بۆقوباد تاڵەبانی ؛ قسەکانی پێنجوێنت مایەی تێڕامان بوو:

لەلایەن ستاندار Posted on 289 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

قوبادتاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی یەک شەممە بەرواری ( ۱٦-۹-۲۰۱۸) ، بەمەبەستی بانگەشەکردن بۆخۆیی ولیستەکەی سەردانی پێنجوێنی کرد ،و لە کۆبونەوەیەکدا کە بۆی ڕێکخرابوو لەھۆڵێکدا وتارێکی خوێندەوەکە لەبەشێک لە وتەو قسەکانیدا زۆرشتی ووت بەڵام سێ لەوتە یاخود قسەکانی کەکردنی جێگای تێڕامان بوون کە بریتی بون لە :

ــ لەبەشێکی وتەکانیدا ئاماژەی بۆئەوەکردکە دوو ھەزارکارگە دادەمەزرێنین و ھەلی کار بۆ پەنجا ھەزارکەس دەدۆزینەوە .
من نازانم کاک قوباد ئاگای لێیەکە زۆر زیاتر لەو ژمارە کارگەیەی ئاماژەی بۆکرد ، لەئێستادا داخراوە و زۆرتریش لەو ژمارەی کەباسی دۆزینەوەی ھەلی کارییان بۆدەکات ، کارەکانیان لەدەستداوە و بەتاڵەن .
دەبوایە ئەوەشی بزانیایە کە نەک لەئێستادا کارگەی نوێ ناکرێتەوە بەڵکو بەھۆی زیادکردنی نرخی کارەباو سوتەمەنی لەلایەن حکومەتەکەی کەخۆی جێگریەتی لەسەریان بەچەندین ھێند لەجاران کارگەکان دەرگاکانیان کڵۆم دەدرێن و دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست وخواروی عێراق.
ـــ قوباد تاڵەبانی لەبەشێکی تری قسەکانیداو وەک بەخشینەوەی مژدەیەک بەخەڵکی ناوچەکە ووتی لەناوچەکەدا مەرزێکی نێو دەوڵەتی ھەیە کەباشماخەو بەم زوانەش مەرزێکی تر دەکرێتەوە کەئەویش سەیران بەنە، زۆرم بەلاوە سەیرە کەجێگری سەرۆکی حکومەت بیت و بێئاگابیت لەوەی کە مەرزی سەیرانبەن لە بەرواری ( ۲۰-۷-۲۰۱٦) واتا دووساڵ و دوومانگێکە ئەو مەرزە لەمەراسیمێکدا بەئامادەبونی پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی ئاسۆ فریدون وپارێزگای سنەو چەندین بەرپرسی ھەرێم وکۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە .
من نازانم تۆبڵێی ئەو کردنەوەیەی پێش( ۲٦ )مانگ بەرلەئێستا کامێرای شاراوە بوبێت و من نەمزانیبێت .
یان تای ھەڵبژاردن ھۆکاری پێدانی ئەو مژدە کۆن وبەسەرچوە بووە .
ــ ناوبراو لەبەشێکی تری قسەکانیدا زۆر ڕاشکاوانە وتی لەپێنجوێندا لەھەڵبژاردنەکانی تردا خەڵکی دەنگیان بەلایەنێکی ترداوە ، وداوای دەکرد کەئەمجارە دەنگبدرێتەوە بە یەکێتی تاکو خزمەتی زیاتری ناوچەکە بکەین .
بۆیە دەکرێت لەکاک قوباد بپرسین لەماوەی ئەوچوارساڵەی کە جێگری سەرۆکی حکومەت بووی چ پڕۆژەو خزمەتێکت بەپێنجوێن وناوچەکەیکردوە تاکو دەنگتان پێبدرێتەوە؟
تۆدەزانیت لەوکاتەوەی تۆجێگری سەرۆکی حکومەتیت تائێستاش نەتوانراوە جادەیەکی خێرای پێنجوێن ـ باشماخ تەواوبکرێت کەدرێژییەکەی کەمترە لە ( ۱۰)کیلۆمەتر و تاکو ئێستاش کەمتر لەنیوەی کارەکانی تەواو کراوە کە ئەوەش بەتەواوی بڕسکی لەھاوڵاتیان وشۆفێران بڕیوە ، ئایا ئەوەش دەزانی کە زیاترلەساڵێک بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی دەستی گرتبوو بەسەر پارەی پڕۆژەکەدا و بەقسەی کەسیشی نەدەکرد.
تۆدەزانیت کەلەناوچەی پێنجوێندا زیاتر لە ( ۱٥)جۆر سامانی سروشتی وکانزایی تێدایە و کارگەیەکی تێدا نیە ، ئەوەشدەزانی (٤۰)ساڵ پێش ئێستا بەردەبەنرخەکانی پێنجوێن کەلەئیتالیاو ئۆکرانیای کانگای بەردیشدا دەگمەنن وبونیان نیە وەک کەرەستەیەکی خاوی گرنگ دەبرایە شاری بەسرەی دورترین شاری عێراق بۆ پیشەسازی و وەبەرھێنان بەڵام ئەو حکومەتەی تۆ کەئێستا جێگری سەرۆکەکەییت نەیتوانیوە کارگۆچکەیەکیش لەناوچەکە بنیادبنێت لەماوەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەکی حوکمڕانی .
گەنج چۆن دەنگ بدات و چۆن داوای دەنگی لێدەکەی؟ کەنەک ھەلی کاری بۆفەراھەم نەکراوە بەڵکو ڕێگەی پێنادرێت تەنانەت کاری حەماڵیش بکات گەر تەزکیەی حیزبی پێ نەبێت وبەدڵی حیزب نەبێت ونەجوڵێتەوە.
شتگەلی تری زۆرھەن بوترێن بەڵام باجارێ بەس بێت و لەکوێدا پێویستیکرد باسیان دەکەین ودەیان نوسین .
بۆیە دەشمەوێت بپرسم ئایا مژدەی کۆتایھاتنی پاشەکەوتی موچە وگێڕانەوەی پارە پاشەکەوتکراوەکانیش ھەرلەوێدا مەبەست لێی بانگەشەیە یان نا چونکە وتنی قسەیەکی لەوچەشنە کوت ومت پێمان دەڵێت کەئەوەی کێشەوگرفت نیەلەم ھەرێمە بوونی پارەیە ،و ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی پاشەکەوتی موچە جگەلە سزادانی بەکۆمەڵی فەرمانبەران وموچەخۆران ھیچی دیکەنیە .

تێبینی : وێنەکان بەرواری ( ۲۰-۷-۲۰۱٦)یە ڕۆژی کردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەیران بەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.