بۆچی دیکتاتۆریەت دەگەڕێتەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 825 جار بینراوە

کەوکەس ئحمەد گەڵاڵی

بۆچی هەموو سیستەمە دیکتاتۆریەکان کۆتاییەکانیان خوێناوی وکاولکاری و نەهامەتی و قوربانیدانێکی زۆرە ؟

بۆچی دوای روخانی دکتاتۆرەکان وڵات توشی فەوزا و ناسەقامگیری و ململانێی خوێناوی دەبێتەوە؟

بۆچی دوای لەناو چوونی دکتاتۆرەکان هەندێک جار خەڵک خۆزگە بە سەردەمی دکتاتۆرەکان دەخوازن؟

بۆچی زۆرجاران دوای قوربانی دانێکی زۆر و بە دەستهێنانی سەرکەوتن و لەناوبردنی دکتاتۆرەکان پاش ماوەیەک دیسان حوکمی دیکتاتۆری دەگەڕێتەوە بەوەی دیکتاۆری دیکە بە جۆرێکی دیکە گەل دەچەوسێننەوە ،کەسەکان دەگۆڕین بەڵام سیستەمەکە دیسان بە دیکتاتۆری سەرهەڵدەداتەوە؟

ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن لە ناو واقعێکی خوێناوی پڕ لە کارەسات و نەهامەتی و بێ ئومێدی لە ناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان قیت کردۆتەوە و بە دوای وەڵام دا دەگەڕێن تاکو هەر هیچ نەبێ بزانن هۆیەکەی چیە؟

پێم وایە ئەو هۆکارانەی خوارەوە تا راددەیەک وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە:-

1- دکتاتۆرەکان لە کاتی حوکمڕانی خۆیاندا هەڵدەستن بە لە ناوبردن و پاکتاو کردنی هەموو ئەو لایەن و حیزب و گروپانەی کە پشتگیری جۆری حوکمڕانیەکە یان بەشێکی حوکمڕانیەکە ناکەن ، هەروەها هەڵدەستێ بە کڕینی یان سەرکوت کردنی یان لە ناو بردنی یان دورخستنەوە و زیندانی کردن ،فشاری ئابوری و هەتا لەکەدار کردنی لایەنی ئەخلاقی تەواوی کەسایەتیەکان و رۆشنفیکر وسیاسەتمەدار و پیاوی ئاینی و تەنانەت نوسەر و ئەکادیمی و خاوەن کارەکانیش دەکەونە ژێر مەترسیەوە ، لە ئەنجامدا وڵات کەسایەتی دیاری تێدا نامێنی کە جەماوەر بیکاتە پێشەنگی خۆی یان بە ئەلتەرناتیڤی دیکتاتۆری بزانێ ئەوانەی کە دەشمێننەوە وەبەر شاڵاوە بێ ئامانەکەی ناکەون یان خۆیان حەشآردەدەن تا لە دەستی رژێم بەدوور بن یان لە دورە وڵات دەژین و لە جەماوەر دابڕاون و لە ناو جەماوەردا هیچ پێگەیەکیان نیە ، بۆیە دوای روخانی دیکتاتۆرەکان وڵات توشی ناسەقامگیری وکێشەی زۆر دەبێتەوە چونکە وڵات بێخاوەن دەمێنێتەوە و کەسایەتی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دیار نین و لە لایەن جەماوەر نەناسراون و یان هێشتا دروست نەبوون کە ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێ و ئەو ماوەیەش وڵات لە ناسەقامگیری و ململانێی خوێناوی دەژێ .

