قارەمان شێخ بزێنی
بینای دەوڵەتی عێراق لە سەر بادلۆیەکی پتەو بینانەکراوە، بۆیە بە ھەڵکردنی ھەر زریان و ڕەشەبایەک درزێکیتر لە کەمەری ئەم بینایەدا دروست دەبێت و دەوڵەتەکە لەرزۆک تر دەکات، بەڵام بەرژەوەندی ولاتان لە مانەوەی ئەم بینایەدا زیارترە لەوەی ئەم پرۆسەی سەر لەنوێ بینا کردنەوەی دابرێژنەوە، بۆیە ئەوەندەی خەریکی پینە و پەڕۆی پاراستنی یەک پارچەی ئەم بینایەن ئەوەندە بە خەمی چارەسەرێکی بنەڕەتیەوە نین، لە کاتێکدا ھەموان دەزانن ئەم وڵاتە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی بە خوێن بووە، تەنانەت سەرکردە باڵاکانیشی ھەڵاوێرد نەکردووە، ھەر لە غازیەوە تا فیسەڵی بچوک و لەوێوە بۆ عەبدولکەریم و عەبدوسەلام و تا سەدام، ھەڵبەت باس لە قرچ وبڕی ئەو ھەزاران ھەزار سەربازو ئەفسەرانەش ناکەین بە بوون بە قوربانی.
ھەڵبەتە پێویستە ئەوەش بزانین پایەکانی ئەم بینای عێراقە سێ پایەی سەرەکین کە کورد و سوننە و شیعەیە، سێ ھێزی ئاڵۆز و بەرژەوەندی جیاواز، سێ دونیابینی جیاواز، ھێزێک ئەوەندەی خەربکی مەراسیمی ئاینی و بیرکردنەوە لە تۆڵەی ئیمامی حوسێن و فاتیمە و ھتد … ئەوەندە بیر لە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم وڵاتە ناکاتەوە بگرە زیاتر جلەوی بڕیارەکانی خۆی داوەتە دەست وڵاتێکێ تر، بەشێکی تر لە ھەوڵی گەڕانەوەی دەسەڵاتێکە کە چەندین ساڵ وەکو ملۆزم مامەڵەی پێوە کرد بوو، بە تونترین شێوە ھێزەکانی تر دەستەمۆ کرد بوو، لە ئێستاشدا ھەموو ڕێگە و ھەوڵێک بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتەکەی بە شەرعی دەزانێت لە مقاوەمەی عێراقیەوە تا ھێنانی داعش، بەشێکی تریان کە کورد داواکاریەکانی لە گەڵ ھیچ لە دوو بەشەکەی تر یەکانگیر نابێت و لە دیدی سوننە و شیعەدا داواکاری نابەجێ و نامەعقولن و قابیلی جێبەجێکردن نین، لە کاتێکدا ڕەنج و ماندوبونی چەند ساڵەی شۆڕشی کورد و خوێن ڕشتنی لەو پێناوەدا بووە.
لە نێو ئەم تەنگژانەدا عێراق بەرەو کوێ؟
ھیوادارم بۆچونەکانم ڕاست دەرنەچن، چونکە لام وایە عێراق بە ئاراستەی ماوەی تیرۆری سیاسی ھەنگاو دەنێت، لەو قۆناغەشدا بەشێکی زۆری سەرکردەباڵاکان یەکتری قڕچ و بڕ دەکەن، ڕەنگە دوای ئەو قۆناغەش ماوەی شەڕی نێوخۆی سەرھەڵبدات، دەیان ھەزار کەسی ھەژار و بێتاوان دەبنە قوربانی، ئەو پرۆسەیە لە ئێستادا لە نێو ھێزە چەکدارە شیعە چەکدارەکاندا زەمینەی چەکەرە زیاترە، ڕەنگە بە پلەی یەکەم نێوماڵی شیعە گڕ تێبەر بدات، بەڵام ھێزەکانی تریش لەپروشکی ئاگرەکە بێبەش نابن و زیانیان بەر دەکەوێت. بۆیە کۆتای ئەم ئاڵۆزییانە بە دوو ئاراستە دەڕۆن: یەکەم ھەڵوەشانەوەی عێراقی تەمەن ١٠٠ ساڵە بۆ چەند پارچەیەک.
دووەم گەڕانەوەی سوننە بۆ لوتکەی دەسەڵات و کپ کردنەوەی بارودۆخەکە بە تونترین شێوە کە خوێن ڕشتن لە ڕوداوەکانی ڕابردوو زیاتر نەبێت کەمتر نابێت، لێرەوە پتەوکردنی یەک پارچەی عێراق دێتە ئاراوە، ڕەنگە لەو نێوەندەدا کوردیش ھەرێمەکەی لە سەر دەستی ھێزە تازە ھەڵتۆقیوەکە لە دەست بدات.