گەمەیەکی تر بۆ دابڕانی دین لە سیاسەتکردندا

لەلایەن ستاندار Posted on 331 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری

ھەموو دەسەڵاتێکی دیسپۆتیزم بۆ ئەوەی بگاتە ترۆپکی رەھای دیسپۆتیزمی خۆی، پێویستی بە کۆمەڵێک رێوشوێن ھەیە بۆ ئەوەی ھەم جەماوەر بکات بە مێگەڵ و وەکو حەشامات رایانبێنێت لەسەر ئەو کارە دزێوانەی دەیکات، ھەم خۆشی قەناعەت بە خۆی بکا و بێ خەم لەسەری پاڵ بکەوێت. جا یەکێک لەو ریوشوێنانە کە زۆربەی دەسەڵاتە ستەمکارەکان دەیگرنەبەر رێوشوێنی ئایدیۆلۆژییە، باشترین ئایدیۆلۆژیش ئەوەیە کە تاکەکان بێ ئاگا و سەرمەست بکات لەوەی چی لە دەورووبەریان دەگوزەرێت. لەو تەکنیکانەی کە ئەمڕۆ دەسەڵاتداران رەواجی پێ دەدەن بۆ گەیشتن بە خەونی ستەمکارانەی خۆیان، بریتییە لە تەکنیکی ئافەرۆزکردنی ھەژموونی ئاین بەسەر کۆمەڵگەدا، لە چوارچێوەی ئەو فیکرە سیکۆلاریزمەی کە تیۆریزەیان کردووە و وەکو ئایدیۆلۆژیا بەرخوردی لەگەڵ دەکەن، بەجۆرێک ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ بەلاڕێدابردنی ئاین و شکڵپێدانیێتی لە سیاقێکی تردا کە سیاقی خودی ئیسلام خۆی نییە بەڵکو لە سیاقی چەند ریتواڵێکی ئاینی لابەلادا کورت کراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە کایەی سیاسی دووربخرێتەوە و لەکونجێکی تەنگەبەری چەند پەرستشێکی دیاریکراوی نێوان بەندە و خودا گۆشەگیری بکەن، بە حیسابی خۆیان بەم چەشنە سیکۆلاریزم دەتوانێ یۆتۆپیایەکی خەیاڵی (بەھەشتێکی خەیاڵی) لە داھاتوو بخوڵقێنێ بۆ ئەوەی موژدەی سەرزەمینێکی تر لەم سەرزەمینە وێرانەی ھەیە کە خۆیان دروستیان کردووە بە خەڵک بدەن، بۆ ئەم مەبەسەتەش بەداخەوە زۆرێک لەدەستەبژێرانی کۆمەڵگە و رووناکبیران لە نووسەران و رۆشنبیران و ئەدیب و ھونەردۆستان بوونەتە زوڕناژەنی ئەم ئایدیۆلۆژیایە و ھەوڵی سکێچکردنێکی کاڵی ئیسلام و بێ رۆڵ و بایەخ کردنی دەدەن لە کایەکانی ژیاندا.

دیارە ئامانجی سەرەتا و کۆتایی سیکۆلاریزم لێرەدا  ئەوەیە کە ئایین لە سیاسەتکردن دابڕێنێ و پەڕوباڵی بکات، ئەمەش بە پاساوی ئەوەی کە سیاسەت کایەیەکی قێزەون و بەرژەوەندی خواز و پڕۆسەیەکی پڕ لە حیلە و فێڵ و تەڵە و پاشقۆڵ لێکتر گرتن و مڵشکاندنی یەکتریە،و سەراپای ناشیرینییە کە جا مادام ئەوە جەوھەر و کڕۆکی سیاسەت بێت نابێ تێکەڵ بە ئاینێک بکرێت کە لێوان لێوە لە جوانی و بەخشندەیی و میھرەبانی و لێبوردەیی و خزمەتگەیاندنی رۆحی و مۆڕاڵی بە گرۆھی ئادەمی، بۆیە پێویستە ئایین ھەمیشە خۆی بە دوور بگرێت لە ناوەندی سیاسەتی نەگریس و قێزەون، بەڵکو تەنھا سەروکاری لەگەڵ رێتواڵەکان بێت بۆ ئەوەی رایەڵەی نێوان دینداران و پەروەدگاریان لە میانەی پەرستشەکانیانەوە مکۆم تربێت و رۆحیان بە پاکی بمینێتەوە و بەژەنگ و ژاری سیاسەتەوە نەخایسێت؟؟!!!، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە سیاسەت بدرێتە دەست کەسانێک کە ئەھلی ئەم کارەن و دینداری ناکەن و ھەژموونی ئاینیان بەسەرەوە نییە.

