پ.ی.د.رعد رفعە محمد
یەكەم: مەرەكەبی مۆری هەڵبژاردنەكان بڕژێ لە خوێن باشترە، گۆڕانكاری مەرج نیە تەنها بەكردەوە بێت. دەكرێ، بەڵكو هەندێك جار، ووشە وقسەیەكی حەق باشتر جێگای خۆی دەگرێت لە كردەوە. پێغەمبەر درودی خوای لێبێت دەفەرموێ: گەورەترین جیهاد ووشەیەكی هەقە لەلای دەسەڵاتدارێكی زاڵم.
لە هەڵبژاردن نەك تەنها ووشەیەكی هەق دەگوترێ، بەڵكو لەویش كەمترە وتەنها ئاماژەپێدانێكی نهێنیە بەهەق بێ ئەوەی بەرەوڕوی زاڵمەكەش بیتەوە.
دیارە ئەم بەشداربونەش لە هەڵبژاردن كەمترین ئەرك وبەرپرسیاریە بەرامبەر ژیانی خۆت وخێزان ومنداڵ وخزم وئاین وئایدیۆلۆژیا ونیشتمان وتەنانەت نەوەكانی داهاتوش ومرۆڤایەتی.
پێویستە ئەو یاسا كۆمەڵایەتی وسیاسی وئاینیە لەبیرنەكەین كە ئەگەر هاتوو بەرەنگاری زوڵم وستەمكاران نەبوینەوە ئەوا ئەنجامەكەی سزایەكی گشتیە، واتا: تەنها ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە زوڵم وستەمیان ئەنجامداوە، بەڵكو ئەوانەش دەگرێتەوە كە دەستی زاڵمانیان نەگرتوەو رێگریان لێنەكردوەنە.
سەبارەت بە شیكردنەوەی ئەنجامە نافەرمیەكانی دەنگدانی تایبەتی ئەمڕۆ پێویستە بگوترێ: ئەو دەنگە زۆرەی هەرودوو حزبی دەسەڵات دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە ئاسایش وپێشمەرگە بەبەردی بناغەی هەردوو حزبی دەسەڵات دادەنرێ؛ بۆیە فشارو سزا وپاداشتێكی راستەوخۆی زۆریان پێ دەدەن بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات یاریكەرێكن لە خاك وگۆڕەپانی حزبە دەسەڵاتەكان؛ بەڵام لەگەڵ ئەوشدا دەنگی بەرچاویان هێناوە بەبەراوەرد بەهەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق، چونكە تەنانەت خاوەن یەك فەوجی عەسكەری وبنكەیەكی ئاسایش نینە، ئەمە جگە لە زۆری كارتی دەنگدانی پوچەڵ كە نیشانەی ئاست بەرزی وهەستكردن بەبەرپرسیارێتی ئەو پێشمەرگانەیە كە فشاری وێنەگرتنیان لەسەر بووەو كارتەكەیان پوچەڵكردوە بۆ ئەوەی حزبەكانی دەسەڵات سوودی لێوەرنەگرن.
بۆیە پێویستە لەسەر چاودێران وچاڵاكوانان وحزبە سیاسیەكان ئەم رێژەیە بە گەشبینی سەیربكەن نەك پێچەوانەكەی وهەوڵدرێ ئەم ئەنجامە بەراییە نافەرمیانە وەبەرهێنانی بۆ بكرێ لە دەنگدانی گشتی چونكە دەنگدەری گشتی مەدەنیەو تا رادەیەكی زۆر سەربەستە لەو كۆت وزنجیرەی هێزە ئەمنی وعەسكەریەكان.
