ببورن… بایکۆتیش پیاوی خۆی دەوێ (بایکۆتی سیاسی، بایکۆتی ھەڵبژاردن)

لەلایەن ستاندار Posted on 449 جار بینراوە

پ.ی.د.رعد رفعە محمد
بیرمەندی لیبڕالی عەرەبی عەزمی بەشار دەڵێ: چاکسازی لەناخیدا شۆڕش ھەڵدەگرێ وپێچەوانەکەشی ھەر راستە، شۆڕشیش لەناخیدا چاکسازی ھەڵدەگرێ. ئەم ووتەیە زۆر راستە؛ چونکە ھیچ شۆڕش وراپەرینێک ناتوانێ گۆڕانکاری ١٠٠% ئەنجامبدات، بەڵکو پێویستی بە چاکسازی قۆناغبەندی وبەردەوامی ھەیە. لەھەمان کاتیشدا، چاکسازی جۆرێکە لە شۆڕشێکی نەرمی بەردەوام لە سیستەمە گەندەڵ ودیکتاتۆرەکان.
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ نە شۆڕش وراپەرینە بەمانای راماڵینی دەسەڵاتی ھەردوو زۆنی زەرد وسەوز لە رەگوڕیشەوە، نە چاکسازیەکی قۆناغبەندی دیراسەکراوی ئاقڵانەیە لەلایەن حزبە ناڕازیەکان –نەک ئۆپۆزسیۆن-.
ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان نەوەیەکی نوێی سیاسی پەیدا بووە داوای بایکۆتی سیاسی دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتدا, لەکاتێکدا دابڕان وبایکۆت لەگەڵ دەسەڵاتدا بەواتای بوونی پڕۆژەو پرۆسەی روخاندنی دەسەڵات لە دەرەوەی یاسا نەک کاری سیاسی مەدەنی وھەڵبژاردن وکاندیدبوون وگرتنە دەسەڵاتی ھەرێم بە ئیزن وفەرمووی پارتی ویەکێتی.
لە ووڵاتە دیکتاتۆر وگەندەڵەکانی ئاسیا وئەفریقا وئەوروپای رۆژھەڵات کاتێک جەماوەر وحزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئیرادەی گۆڕینی دەسەڵاتیان دەبوو، بەدوو رێگا گۆڕانکاریان ئەنجامداوە:
یان شۆڕش وراپەرینیان ئەنجام دەدا تا روخانی رژێمەکان, نەک بەشدار بن لە ھەڵبژاردن وپرۆسەی جوانکردنی دەموچاوی رژێمەکان و وەرگرتنی پۆست وپارە.
یان رێگای دووەمیان ھەڵدەبژارد، ئەویش فشارخستنە سەر رژێمەکان بۆ چاکسازی وئەنجامدانی دایەلۆگ وگفتوگۆیی راستەوخۆ وناراستەوخۆ ومامەڵکردن لەگەڵی وبەشداری لە پرۆسەی گۆڕینی دەسەڵات لە رێگای ھەڵبژاردنی پاکوبێ گەرد.
توێژینەوەیەکی سیاسی زانستی لەلایەن ھەردوو توێژەر (ئەبراھام لوینسال وسیرجیو بیگار) کە لەساڵی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە گفتوگۆی کردوە لەگەلڕ ١٢ سەرۆک ووڵات وسەرۆک وەزیرانی ووڵاتان کە رۆڵی کاریگەریان ھەبووە لە راگواستنی دیموکراتی لە ووڵاتەکانیان وەکو: بەرازیل، تشیلی، گانا، ئیندنوسیا، مەکسیک، فلیپین، پۆڵەندا، باشوری ئەفریقیا، ئیسپانیا.
ھەندێک لەوانە سەرکردە بوونە لە سیستەمە دیکتاتۆر وگەندەڵەکان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ووڵاتەکانیان بەرەو دیموکراتیەت وچاکسازی ئابوری بردوە. ئێف دەبڵیو کلیرک سەرۆکی باشوری ئەفریقیا، بیجی حەبیبی جێگری سۆھارتۆ سەرۆکی ئیندنوسیا، ئەلکسەندەر کفاشنیفسکی وەزیر لە رژێمە دیکتاتۆرەکەی پۆڵەندای شیوعی نمونەی زیندووی ئەو شێوازەی گۆڕانکاری دیموکراتین.
ھەر بۆیە دەتوانین بڵێین: ئەم جۆرە بایکۆت ودابڕانە سیاسیە لەگەڵ دەسەڵات لە ئەزمونی ھیچ ووڵاتێک نەبیراوە جگە لە بانگەشە لەم ھەرێمەی خۆمان، کە ئەگەر خاوەنەکەی راست دەکات دەبێ ئامانج وپێداویستی وشێوازەکانی شۆڕش وراپەرین بگرێتە بەر نەک چاوی لەچەند کورسیەکی پەرلەمان بێت لەژێر سێبەری ئەم دەسەڵاتە.
