بایکۆت لە پاى چیدا…؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 365 جار بینراوە

سیروان شەهید سمایل وەرتى

بەرەنجامى بێباکى دەسەڵاتدارانى هەرێم لە ئاست ماف و داواى چین و توێژەکانى کۆمەڵگا، کارکردنى بەردەوام بۆ بێبەهاکردنى چالاکیە مەدەنیەکان و پرۆسەى دیموکراسی لەلایەن دەسەڵاتدارانى یەکێتى و پارتى جۆرێک لە نائومێدى و ساردبونەوەى لاى هاوڵاتیان دروستکردووە بۆ هەنگاوە دیموکراسیەکان و بەتایبەت هەڵبژاردن، کە ئەمەش ڕێک وەدیهاتنى خواست و ئامانجى دەسەڵاتە! کەوابوو دەکرێ بڵێین نائومێدى لە گۆڕانکارى و بایکۆتى پرۆسەى هەڵبژاردن جۆرێکە لە خزمەتکردن بەم دەسەڵاتەى ئێستا بەبێ ویستى خۆمان، ڕازى بونە بەبەردەوامى هەمان ئەو حیزب و بنەماڵە و دەموچاوانەى کە زەمەنێکە یارى بە چارەنوس و پیرۆزیەکانى گەل دەکەن.

ڕەنگە هاوڵاتى مافى خۆى بێت گومان لە مل کەچى دەسەڵاتدارانى هەردوو حیزب بکات بۆ خواستى گەل، تا ئەنجامى هەڵبژاردن بکاتە پێوەر بۆ دەستاودەست کردنى ئاشتیانەى دەسەڵات. بەڵام لەگەل ئەوەشدا لە ئەزمونى گەلانەوە بۆمان دەردەکەوێت دوو ڕێگا هەن بۆ گۆڕانکارى ڕێشەیی لە سیستمى حوکم و ئاڵوگۆڕى دەسەڵات: (خەباتى چەکدارى و خەباتى مەدەنى)

لە یەکەمیاندا کە بریتیە لە ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکدارى ڕەنگە گۆڕانکاریەکى خێرا بێتە ئاراوە، یانیش سەرکوتکردن و ماڵ وێرانى لە دوا بێت. ئێمەى کورد ئەزمون و ڕابردوویەکى تاڵمان هەیە، مێژوویەک لە شەڕ و کوشتارى بێ حەسانەوە کە هەمیشە دەیان گەنج و ڕۆڵەى هەژاران بونەتە قوربانى. خۆ ئەگەر ڕاپرسیەک لە نێوان ئەو خەڵکە نائومێدانەدا بکەین کە بڕوایان بە پرۆسەى هەڵبژاردن نەماوە بە دڵنیایی یەوە زۆرینەى رەها هەموو ڕێکارە توندوتیژیەکان ڕەتدەکەنەوە بۆ گۆڕانکارى، بێگومانیش لە بەردەوامى زوڵم و زۆرى و ناعەدالەتى کۆمەڵایەتیدا ئەم ڕێگایە هەمیشە ئەگەرێکى کراوەیە.

لە دووەمیاندا کە کە بریتی یە لە خەباتێکى بەرفراوان و مۆدێرنى دوور لە توند و تیژى و خوێن ڕشتن کە چەندان ڕێگا و شێواز لە خۆدەگرێت: مانگرتن و هاتنە سەرشەقام و هاندانى خەڵک بۆبەشدارى لە هەڵبژاردن وەک ڕێگایەک بۆ سزادانى ئەوانەى پێچەوانەى خواستى گەلن. ئەم ڕێگەیە لە جیهاندا زۆرترین پشتیوانى هەیە بەتایبەت وڵاتانى ڕۆژئاوا بەئەزمونێکى سەرکەوتوودا تێپەڕیون. کەوابوو بەڵێ تا ئەم ساتەش ئەم ڕێگەیە شاڕێ ى گۆڕانکاریەکانە، ئەگەرچى خەباتێکى درێژخایەنە و پێویستى بە پشوو درێژى هەیە بەڵام خەباتێکە دوور لە توندو تیژى، لەگەڵ ئەوەشدا مەوداى هاتنە دەستى ئامانجەکان پەیوەستە بە یەکدەنگى و بەدەمەوەهاتنى زۆرترینى هاوڵاتیان چونکە لەم شێوازەیاندا هەڵبژاردن و دەنگدان دەکرێنە بنەما بۆ دەستاودەستکردنى دەسەڵات و سزادانى گەندەلکاران و ئەوانەى یارى بە قوتى خەڵکەوە دەکەن.

ڕەنگە تۆى تاک لات وابێت چالاکى مەدەنى و هەڵبژاردن هیچ مانایەکى نیە و بێسودە! بەڵام زۆر ئاسان ئەتوانى گوزەرێک بە نێو مێژووى گۆڕانکاریەکاندا بکەى لە وڵاتانى پێشکەوتوو، خۆ لەم وڵاتەى خۆشماندا بەراوردێک بکە لە توانا و دەنگى هەردوو حزبی دەسەڵات لە ناو پەرلەمانى کوردستان کە دەبینین خول دواى خول ژمارەى کورسیەکانیان کەمى کردووە، ئێستا وەک پێشوو ناتوانن بە سانایی و ویستى خۆیان هەموو پڕۆژەکانیان تێپەڕێنن. کەوایە دەبێت بزانین کە ئەستەم نیە لەم ڕیگەوە بەرەى چاکەخواز و هەڵگرانى ئامانجى گۆڕانکارى ببنە زۆرینەى پەرلەمانى، ئەوسا ئەوهێزانەش دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتیە گەورەکەو ئیتر دەنگى تۆ دەبێتە سەنگى مەحەک بۆ یەکلاکردنەوەى پرسەکان و بنیات نانى ئایندەیەکى باشتر. هەروەک لە کوردەواریشدا وتراوە “جێ هێشتنى مەیدان دۆڕانە” کەوایە دەبێت بزانین لە مەیدانێکى چۆڵدا خراپەکاران بەویستى خۆیان تەراتێن دەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.