تراژیدیای نائومێدی

لەلایەن ستاندار Posted on 447 جار بینراوە

حەمید عەزیز

تراجیدیای نائومێدی وەکو خۆکوژی وایە بەواتایەکیتر تۆ خۆت بێ ژیان دەکەیت و لەھەمان کاتدا دەتەوێت بژیت … !!! .

ئەوەی واتایەکی جوان بەژیان دەدات خۆشەویستی و ھیوای مرۆڤەکانە بێ ئەو دوانە بەدڵنیایی یەوە نەژیاوین .

ئەوەتا ئێستا تۆ ھەیت بۆیە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی نیت لەبەرئەوەی ھیچ ھیوایەکی ژیانت نی یە چاوەڕوانی مردنیت ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کەتۆ ھێدی ھێدی سست و کەم ھەنگاو دەبیت بۆیە بۆ سبەینێ یەکی جوانترو خۆشتر ھیچ ئامادەییت تێدا نی یە کەواتە کاتەکانت وەکو مردنێکی لەسەرخۆ بەسەر دەبەیت .

بێ ھیوایی خراپەو بۆتە سەرچاوەی خەمۆکی و ئاڵۆزی و تێکدانی ژیانی ئادەمیزاد . ھەموو حەز دەکەین بژین بەھەموو کێشەکانەوە کەواتە بائاڵۆزیەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی ژیان و ئومێدو بەختەوەریمان دەست بکەوێت .

ھەوڵ مەدەن زۆر لەژیان و بوون و ئەم گەردونە تێبگەن بەڵکو چێژی لێ وەربگرن بۆیە تەمەن کورتە فریای ھەمووی ناکەوین . بەدڵنیایی یەوە ھەزارانی پێش ئێمەو دوای ئێمەش لەم ژیان و بوونە تێنەگەیشتون و تێشناگەن بۆیە مادام ھەین باچێژ لەژیان وەربگرین و ھیچ ساتێکی بەفیڕۆ نەدەین تەنانەت ناخۆشی یەکانی ژیانیش چێژیان ھەیە خۆشیەکانیش چێژیان زیاترە .

باوا بژین کەخۆمان داوای ژیانمان کرودە نەک بەڕێکەوت لەدایک بوبین و بەڕێکەوتیش دەڕۆین و بەجێی دێڵین چونکوم ئەم گەردونە بەبێ مرۆڤ و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان ھیچ واتایەکی نی یەو نایبێت .

لەگەڵ ژیاندا سەرقاڵ بن ئاوڕ مەدەنەوە ھیوای سبەینێ یەکی جوانترتان ھەبێت بۆ ئەوەی بەسەرتۆپکی ئومێدو بەختەوەری یەوە بژین .

چۆن لەبارەی ژیان و بونمانەوە خۆشی و ناخۆشیەکانمان دڵ شکان و ھیواکانمان ھەناسەی ژیان و سەرکەوتنەکان و بەختەوەریی و .. ھتد وتارو نوسین و سەرنجی تایبەتم ھەبوەو بەردەوامیش دەبم و تێدەکۆشم و دەنوسم بۆ خوێنەرە بەڕێزەکانم لەبەرئەوەی وەکو کەسێکی گەشبین و خاوەن ھیواو ئومێد ژیان بەڕێ دەکەم بۆیە لەبارەی مردنیشەوە پرسیارم لێکراوەو لەشوێنی دیکەدا وەڵامم ھەبووەو لێرەداو زۆر بەکورتی وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە :
پرسیار :
ئێوە ھەمیشە باس لەژیان و ھیواو خۆشیەکانی دەکەن دەتوانن باسی نائومێدی و مردنیشمان بۆ بکەن .؟.
وەڵام :
تۆ کەھەیت مردن بوونی نی یە چونکوم تۆ ئێستا لەژیاندای کەواتە بیر لەژیان و چێژ وەرگرتنی بکەروەو کەکاتێکیش مردن ھات تۆ نیت بەواتایەکی ئاسانتر تۆ لەوێ نابیت ھەتا خەمی بخۆیت کەواتە ژیان و مردن لەیەک کاتدا بونیان نی یە بۆیە ئێمەش ھەوڵدەدەین بژین و چێژو خۆشیەکانی ژیان وەربگرین کەکاتێکیش مردن ھات بەخێربێت ئێمە لوێ نابین بۆیە ھەمیشە ژیان پێکەوە بونەو مردنیش تەنھایەو بەجۆرێکیتر یان بەواتایەکی فەلسەفیانە تەنھایی یە .

