به‌رهه‌م ساڵح به‌ نیازى چییه‌؟

لەلایەن ستاندار Posted on 367 جار بینراوە

سەرتیپ قەشقەیی

تاڕاده‌یه‌كى زۆر به‌رهه‌م ساڵح له‌ یه‌كێتى بێهیوابووه‌ كاندید بكرێت، بۆیه‌ له‌ دوو ڕۆژى داهاتوو سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات، تاوه‌كو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و پشتگیریانه‌ بكات، كه‌ له‌ لایه‌ن پارتو كه‌سایه‌تییه‌ شیعى و سونییه‌كان بۆى هاتووه‌، ئه‌گه‌ر بزانێت زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كان ده‌نگى پێده‌ده‌ن، ئه‌وا له‌ به‌غداوه‌ خۆى كاندید ده‌كات، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕه‌زامه‌ندى پارتى و یه‌كێتى.
به‌رهه‌م ساڵح، جگه‌ له‌ پشتیوانى هه‌ندێ لایه‌نى شیعى و سونى پشت ئه‌ستووره‌ به‌ پشتیوانى وڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمییه‌كان، چونكه‌ زۆرێك له‌ وڵاتانى وه‌كو ئه‌مه‌ریكاو ئێران و فه‌ڕه‌نساو ئه‌ڵمانیش پشتگیرى ده‌كه‌ن و هانیانداوه‌ خۆى كاندیدبكات.
خۆ كاندیدكردنى به‌رهه‌م ساڵح، به‌بێ پشتگیرى پارتى و یه‌كێتى قوڕس ده‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌ ساڵى 2014 له‌ هه‌ڵبژاردنى ناوخۆى یه‌كێتى به‌ فوئاد مه‌عسوم دۆڕا، چونكه‌ مسۆگه‌ركردنى یاخود دانانى ناوبراو وه‌ك سه‌رۆك كۆمار، تاڕاده‌یه‌كى زۆر په‌یوه‌ندى به‌ ڕێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى به‌غدا هه‌یه‌.
ئه‌گه‌رى زۆر له‌ نێو ئه‌و هه‌موو ناكۆییه‌ى یه‌كێتى له‌ باره‌ى ئه‌و پۆسته‌و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى به‌رهه‌م ساڵح، كاندیدێكى پارتى به‌ ئاسانى ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ نێوان هه‌ریه‌ك له‌ ( فازڵ میرانى و هۆشیار زێبارى و فوئاد حسین )، له‌و نێوه‌نده‌شدا فازڵ میرانى زۆرترین چانسى هه‌یه‌.
له‌باره‌ى رێككه‌وتنى به‌رهه‌م ساڵح و حزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، هێشتا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجامێكى كۆتایى، به‌رهه‌م ساڵح چاوه‌ڕێ ده‌كات ئه‌گه‌ر بزانێت یه‌كێتى ده‌یكاته‌ كاندید ئه‌وا به‌ ته‌واوى ده‌چێته‌وه‌ ناو یه‌كێتى، ئه‌گه‌ر نا ته‌نها ڕێككه‌وتنێكى سیاسى ئه‌نجامده‌دات، بۆ ئه‌مه‌ش ئاماده‌كارى كراوه‌و ڕه‌شنووسى ڕێككه‌وتن هه‌یه‌.
زانیارییه‌كان ئه‌وه‌شده‌خه‌نه‌ڕوو: به‌رهه‌م ساڵح له‌ هه‌وڵى رێككه‌وتنێكى سێ قۆڵیه‌ له‌ نێوان هه‌ریه‌ك له‌ هاوپه‌یمانى و یه‌كێتى و گۆڕان له‌ دواى هه‌ڵبژاردن، بۆئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ گۆڕان له‌سه‌ر هێله‌و به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ به‌ڵێنیانداوه‌ دواى هه‌ڵبژاردن له‌باره‌ى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ گفتووگۆبكه‌ن، گۆڕان ڕایگه‌یاندوه‌: ئێستا له‌ ناو بانگه‌شه‌ن نه‌ده‌چنه‌ دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق، نه‌ ئاماده‌شن بچنه‌ ناو ڕێككه‌وتنێكى له‌و جۆره‌ تاوه‌كو دواى 1/ 10/ 2018 .
رێككه‌وتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو هێزه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وها ئاسان نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ پارتى پێى ئیزعاج بێت به‌ تایبه‌ت سێ لایه‌ن له‌ سلێمانیه‌وه‌ رێككه‌وتن ده‌كه‌ن، له‌ لایه‌كى دیكه‌ ئایه‌ گۆڕان ده‌چێته‌ ژێربارى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌و جارێكى دیكه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى رێككه‌وتن ده‌كات، كه‌ هێشتا ئه‌وه‌ى پێشووترى (ساڵى 2016) جێبه‌جێنه‌كراوه‌ ؟!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.