كەركوك، لە قودس و دڵەوە بۆ خاكی باب و باپیرانی توركان

لەلایەن ستاندار Posted on 434 جار بینراوە

 

                              هیوا سەید سەلیم

ئەو شارەی كە پارتی و یەكێتی یەكێك بە دڵی كوردستان و ئەوی تر بە قودسی كوردانی دەزانی،  وا لەو جەژنەدا باڵوێزی توركیا نوێژی جەژنی تیادەكات و شارەكەش بە شاری باب و باپیرانی خۆی ناودەبات، فاتح یەڵدز، باڵوێزی توركیا لە عێراق رۆژی جەژن لە شاری كەركوك  لەنێو كۆمەڵێك كەسی توركمان دەڵێت:

(كەركووك خاكی باب و باپیرانمانە)

ئەو لێدوانەی باڵوێزی توركیا لایەنە یاسایەكەی لێدەرچێت كە جەنابی باڵوێز پێشێلی دەسەڵاتەكانی خۆی كردووە،  كاتێك لە وڵاتی خانەخوێ ئەو جۆرە لێدوانانە دەدات،  كە مەترسیە بۆسەر سیادەی دەوڵەتێك كە ئەو كاری دبلۆماسی تیادادەكات.

چونكە كاری دبلۆماسی بە پێی یاسای ڤێنا كە لە ساڵی 1961 دەرچووە، دەسەڵاتی نێردە دبلۆماسیەكانی رێكخستووە، هەر بەپێی ئەو یاسایە نێردە دبلۆماسیەكان بۆیان هەیە بەشداری لە بۆنە گشتی و نیشتمانیەكالنی دەوڵەتی خانەخوێ بكەن.

بەڵام  ئەوەی بالوێزی توركیا لە رۆژی جەژن  شاری كەركوك كردی، تێپەراندنی ئەو دەسەڵاتەیە كە یاسا بۆی دیاری كردووە.

لە بواری سیاسیشەوە دەتوانین بڵێین،  ئەو جۆرە لێدوانانەی كە بەرپرسە توركەكە لە كەركوك دای،  شتێكی تازە نیە،  چونكە دەوڵەتی توركیا و بەرپرسەكانی ئەو ولاتە زیاتر لە بۆنەیەك ووتویانە: كە ئەوان شاری كەركووك بە هی خۆیان دەزانن.

هەر لەو دوو ساڵەدا لە رووداوەكانی هەلكردنی ئاڵا لە  شاری كەركوك و و دواتریش لە پرسی ریفراندۆم توركەكان وەك رۆژی روناك لەسەر كەركوك هاواریان لێهەڵسا و هەڕەشەیان لە كورد كرد كە دەبێت كورد هەستیاری ئەو شارە بۆ توركیا بەبەرچاوبگرێت.

شاری كەركوك كە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە قوربانی دەستی حزبایەتی خرابی پارتی و یەكێتی  بووە، كە دواتریش بووە قوربانی گەورەتری وەك ریفراندۆم و رووداوی  16 ئۆكتۆبەر،  لە ئێستادا گەوەرترین هەرەشەی لەسەرە ، ئەویش هەرەشەی لە دەستدانی یەكجارەكی ناسنامەی كوردستانیەتە.

ئەگەر وانیە چۆن باڵوێزی توركیا كە وڵاتەكەی بەدەست چەندین كێشەی جدیەوە دەناڵێنێت،  دێت نوێژە جەژنانە  لە كەركوك دەكات و ئەو شەكرە گەوەریەش لەبەرامبەر كەركوك دەشكێنێت؟!

لێرەدا دەیڵێینەوە كە لە چەند ساڵی ڕابردوو هەرچی بەسەر كەركوك بە تایبەتی و ناوچە كوردستانیەكانی تری دەرەوەی هەرێم  بە گشتی هاتووە،  كێماسیەكەی بۆ حوكمی حزبایەتی خراب و ململانێی حزبی دەگەڕێتەوە.

بۆیە دەبێت كورد هەڕەشەكانی سەر كەركوك بە جدی وەرگرێت و چیتر بە قسەی عاتفی هەڵنەخەڵتێت و بە پرۆژەو بەرنامە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو مەترسیانە بێتە مەیدان.

باشترین دەرفەتیش لە ئێستادا بۆ كورد و لایەنە سیاسیەكان هەڵكەوتووە،  كە پرسی كەركوك بكاتە پێشمەرجی هەر رێكەوتنێك لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت فراكسیۆنە كوردستانیەكان پشتیوانیان لێبكات بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەڵام ئایا حزبەكان ئەوە دەكەن؟  جارێ دیار نیە،  چونكە كە لە ئەزمووني رابردويان دەڕوانين گلەی ناكرێت كە كە بە گومان بین،  وە بڵێین ئەو جارەشیان ئەوان لە پێناوی حزبایەتی و پۆستی حزبی پشت دەكەنەوە قودس و دڵەكە.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.