دەسەڵات و پاژنەی ئەخێل

لەلایەن ستاندار Posted on 297 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

دەسەڵاتی سیاسیی لەھەرێمی کوردستان لەژێر دەستی یەکێتیی و پارتییدایە و قۆرخکراوە، چەک و پارەو دیموکراسیی ساختەش پاسەوانی ئەم دەسەڵاتەن. لەڕێگای چەکەوە ھەڕەشە دەکەن و لەڕێگای پارەوە خەڵکیان ڕاکێشاوە، لەڕێگای دیموکڕاسی ساختەشەوە ڕەوایەتیی بەخۆیان دەدەنەوە، کەخۆی لە ئازادیی و ھەڵبژاردنی ساختەدا دەبینێتەوە.

پاژنەی ئەخێل ئەفسانەییەکی گریکییەو ئاماژەیە بۆ خاڵی لاوازی کەسێک یان دەزگایەک، لەم ڕێگایەوە بە تێچوونێکی کەم دەکرێت کەسەکە یان دەزگاکە لاواز بکرێت. ئەخێل سەربازێکە و دایکی بەکۆرپەیی دەیخاتە ڕووبارێکی سیحرییەوە تا پارێزراوبێت، ئەخێل دەبێتە سەربازێکی ئازاو لەشەڕەکاندا ناکوژرێت و ناپێکرێت. لەکۆتاییدا و لەشەڕی تەڕوادەدا سەربازێک زانیاری پێدەگات و خاڵی لاوازی ئەخێل دەزانێت، دەزانێت ئەخێل کاتێک دایکی خستویەتییە ناو ڕووبارە سیحرییەکەوە ئاو بەر پاژنەکانی پێی نەکەوتووە، چونکە دایکی پاژنەی ئەخێلی گرتووە تا ئاوەکە نەیبات. لەبەر ئەمە پاژنەی ئەخێل نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری ئاوە سیحرییەکەو خاڵی لاوازە. سەربازەکە لەپاژنەی ئەخێل دەدات و دەیخات، بەمەش ئەخێلی سیحراوی لەشەڕدا دەکەوێت.

ئەم ئەفسانەیە ھێمایە بۆ لێدانی نەیارەکان لەڕێگەی دیاریکردنی خاڵی لاوازەوە، لەم ڕێگایەوە بە ئاسانی دەتوانرێت بەرامبەر لاواز بکرێت. لە فیکری سیاسییشدا پاژنەی ئەخێل پێمان دەڵێت بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی دەسەڵات بەئاسانی دەبێت خاڵی لاوازی دەسەڵات دیاری بکرێت.

لە ئێستادا دەکرێت پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکرێتە پاژنەی ئەخێلی ئەم دەسەڵاتە جووت حیزبە، لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە و بەڕێگایەکی ناتوندوتیژانە دەکرێت دەسەڵات بچوک بکرێتەوە. چونکە لەھەڵبژاردنی ساڵی ۱۹۹۲ تا ئێستا جووت حیزبی دەسەڵات بچوکبونەتەوە و کورسییەکانیان کەمتربۆتەوە. گەر ھەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە ساختەکاری ئەنجام بدرێت پاژنەی دەسەڵات دەپێکرێت و ئەم دەسەڵاتە بچووک دەبێتەوە و دەکەوێت. ھەڵبژاردن ئەو چەکە بەھێزەیە کە دەتوانێت دەسەڵات بترسێنێت، ئەوە ترسی ھەڵبژاردنە حیزبەکانی دەسەڵاتی بەرەو ساختەکاری بردووە، ھەڵبژاردن پاژنە ئەخێلییەکەی دەسەڵاتە کەدەتوانرێت لەم ڕێگەوە لەدەسەڵات بدرێت بە شێوەیەکی ناتوندوتیژانە و بچوک بکرێتەوە.

دەسەڵات لەکاتی کەمی بەشداری دەنگدەراندا براوە دەبێت، بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن جگە لە خزمەتی دەسەڵات شتێکی تر نییە. دەسەڵات بەختەوەرە کاتێ ڕێژەی دەنگدەران کەمدەبێت، چونکە دەسەڵات لە ژێر فشاری چەک و پارە دەنگدەرانی خۆی ناچار دەکات بەشداری دەنگدان بکەن. لێرەدا ھاوکێشەکە تێکدەچێت و کەمی بەشداری دەنگدەرانی دژە دەسەڵات دەبێتە ھۆی زیادبوونی کورسییەکانی دەسەڵات و قەڵەو بوونی دەسەڵات. بایکۆت خزمەتێکی گەورەی دەسەڵاتە و لە کۆتاییدا لوتبەرزی دەسەڵات زیاتر نیشان دەدات.

ھەڵبژاردن پاژنەی ئەخێلی دەسەڵاتە و لەم ڕێگەوە دەسەڵات دەپێکرێت و دەتوانرێت بچوک بکرێتەوە. بایکۆت و بەشداری نەکردنیش خەونە گەورەکەی دەسەڵات دێنێتەدی کە بریتییە لە بێئومێدبوون لە ھەڵبژاردن. کۆمەڵگای ھۆشیار نابێت چوار ساڵ ڕەخنە بگرێت و بەڵام ڕۆژی دەنگدان بایکۆت بکات. ئەو ڕوناکی ئومێدەی ماوە باڕێگا نەدەین بایەکی بۆگەنی دەسەڵات بیکوژێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.