کێخوای گوندی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 307 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

وای دەبینم ئاییندەی ھەرێمەکەمان زۆر باش نابێت ، ئەم بیرکردنەوەیەشم لەرەشبینیەوە نیە بەقەدەر ئەوەی زادەی خوێندنەوەیەکی ھێمنانەو ھوشیارانەی ئەو روداو و ھەڵویستە سیاسیانەیە کە ئەمڕۆ بە روونی چەندین پەیاممان پێئەگەیەنن .

ئاماژەیکان بەگشتی بەرەو ئەوە ئەڕۆن کەوا پارتی وبنەماڵەی بارزانی خەریکن ھەرێمەکەمان بەرەو دیکتاتۆریەتی تاکحیزبی قائیدو سەرۆکی قوماندار ئەبەن و ، ئەو ھەڵویستو لێدوانانەی ئەم دواییەی سەرانی ئەم حیزبە گەواھی دەدەن کەوا پارتی کەوتۆتە ژێر نەشئەی سەرکەوتنە تەزویرکراوەکەی ھەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی پەرلەمانی بەغداو ، ئێستاش بەھەمان نەفەسەوە خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ تەزویرێکی دوو ھێندەیی لەھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. بۆیە لەخۆڕا نیە کە سەرانی ئەم حیزبە باس لە سەرووی ٤٠ کورسی پەرلەمانییەوە ئەکەن بۆ حزبەکەیان لەم ھەڵبژاردنەدا. با بەوردی سەرنج لەبەشێک لەو لێدوانانە بدەینەوە کە لەم چەند رۆژەدا سەرانی پارتی داویانە بەبەر گویێی نەیارەکانیان .

لە دوا وتاری مەسعود بارزانییەوە دەست پێدەکەین کە لەبانگەشەی حزبەکەی لەسلێمانی رایگەیاند ” ئێمە ئامانجێکمان ھەیە، کێ لەگەل ئەو ئامانجە بوو، ئێمە یەکڕیز دەبین لەگەڵی . کێش لایدا مەحاڵە لەگەڵی یەکڕیز بین “؟؟!!..

ئەمەش رێک ئەو راستیەمان پێ دەڵێ ، کەوا پارتی مەبەستی لەیەکڕیزی تەنھاوتەنھا ئەوەیە کەوا سەرجەم حزبو لایەنە سیاسیەکان ئەبێ کۆیلەی دەستی خۆیان بن و ھیچ ھەڵوێستیکیان نەبێت بەدەر لەسیاسەتو ھەڵویستەکانی پارتی . تەنانەت شەڕی ئێستای پارتیەکان لەدژی دەستنیشانکردنی کاندیدانی یەکێتی بۆ یۆستی سەرکۆماری عیراق ئەچێتە خانەی ئەو خۆسەپاندنەی پارتی بەسەر سیاسەتی ھەرێمەوە. دژایەتی ئەوان بۆ بەربژێرەکانی یەکێتی لەسەر ئەوەیە کەوا مۆری پشتگییری موختاری ئەوانیان بەسەرەوە نیە ، بۆیە ناھێڵن ببنە کاندیدی کورد بۆ ئەم پۆستە؟. ئەمەش بەرای من لەدژی خودی ئەو کاندیدانەی یەکێتی نیە، بەقەدەر ئەوەی دژایەتی ھەڵوێستو سیاسەتی سەربەخۆییانەی یەکێتییە، ھەر بۆیەش بەبێ گوێدانە رێکەوتنەکانی پێشوویان لەگەل یەکێتیدا کاندیدی خۆیان دیاریکردو ، کاریشیان بۆ ئەوە کرد کەوا ھەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری عیراق بخەنە دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ ئەوەی دوای تەزویرە بەرفراوانە چاوەڕوانکراوەکەیان لەھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستاندا، بڵێن ئێمە کوتلەی گەورەی پەرلەمانی کوردستانین وزۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بەئێمە داوە بۆیە پۆستەکەی سەرکۆماری عیراق ئیستحقاقی پارتییە .

تەنانەت ئەم حیزبە شەرم لەوەش ناکاتەوە کە ئەم شەڕە گەورەیەی ئێستای بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتێک بکات کە ساڵێک پێش ئیستا سێ بەسێ تەڵاقی دابو، داوای لە لایەنگرانیشی دەکرد بەربەرچاوی میدیاکانەوە پەساپۆرتە عیراقییەکانیان بسوتێنن ، کەچی ئێستا شەر لەسەر پۆستی وڵاتیک ئەکەن کە سەرۆکی حکومەتەکەیان لەمیدیاکانەوە دەیگوت ( بوغدا پۆرەی نیە ) !.