2- دکتاتۆرەکان لە کاتی حوکمڕانی خۆیان تۆڕێکی زۆر پتەو و گەورەیان لە دەزگای موخابەڕاتی و سیاسی و عەسکەری لە دیکتاتۆر ویستەکان دروست کردوە ، هەروەها خەڵکێکی زۆریشی لە پیاوانی ئاینی و راگەیاندن و ئەکادیمی لە سەر دیکتاتۆریەت پەروەردە کردوە و ئەوانە فرچکیان بە سیستەمی دیکتاتۆریەت گرتوە و بۆیە لە دوای روخانی دیکتاتۆرەکان ئەوانە هەر لە هەوڵی گەڕانەوە یان دروست بوونەوەی دیکتاتۆریەتن ، بێگومان ئەو کارەش بۆ ئەوان زۆر زەحمەت نیە چونکە ئەوان شارەزایی و توانای لە مێژینەیان لەو بوارەدا هەیە بەهۆی نزیکیان لە دەسەڵات و کارکردنیان لە ناو دام ودەزگا ی حوکمڕانی و دەوڵەت ، ئەوانە کەشێکی سیاسی سەیر لە ناو کۆمەڵگا و لە لایەن دەسەڵاتی نوێی وڵات دروست دەکەن لە سەرەتادا هەر لە هەوڵی ئەوەدان دۆخەکە نائارام بێ تا بە جەماوەر رابگەیەنن کە سەردەمی دیکتاتۆری پێشوو لە ئێستا باشتر بوو ، لە دواییشدا چونکە شارەزاییان یان زۆرە دەتوانن بەئاسانی بخزێنە ناو سیستەم و دەسەڵاتی وڵات ،لە بەرامبەریشدا چونکە جەماوەر لە دەسەڵات و حوکمڕانی دوور بووە شارەزاییان کەمە ناتوانن بە ئاسانی بچنە ناو جومگەی دەسەڵات لە ئەنجامداعاشقانی دیکتاتۆریەت پێگەی خۆیان لە ناو تەلاری حوکمڕانی و دەسەڵات دەکەنەوە و عیشقی دکتاتۆریەتیش لە ناو دڵی دەسەڵاتدارانی وڵات دەڕوێنن ودواجارس ئەگەر گەل و جەماوەر زۆر هۆشیار و دووربین و یەکگرتوو بەهێز و خۆڕاگر نەبن ئەوا وڵات دووبارە بەرەو دیکتاتۆریەت دەگەڕێتەوە و سیستەمی دیکتاتۆریەت زاڵ دەبێ و هەموو خەبات و قوربانی دانەکان بە فیڕۆ دەچێ و لە چەندین وڵاتی ناوچەکە ئەوە بەچاوی خۆمان دەبینین .

3- ئەو حیزب و گڕوپانەی کە پێشتر بەرەنگاری دیکتاتۆرەکان بووینەوە و توانیویانە پارێزگاری لە بوونی خۆیان بکەن و تا ئێستاش لە خەباتی خۆیان بەردەوامن ئەوانەش چونکە لە گەڵ واقیعێکی دیکتاتۆری ژیاون و هەر لە ناو خەباتی بەرەنگار بوونەوەی سەخت وخوێناوی بووینە و لە ململانێیەکی توندی مان و نەماندا بونە ، بۆیە ئەوانیش کە دەسەڵات دەگرنە دەست سیفەت و روخساری هێزو توندو تیژی بەسەریان دا زاڵە و سیاسەت و هزری دیکتاتۆری لە زەین وبیرکردنەوەیان دا رەنگ دەداتەوە ، ئەمەش وا دەکا کە بە ئاسانی وڵات بەرەو ئاقارێکی دیکتاتۆریەت ببەن.

4- زۆرجاران جەماوەر تەنها لە پێناو لەناو بردنی کەسە دیکتاتۆرەکان تێکۆشاون جەختیان تەنها لە سەر کەسە دیکتاتۆرەکان کردۆتەوە نەک هزر و سیستەمی دیکتاتۆری، بۆیە زۆرجاران کاتێک دیکتاتۆرەکان دەڕوخێن تەنها کەسەکان لە ناو دەچن، پاش ماوەیەکی دیکە کەسانی دیکە بە هەمان هزری دیکتاتۆریەوە دێنەوە سەر حوکم و بە هەمان شێوەی پێشوو حوکم دەکەنەوە هەر لە بەر ئەوەشە زۆرجاران جەماوەر خۆزگە بە حوکمەکەی پێشوو دەخوازێ، لێرەدا جەماوەر بە خۆی بەرپرسیاری یەکەمە چونکە پێویستە جەخت لە سەر شێوازی بەڕێوەچوون و حوکمڕانی وڵات بکاتەوە و بەرگری لە سیستەمێکی حوکمڕانی دادپەروەر و شێوازی بەڕێوەبردنێکی پێشکەوتوو بکاتەوە دەبێ خەباتی بۆ شێواز و چۆنیەتی بەڕێوە چوونی وڵات بێ نەک کەسەکان .

5- زۆرجاران میللەت بەخۆی خۆی دەخاتە داوی دیکتاتۆرەکان یان دیکتاتۆر بۆ خۆی دروست دەکات بەوەی هەمیشە داوای مافی تاکی و کەسی خۆیان دەکەن نەک شێوازی بەڕێوەبردن و مافی گشتی ، سیاسەتمەدار و خاوەن پێگە جەماوەریەکان داوای ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتێکیان لە حوکمڕانی پێ بدرێت وەک موستەحەقاتێک لەجیاتی جەختکردن لە سەر شێوازی حوکمڕانیەکە بە هەمان شێوە خاوەنکار و ئەکادیمی و رۆشنفیکر و نوسەر و ئەوانی دیکەش ئەوانە جەخت لە سەر پێگەی کەسی خۆیان دەکەنەوە و سیستەماتیک و شێوازی بەڕێوەچوون بە لایانەوە ئەوەندە گرنگ نیە .

