هاوپەیمانێتیی پاسەوانانی سیستەمی کۆن، سەرکردایەتیی یەکگرتو وەک نمونە

لەلایەن ستاندار Posted on 319 جار بینراوە

كمال چۆمانی

ماوەی رابردو، لە دەستپێشخەرییەکی شۆڕشگێڕانەدا، لە پێناو چاکسازییەکی ریشەیی و بەخۆداچونەوەیەکی شۆڕشگێڕانە، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان، پڕۆژەیەکی بردە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی. لەوێدا داوای کرد کۆمەڵێك چاکسازیی بکرێت لە حیزبدا، گرنگترینیان، هەڵپەساردنی حیزب بۆ ماوەیەک تا ئەو حیزبە گۆڕانکاریی و ریفۆرمێکی ریشەیی لە کار و سیاسەت و ستراتیژی دەکات چونکە بەو پێدراو و سەرکردایەتیی و فیکر و ئایدیۆلۆژیا و دونیابینییەی رابردوی یەکگرتو ناتوانن ململانێی مافیاکانی کوردستان بکەن و هیوا بە گۆڕانکاریی لای خەڵک بەزیندویی بهێڵنەوە. ئەو داوای ئەوەی کردبو کە حیزب خۆی یەکلایی بکاتەوە کە کێ سیاسەت دەکات و کێ کاری بانگخوازیی و کێ رێکخستن دەکات. داوای ئەوەی کردبو کە چوار ساڵی داهاتو حیزب هەوڵبدات کادیری نوێ لەسەر بنەمای نوێ و بۆ رۆژی نوێ و ئایندە پەروەردەبکات و ئەو سەرکردایەتییە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. بە کورتیی، داوایکردبو تەواوی حیزب گۆڕانکاریی بکات و جۆرێکی تر سیاسەت بکەن.
بەڵام لەناو سەرکردایەتیی حیزبدا، دژایەتیی ئەو پڕۆژەیە کرا چونکە هەر گۆڕانکارییەک و ریفۆرمێک لە حیزبدا، پاسەوانانی سیستەمی کۆنی یەکگرتو دەبێت پاشەکشە بکەن. ئەوانیش لەناو یەکگرتودا، هاوپەیمانێتییەکیان هەیە بۆ پاراستنی دۆخی هەبو چونکە ئەوان یەکگرتو وەک دوکانێکی سیاسیی تەماشادەکەن نەک وەک رێکخراوێکی سیاسیی بۆ گۆڕانکاریی و ریفۆرم لە سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵگەی کوردستاندا.
دوای هەڵبژاردنی پارلەمانیی کوردستان، یەکگرتو، کۆمەڵ، گۆڕان، هاوپەیمانیی دەبێت بە ستراتیژ و سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و سەرلەبەری دونیابینیی و سیاسەتی خۆیان بگۆڕن ئەگەر دەیانەوێت وەڵامدەرەوەی ئەو قۆناغە بن.
ئەوەی لەناو یەکگرتو رویدا، لەناو کۆمەڵیش رویدا بو. پڕۆژەیەک چوبوە ناو سەرکردایەتیی، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، پڕۆژەکەی قبوڵبوبو بەڵام بەشی زۆری سەرکردایەتیی رەتیانکردبوەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەر رۆژێک زیاتر پێویستی بەو گۆڕانکارییانەیە.
ئەگەر هێزە بەناو ئۆپزسیۆنەکان گۆڕان و ریفۆرمی ریشەیی ئەنجامنەدەن، ئەوا رۆژ دوای رۆژ پاشەکشە دەکەن و پڕۆژەی چاکسازیی و دیموکراتیزەکردن لە هەرێمی کوردستان هێندەی تر دەچێتە دواوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.