پارتی بۆچی دژی دکتۆر بەرھەمە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 339 جار بینراوە

دانەر ڕەشید

ئەمجارەش پارتی وەکو خولی رابردوو، ھاتووەتە سەر خەت و ڕێگرە لەوەی دکتۆر بەرھەم ببێت بە سەرۆک کۆمار. ھۆکاری ئەوەی پارتی نایەوێت دکتۆر بەرھەم ببێت بەسەرۆک کۆمار، بەتەنھا ھەر ئەوە نیە؛ ئەوان نایەوێت مام جەلالێکی تر دروست ببێتەوە، بەڵکو ناشیانەوێت یەکێتیش، ببێتەوە بەیەکێتیەکەی جاران!.

پارتی؛ وێڕای ئەوەی قەرزداری سیاسەتکردنی مام جەلالە، چونکە بەھۆی لەخۆبردویی ئەوەوە بوو، شەڕی ناخۆ کۆتایی ھات، بارزانی بوو بە سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی؛ زیاد لە جارێک لەسەر پشکی یەکێتی بوو بە سەرۆکی حکومەت، بەڵام دیسان وەک پارتێکی ڕکابەر بۆ یەکێتی و قەڵەمڕەوەکەی ڕەنگە نۆرماڵ بێت بۆ ئەوان خوازیاری دەرکەوتنی کەسێک نەبن کە بەمیتۆد و میکانیزمی مام جەلال سیاسەت و سەرۆکایەتی بکات و دەزانن لە تونایدایە، لە پایزی سیاسەتدا چەپکەگوڵەکەی مام ببوژێنێتەوە، بەڵام ئەی بۆ ھەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتی بڵێین چی؟! .

چاوەڕوان دەکرا لانیکەم بارزانی سەرکردایەتی خواستی گەلەکەی بکات ھەتا پارتەکەی، بەڵام پێدەچێت، ئەویش وەک زۆرینەی سەرکردەکانی ڕۆژھەڵات، دواجار نەتوانێ خواستی حزبەکەی بخاتە خوار خواستی گەلەکەیەوە و لە نێوان باڵادەستی پارتەکەی و سەردەستی گەلەکەی یەکەمیان ھەڵبژێرێت.

ھەموو چاوەکان لەسەر بارزانین چونکە ئەگەر بارزانی ئەمجارەش لە نێوان کاراکتەری بژاردە بۆ کوردایەتی و کاراکتەری بژاردە بۆ حزبایەتی، دووەمیان ھەڵبژێرێت، ئەوا بەدەستی خۆی، بەرگی خاکی کارێزمایی نەتەوایەتی خۆی دادەنێت و کراسێکی زێڕینی زەردی حزبی دەپۆشێت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.