پەیکار عوسمان
هەڵبژرادن دنیایەکی تر دروست ناکا، هەمان دنیا بەرهەم ئەهێنێتەوە.
ئێمە نابێ چاوەڕێ ی ئەوەبین هەڵبژاردن دنیامان بۆ بگۆڕێ، بەڵکو ئەبێ ئێمە دنیا بۆ هەڵبژاردن بگۆڕین.
هەڵبژاردن زەمینەی دیموکراسی بۆ تۆ فەراهەم ناکات، ئەبێ تۆ زەمینەی دیموکراسی بۆ هەڵبژاردن فەراهەم بکەیت!
هەڵبژاردن سەربە دنیاکەی خۆیەتی، لە دنیای دیموکراسیدا سەربە دیموکراسییەو لە دنیای نادیموکراسیدا سەربە نادیموکراسییە. یەعنی هەڵبژاردن ئەداتی دیموکراسی نیە، بەڵکو ئەداتی سیستەمە!
هەڵبژاردنی سوید هەر سوید بەرهەم ئەهێنێتەوەو هەڵبژاردنی جەزائیر هەر جەزائیر بەرهەمئەهێنێتەوە، هەڵبژاردن قەت جەزائیرت بۆ ناکا بە سوید.
هەڵبژاردن کوڕی باوکی خۆیەتی و کولتوری باوکی قووڵئەکاتەوە. ئەگەر کوڕی دیموکراسی بوو وەك ئەوەی بەریتانیا، هەر کولتوری دیموکراسی قووڵئەکاتەوە. ئەگەریش کوڕی مافیاگەریی بێت وەك ئەوەی ئێمە، هەر کولتوری مافیاگەری قووڵئەکاتەوە.
ئەوەی کە پێتوابێ هەڵبژاردن لە هەموو دۆخێکداو هەمیشە کولتوری دیموکراسی قووڵئەکاتەوە، ئەمە جۆرێکە لە گدیشیی فکریی.
لە مافیاگەریدا، هەموو کاتەکان کاتی مافیاییەو هەموو شتەکانیش وەسیلەی مافیایین. هەڵبژاردن پێش بخرێ و دوابخرێ و لە کاتی خۆیدا بکرێ، هەر مافیایی بەرهەم ئەهێنێتەوە. تۆ ئەبێ سەرەتا دۆخی مافیایی بگۆڕیت ئینجا دنیاکەو لەناویشیا هەڵبژاردن ئەگۆڕێن نەك بە پێچەوانەوە!
یەعنی لە هەڵبژاردنەوە دەسکاری سیستەم ناکرێ، چونکە هەڵبژاردن خۆی سەربە سیستەمە. لە ئێران هەڵبژاردن ناتوانێ دەسکاری (ویلایەتی فەقی ه) بکا، بەڵام هەموو هەڵبژاردنەکان ئەچنەوە گیرفانی ئیمام.
ئەحزابی ئێمەش چ ئەوانەی ئەیانەوێ هەڵبژاردن بکرێ و چ ئەوانەی ئەیانەوێ نەکرێ، هەموویان هەر بەقەت یەك ئاگایان لە دیموکراسییە!
چونکە ئەوەی کە حەزناکا بکرێ، لەبەر ئەوەنیە کە هەڵبژاردن هەمان مافیاگەری بەرهەم ئەهێنێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە کێرڤی خۆی نزمە.
ئەوەشی کە حەزئەکا بکرێ، لە باش ئەزانێ کە کردننەکەی ئەچێتە خزمەت مافیاگەری نەك دیموکراسی، بەڵام چونکە پێیوایە کێرڤی بەرزە، ئیتر کەیفی پێی دێ.
یەعنی هەردولا هەمان شوێنیان ئەیەشێ، بەڵام بە درۆی دیموکراسی بە تۆی ئەفرۆشنەوە.
ئێمەش گا بە گونا ئەناسینەوە، دیموکراسی بە هەڵبژاردنا ئەناسێنەوە، بۆیە دیموکراسی ناناسین!
خۆ ڕاستە لە دەرەوەی هەڵبژاردن دیموکراسیمان نیە، بەڵام لە دەرەوەی دیموکراسی هەڵبژاردنمان زۆرە.
هەڵبژاردنی دەرەوەی دیموکراسیش ناوی خۆی بەخۆیەوەیە، یەعنی پەیوەندی بە دیموکراسییەوە نیە!
سیستەمێکی نادیموکراسی بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن نابێت بە دیموکراسی، ئەبێتەوە بە خۆی.
بەڵام چۆن ئەمە لە خەڵکی ئاسایی تێگەیەنین کە هێشتا “ڕۆشنبیر”
لێ ی تێناگا؟!