خۆکوشتنی ئۆپۆزسیۆن

لەلایەن ستاندار Posted on 333 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

لەساڵی 2009و دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی پەرلەمانی لەدایک بوو، ئۆپۆزسیۆنێک جوڵەی بە حیزبایەتی و سیاسەت بەخشییەوە. کومەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامیش خەتی ئۆپۆزسیۆن بوونیان تۆختر کرد. ئۆپۆزسیۆن لە چوار ساڵی یەکەمیدا تەنگی بەم دەسەڵاتە هەڵچنی بوو، تەنانەت هێزێکی وەک گۆڕان لەساڵی 2011 توانی بڵێت دەبێت ئەم دەسەڵاتە بڕوخێت.
بەڵام چوار ساڵی ڕابردوو کە دەسەڵات توانیی ئۆپۆزسیۆن کێشبکات بۆ ناو دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنی لە هێزێکی عەجولە و بەرەو هێزێکی ئارام برد. بەشداریکردنی ئۆپۆزسیۆن لە کابینەی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنی 2014 جۆرێک بوو لە ژەهر خواردنەوە بەتایبەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان. ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی لەڕووی سۆسیۆ سیاسییەوە دەسەڵات بخوێنێتەوە، نادیموکراسی و ستەمکاری دەسەڵات ڕەگێکی کولتووری هەیە، چەک و پارەش پاسەوانی ئەم کولتوورەی دەسەڵاتن، گۆڕانکاریش لەم خۆسەپاندنە کولتوورییە سیاسییەدا پشو درێژی دەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن چووە ناو دەسەڵات و فەشەلیی هێنا، چونکە جارێ زووبوو بۆ چوونە ناو دەسەڵاتی جووت حیزبی خۆسەپێن.
کێشەیەکی تری گەورەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان هەڵگرتنی ئومێدی گەورەبوو، ناکرێت بە گوتاری پۆپۆلیستی ئومێد و گۆڕانی گەورەو گشتگیر هەڵبگری. بزووتنەوەی گۆڕان ئومێدی گۆڕانکاری گشتی هەڵگرتوو شەڕی ئەم دەسەڵاتەی کرد، بۆیە دەنگدەرانی لەسەرەتاوە بەگەرمی لەگەڵیدابوون، بەڵام نەخوێندنەوەی سۆسیۆسیاسی ئۆپۆزسیۆنی لاوازکرد. ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی ڕۆمانسیەتی شۆڕشگێڕانە و گوتاری پۆپۆلیستی و ئومێدی گۆڕانکاری گەورە، دەبوو بڵێت من دەتوانم سەدا سی گۆڕانکاری بکەم لەماوەی چوارساڵدا، نەک بێت و بڵێ دەسەڵات دەڕوخێنم و بەهەشت دروستدەکەم. ئەم جۆرە ئومێدە گەورانەبوون ئەم بێئومێدیەی ئەمڕۆیان دروستکرد. دوای دوو هەڵبژاردن گۆڕانکاری گەورە ڕووینەدا و دەنگدەرانیش بێزاربوون. هەڵگرتنی ئومێدی گەورەو گشتگیر ترسناکەو دەنگدەری بەپەلە دروستدەکات. دەبێت دیفاکتۆ سۆسیۆلۆجی و سیاسیەکان بخوێندرێنەوە نەک گوتاری ڕۆمانسیەتی سیاسیی کاربکات.
ئێستاش بەرەی ئۆپۆزسیۆن کە بریتین لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو هاوپەیمانی دیموکڕاسی، دوای هەڵبژاردنە ساختەکارییەکە ئامادەن دەرگا بۆ دەسەڵات بکەنەوە. بەناوی گوتاریی یەکڕیزی نیشتیمانیەوە دەیانەوێت شکستەکانیان بشارنەوە، یەکڕیزییەکی دیماگۆگیانەی دەسەڵات کە بەردەوام لەپاڵ هەستی ناسیۆنالیزمییەوە جووت حیزبی دەسەڵاتی قەڵەوترو ستەمکارتر کردووە. کارەساتە چوار لایەنەکە بچنەوە یەکڕیزی نیشتیمانی، ئەوپەڕی بێ پلانیەو کۆتایی ئۆپۆزسیۆنە. کەی یەکڕیزی نیشیمانی ژیانی خەڵکی خۆشکردووە؟  بەشداریکردنی  چوار لایەنەکە لە یەکڕیزیدا لەگەڵ دەسەڵات وەک خۆکوشتن وایە، خۆکوژییە بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە شەو ڕۆژ دژی ئەم دەسەڵاتە ڕەخنە دەگرن لە میدیا لاوازەکانیانەوە، بەڵام ئامادەن لەگەڵ دەسەڵات هەنگوینەکەی دەسەڵات بەشبکەنەوە! کارەساتە چوار حیزب نەتوانن ببنە خاوەن پڕۆژەیەک و خۆیان کار بکەن! ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە زللەیەکی بەهێز بۆ ئۆپۆزسیۆن تا بەهۆش بێتەوە. چونکە خەریکە تەواوی گوتارەکانی دەدۆڕێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.