ئازادی رادەربڕین لەژێر سایەی حوکمی پارتیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 311 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

چەند رۆژێک لەمەوبەر بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە ژمارەیەک رۆژنامەنووس وکارمەندی رۆژنامەیەکی گەورەی عیراقی بەمیوانی ھاتنە سلێمانی بۆ بەسەربردنی پشووی جەژن .. بۆ بەسەرکردن ومیواندارییان یەکترمان گرتەوە ، لەباسکردنی وەزعی سیاسی چەقبەستوی ئەمڕۆی عیراق و ئاییندەی وڵاتەکە قسەی زۆرمان کرد . سەرنوسەری رۆژنامەکە عەرەبە ، لەمیانی قسەکانیدا باسی ئەوەی بۆ کردم کەوا بەرپرسێکی باڵای پارتی پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە کردوەو داوای لێکردوە وتارەکانی من لەرۆژنامەکەیدا بڵاو نەکاتەوە ! . بەقسەی سەرنوسەرە عەرەبەکە دەڵێ ، پێمگوت ” ئێوە ئەگەر کێشەی شەخسیتان لەگەڵ ئەم نوسەرە ھەیە، ئەوە پەیوەندی بەمنەوە نیە ، ئەگەر کێشەشتان لەگەڵ وتارەکانیەتی ، ئەتوانن بە وتار وەڵامی بدەنەوە منیش وەکو عورفی رۆژنامەنووسی بۆتان بڵاوی ئەکەمەوە “.

ساڵانێک بەر لەئێستا لەرۆژنامەی ( الشرق الڕوسگ ) ی لەندەنی وەکو پەیامنێری کوردستان کارم ئەکرد ، نزیکەی چواردە ساڵ لەم کارە بەردەوام بوم ، بەڵام کاتێک وتارێکی رەخنەییم لەحکومەتەکەی نێچیرفان بارزانی لە پێگەی ( ئیلاف ) بڵاو کردەوە ، سەرانی پارتی بەفشارێکی زۆر لەرێگەی کەسێکی ناو ئەم رۆژنامەیە توانیان لەم رۆژنامەیە دەرم بکەن .. چەند مانگێک پێش ئێستاش جارێکیتر رۆژنامەکە پێویستیان بەمنەوە ھەبو ، گەڕاندنمیانەوە سەر کاری پەیامنێری بۆ دوو مانگێک ، بەڵام دوای ئەوەی پارتیەکان پێیان زانی ، جارێکتر توانیان فشار بخەنە سەر رۆژنامەکەو دەرم بکەنەوە .

ھەر لەم ماوەیەدا لەسەر ئەوەی لەمیدیاکانی یەکێتیدا لەچەندین دیداری تەلەفزیۆنیدا بەشداریم کردوەو رەخنەم لەسیاسەتەکانی پارتی گرتوە، لەرێگەی کۆیلەکانیان لەباڵادەستەکانی ناو یەکێتیەوە توانیان دەرگای ئەو کەناڵانەی یەکێتیشم لێدابخەن .

لەوەتەی دەستم بەنوسین کردوە قەت وشەی زبرم بەرامبەر بە ھیچ لایەنێکی سیاسی بەکار نەھێناوە ، لەرەخنەی سیاسی بەولاوە ھیچ شتێکی ناشرین بەرامبەر نەیارەکانم نەوتوە، رەخنەکانیشم ھەمووی لەپێناو میللەتەکەی خۆم وداکۆکیکردن بوە لە نەھامەتیەکانی لەبەرامبەر دەسەڵاتە زاڵمو ستەمکارەکان ، بەڵام ئەم حزبانەی کوردستان بەتایبەتیش پارتی وبنەماڵەکەیان لەزمانی رەخنە تێناگەن ، بۆیە ھەرچی لەدژیان بوەستی یا پۆخڵەواتەکانیان بخاتە روو ، یان دەمکوتی ئەکەن ، یان لەناوی ئەبەن ، نمونەشمان زۆر بینیوە لەمبارەیەوە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری پارتی چۆن مامەڵە لەگەڵ قەڵەمە ئازادەکاندا ئەکات ، چەندین کەسی لەناوبردوە لەسەر رەخنەگرتن لێیان .

من سێ ساڵە لەزێدی بابوباپیرانم دوورم ، لەترسی پیلانەکانی پاراستنی پارتی ناتوانم سەردانی گۆڕی دایکو باوکیشم بکەم لەھەولێر ، ترسی ئەوەم ھەیە کۆیلەیەک یا بەڵتەچییەکی پاراستن زەفەرم پێ بباتو دواتر وتەبێژی پۆلیسەکەیان بێتە سەر تەلەفزیۆن و بڵێ ” لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی لەناوبراوە “؟!. دۆسیەکەشم بنگۆم بکرێ وەکو ھەمو دۆسیەی ئازادیخوازەکانی پێشتر .

رۆژنامەنوسێکی ھاوڕێم گێڕایەوە کەوا لەرێگەی موختاری گەڕەکەوە کارەبای موەلیدەیان لەسەر بڕیوە ! . ھاوڕێیەکی تر سەرۆکی دەزگایەکی میدیاییە لەھەولێر فەرمووی ” لەھەولێر خانویەکیان دەستناکەوێ بۆ بارەگاکەیان، چونکە پاراستن ھەڕەشە لەھەر خاوەن خانویەک ئەکات ئەگەر خانوەکەی بەکرێ بدات پێیان ” ؟!. نوسەرێک گیڕایەوە ” لەناو تەکسیدا ھەندی رەخنەی لەپاشەکەوتی مووچە گرتوە، یەکسەر سایەقەکە بۆ ئاسایشی ناو قایممقامیەتی ھەولێری راپێچ کردوە ؟!.

ئەم ھەڵسوکەوتانەی پارتی وسەرانی بنەماڵە ، قەڵەمەئازادەکان ھارتر ئەکات ، نانبڕین و دەمکوتکردن سیاسەتێکی فاشیلی رژێمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەیە زۆربەیان ھانایان بۆ بردوە، بەڵام ھیچ سوودێکی بۆیان نەبوە ، سەدام حوسێن شانازی بەوەوە ئەکرد گوایە دوو ملیۆن بەعسی لەعیراقدا بەرھەم ھێناوەو، سەدان دەزگای ئەمنی داپلۆسێنەری ھاوشێوەی پاراستنەکەی پارتی دامەزراند ، تەنانەت شوفێری تاکسیەکانیشی کردبوە جاسوسی رژێمەکەی، بەڵام لە ئاکامدا رژێمەکەشیان رووخا و ، سەدامیش لە کونە سەگی گوندێکی نزیک زیدەکەی خۆی دەرھێنراو بەرەو سێدارە بردرا.. عیبرەت وەرگرتن لەم نمونانە بۆ حزبە تازە دیکتاتۆرەکان شتێکی باشە ..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.