کاتێک ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە ناو کۆمەڵگا تەشەنەی کرد و زۆربەی خەڵک بیری لە دەسکەوتە کەسیەکانی خۆیان کردەوە و لەسەر حیسابی مافە گشتیەکانی میللەت و دەوڵەت ئەو کاتە مافە گشتیەکان فەرامۆش دەکرێ و دەسەڵاتیش هەوڵ دەدا لە رێگەی بەخشینی دەسکەوتەکانەوە کەسە دیار وخاوەن پێگەکانی ناو کۆمەڵگا دەستەمۆ بکا و لە رێگەی ئەوانیشەوە میللەت داوێتە ژیر رکێفی خۆی بەبێ ئەوەی بتوانێ دەسکەوتی گەورە پێشکەش بە کۆمەڵگا بکا و وڵات پێش بخا و مافە گشتیەکان دابین بکا بۆ نمونە لەوانەیە کەسانێک بە ئاسانی پڕۆژەی گەورە بۆ کۆمپاناکەیان وەربگرن بەڵام بنیاتنان و رێگەو با ن و ئاوەدان کردنەوە وێرانە ، کەسانێک بەئاسانی بڕوانامە و پلەی وەزیفی و ئەکادیمی وەردەگرن بەڵام پەروەردە و زانکۆ و زانست زۆر دواکەوتووە ، کەسانێک بەئاسانی دەبنە سەرنوسەری رۆژنامە و گۆڤار و بەڕێوەبەری کەناڵەکان بەڵام سودی گەورەی بۆکەسەکانە نەک کۆمەڵگا خەڵکانێک بە ئاسانی دەتوانن بۆ چارەسەری نەخۆشی بچنە دەرەوە بەڵام کەرتی تەندروستی وڵات زۆر دواکەوتووە بە هەمان شێوە لە کشتو کاڵ وپیشەسازی و تەکنەلۆژیا لە ئەنجام دا هەموو داهات و دەسەڵات و دەسکەوتەکان تەنها لە بەینی دەسەڵاتدارەکان و بەشێکی کەمی کەمینەی میللەت هاتوچۆ دەکا و میللەتیش لە زۆربەی خۆشیەکان بێبەش دەبێ و ئازادیەکانیشی زەوت دەکرێ بەم جۆرەش وڵات وێران دەبێ و میللەتیش لە ئازادی و خۆشی و کاروانی پێشکەوتن دا دەبڕێ و دوور دەکەوێتەوە.

6- کاریگەری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی وڵاتانی هەرێمی و زلهێزەکان کە زۆرجار بەرژەوەندیان لەگەڵ مانەوەی دکتاتۆر و حوکمی دیکتاتۆری بووە ، هەرجەندە لە رواڵەت و راگەیاندنەکان هەمیشە باسی دیموکڕاسیەت و مافی مرۆڤ دەکرێ بەڵام لە راستیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کارێکی گرنگیان نەکردوە بۆ چەسپاندن و هاوکاری کردنی دیموکراسیخوازەکان بەڵکو بەپێچەوانەوە زۆرجاران پاڵپشتی دکتاتۆرەکان بووینە لە هاتنیان بۆ سەر حوکمڕانی و پارێزگاریشیان لێ کردون بۆ مانەوەیان لە حوکمڕانی هەموو سەرکردە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندیەکی پتەوی دیبلۆماسی و موخابەڕاتیان لەگەڵ یەکێک یان زیاتر لە وڵاتە زلهێزەکان هەبووە و هەیە بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو و روسیای ئێستا ، ئەمەش بەربەستێکی گەورەیە لە رێی خەبات و شۆڕشی میللەتانی ناوچەکە و گەیشتن بە ئامانجی زۆر قوڕستر کردوە و وای کردوە میللەتان بۆ ساڵانێکی درێژ لە ژێر حوکمڕانی دیکتاتۆرەکان بناڵێنن و ئەوەش یەک لەو فاکتەرانەیە کە وای کردووە لەناو چینێکی جەماوەر فیکرەی دژی ئەو زلهێزانە دروست بێ و کاردانەوەی ناسروشتی لێ بکەوێتەوە.

پێم وایە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی دیکتاتۆرەکان نەگەڕێنەوە پێویستە میللەت زۆر رۆشنبیر و دووربین بێ تا بتوانێ کەسەکان بناسێ و ئامانج و رێکارەکانی گەیشتن بەئامانجەکان باش دیاری بکا ئەوجا کار لە سەر ئەو هۆکارانە بکا کە دەبنە هۆی گەڕانەوە و ژیانەوەی دیکتاتۆر و سیستەمی دیکاتاتۆری ئیدی بۆ دواجار بنبڕیان بکا و ژیانێکی ئاسودە و ئازادی و پێشکەوتوو بۆ وڵات و کۆمەڵگا بەدی بێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.