کورد و سوونە یەکلایی دەکەنەوە کێ گەورەترین فراکسیۆنە

لەلایەن ستاندار Posted on 368 جار بینراوە

بورهان شێخ ڕەئووف

لە کۆتاییدا ئاکامی ھەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق کە لە ١٢ مایس ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، دوای گێرەوکێشە و تانەوتەشەر و سکاڵایەکی زۆر ڕاگەیەنرا بێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی وا ڕووبدات کە شایانی باس بێت.

ئێستا گۆرەپان و شانۆی سیاسی عێراق چاوی ھەموو جیھانی لەسەرە لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بە سەختترین ڕۆژگارەکانیدا تێدەپەڕێت، لەلایەک ململانێ و قەیرانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەوپەڕی تووندی و ئاڵۆزی بۆ ئاڵۆزتر دەڕوات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چ لە ئابڵووقەی ئابووری و مانۆڕی سەربازی شەڕی ھەواڵگری و سیخوڕیەوە بگرە تا دەگاتە تێوەگلانی یار و نەیارەکانی ھەردوولای ھاوکێشەکە.

ئەمانە جگە لە تووند بوون و ھەڵکشانی ململانێکانی ئەمریکا و تورکیا شەڕی ئابووری و دواتر قووڵبوونەوەی ناکۆکیەکانیان کە ھەموو ئەمانە کاریگەری نیگەتیفیان لە سەر ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی دەبێت.

لە ئاوا بارودۆخێکدا کە عێراق سەرقاڵی پێکھێنانی کابینەیەکی وەزاری نوێیە، عێراقێک کە نووقمی قەیران و ململانێیە، خۆپیشاندانی ڕۆژانەی خەڵک لە زۆرێک لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەبا.

قەوارە سیاسیەکانی عێراقیش بە تایبەتی شیعە کە جاران بەتەنھا خاوەنی یەک لیست بوون و خۆیان دەیانتوانی ڕێژەی پێویست دابین بکەن، واتە نیوە کۆ یەک بەڵام لە ئێستادا ئەوانیش لە کورد و سوونە خراپتریان بە سەرھاتووە، دابەشبوون بە سەر دووبەرەدا بەرەیەک کە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی دوو خوولی پێشووتر و نزیک لە ئێران سەرۆکایەتی دەکات کە پێکھاتوون لە فراکسیۆنەکانی دەوڵەتی یاسای مالیکی و فەتحی ھادی عامری کە سەرکردایەتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات و بەرەیەکی دی موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستای نزیک لە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، ھەرچەندە ھاوپەیمانێتییەکەی عەبادی وەکو باس دەکرێت فشۆڵ و لاوازەو و درزی گەورەی تێکراوە فالەح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وخۆی قەوارەکەی و ھەروەھا حزبی فەزیلە و حزبی ئیسلامی سەنگەریان گواستۆتەوە بۆلای مالیکی کە ئەمەش گورزێکی کەمەر شکێنە بۆ عەبادی ئەگەر تەواو ڕاست و دروست بێت چونکە عەبادی لەم حاڵەدا تەنھا دوازدە کورسی پەرلەمانی بۆ دەمێنێتەوە کە ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کە فراکسیۆنی نەسر تەنھا یەک کاندیدی ھەبوو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئەویش عەبادی خۆی بوو لە کاتێکدا فەیازیش نیازی ئەوەی ھەبوو.

ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن موقتەدا سەدری ڕابەر و پشتیوانی لیستی سائرون خاوەنی بیروبۆچوونی نیشتمانیە بەڕای خۆی و دەخوازێت حکومەتێکی تکنۆکراتی دوور لە بەشبەشێنەی ئتنیکی تائیفی پێکبھێنێت و ببێتە دەوڵەتی ھاوڵاتیان و دژ بە گەندەڵی و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکانی خۆیان و ئاوەدانکردن و بنیاتنانەوەی ھەموو شوێنە وێرانەکان خاوەنی بڕیاری نیشتمانی عێراقی بێت دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بە تایبەتی ئێران و ئەمریکا و چل مەرجی قوورسی داناوە بۆ ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق کە لە زۆرێک لەم سیاسیانەی ئێستای عێراقدا بەردەست نین.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە کاتی ئێستا کە ململانێی مەزن لە نێوان ھەردوو وڵاتی ئامادە لە عێراق، ئەمریکا و ئێران لەوپەڕیدایە ئەمە قابیلی جێبەجێ کردنە؟

ئەی سوونەکان چی دەکەن؟

سوونەکانیش بە سەر دووبەرەدا دابەشبوون، بەرەیەک بەلای سەدر کە پێکھاتوون لە ئەیاد عەلاوی و ساڵەح موتڵەگ و بەرەیەکیش بەلای مالیکیدا دەڕۆن کە پێکھاتوون لە ئووسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەر و ئەحمەد جبوری و سەلیم جبوری و جەمال کەربولی و فەلاح زیدان کە ئەمانیش ناکۆکی گەورەیان لە سەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە کە کامیان بیبچڕن بۆ خۆیان، ھەرچەندە باسی ئەوە دەکرێت جەمال کەربوولی سەنگەر بگوێزێتەوە بۆلای سەدر بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

کورد لە کوێ ی ئەم ھاوکێشە ئاڵۆزەدایە ؟

ھەرچەندە تا ئێستا کورد باس لە جێبەجێکردنی دەستوور و ھاوبەشی ڕاستەقینە لە بڕیاردانی سیاسی لە عێراقدا دەکات و خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە، بەڵام بەرەی مالیکی باسی ئەوە دەکەن کە زۆر لە کورد واتە یەکێتی و پارتی نزیک بوونەتەوە و لێکتێگەیشتنی باش ھەیە لە نێوانیاندا بۆ ڕاگەیەندنی فراکسیۆنی گەورە بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتوو.

لەلایەکی تریشەوە لایەنە ئۆپۆزەسۆنەکانیش کە پازدە کورسیان ھەیە لە بەرەکەی دی نزیکن.

لە کۆتاییدا بەو بارودۆخەی ماڵی شیعەوە، کورد و سوونە دەتوانن چارەنووسی کابینەی داھاتوو دیاری بکەن کەکام لەو بەرانە دەچنە ژێر باری داخوازییەکانیان و بە بەبێ ھاوبەشی ڕاستەقینەی کورد و سوونە عێراق ناتوانێت ئارام بێت و درێژە بەمانەوەی خۆی بدات.

پرسیارە قورسەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا قایل دەبێت بەرەی نەیارەکانی، ئەوانەی بە دۆستی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دەدرێن فەرمانڕەوایی عێراق بکەن لەم بارودۆخە ھەستیارەی ئێستای ناوچەکە و جیھان، ئەوە لە ڕۆژانی ئایندەدا بە ڕوونی وەدەردەکەوێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.