جا لە دیدی سیکۆلاریستەکان ئەگەر مسوڵمانان ئاوا بەرخوردیان لەگەڵ ئاینی ئیسلام کرد وەکو ئەوەی سیکۆلاریزم دەیەوێت، بەمجۆرە کۆمەلگەی نیودەوڵەتی یارمەتی جیھانی ئیسلامی دەدات بۆ ئەوەی لەو دواکەوتوویە مێژووییە قوتاری بێت و بیخاتە ناو مۆدێرنەوە، ئەو مۆدێرنەی خۆرئاوا لە پاش ریفۆرمی ئایینی مەسیحی لە بەراییەکانی سەدەی شانزەھەمەوە لەسەر دەستی مارتن لۆتەرەوە لێی بەھرەمەندە، چونکە دەمێکە موسڵمانان لە ناو دۆگمایەکی ئایینیدا نقوم بوون و لە رەوتی شارستانییەت جێماون. دیارە بۆ بەھێزکردنی پاساوی ئەو دۆگمابوونەی موسڵمانان  ھەندێ نموونەی سیاسەتکردنی وڵاتان دەھێننەوە لە نموونەی سعودیە و عێراق و ئێران و… بێ خەبەر لەوەی کە ئەوەی ئەوان مومارەسەی دەکەن خودی دین نییە بەڵکو جۆری میتۆدی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی ئەوانە بۆ دین و گونجاندیانە لەگەڵ ئەجێندا سیاسییەکانیان و خزمەت پێکردنیان.

سیکۆلاریستەکان لە رێی  بەلوەرەکردنی تێزەکانیانەوە دەیانەوێت بە جیھانی ئیسلامی بڵێن کە ئیسلام تا ئەو شوێنە جوان و رەونەقدارە کە سیاسەتی تێنەکوتووە، بۆیە ھەرکاتێک چووە نێو تخوبی سیاسەتکردنەوە ئەوا ئەو جوانی و رەونەقدارییەی جارانی نامینێ و تەڵخ دەبێت بەشێوەیەک لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە، ھەڵبەت دیارە سەرچاوەی ئەو تێروانیینەی ئەوان لەو مێژووە دوورە ھەڵدەقووڵێت کە ساڵانێکی زۆر لەسەدەی ناوەڕاستدا دەسەڵاتی پاپا و کلێسا  ئاینی مەسیحی بەلاڕێدابراویان بەزۆر بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکارھێنا لە کاتێک خودی ئایینی مەسیحی ئایینی رۆحییە و پەیوەستە بە کۆمەڵێک بەھا و نۆرمەوە و دوورە لە سیاسەت و تەشریع و کایەی کارگێڕیدا، بۆیە داواجار ئەوان وێنەی ئاینیان زۆر ناشیرین کرد و لە رۆحانییەتی خۆیانی بە تاڵ کردەوە و کردیان بە یەک پارچە سیاسەت کردنێکی بەرژەوەندخوازی دژ بە خواست و ماف و ئازادییەکانی تاک، ئەوەبوو لەبەرەنجامی ئەم سیاسەتکردنەیان بەناوی دینەوە، تاریکی و زوڵم و ستەمیان بەسەر تەواوی ئەوروپادا ھێنا، جا لە کاردانەوەی ئەم تێکەڵ بوونەی دین و سیاسەتکردنە لەلای پاپای کلێساکانەوە، فەیلەسوف و بیرمەندانی ئەوروپی بیری سیکۆلاریستیان داھێنا لە پێناو جیاکردنەوەی دینی جوانی رۆحانی خودایی لە سیاسەتی دونیایی. رێک بابای سیکۆلاریستی لەمەڕخۆمانیش دەیەوێت بە ھەمان نەھچ و میتۆدی ئەوروپی سیستمی وڵاتانی عێراق و ئێران و سعودیە بچوێنێت بە دەسەڵاتی کڵیاسای ئەوکات و فەرمانڕەواکانیشیان لە جێی  پاپا و قەشەکانی سەدەی ناوەڕاست دابنێت، بەوەی رێک ئەوانیش نموونەیەکی ناشرینی ئاینی پیرۆزی ئیسلام نیشانی ھەموو جیھان دەدەن کاتێک تێکەل بە ناشرینییەکانی سیاسەتی پراگماتێکی دەکەن.

ئای ئەمە چ تەنگژەیەکە کە مێنتالیتی نوخبەی سیکۆلار تێی کەوتووە، نازانن سیاسەت لە گەوھەریی خۆیدا ھونەری مومکیناتە و بۆ ئیدارەدانی ژیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ھێنانەدی خۆشگوزەرییانە بۆ ھاوڵاتیان کە ئەمەش ھیچ ناکۆک و دژ نییە لەگەڵ جەوھەر و ناوەڕکی ئیسلام، کەچی ئەو کاتە سیاسەت پیس دەبێ و لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە و بۆ بەرەژەوەندییە کەسی و تایبەتییەکان بەکاردێت کاتێک بکەرانی ئەم سیاسەتکردنە، مەعدەنەکەیان پیس دەبێ و لە راستەقینەی مرۆڤایەتی خۆیان دادەشۆرێن و ھەرچی مانای ویژدان و بەرژەوەندی گشتییە لای ئەوان ئەرزشی بۆ نامینێت، جا ئەو بکەرانە سەر بە ھەر ئاین و ئاینزا و مەزھەب و رێچکەو فەلسەفەیەک بن، جا راستتر وایە بڵێن نابێ ئاین بەو پیرۆزی و جوانی و بەھا بەرزانەی ھەیەتی بدرێتە دەست ئەو بکەرە سیاسییانەی کە لە ئاست ھەڵگرتنی ئەو پەیامە نین و کەسانی بەرژەوەند خواز و پیس خۆرو  دونیاپەرستن، نەک بە پێچەوانەوە ئاین لە خودی سیاسەتکردنی راسست و دروست داڕنێرێ و بە دوور بخرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.