ئەگەر من و تۆ وەکو مرۆڤ زۆریش گەشبین نەبین لەژیاندا بەڵام ئەوە بزانە وەکو ئەرکی مرۆڤبونیمان دەبێت ڕێگە نیشاندەری ھیواو بەختەوەریی بین بۆ ئەوانیتر نەک ڕەشبینی و ناڕەحەتی و بێ ھیوایی کەمرۆڤەکان دەکوژێت .

بەواتایەکیتر من و تۆی مرۆڤ بۆ ئاگالێبون و پێکەوە ژیان و خۆشبەختی و ھیوا بەخشینە کەبەیەکەوە دەژین ئەی بۆچی کەسمان ئامادەنین بچین لەدارستانێکدا یان لەسەرشاخێکدا بەتھا بژین .؟. بۆیە من بەئەرکی خۆمی دەزانم کەھەمیشە دڵی ھاوڕێ و کەس و نزیکەکانم خۆش بکەم ئەگەر تەنھا بەوشەیەکیش بێت بۆیە ژیان حەقیقەتەو ھەیە ئیتر بۆ نکوڵی لێ بکەین و خۆمان و دەوروبەرمان بێزارو خەمگین بکەین .؟.

ژیان خۆشەو سروشتی یە کەمرۆڤەکان خۆشبەخت بژین کەواتە پێچەوانەکەی ژیانی خۆت و دەوروبەریشت تێک دەدات و خاپوری دەکات ئەمەش تەنھا لەبەر ئەوەیە کەمرۆڤین بونەوەری ھەستیارین پێویستمان بەیەکترە چونکوم بونەوەری کۆمەڵایەتین و خۆشی و پێویستیی و بۆشایییەکانی تەنھایی بۆیەکترپڕ دەکەینەوەو یەکتر بەختەوەردەکەین کەکارێکی مرۆیی جوانەو واتایەک بەژیانمان دەدات تەنانەت ئاژەڵانیش پێکەوە دەژین و ژیان دەکەن و بەیەکەوە بەردەوامیی و بەختەوەرییان بەیەکتر دەبەخشن و بەیەکەوەیە .

ناخی ئادەمیزاد دونیایەکی سەیرو سەمەرەو گەورەو گرنگە ژیان و کەونێکی تری ناوەوەی مرۆڤەکانە بەپێچەوانەی گۆی زەمینی ئاسایی یە لەبەر ئەوەی دونیای ناخی یان ناو دەرونی ئادەمیزادە خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن و دەیگۆڕن و چاک و خراپی دەکەن کەخۆیان لەدواییدا سودمەندو بەختەوەر دەبن یان بەپێچەوانەوە .

بۆیە دونیای ناوەوەی تۆو ناخی تۆ ھەروەکو کەونەکەی دەرەوەی ناخی خۆت زۆر گرنگە لەوەش گرنگتر ئەوەیە کەتۆ خۆت حاکمی وڵاتی ناوەوەی دونیای خۆتی بۆیە بڕیاری نائومێدی ھەڵوەشێنەرەوەو دەستوری ژیان و گەشبینی بنوسەرەوە دەبینیت سەرکەوتوو بەختەوەر دەبیت .

تۆی مرۆڤ یەکجار ژیانێکت پێ بەخشراوە بۆ دڵخۆش نەبیت کەبەبیرو ھزری خۆت ڕەش و سپی دروست دەکەیت ھەر بەبیری خۆت ھیوا یان نائومێدی دەچێنیت و بەرھەمەکەی خۆشی و ناخۆشی یە دەینۆشیت .

ھزرو بیرو ئەندێشەکان خۆیان باجی ھەڵەو بەرھەمی ڕاستیی و ھەموو کارە تاریک و ڕونەکان دەدەن بۆیە ئەگەر عەقڵ تەواو بوو ھزرو بیر ڕاستەوخۆ تەریب و ھاوسەنگ دەبێت لەگەڵ ژیان و بونماندا ئەوکات باجی ژیان کەمتر دەدەین و کەمتر ماندو دەبین و ناڕەحەتیەکان کەمتر دەبن .