غروری سەرانی ئەم حیزبە رەنگدانەوەی ھەبوە بەسەر سەرجەم بنکە حیزبی ودامودەزگا میدیاکانیشیانەوە، ئەوەتا نوسەرێکی دەرباریان باس لەوە دەکات کەوا پەیامی ئەو‌ان بۆ یەکێتی وھەمو ھێزە عیراقییەکان ئەوەیە ‌” کە دان بە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی داھاتوی عیراق نانێن ئەگەر لەخۆیان نەبێ ” ، تەنانەت ھەڕەشەی ئەوەشی کردوە کەوا ” رێگەشی پێ نادەن پێ بنێتە ھەولێرەوە ” ، وەک ئەوەی پێشتر لەگەڵ سەرۆکی ھەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستانیان کرد .

‌پارتی ودەزگا داپڵۆسێنەرەکەی بەناوی پاراستنەوە ، دەمێکە کار بۆ ئەوە ئەکەن حیزبەکەیان بکەنە ( حیزبی قائیدی) کوردستان ، بەدرێژایی ساڵانی رابردووش بینیمان دەیان سیاسەتمەدارو چالاکوانی مەدەنی و نوسەرو رۆژنامەنوسیان راوەدوناوەو ھەندێکیشیان تیرۆر کرد ، رۆژانەش تۆمەتی بێ بنەما لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی پارتی و وەزارەتەکانی حکومەتەوە ئەدرێنە پاڵ نەیارەکانی دیکتاتۆرییەتەکەی پارتی و، پایتەختی ھەرێمەکەیان لێ حەرام ئەکرێ لەسەر ھەڵوێستە سیاسیەکانیان ، تا ئێستا دەیان سکاڵای نایاساییان لەدژی پەرلەمانتارو سیاسەتمەدارو بەرپرسانی ھێزە نەیارەکانیان تۆمار کردوەو بەتەمای دەستگییرکردنیانن، جگە لەوەی پاراستنەکەیان بە گرتەی نائەخلاقیش بەشێک لەسەرکردەو مەسئولانی لایەنەکانی تریشیان ترساندوەو کردویانن بە کۆیلەی خۆیان .

پارتی ئێستا کوردستا‌نەکەی ئێمەی کردوە بەگوندێکی بچووک و خۆیشی کردوە بەکێخوای ئەم گوندە ، کەسیش بەپیاو نازانێت . جا ئەگەر ئەمە بەشێک بێت لەخەونی سەرۆکی پارتی وکۆیلەکانی، خەتاکەی بە رێژەیەکی زۆر ئەکەوێتە سەر ئەستۆی حزبەکانیتری ئەم ھەرێمە ، کە لەھەمو شتێکدا سازش لەسەر بەرژەوەندی میللەتەکەیانو تەنانەت بەرژەوەندی خۆشیان ئەکەنو، تۆقیان لەو حیزبە چوە کە بەبێ ھێزێکی دەرەکی جورئەتی تەقەکردنێکی نیە ، کەچی بەزۆری زۆرداری خۆی سەپاندوە بەسەر ھەرێم ‌و میللەتەکەمانەوە.

لێرەوە ھیچ دڵخۆش نیم بە ئاییندەی کوردستانەکەمان، پێشبینی رۆژانی زۆر رەشتر لەئێستا ئەکەم ، چۆن ٣٥ ساڵ بەدەست دیکتاتۆرییەتی سەدام حوسێنەوە ناڵاندمان، ئاواش لەژێر سایەی حوکمی دیکتاتۆرییانەی بنەماڵەی بارزانیدا چەندین دەیەی تر ئەبێ بناڵێنین ، چونکە ئێستا کوڕو کوڕەزاکانی بارزانیش مەشقیان پێئەکرێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتە بەمییرات گوێزراوەکەیان.

بۆیە ئەتوانم بڵێم کەوا ھیچ دەرچەیەکمان لەبەردەمدا نیە تەنھا دوو شت نەبێ ، یان ئەوەتا رازی بین بەو دیکتاتۆریەتەی پارتی بەتەمایە بەسەرماندا بیسەپێنێ ، یانیش ئەبێ ھەتا ئەم حیزبە دەسەڵاتدار بێت لەھەولێر، بە دوو ئیدارەیی میللەتەکمان پەرتەوازە بێت و، ئەزمونی کۆریاو فێتنام ویەمەنی پێشووترمان بۆ زیندو ببێتەوە ، چونکە بەم وەزعەی ئێستا مەحاڵە کورد بتوانێ ئاییندەیەکی گەش بنیات بنێت لەژێر سێبەری حیزبێکی دیکتاتۆرو سەرکردەیەکی خۆپەرست کە ھیچ حیسابێک بۆ میللەتەکەی ناکات سەرباری ئەو دەریا خوێنەی کە بەخشیویانە بۆ رزگاربون لەدیکتاتۆریەتی ھەشتا ساڵەی عیراق و، چاویان لەئاییندەیەکی گەشترە بۆ ھەرێمەکەیان .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.