لەلایەکی تریشەوە، کۆمەڵە رۆشنبیر ورۆژنامەنوس وچاڵاکوانێکی مەدەنی دڵسۆز پەیدابوونە داوای بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکەن لەلایەن حزبە ناڕازیەکان بە پاساوی ساختەو نەتوانینی گۆرٍینی ریشەیی لە رێگای پەرلەمان وپرۆسەی دیموکراتی.
ئەم بۆچونە زۆر راست دەبێ ئەگەر ھاتوو ئەم حزبانە پلانی ستراتیژی وشێواز وکەرەستەی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانیان گرتبێتەبەر وکاریان بۆ کردبێ.
زۆر بەگومانم سەرکردایەتی ئەو حزبە نارازیانە بتوانن پڕۆژە وپرۆسەی بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بەسەرکەوتووی ئەنجام بدەن.
بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بریتی نیە لە بەشداری نەکردنی ھەڵبژاردنەکان وچوونە ماڵەوەی سەرۆک حزبەکان وچاوەڕێکردنی کار وکردەوەکانی پارتی ویەکێتی بۆ ماوەی چوار ساڵی تر. بەڵکو بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بریتیە لە:
یەکەم: پێکھێنانی بەرەیەکی جەماوەری فراوان لە گشت حزبە ناڕەزا وکەسایەتیە سیاسی وکۆمەڵایەتی ورۆشنبیری وئایینیە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە؛ چونکە ئەزمونی ووڵاتان بە نمونەی فلیپین وئیسپانیاو پۆڵەندا وئەڵمانیای رۆژھەڵات وبەڕازیل وھتد… پێمان دەڵێت بەھیچ جۆرێک تاکە حزبێک بە بێ حزبی تر وبەبێ جەماوەر ناتونێت گۆڕانکاری ریشەیی ئەنجام بدات بەتەنیا. پێچەوانەکەشی ھەر راستە، ئەزموونی ووڵاتانی وەک فەنزەوێلا، ێربیا، ئۆکرانیا بەروونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کاتێک ئۆپۆزسیۆن پارچە پارچە بوونە نەیانتوانیوە رژێمەکان بگۆڕن.
دووەم: پێکھێنانی سەرکردایەتیەکی جەماوەری ھاوبەش کە ئەرکیان بریتی دەبێ لە:
– ناساندنی پێشێلکاری وگەندەڵیەکانی پارتی ویەکێتیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
– دروستکردنی لۆبیەکی بەھێز لە ووڵاتانی دەرەوەی کاریگەر لەسەر ھەرێم وعێراق بۆ دانانی سنورێک بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم.
– ھەوڵدان بۆ دادگایی کردنی سەرکردەکانی ھەردوو حزبی دەسەڵات لە دادگاکانی عێراق و ووڵاتانی ئەوروپی وئەمریکا.
– رۆژبەرۆژ توندترکردنی فشاری جەماوەری مەدەنی لە کوردستان بەسەر دەسەڵاتداران بەمەبەستی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد وبێ لایەنکردنی ھێزە چەکدار وئەمنیەکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردن.
ھەربۆیە پێویستە سەرکردە بەردەوام رەگەزی دەستپێشخەری ھەبێ لە پرسە سیاسیە ھەنوکەیی وگەرمەکان, نەک گۆڕەپانە سیاسیەکە بۆ فەیسبوکوان وکەسانێک چۆڵبکات کە لە جیھانی خەیاڵدا دەژین لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وھەر جارەو رای گشتی بە ئاراستەیەکی نا لۆژیک وناسیاسی ونا واقعیانە ببنەن وەک ئەو بانگەشەی “بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان”.
چاکسازی وگۆڕینی دەسەڵاتی ھەرێم بە سەرکردەیەکی راستگۆ دەکرێت کە بتوانێ جەماوەر بجوڵێنێ، کاری بەردەوام بکات، دایەلۆگ ودانوستان ئەنجامبدات، ئارام وپشوو درێژبێت، کارامە بێت لە حوکمرانی.
لەکۆتاییدا پێموایە ئەو سەرگەردانی وبێ ئومێدیەی بڵاوبۆتەوە لەناو خەڵک دەگەرێتەوە بۆ دوو وێنەی جیاواز کە خاوەنەکانیان وێنایان کێشاوە بەوەی:
ئەوەی دەڵێ مامەڵە ناکەم لەگەڵ دەسەڵات نە فشاری مەدەنی ونە شۆڕشی سەربازی ئەنجام نادات بۆ راماڵینی گەندەڵکاران بەپێچەوانەوە بەشداری پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی ساختە دەبێ بە گشت مەرجەکانی دەسەڵات.
ھەروەھا ئەوەی داوای چاکسازی دەکات, نەفشاری مەدەنی سازدەکات, نەدەچێتە پرۆسەی دایەلۆگ ودانوستان لەگەڵ دەسەڵات بۆ مسۆگەرکردنی بەدامەزراوەیی کردنی دامەزراوەکانی ھەرێم وقۆناغبەندی لە ریشەکێشکردنی گەندەڵی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.