ئەگەر توانیمان ھاوسەنگیەک لەنێوان دونیای دەرەوەو ناخی خۆماندا دروست بکەین و لەسەری ڕابێین و ئاسایی ژیان بکەین ئەوکات تراجیدیا ڕونادات و ئەو ژیانە ئاسایی و سروشتی یەی کەبەمرۆڤەکان بەخشراوە تۆش بەشدارێکی سەلیم دەبیت تێیداو بەختەوەریی یان گەشبینیەکی نیمچە ئاسایی وەردەگریت و پێی دەژیت بۆیە سەرکەوتوو کامەران دەبیت لەژیاندا .

تراجیدیای نائومێدی وەکو خۆکوژی وایە بەواتایەکیتر تۆ خۆت بێ ژیان دەکەیت و لەھەمان کاتدا دەتەوێت بژیت چونکوم ئەوەتا ئێستا تۆ ھەیت بۆیە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی نیت لەبەرئەوەی ھیچ ھیوایەکی ژیانت نی یە چاوەڕوانی مردنیت ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کەتۆ ھێدی ھێدی سست و کەم ھەنگاو دەبیت بۆ سبەینێ یەکی جوانترو خۆشتر ھیچ ئامادەییت تێدا نی یە بۆیە کاتەکانت وەکو مردنێکی لەسەرخۆ بەسەر دەبەیت .

بۆیە تراجیدیای نائومێدی واتای ژیانی بێ ھیواو بێ ئامانج بۆیە وەکو بینینی ھەورو بارانێکی زستانەی تاریکە لەئاسمانێکی ساف و جواندا بەدڵنیایی یەوە بەڕای من مادام ژیانێکت پێ بەخشراوەو ھەیت لەسەر گۆی زەوی ھەوڵ بدە بەئارامیی و بەجوانیی و بەھیواوە سبەینێ یەکی جوانتر ببینە بۆیە تۆ تەنھا خۆت نیت لەگەڵ ئەوەشدا کەبەختەوەریی و ھیوات دروست کرد دەوروبەریشت کامەران دەبن و تۆ دەبیتە ھۆکاری ژاین و بەختەوەریی بۆ ئەوانیتریش .

لێرەدا زۆر پێویستە باسی عەقڵ و ھزری مرۆڤبونیمان بکەین کەجیاواز لەبونەوەرانیتر لەبەر ئەوەی ژیان و بوون دەکەین ھەربۆیە ئەوەش جیای کردوینەتەوە لەوانیتر لەھەمان کاتدا ئادەمیزاد فەرھەنگی جوانی و پاکیی و شارستانیەتە ئەگەر وانەبوو لەگەڵ بونەوەرانی تری سەر گۆی زەمین جیاوازیمان نابێت و لەھەندێ ڕوەوە سیفەتە جوانەکانی ئاژەڵان نەگەیشتون بەھەندێ لەمرۆڤەکان کەواتە ئەوان باشتر دەبن لەئێمەی مرۆڤ بەو ھەموو ھزرو تێڕامان و شارستانیەتەوە .

ئاسان بوونی ژیان و یارمەتی دەری مرۆڤایەتی و ئاسانی ھەموو ڕێگرە دەستی یەکانی مرۆڤ کەلەکۆندا ھەبوون و ئازارو مەینەتی و ماندوبونیان دروست دەکرد بۆ مرۆڤەکان ئێستا نەماوەو ئاسانکاری زۆر تەکنەلۆجیا دروستی کردوە ھەموو جیھانی گەورەی حەوت ملیار کەسی بچوک کردۆتەوەو چی ڕوبدات کەلەمەوبەر دوای ساڵێک دەزانرا یان نەدەزانرا ئێستا ھەر ئەو دەقەیە دەزانرێت و .. ھتد ئەمانەو تەکنەلۆجیای دونیا بۆ بەختەوەریی و ئاسانکاری ژیانی مرۆڤەکان ھاتوەتە کایەوە پێویستە ئێمەی مرۆڤیش وەکو کورد سودمەندبین لێی بەدڵنیایی یەوە بمانەوێت چۆن سودمەندبین لێی .؟.

