.
7- ترس و بڕوا بەخۆنەبونی ئەم هێزانە لە ئیتهامکردنییان لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بە خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە کاتێکدا ئەم دو حیزبە خۆیان بە ئاوی ئەم گۆمە هێشتا گیانیان تەڕە. ئەم ترسە بۆتە هۆی دورکەوتنەوەی ئەم هێزانە لە بەرنامەی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و چاکسازی و کۆنترۆڵکرنی گەندەڵی.
ئەم هێزانە دەبێ چی بکەن؟
1- ئەو هێزانەی چاوەڕوانیان لێدەکرێت سیستەمی سیاسی بگۆرن و پێشڕەوی میلەت بن دەبێت:
– بوێرانە هەڵوێست وەرگرن و بڕیار بدەن. بیر لە ماندوبون نەکەنەوە.
– خۆیان لە هەڵوێستی موحافزکارانە بە دوربگرن.
– خۆ بەدور بگرن لە لێکنزیکبوونەوە لە دەسەڵات بەشێوەی ژێربەژێر یان ئاشکرا.
2- هەرچی زوە ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن، میدیاکانیان بکەن بەیەک و روەو دەسەڵاتی کەن.
3- ئەوەندەی بکرێت بەرنامەی ” نەوشیروان مستەفا” ببێتە چەتری کۆکردنەوەی ئەو هێزانە و کەس بە چاوی هەوێ سەیری ئەوی تر نەکات. چونکە ئەو بیرمەندە لەو کانیە ئاوە سازگارەیە کە خەڵکی گوند و هەمو رێبواران دەتوانن ئاوی لێ بخۆنەوە. لەسەر تابلۆیەکیش نوسراوە ” ئێمە هاتوین بۆ ئەوەی حقدی سیاسی نە هێڵین”.
4- ئەوەندەی بکرێت ژمارەی دۆستەکانیان زیاد کەن، لە ناو حیزبەکانی تر و جەماوەر.
5- چاویان لەوە بێت چۆن سیستەمی حکومڕانی بگۆرن، پێکەوە کورسیەکانیان چەندە، نەک یەکی چەند کورسی دێنن.
6- دوای هەڵبژاردن پەرتەوازە نەبن و بە شیرینی دەسەڵات فریو نەخۆن. بە تایبەتی ئەو شیرینی خواردنەی لەگەڵ پارتی و یەکێتی تاقیکرایەوە و زیانی زۆری بە بەرەی ناڕازی گەیاند.
7- بە بەرنامەیەکی رون و سادە و یەککرتو ئومێدی گۆڕان و چاکسازی بگەڕێننەوە بۆ جەماوەر.
دوا دو خاڵ کە زەرورە بگوترێن:
1- ” هەمو ئەو هێزانە و تەواوی دەنگە ناڕازیەکان دەبێت ئەو راستیە بزانن، ئەگەر دەسەڵات تا ئێستا کاری پێکەوەییان لەسەر پەرتەوازەبون و لاوازبونیان کردوە، ئەوا ، ئەگەر دوای ٣٠/٩ زۆرینە بێننەوە کار لەسەر بە سفر کردنەوەیان دەکات”.
2- زۆرینەی هەرە زۆری جەماوەر لەم دەسەڵاتە بیزارە، کاتی گۆڕینی هاتوە، تەنها رێک خاوەندارێتی دەوێ.

کەرکوک،١٧/٨/٢٠١٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.