نەوەی نوێ بە عەقڵی نەوەی كۆن

لەلایەن ستاندار Posted on 329 جار بینراوە
پ.ی.د.رعد رفعە محمد
بێگومان هەر جوڵانەوە وبزوتنەوەیەكی نوێی كۆمەڵایەتی وسیاسی وتەنانەت رۆشنبیریش لەسەر پاشماوەی بنیاد وشێواز وعەقڵ ونەریت وبۆچونە كۆن وتەقلیدیەكان دروست دەبێت وگەشە دەكات وگەورە دەبێ.
جوڵانەوەی نەوەی نوێش گوتارە تیۆریەكانی لەماوەی رابردو بەهەمان ئاراستەی سەرەوە كاری كردوە. بۆیە دەڵێم تیۆری چونكە حزبێكی سیاسی نوێ بووە ولە گۆڕەپانی كاری سیاسی خاوەن مێژوو نەبووە بۆ ئەوەی شیكەرەوان وچادوێرانی سیاسی بەچاوی هەڵسەنگاندن لایەنە باش وخراپەكانی كاری سیاسی ئەو حزبە دیاری بكەن.
بەڵام ئێستا نەوەی نوێ بۆتە حزبێكی خاوەن چوار كورسی پەرلەمانی عێراق وخەڵكی بەچاوی رەخنەوە سەیری كردارەكانیان دەكات نەك تەنها قسە.
دوێنێ درەنگ شەویش یەكەم هەڵوێستی سیاسی نواند بە چوونە پاڵ پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى بۆ پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، ئەم حزبە نوێیە بەسەركردایەتی دامەزرێنەر وجولێنەرەكەی شاسوار عبدالواحد هەر لە تاقیكردنەوەی یەكەمی بەهەمان شێواز وعەقڵی “حزبە تەقلیدیەكان” رەفتاری كرد.
ئەم رەفتارە پێدەچێ لەعەقڵی ناوەوەی “العقل الباطن” تاكی كوردی هەڵقوڵاوبێ، بەجۆرێك زۆر بەهەمان هەڵوێستی “حزبە تەقلیدیەكان” دەچوو كاتێك لەساڵی 2014 لەژێر فشاری ئەمریكا لەگردەكە بڕیای چوونە ناو حكومەتی عەبادیان دا بێ هیچ بەرنامەو بەڵێنی نوسراو وپلانی ستراتیژی ودەستكەوتێكی نەتەوەیی بۆ كوردستان.
ئەم رەفتارەی نەوەی نوێ بەهەمان عەقڵی كۆن ئەنجامدراوە لە رووی:
– درەنگانێكی شەو رادەگەینێ كەلەگەڵ ئەو هاوپەیمانیەیە، لەكاتێكدا پێشووتر دەیتوانی ببیت بە دەستپێشخەری پێكهێنەرانی كوتلەی گەورە.
– بەبێ هیچ رێكەوتنێكی سیاسی نوسراو چوویتە ناو ئەو هاوپەیمانیە.
– خودی هاوپەیمانیتەكە مەرج نیە گەورەترین كوتلە بێت بەپەلەپەل خۆی كردۆتە ناوی.
– چ گرنتیەك هەیە دوای پێدانی متمانە بە كابینەكەی ئەو هاوپەیمانیەتە لە دارشتنی بەرنامەی كاری حكومەتەكەی بەشداربن بەجۆرێك كە بەشێك لە داواكاریەكانی كوردی تێدا بەرجەستەبێت؟
– بەڵێنی چ پۆستێكی كاریگەرتان وەرگرتوە كە راستەوخۆ پەیوەندی هەبێت لە پرۆسەی چاكسازیەكانی كوردستان.
لەكۆتاییدا دەڵێم، واچاكە شاسوار عبدالواحد ونەوەی نوێ تەرکیز بکەنە كاری سیاسی خۆیان وسیاسەتی خۆیان لەسەر کاردانەوە دانەڕێژن بەجۆرێك فعلی سیاسیان هەبێ نەك تەنها قسە ورەخنەگرتن لەوانی تر وئەگەر هاتوو بەم شێوازەی كاركردنە بەردەوام بن ئەوا دەترسم زاراوەی “مشەخۆی سیاسی” یان لەسەر جێبەجێبكرێت؛ چونكە مشەخۆر ئەو زیندەوەرەیە كەناتوانێ بەتواناكانی خودیەكان خۆی بژیێنێ، بەڵكو هەردەم ژیانی لەسەر لاشەی خەلكی ترە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.