دەبێت بەڕێژەیەکی باش ئاستی تێگەیشتن و عەقڵیمان بخەینە ئاستی ئەو تەکنەلۆجیایەی بەکاری دەھێنین ئەگەر وانەکەین زەرەرمەند دەبین تێیدا ھەروەکو چۆن لەسەرەتای دروست بونی مۆبایلەوە لەنەوەدەکانەوە زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست کردین و چەندەھا ئافرەتیان کوشت و چەندەھا خێزان لەیەکترازان لەسەر تەلەفۆنی مۆبایل یان گیرفان یان لەوڵاتی ئێمەدا پێی دەڵێن ھاند واتای دەست وەھەتا ئێستاشی لەسەربێت ئۆتۆمۆبیل کەتەکنەلۆجیایەکی گرنگە کەبەداخەوە ڕۆژانە چەندین کارەساتی دڵتەزێن دەبینین لەکوردستاندا .

ئەمە ھەمووی بەرھەمی ھزری مرۆڤە کەعەقڵ دەیکات لەپێناوی خزمەت و ئاسانکاری ژیان بۆ مرۆڤایەتی و بونەوەرانیتر بۆیە مرۆڤ جیاوازە لەبونەوەرانیترو پێویستەو بۆ ئەوەی ژیانت لەکیس نەچێت لێی تێناگەیت چێژی لێ وەرگرە .

بەدڵنیایی یەوە کەعەقڵ بوونی ھەبوو ژیان ئاسانترو باشترو کێشەکان کەمترن بۆیە زۆر گرنگە ھەر دەوڵەتێک گرنگی بەتاک و ڕۆشنبیریی و پەروەردە بدات یان مرۆڤاکان خۆیان ھەوڵ بدەن ببنە خاوەنی عەقڵێکی باش ئەوکات ژیانیان خۆشترو نائومێدیش کەمتر دەبنەوەو بەختەوەریش مسۆگەرە ئەگەریش بەختەوەر بووین ژیانمان خۆش دەوێت و بەھیواوە بۆی دەڕوانین .

لەڕاستیدا ئێمەی ئادەمیزاد ژیانێکمان پێ بەخشراوە دەبێت بەئاسایی و ئەگەر توانیمان بەجوانیی بەڕێیی بکەین بۆیە باشترە مرۆڤ بەھزرو بیری جوانەوە یان بەئایدیاو بۆچونی مرۆیی یەوە ژیان بوونی خۆی دروست بکات باشترە لەوەی ھەمیشە بەڕەشبینی یەوە بمێنێتەوەو ئەو کورتە بوونەیشی کەھەیە لەکیس خۆی بدات بۆیە ھەروەکو سروشت و بەوەی کەنازانین لەکوێ وە ھاتوین و بەھەمان شێوەش نازانین بۆ کوێ دەچین .؟.

بەڵام لەو نێوەندەدا خۆشەویستی و گەشبینیی ژیان واتایەکمان پێ دەبەخشێت بۆیە ھیواو بەختەوەریی مرۆڤەکان دروست دەکات و نائومێدی و تراجیدیای کەسەکان دەڕوخێنێت بۆیە مادام دەژیت ھەوڵ بدە باش و بەئومێدەوە تەمەنت بەڕێ بکەیت ھەڵبەت واتایەکی گرنگ ھەیە لەبون و ئامادەییت بۆ ژیان بۆیە لەم کاتەدا ھەردوو کەونە ھاوسەنگەکەی دەرەوەو ناوەوەی تۆ یەکسان بوون یان نزیک بوونەوە لەیەک بەدڵنیایی یەوە بەختەوەریی دەدۆزێتەوە.

بەواتایەکی تر ئێمەی مرۆڤ ھەمیشە دوو کەسین وەکو من و خۆم تۆو خۆت یان ئەوو خۆی یان ئەوان و خۆیان ھەربۆیە زۆرجار لەدونیای تەنھاییدا ئەو خۆم و خۆتە دەدۆزینەوەو قسەی لەگەڵ دەکەین ھەروەکو لەکوردەوارییدا دەڵێین : لەگەڵ خۆت قسە دەکەیت .؟.

یان لەگەڵ خۆمدا قسەم دەکرد بۆیە ئەو دونیای دەرەوەو ناوەوەیە واتای ئەوەیە کەمرۆڤ زۆر بونەوەورێکی گەورەو مەزن و جوانە بۆیە شایانی ئەوەیە بڵێین خوداوەندێکی گەورەو میھرەبان دروستی کردوەو پێویستە بەختەوەر بژی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.