دووەم: گۆڕانكاری پرۆسەیەكی بەردەوامە، پێویستی بە قۆناغبەندی وپشودرێژی هەیە. هەڵبژاردنیش ئامراز وشێوازێكی گۆڕانكاری ریشەیی لەسەرەخۆیە، ولە كوردستانیش تاكو ساتی ئەو نوسینەش نەك تەنها بەدیل وئەلتەرناتیفی هەڵبژاردن، بەڵكو پڕۆژەیەكی گۆڕانكاری جگە لە هەڵبژاردن لە ئارادا نیە جگە لە هەندێك قسەی باقوبریقی هەندێك كەسی “رۆمانسی سیاسی” دانیشتوی دەرەوەی كوردستان بۆ شۆڕش وراپەرین كەتەنانەت ئامادەنین خۆیان وخێزان ومنداڵەكانیان بگەڕێنەوە كوردستان بۆ ئەوەی سەركردایەتی ئەم شۆڕشە بكەن كە بانگەوازی بۆ دەكەن!
بەڵێ لە هەڵبژاردنەكان ساختەو تەزویر كراوەو دەكرێ، بەڵام ساختەكردن ئەو راستیە ناشارێتەوە كە رۆژ لەدوای رۆژ وهەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن مەودای حوكمرانی هەردوو حزبی دەسەڵات لەقاڵب دراوەو ئەو بێ باكیەی كە پێشتر هەیانبوە بەرامبەر خەڵك ودەنگەكانیان گۆڕاوە بەترس ودڵەراوكێ وخەوزڕاندن.
لە ووڵاتە دیکتاتۆر وگەندەڵەکانی ئاسیا وئەفریقا وئەوروپای رۆژھەڵات کاتێک جەماوەر وحزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئیرادەی گۆڕینی دەسەڵاتیان دەبوو، بەدوو رێگا گۆڕانکاریان ئەنجامداوە:
یان شۆڕش وراپەرینیان ئەنجام دەدا تا روخانی رژێمەکان.
یان رێگای دووەمیان ھەڵدەبژارد، ئەویش فشارخستنە سەر رژێمەکان بۆ چاکسازی وئەنجامدانی دایەلۆگ وگفتوگۆیی راستەوخۆ وناراستەوخۆ ومامەڵکردن لەگەڵی وبەشداری لە پرۆسەی گۆڕینی دەسەڵات لە رێگای ھەڵبژاردنی پاکوبێ گەرد.
توێژینەوەیەکی سیاسی زانستی لەلایەن ھەردوو توێژەر (ئەبراھام لوینسال وسیرجیو بیگار) کە لەساڵی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە گفتوگۆی کردوە لەگەڵ ١٢ سەرۆک ووڵات وسەرۆک وەزیرانی ووڵاتان کە رۆڵی کاریگەریان ھەبووە لە راگواستنی دیموکراتی لە ووڵاتەکانیان وەکو: بەرازیل، تشیلی، گانا، ئیندنوسیا، مەکسیک، فلیپین، پۆڵەندا، باشوری ئەفریقیا، ئیسپانیا.
ھەندێک لەوانە سەرکردە بوونە لە سیستەمە دیکتاتۆر وگەندەڵەکان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ووڵاتەکانیان بەرەو دیموکراتیەت وچاکسازی ئابوری بردوە.
هەر بۆیە پێویستە ستراتیژیەتی نوێی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بریتی بێت لە هەڵبژاردنی رێگای دووەم بە فشار خستنە سەر حزبەكانی دەسەڵات بۆ ناچاركردنیان بە چاكسازی لە رێگای فشاری مەدەنی وفشاری سیاسی بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ.
نمونەی زیندوی تاقیكراوەی سەركەوتووی ئەم شێوازە بریتیە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانی خوولی رابردوی ساڵی 2013 كە نەپارتی ونەیەكێتی نەیانتوانی بەڵكو نەیاندەوێرا حكومەتێكی جووت حزبی پێكبهێنن بەبێ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ولەئەنجامی دانوستانێكی سەخت توانیان بەهەموان حكومەتێكی بنكە فراوان دروست بكەن وچەندین وەزارەت وپۆستی هەستیاریان لێوەربگیرێ وچەندین هەنگاوی باش نرا بۆ چاكسازی؛ بەڵام بەهۆی بەردەوامی دەسەڵاتداران لە گەندەڵی ونەبوونی ستراتیژیەتی گۆڕانكاری درێژخایەن لەلایەن حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن ولاوازی ئەدای زۆر لە وەزیر وپۆستهەڵگرەكانیان نەتوانرا ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە.