داھاتی نەوتی عێراق و ھەرێم لەنێوان شەفافیەت و شاردنەوەدا..

لەلایەن ستاندار Posted on 340 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس
پسپۆڕ لەنەوت و پتڕۆکیمیاویات

• ئاشکرایە ھەر کات داھات و خەرجیەکانی ھەر حکومەت و دەوڵەتێک ئاشکرا و ڕوون بوون،ئەوا ھیچ کات ڕەخنە و گلەیی ئاڕاستە ناکرێت و بەپێچەوانەشەوە کاتێک دەسەڵاتداران و دەستڕۆیشتوانی ئەو وڵات و کۆمەڵگایانە ھەوڵیاندا کە داھات و سەروەت و سامانی وڵاتەکانیان بشارنەوە و خەرجیەکانیش دوور لە یاسای ساڵانەی بودجە و بە ئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی حیزب و سەرکردە و بنەماڵەکان خەرج بکەن و بیخەنە خزمەت خۆدەوڵەمەندکردن و ھەاژارکردنی کۆمەڵگا و جەماوەری گەلەکانیانەوە، ئەوا بەدڵنیای ڕەخنەی توند و گومان لە تەواوی پڕۆسەکە دەگیرێت و دروست دەبێت .بۆیە ھەق وایە لە سیستەمە حوکمڕانیە دیموکراسیەکاندا ھەموو سیاسەت و ئیدارە و بەڕێوەبردنەکان تا ئەو ئاستە شەفاف و ڕوون بن کە ھیچ گومان و پرسیارێک ھەڵنەگرن و لەھەمان کاتیشدا نەبنە ھۆی زیان گەیاندن بە ئاسایشی وڵات.بەم شێوەیە حومکڕانیەکی ساغڵەم و تەندروست دێتە کایە و ھەموانیش ھەست بە بوون و پارێزراوی سەروەت و سامانی خۆیان و وڵاتیش دەکەن.بەڵام بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستانی بەناو دیموکراسیدا ئەم ڕاستیانە پێچەوانە بونەتەوە و سەروەت و سامانی وڵات ھیچ کەس زانیاریان لە بارەیەوە نازانێت و ناشزانرێت چۆن خەرج دەکرێنەوە، بەپێچەوانەشەوە لە دەوڵەتی عێراقدا تاڕادەیەکی باش ھەموو زانیاریەکان لەبەردەستان.
• ئەوەتا عێراق لە مانگی ٩/٢٠١٨دا بڕی((٠٦٧٩٥٠٢٢)) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەکانی بەسرە و باشوری عێراقەوە جگە لە کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک فرۆشتوە و بڕی داھاتەکەشی بریتیە لە(( ٧٩١٢٥٧١٠٠٠)) دۆلار و تێکڕای ھەناردەی ڕۆژانە بریتی بوە لە ((٣٥٦٠٠٠٠)) بەرمیل نەوت و ھەر ١ بەرمیل نەوتیش فرۆشراوە بە تێکڕای ((٠٩١ر٧٤)) دۆلار.
• بەڵام لەھەرێمی کوردستاندا ٣ ساڵە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕاپۆرتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت بڵاوناکاتەوە و ھیچ کەس نازانێت چەند نەوت دەفرۆشێت و داھاتەکەی چەندە و چیشی لێدەکرێت؟
ئەوەی ئاشکرا بوو دوای ڕیفراندۆم کە ڕۆژنە ھەرێمی کوردستان تەنھا(( ٣٦٠٠٠٠ )) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت چونکە نەوتی کێڵگەکانی ((ئاڤانا و بای حەسن لە کەرکوک )) گەڕایەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی باکور و ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی.
بۆیە لە ئێستادا دەتوانرێت بوترێت ڕۆژانە بڕی(( ٤٠٠٠٠٠ )) بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت
گەر نرخی ١ بەرمیل نەوت بە(( ٧٠ ))دۆلاریش دابنرێت کە ڕەنگە زیاتریش بێت چونکە ماوەی ١٠ مانگە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرزبۆتەوە و لە ئێستادا گەیشتۆتە(( ٨٤ دۆلار)).
بۆیە:
لە مانگێکدا ٣٠ ڕۆژ*٤٠٠٠٠٠ بەرمیل= ١٢٠٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوت
نرخەکەی ١٢٠٠٠٠٠٠*٧٠ دۆلار= ٨٤٠٠٠٠٠٠٠ دۆلار
لە ساڵێکدا ٨٤٠٠٠٠٠٠٠*١٢ مانگ = ١٠٠٨٠٠٠٠٠٠٠ ملیار دۆلار
• لەکاتێکدا بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواو بریتیە لە(( ٨٦٠ )) ملیۆن دۆلار
بەم شێوەیە ١٠٠٨٠٠٠٠٠٠٠/ ٨٦٠٠٠٠٠٠٠ =٧ر١١ مانگ
کەواتە حکومەتی ھەرێم دەتوانێت بەتەنھا لە داھاتی نەوت مووچەی تەواوی(( ١١ مانگ و نیو)) بدات.
ئەمە جگە لە داھاتە ناوخۆییەکانی تر لە
١. بەروبومە نەوتیەکان مانگانە ١٥٠ ملیۆن دۆلار
٢. داھاتی ڕسومات و باجەکان و …ھتد. بریتیە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری تر
واتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری تر داھات ھەیە
• بەڵام بەھۆی دانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی ساڵانی ڕابووردوو کەزیاد لە(( ٢٠ ملیار دۆلارە )) و لە ئێستادا زیاتر لە(( ١ ساڵ)) ە مانگانە حکومەتی ھەرێم بڕی(( ٢٥٠-٣٠٠ )) ملیۆن دۆلار قەرزی کۆمپانیاکان دەداتەوە ،بۆیە ناتوانێت مووچەی تەواو بداتەوە
• بەم شێوەیە حکومەتی ھەرێم لە مووچە و قوتی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان دەبڕێت و قەرزەکانی دەداتەوە و میلەتی ھەژار و برسی کردوە لەئەنجامی ھەڵەی سیاسەتی نەوتیەوە.
بۆیە ھەق وایە ھەموو ئەو لێپرسراوانەی کە بونەتە ھۆکاری ئەم دۆخە ئابوریە خراپەی ٤ ساڵی ڕابووردوو:
١. بدرێنە داداگا.
٢. لە خولی داھاتووی پەڕلەماندا ھەموو ڕاستیەکان ئاشکرا بکرێن.
٣. داھات و خەرجی ٤ ساڵی ڕابووردوو بخرێنە بەردەم پەڕلەمان و ھەموان بزانن چی لێکراوە و کێ بەرپرسیاری خەرجیەکان بوە.
٤. پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان مانگانە ھاوشێوەی وەزارەتی نەوتی عێراقی و کۆمپانیای سۆمۆ ڕاپۆرتی فرۆشتن و داھاتی نەوت بڵاوبکاتەوە.
٥. پێویستە ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای ووردبینکەری کەتری نەوت ((دیلیۆت)) مانگانە و لەکاتی خۆیدا بڵاوبکرێتەوە بە کورتی و بە پوختی و دوانەکەوێت و تەنھا ڕێکخستنەوەی ژمارەکان نەبێت.چونکە ماوەی ٢ ساڵە تەنھا ٣ ڕاپۆرتی بڵاوکردۆتەوە لەسەر ساڵی ٢٠١٧ و ٣ مانگی ساڵی ٢٠١٨ کە پێویستە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ش ووردبینی بکات و بڵاویان بکاتەوە..
• ئەوەی دیارە تەنھا مانگانە بڕی(( ٣٧٥ملیار دینار )) دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ مووچە و خەرجیەکانی تر.بەڵام داھاتی حکومەت زۆر لەوە زیاترە.
• بۆیە پێویستە:
١. یاسای ژمارە ٢ ساڵی ٢٠١٥ ((یاسای سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتی و گازیەکان))بخرێتە کار و ھەموو داھاتەکان ئاشکرا بکرێن وبگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.
٢. بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٧((یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان-عێراق)) بەشی پێنجەم (( دامەزراندنی کۆمپانیا گشتیەکان))لە مادەکانی ((١٠ و١١ و ١٢و١٣)) کە ١١ ساڵە دەرچوە و کاری پێناکرێت کۆمپانیا نەوتیەکان دابمەزرێن و دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کەمبکرێتەوە.
٣. ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ چونکە کەموکوڕی تیادایە و باسی لە دامەزراندنی کۆمپانیای غازی سروشتی نەکردوە،کە ھەرێمی کوردستان بڕێکی زۆری غازی سروشتی ھەیەکە دەگاتە نزیکەی ((٥ تریلیۆن مەتر سێجا)).
٤. سیاسەتی نەوتی ھەڵەی چەند ساڵی ڕابووردوو ڕاستبکرێتەوە.
• ھەموو ئەم کارانە لە کەرتی نەوتدا بەکەسانی بەھێز و شارەزا و بە ئەزموون و پسپۆڕ دەکرێت،بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابووردوودا کەسانێکی پسپۆڕ و شارەزا نەبوون لە کەرتی نەوتدا لە پەڕلەمانی کوردستاندا بۆیە سیاسەت و کەرتی نەوت بەوشێوەیە براوە بەڕێوە.
• لەکۆتاییدا و دوای ١٦ ساڵ لە سیاسەتی نەوتی ھەڵە و بەڕێوەبردنێکی شکستخواردوو و دوای ١٦ ساڵ لەگەندەڵی و شاردنەوەی داھاتەکانی نەوت و دوای ١٦ ساڵ لە قۆرخکاری و شاردنەوە و تاریکاندنی و ھەڵلوشینی داھاتێکی زۆری ئەم وڵات و میلەتە،ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە کە نەوتی کوردستان خۆماڵی بکرێت نەک لە چنگی کۆمپانیا بیانیەکان(( بەناو ئیستیعماری کۆن و نوێ)) بە تەنھا بەڵکو لە چنگی دەستڕۆیشتوانی ئەو کەرتە لە کوردستانیشدا و ھەق وایە نەوت و داھاتەکانی بخرێنە خزمەتی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانەوە و ڕەخساندنی ھەزاران ھەزار ھەلی کار بۆ گەنجانی بێکار و بەشمەینەتی ئەم وڵاتە و نەھێشتنی بێکاری ونەوت چیدی نەبێتە ھۆکاری دواکەوتن و سووتماککردنی کوردستان ولە نیقمەتەوە بگۆڕدرێت بۆ نیعمەت و ھەموان بێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگەکان لەسایەیدا بحەسێنەوە و ژیان و گوزەرانێکی پڕ شکۆ و کەرامەت بگوزەرێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.